کەلەپوور لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە 02
#ئامانج غازی#
ناسنامەی هونەری دەبێتە ناوەندی لێکۆڵینەوە، خاڵی دەستپێک و ئەنجامە لۆژیکییەکان، سەرقافڵەی ئەم پسپۆڕییەش توێژەری ئەمریکی جاک ئۆنست بوو. لەلایەکی ترەوەو لە ڕوانگەی دورکهایمەوە هونەرمەند گوزارشت لە (من) ناکات بەڵکوو مێلۆدی دەردەبڕێت، واتە دەربارەی کۆمەڵگە بە گشتی، ئەمەش لە ڕێگەی تێڕامانێکی سۆزدارییەوە ناکرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی کوورتکردنەوەی نائاگاییەوە ئەنجام دەدرێت، کە هاوشێوەی دووگیانی هونەرییە، بۆیە هونەرمەندان ڕەنگە خەیاڵ بکەن کە دووگیانی هونەر لە ئیلهام یان وەحیەوە سەرچاوە دەگرێت، تا ئەو کاتەی ئەو کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەیان لە دەستدا نەبێت، ئەوا لەو ڕاستییەدا دوورن، هەرچەندە کۆمەڵگە سەرچاوەی کاری هونەرییە، بەڵام ڕەسەنایەتی هونەری کۆمەڵناسەکان ئەوەیە کە هونەرمەند دەچێتە ناو کەلەپووری هونەری کۆمەڵگەوە و دەستکاری و پێشکەوتنەکان هەڵدەسەنگێنێ کە پێشتر هەستی پێ نەدەکرا.
لێکۆڵینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی لە گۆرانی فۆلکلۆری گرنگییەکی زانستی هەیە، کە وامان لێدەکات لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوازە لیریکییە باوە و ڕادەی بەشدارییەکانی بۆ تەرخانکردنی تایبەتمەندییە کولتوورییەکانی کۆمەڵگەیەک تێبگەین، بە تایبەت کە گۆرانی فۆلکلۆری بێبەش نییە لە دەربڕینی هونەری و نیشاندانی ژیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانیدا، هەر بۆیە ئەم بابەتە هونەرییە، دەتوانێت ئامرازی دەوڵەمەندی لێکۆڵینەوەمان بۆ دابین بکات، بۆ شیکردنەوەی واقیعی کۆمەڵایەتی و کولتووری کۆمەڵگە، گۆرانی فۆلکلۆری بەرهەمی کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و کولتوورییە کە تێیدا داب و نەریتی کۆمەڵگە و ئەرکەکانی ڕوونکراونەتەوە. گۆرانی فۆلکلۆری لەگەڵ قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤ لە لەدایکبوونەوە تا دەگاتە دوا قۆناغەکانی خۆی چەکەرە دەکات و، هەروەها ئەرکە ژیانی و کۆمەڵایەتی و هونەریەکانیش بەرەوپێش دەبات، جگە لەوەی کاربۆ پێشوازیکردن لە ئەزموون و هاندانی مێژوو و ساغکردنەوەی ڕاستییەکانیش دەکات.
مامەڵەکردن لەگەڵ موزیک بەگشتی و موزیکی نەریتە زارەکییەکان بە تایبەتی، پڕە لە چەندین ئاگادارکردنەوە. توێژەران جیاوازییان هەبووە لە هێنانە ناوەوەی ئەم جۆرە موزیکیە لە هەر یەکێک لە لێکۆڵینەوە زانستییەکان، ئایا ئەم شێوازە موزیکییانە لەناو زانستە موزیکییەکان (مۆزیکۆلۆژیا) دا دەخرێنە ڕوو، یاخوود لەنێو زانستی (ئیتنۆمۆزیکۆلۆژی) دا شوێن و پێگەیان دەبێ؟ پێناسەی ئەم دوو زانستە بەم جۆرە لە فەرهەنگی (لاڕۆس) فەڕەنسیدا هاتووە
هەردوو زانستەکە لە بنەچەی ڕۆژاوان، یەکەمیان لە هەموو بابەتێک دەکۆڵێتەوە کە پەیوەندی بە موزیکەوە هەیە بە شێوەیەکی زانستی و مێژوویی. دووەمیان لێکۆڵینەوە لە ڕەفتاری موزیکیی مرۆڤ بە هەموو دەرکەوتنەکانی لە سەرانسەری جیهان لە سەردەمی پێش مێژووەوە تا ئێستا دەکات. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!