$دانووستاندن لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#13-11-2020#
لەدوای ڕاپەڕینەوە تاوەکوو ئێستا، ستوونی سەرەکیی ئاساییش و ئارامیی هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی زۆر پەیوەست بووە بە سەقامگیریی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی، بەڵام ئێستا خەریکە جەمسەرێکی دیکەشی بۆ زیاد دەبێت، کە ئەویش پارتی کرێکارانی کوردستانە (#پەکەکە#) . واتە پارتی کرێکارانیش ئێستا هاوشێوەی پارتی و یەکێتی دەتوانێت دۆخی هەرێمی کوردستان بخاتە مەترسییەوە، بیرۆکەی سەرەکیی ئەم نووسینە لەم ڕوانگەیەوە سەرچاوەدەگرێت کە دوای درووستبوونی ئەو بارگرژییانەی نێوان پەکەکە و هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ بەردەوامبوونی ئەو سەقامگیرییە بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا پێویستە جۆریک لە هەماهەنگی یان کەناڵێکی گفتوگۆ و دانووستاندن لەگەڵ پارتی کرێکاران هەبێت.
هێرشەکانی تورکیا بۆسەر پێگەکانی پارتی کرێکاران لە هەرێمی کوردستان جگە لەوەی قۆناخێکی دیکەی جەنگی لەنێوان تورکیا و پارتی کرێکاران هێناوەتەکایەوە، لە هەمان کاتدا خەریکە دەرەنجامێکی مەترسیداریشی لێدەکەوێتەوە لەنێوان هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و پەکەکە، تاوەکوو ئاستی هەڕەشەکردنی شەڕی نێوان هەردوولا. هەڵبەتە وەکوو پێشتریش لە چەند نووسینێکدا ئاماژەم پێکردووە تاوەکوو ئێستا چەندان جار داوا لە هەرێمی کوردستان کراوە کە هاوکاریی سەربازیی تورکیا بکات. لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2006 ڕاوێژکاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا (دەیڤد سەتەرفیلد) نەیشاردەوە کە ئەوان هەوڵی زۆرتریان لە هەرێم دەوێت بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە، ئێمە خۆشحاڵنین بە نەبوونی هیچ کردارێک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەبێ ئەوەی ڕوونیبکاتەوە کە مەبەستیان چ جۆرە کردارێکە.
هەر تایبەت بە مەترسیی پەکەکە لە ئابی 2007 سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئێراق نووری مالکی و ئەردۆغان یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد لە ئەنقەرە کە تایبەت بوو بە دژایەتیکردنی پارتی کرێکارنی کوردستان؛ هەر لەو ماوەیەدا تورکیا چەندان جار هەوڵیداوە ئەمریکییەکانیش باوەڕ پێبهێنێت کە گوشار بخەنە سەر هەرێم و ئێراق بۆ لێدانی پەکەکە لە ناوچەکەدا. تاوەکوو ئەو ئاستەی دەتوانین بڵێین کە لەدوای 2003 تاوەکوو 2007 بەشێکی زۆری گرژییەکانی نێوان هەرێم و تورکیا تایبەت بوون بە هاوکاری نەکردنی هەرێم بۆ تورکیا بە مەبەستی لێدانی پەکەکە.
لە ساڵی 2014 یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی دامەزراوەی سیتا - (SETA Foundation) کە ناوەندێکی توێژینەوەی نزیکە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا، ئاماژە بەوەش دەکات کە تورکیا داوای لە هەرێم کرد یارمەتیی سەربازییان بدەن بۆ دەرکردنی هێزەکانی پەکەکە لە #شنگال#، بەڵام بارزانی لەبری ئەوەی شەڕی هێزەکانی پەکەکە و پەیەدە بکات، سەردانی کردن و سوپاسیانی کرد کە هاوکاریی پێشمەرگەیان کردووە لە شەڕی دژی #داعش#. بۆیە تورکیا ناچاربوو بۆ خۆی لە مانگی نیسانی 2017 بارەگاکانی پەیەدە و هێزەکانی پاراستنی شنگال بۆردوومان بکات.
مەبەستی سەرەکیی ئەو چەند نموونەیەی کە ئاماژەم پێدان لەپێناو ئەوەبوو بڵێم ئەوەی پێشتر تورکیا لە ڕێگەی چەندان گوشار و ناوبەندی ئەمریکییەکانیش پێینەکرا، ئێستا خەریکە بەبێ داواکردن لەسەر خواستی کورد خۆی دەستیدەکەوێت، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو دۆخەی (کە دەکرێت بە مەبەستیش بێت) تورکیا ئێستا لەنێوان پارتی کرێکاران و هەرێمی کوردستان درووستیکردووە. هەڵبەتە گرنگە لەوە تێبگەین ئەو گوشارانەی تورکیا خستویەتییە سەر پەکەکە دۆخێکی وای درووستکردووە کە پەکەکە ناچاربێت چالاکییەکانی سنووردار بکات لەو ناوچانەی کە تاوەکوو ئێستا بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتداری پەکەک دەناسرێن. تا ئاستێک کە پەکەکە ناچاربێت چالاکییەکانی بەرەو قوڵایی ئەو ناوچانە ئاڕاستە بکات کە ناوچەی ناسراوی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستانن. ئەمەش دواجار سەردەکێشێت بۆ ئەوەی کە تورکیا گوشاری زۆر لە هەرێم بکات بۆ ئەوەی ڕێگە لە جموجۆڵەکانی پەکەکە بگرێت لە هەرێمی کوردستان، تاوەکوو دەگاتە بۆردوومانکردنی چەند شوێنێکیش، هەروەکوو ئەوەی لە سنووری کانی ماسی و #سیدەکان# و سنووری #سلێمانی#شدا تورکیا کردی.
هەڵبەتە من نازانم ئایا ئەمە لە بنەڕەتدا پلانی تورکیا بووە بۆ تێوەگلاندنی هەرێمی کوردستان لە شەڕی پارتی کرێکاران، یان ئیتر بە ڕێکەوت خەریکە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، بەڵام دڵنیام تورکیا تا پێیبکرێت بەردەوام دەبێت لە گوشارخستنە سەر پەکەکە، ئینجا ئەگەر پەکەکە وریا نەبێت بە سنووردارکردنی چالاکییەکانی لە سنووری ئەو شوێنانەی کە بە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ناسێنراون، ئەوا تورکیا ئەو ناوچانەش دەکاتە ئامانج، ئەمەش دواجار هەرێمی کوردستان و پەکەکە ڕووبەڕووی شەڕێک دەکاتەوە کە دواجار جگە لە ماڵوێرانی بۆ کورد و مەترسی درووستکردن لەسەر خودی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە بەرژەوەندیی تورکیا، شتێکی دیکەی لێنەکەوێتەوە. ئەو دیمەنە سیاسییەی کە تاوەکوو ئێستا من دەیبینم خەریکە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات، ئەگەر هەریەکە لە پارتی کرێکاران و هەرێمی کوردستانیش (یان #پارتی دیموکراتی کوردستان#) بە زیرەکی و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ نەکەن.
بۆ بەرگرتن لە تەشەنەکردنی ئەو دۆخە مەترسیدارە، دەبێت تا زووە کەناڵێکی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی کرێکاران بکرێتەوە لە ڕێگەی شاندێکی هەرێمی کوردستان کە نوێنەری هەرسێ پارتە بەشداربووەکەی حکومەتی تێدابێت. هەڵەیەکی زۆر گەورەیە ئەگەر پێمانوابێت لە شەڕی پارتی کرێکاران و هەرێمی کوردستان تەنیا پارتی و پەکەکە تێوەدەگلێن! ئەمە لەڕاستیدا زۆر بیرکردنەوەیەکی ساویلکانەیە. بوونی شەڕێکی وەها، لە سەرێکی تردا پاساو دەداتە دەست حکومەتی بەغداش کە هێزەکانی بەرەو هەرێمی کوردستان بنێرێت، چونکە وەکوو گوتم ئەگەر ئەو شەڕە ڕووبدات، ئەوە جگە لە پارتی و پەکەکە، هەریەکە لە تورکیا و ئەمریکییەکان و ئێراق و ئێرانیش لە پشتی دەبن، بۆیە با هیچ لایەنێکی کوردی وای نەبینێت کە دەتوانێت وەبەرهێنانی سیاسیی تێدا بکات. چارەسەری سەرەکیی ئەم دۆخە، دانووستاندنە لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان تاوەکوو ئاستی ئەنجامدانی ڕێککەوتنێک بۆ دەربازبوون لەو تەڵەیە، شەڕێکی وەها تەنیا لە بەرژەوەندیی تورکیا، ئێران، سووریا و ئێراقە، هەریەکەشیان بە قەبارەی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەشیان دەبێت لە وەبەرهێنانی ئەو شەڕە. [1]