$هەڵکشانی پێگەی تەکنۆکراتەکان$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#19-07-2020#
لەم چەند ساڵانەی دوییدا دیاردەی هەڵکشانی پێگەی پسپۆڕ و شارەزاییان لە بوارێکی دیاریکراوی زانستی و ئاکادیمی، بە تایبەتیش لە بوارەکانی سیاسەت و کارگێڕی و حوکمڕانیدا هەڵکشانیکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە نەک هەر لە وڵاتانی ڕۆژاوا و گەشەسەندوودا، بەڵکوو لە وڵاتانی ناگەشەسەندوو هەروەها وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش. شەپۆلی دووەمی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی سوودان لە دیسەمبەری 2018، ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی جەزائیر لە شوباتی 2019، هەروەها خۆپیشاندانەکانی لوبنان و ئێراقیش لە کۆتاییەکانی 2019 چەند هەنگاوێک بوون بە ئاڕاستەی داواکاری دەسەڵات و حوکمڕانیێکی تەکنۆکرات و شارەزا بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.
هەڵبەتە پشتگیریکردن لە حوکمڕانی تەکنۆکراتەکان تەنیا داواکارییەک نییە کە لە ئاستی بزاڤە جەماوەرییەکاندا بێت، بەڵکوو لە هەمانکاتدا نوخبەیێکی ڕۆشنبیرانی بەرفراوانیشی لە پشتە. ئەمەش وەک چارەسەرێک بۆ دەربازبوون لەو کێشە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە بەرۆکی وڵاتانی گرتووە بەهۆی ناکارامەیی و ناشارەزایی نوخبەی سیاسی، کە بەشێکیان جگە لە ئامرازەکانی هێز و ململانێی سیاسی لە هیچی دیکەدا شارەزانین. ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەش حوکمڕانی لە سەردەمی ئێستا پێویستی بە مەعریفە و شارەزاییەکی زۆرە لەبەر فروانبوونی بوارەکانی دەوڵەتداری و ئاڵۆزبوونی ئەرکەکانی حکومەت لە بوارەکانی، پەروەردە و فێرکردن و ئابووری و پیشەسازی و کارگێڕیی و...هتد.
ڕادەستکردنی دەسەڵات و حوکمڕانی بە تەکنۆکراتەکان تەوژمێکی تازە نییە و ڕەگێکی قوڵی هەیە لە ئەدەبیاتە سیاسی و فەلسەفییەکاندا. لە سەرەتاکانی سەدەی بیست، چەند هەوڵێکی ڕەخنەییانە لەو بوارەوە دەرکەوتن، بەتایبەت دوای دەرکەوتنی شەپۆلی سێیەمی پیشەسازی Third Industrial Revolution، یاخود شۆڕشی دیجیتاڵی، بە تایبەتیش لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا، وەک دەروازەیەکی ڕەخنەیی لە ئەدەبیاتی زانستە سیاسییەکان و کارگێڕیی گشتیدا. ئەمەش وەک فۆرمێک لە فۆرمەکانی حوکمڕانی لە لایەک و لە لایەکی دیکەش وەک ڕەخنەیەک لە ئەزموونی حوکمڕانی تەکنۆکراتەکان.
سەرەتایی ڕەخنەکان لە دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان لەو تیۆرانەوە دەستی پێ کرد کە قوتابخانەی فرانکفۆرت لە نیوەی دووەمی سەدی بیستەم خستییە بواری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە. بەتایبەتیش لە تێزەکانی یۆرگن هابرماس لەبارەی هەژموونی ئامێر و تەکنەلۆژیا کە تەکنۆکراتەکان ڕەواجی بۆ دەکەن. تا ئەو ئاستەی دەکرێت لە ئاییندەدا دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان پێ بە دیموکراسی نوێنەرایەتی Representative democracy لەق بکات. بۆیە بەشێک لە توێژەرانی زانستە سیاسییەکان ئەگەری ئەوەیان بە دوور نەزانی کە لەوانەیە حوکمی تەکنۆکراتەکان ببێتە جێگرەوەی حکومەتی دیموکراسییە هەڵبژێردراوەکان، واتا وەک مەترسییەک لەسەر دیموکراسیی نوێنەرایەتی (الديمقراطية التمثيلية) . تا ئەو ئاستەی بەشێک لە توێژەران ئاییندەی دیموکراسی نوێنەرایەتی بخەنە ژێر پرسیارەوە، چونکە هەر یەکە لە پۆپۆلیستە جەماوەرییەکان و تەکنۆکراتەکان وەک جێگرەوەی دیموکراسی نوێنەرایەتی خۆیان پێشکەش دەکان. بە تایبەت دوای هەڵکشانی پێگەی حکومەتە ڕاستڕەوە ڕادیکاڵ و پۆپۆلیستەکان لە ئەوروپا و ئەمریکادا.
(ڕوودای دارمانی گەورە - The Great Depression) لە ساڵی 1929 ڕۆلێکی باشی بینی لە هێنانی تەکنۆکراتەکان بۆ سەر دەسەڵات. بە تایبەت ڕۆژنامە ئەمریکییەکان ڕۆڵێکی باڵایان هەبوو لە برەودان بە پاڵپشتی دەسەڵاتی شارەزایان و هێنانیان بۆ پێگە باڵاکانی دەسەڵات. بە تایبەتیش ولیام ڕاندولف هارست، کە بزنسمانێکی ئەمریکی بوو خاوەن گەورەترین تۆڕی ڕۆژنامە بوو لە ئەمریکا، لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، هێرشیکردە سەر سیاسییەکان بە نەزان و نەفام و گەندەڵ و موسریف ناوی بردن، وەک بەرپرسیار لە داڕمانی ئابووری لە جیهاندا. ویلیام لە ڕێگەی ڕۆژنامەکانی پشتگیری ئایدیاکانی نیکۆلاس مۆرای ئاکادیمی و سەرۆکی زانکۆی کۆلۆمبیا دەکرد. نیکۆلاس پێیوابوو بۆ پشتگیری لە سیستمێکی ئابووری نێودەوڵەتی نوێ دەبێت پشت بە شارەزاو زانایان ببەسترێت لە بری سیاسییەکان، ئەمەش لە ڕێگەی درووستکرنی بزاڤێکی تەکنۆکراتی لەپێناو ڕزگارکردنی جیهان لە قەیرانی ئابووری.
لە حەفتاکانی سەدەی بیستەمیشدا لە سۆنگەی بوونیاتنانی سیستمێکی ئابووری نێودەوڵەتیی نوێ، پسپۆری دیاری زانستە سیاسییەکان لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، (بریژینسکی- Brzezinski) ، پشتگیری ئەو فەلسەفەیەی دەکرد. بریژنسکی دەیوت ئەو جیهانە پڕ لە کێشەیەی ئێستا پێویستی بە چوارچێوە و مۆدێلێکی نوێی کارکردنە، پشتئەستووربێت بە میتۆدێک کە لەسەر دەسەڵاتیکی جیهانگەرا (globalized world) بوونیاتنرابێت. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە خەڵکی شارەزاو پسپۆر لە پێگە باڵاکان و دامەزراوە سیاسی و ئابووری و بازرگانییەکانی دەوڵەت بن، بۆیە کاتێک جەیمی کارتەر بووە سەرۆکی وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا پۆستی ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی دا بە بریژینسکی، دوای ئەویش ڕێگان و جۆرج بووش و کلنتنیش پەیڕەوییان لەو پێشنیازە کرد بە دانانی پسپۆر و ئەکادیمیست لە پێگە سیاسییەکانی حوکمڕانیدا.
لە دوای ساڵانی 2000یش، بواری توێژینەوە لەبارەی تەکنۆکراسی لە بواری زانستە سیاسییەکان و کارگێڕی گشتی، بەمەبستی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیا لە حوکمڕانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد. بە تایبەت لە چەند کەرتێکی وەک تەندرووستی و پەروەردە و فێرکردن و ژینگە و کار و...هتد، دەرکەوتووە کە پشتبەستن بە زانیاری و داتاو کارامەیی و شارەزایی کەسەکان کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بوونیاتنانی حوکمڕانیێکی باش. تا ئەو ئاستەی کە بوونی داتا و زانیاری زۆر لەوانەیە یارمەتیداەر بێت بۆ لە ناوبردنی هەژاری، برسێتی، نەخۆشییەکان و هەروەها چەوساندنەوەی ئافرەتان. بۆیە دەتوانین بڵێین کە سەردەمی داتاو شۆڕشی دیجیتاڵی و ئینتەرنێت و زیرەکی دەستکرد و (Artificial intelligence) ڕۆبۆتەکان پاڵنەرێکی دیکە بێت لە بەرژەوەندی برەودان بە دەسەڵاتی تەکنۆکراتەکان. ئەمەش دەمانگەیێنێت بەو دەرەنجامەی کە زیادبوونی هێزی تەکنۆکراتەکان و باڵادەستبوونیان بەسەر دامەزراوە داراییەکان لەوانەیە کاریگەریی هەبێت لەسەر توانا و جۆری حوکمڕانی؛ لە ڕاستییدا دواتریش کۆمەڵیک توێژینەوە ئەمەیان پشتڕاستکردەوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا، بە تایبەت لە دوی 2003 لەگەڵ هاتنی #بزووتنەوەی گۆڕان#، واتا لە 2009 بە دواوە بەشێکی زۆری پارتە سیاسییەکان خەڵکی ئاکادیمست و شارەزایان هێنایە پێگە سیاسی و کارگێڕییەکانی حکومەت، بەڵام لە ڕاستیدا هەژموون و باڵادەستی حیزب دەرفەتێکی وای بۆ ئەو توێژە نەدەهێشتەوە ک وەک پێویست ڕۆڵی خۆیان ببینن. لە لایەکی دیکەش بە دەگمەن پۆستێکی سیاسی یان کارگێڕیان دەدایە کەسێکی شارەزا ئەگەر حیزبی نەبێت. هەرچەند ئەم دۆخە ئێستا کەمێک کاڵتربووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرفەت بۆ کەسانی شارەزاو پسپۆڕ بۆ بەشداریکردن لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا کارێکی فرە سەختە، بە تایبەت ئەگەر چاوی حیزبێکت یان ڕاگەیاندنت لەسەر نەبێت یاخود لە بازنەی گرووپێکی سیاسی دیاریکراودا نەبێت.
کەچی لە پەڕڵەمانی کوردستاندا بەداخەوە دۆخەکە تەواو پێچەوانەیە، بە تایبەت دوای درووستبوونی ئۆپۆزیسیۆن، پارتە سیاسییەکان ئێستاشی لەگەڵ بێت بە دوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە پێگەیێکی دیار و ناسراوییان هەیە لەناو جەماوەردا، ئینجا پێگەکە گرنگ نییە چ جۆرە پێگەیەک بێت، عیبرەت لە کۆکردنەوەی زۆرترین دەنگدایە، نەک شارەزایی و کارامەیی زانستی. بەردەوامبوونی ئەو دۆخە وایکردووە کە پەڕڵەمانی کوردستان تژی بێت لە بانگخوازی ئایینی و پێشکەشکار و کاراکتەری سۆشیاڵمیدیا و، حزبی سەرسەخت و...هتد. [1]