$هەدیە بۆ سوننە و شیعه$
#زکری موسا#
#23-11-2020#
لە سەددەی بیستەمدا بە تایبەت لە دوای دوو شەڕە جیهانییەکەی یەکەم و دووەم، زلهێزەکان سیادە و سەربەخۆییان بەخشییە بەشێکی زۆری ئەو سەرزەمینانەی لەژێر چەپۆکی خۆیاندا بوو. ئەو وڵاتەی ئێستا ناوی ئێراقە زادەی ڕێککەوتنی نێوان زلهێزەکان و میرات و هەندەسەی بەریتانیاییەکانە. ئەو دەوڵەتە بەو مەرجە پێکەوەنرا کە تێیدا شەراکەتی کورد ڕەچاو بگیرێت و ڕێز لە مافەکانی بگیرێت. لە قۆناخی پاشایەتیدا حکومەتی ئێراق بە بیانووی بەهێزکردنی دەوڵەتی نوێ ئەو مەرجەی خستەژێر پێی و بەریتانیاش چاوپۆشی لێ کرد.
هەموو هەوڵی تازەی ئێراق ئەوە بوو کە نیشانی بدات دەوڵەتە تازەکە دەوڵەتێکی عەرەبی، پتەو و یەکگرتووە. لە سەردەمی کۆماری و بەعسییەکانیشدا هەوڵەکان بۆ پتەوکردنی دەوڵەت ئەویش لەسەر حیسابی کورد بەردەوام بوو. ئەمجارەیان زەبروزەنگ و قڕکردن و جینۆسایدی گەلی کوردیش بەشێکی گرنگی پلانی گشتیی دەوڵەتی ئێراق بوو بە ئامانجی یەکدەستکردن و یەکڕەنگ کردنی وڵات. ئەو کات دەسەڵاتدارانی ئێراق گەلی کوردستانیان وەک بەربەستێک دەدیت لە بەردەم بەهێزبوونی سیادە و جێگیربوونی ئێراق وەک دەوڵەتێکی تەواو عەرەبی.
ئەمریکا ڕژێمی بەعسی ڕووخاند و لەدوای 2003 هێزە عەرەبە شیعەکان لە ئێراقدا بوونە میراتگری بەریتانیا و بەعس. ئەوان بە یارمەتیی کورد و لەسەر شانی کورد دەستیان لە دەستەڵاتدا گیر بوو. ئەوە بۆ عەرەبە شیعەکان سەرکەوتنێکی مێژوویی و بێوێنە بوو. خەونە لەمێژینەکەیان هاتەدی کە هەر لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسییەکانەوە بگرە هەتا عوسمانی و سەردەمی تازە چاوەڕێی بوون. کوردیش دڵخۆش بوو و چاوەڕێی ئەوە بوو دەسەڵاتداری نوێ کە هاوسەنگەری دوێنێشی بوو، ڕێز لە مافەکانی گەلی کوردستان بگرێ.
ئەم دڵخۆشییە زۆری نەخایاند و چەند ساڵێک دوای پەسندبوونی دەستووری ئێراقی فیدڕاڵی دیموکرات، ئێراق شێوەی دەوڵەتێکی تاییفی وەرگرت و بووە ئامرازێک بە دەستی ئایدیۆلۆژیای فراوانخوازی هەرێمی. بەر لە هاتنی #داعش# بودجەی کوردستانیان بڕی و پاش ئەوەی داعش لە 2016 ڕووی لە لاوازبوون کرد، شیعەکان چاویان بڕییە جیۆگرافیای کوردستان و داوایان کرد کورد بگەڕێتەوە سنووری پێش 2003. سنووری پێش 2003 سنوورێکی سیاسی و ئیداری نەبوو سنوورێکی سەپێنراوی سەربازیی بەعسییەکان بوو. ئەم ڕووداوانە هەر هەمووی بەر لە ڕیفراندۆمی ئەیلوولی 2017 هاتنە کایەوە.
ئێستا حەقیقەتێکی زۆر ڕووت خۆی دەرخستووە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورددا ئێراقی پێش ڕووخانی سەددام و دوای ڕووخانی سەددام جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە. ئەگەر جاران عەلی کیمیایی و عەقڵییەتەکەی بڕیاردەری بابەتەکان بووبن ئێستا عەقڵییەتی خەزعەلی و حەسەن پلایس کۆتابڕیاری لە دەستە. بۆیەشە هەمیشە گەڕانەوەکان بۆ بەغدا و لەدەرگەدانەکان جگە لە چارەسەر کاتی و سەرپێیی هیچی دیکەی لێ سەوز نەبووەتەوە. کورد چیتر بکات بۆ ئێراق؟ سەرۆک بارزانی و خوالێخۆشبوو #مام جەلال# هەموو هێز و توانای خۆیان لە دوای 2003 بۆ ئێراق تەرخان کرد ئەویش لەپێناو کردنەوەی لاپەڕەیەکی تازە، بەڵام ئەنجامی ئەو هەموو هەوڵ و ماندووبوونە ئەوەیە کە ئێستا کام سەرکردەی سیاسیی عەرەب زیاتر دژایەتیی مافەکانی کورد بکات ئەویان مەحبووبتر و دەستڕۆییشتووتر دەبێ.
پرسیاری سەرەکیی ئەوەیە باشە بۆ لە هەموو قۆناخەکاندا دەبێ کورد تووشی ئەو جۆرە کۆسپ و تەگەرانە ببێتەوە؟ ڕەنگە وەڵامی خێرا ئەوە بێت کە گرفتی سەرەکی لە عەقڵیەتی حوکمڕانی بەغداا خۆی حەشاردابێت، دەموچاوەکان دەگۆڕێن، بەڵام عەقڵیەتی نکۆڵیکردنی کورد هەر دەمێنێت. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا دەرئەنجامە و وەڵامێکی کافی نییە و دەبێ بە دوای هۆکاری بنەڕەتیتردا بگەڕێین.
کوردیش هەرچییەک بکات و هەر چەند قوربانی بە خۆی بدات ناتوانێ عەقڵییەتی حاکمی بەغدا بگۆڕێت، چونکە عەقڵییەتەکە لەدایکبووی کولتوور و مێژوویەکی دوورودرێژە. وەڵامی بنەڕەتیتر دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای درووستبوونی دەوڵەتی ئێراق. ڕاستیتان دەوێ ئێمە بە هەڵە و لە ئەنجامی ستەمێکی مێژوویی زلهێزەکان فڕێ دراوینەتە ناو دەوڵەتی ئێراق.
چارەسەری گرفتەکانی گەلی کوردستان لای عەقڵیەتی نکۆڵیکاری تاییفیی ئێراقدا نییە، چونکە لە ئەساسدا ئەو عەقڵییەتە چارەسەری پێ نییە. چەندی خۆمان هەڵخەڵەتێنین کە چارەسەری گرفتەکانمان لە بەغدایە ئەوەندەیش بە دەستی خۆمان، خۆمان لە زۆنگاوەکەدا نقوم دەکەین و چارەنووسی خۆمان دەدەینە دەست خەڵکی بێویژدان و پاوانخواز. دەبێ نیگایەکی تازەمان بۆ دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەبێ. لە بنەڕەتدا گرفتی ئێمە لەگەڵ کڵێشە و هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانە کە ستەمیان لە ئێمە کردووە و ئێمەیان بە چارەنووسێکی نادیار و تاریک و دەستێکی نائەمین سپاردووە. دەبێ بەردەوام لەو دەرگەیە بدەین و فێر بین لەوێوە سەیری گرفتەکەی گەلی کوردستان بکەین.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمانەشدا دەبێ کورد لەناوخۆیدا پتەوتر و یەکگرتووتر دەربکەوێت بۆ ئەوەی دونیا ڕێزی لێ بگرێت و گوێی بۆ بگرێت. بە داخەوە چونکە کورد دەوڵەتی نەبووە، لایەنە سیاسییەکانیشی لەوە ڕانەهاتوون دەوڵەتیانە و ستراتیژی هەڵسوکەوت بکەن. حیزبایەتی و تەکەتول و باڵباڵێن و لۆکاڵیبوون و کوورتبینی هەوێنی چالاکییەکانیان بووە. بەردەوام بەشداری پیلانی قێزەوەن بوونە لە دژی یەکتری. بە نهێنی و بە ئاشکرا لە یەکتریان خوێندووە و بەگژیەکتردا چوونەتەوە. دەوڵەتانی ناوچەکە و زلهێزەکانیش ئەوەیان هەردەم قۆستووەتەوە و دەزگە هەواڵگرییەکانیان بەردەوام ئەم خەسڵەتەی لایەنە کوردییەکانیان ئیدارە داوە و لێکترازان و بەدگومانیان لەناخی کورددا چاندووە. بۆ ئەوەی هەردەم پەرتەوازە و سەرگەردان بن و نەتوانن یەک بگرن بە تایبەت لە بابەتە ستراتیژیییەکاندا. ئەمە هەمیشە کارتی بەهێزی نەیاران و خاڵی لاوازی کورد بووە.
ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان لە ئەیلوولی 2017 هەوڵێکی مێژوویی و بوێرانەی کورد بوو بۆ ئەوەی لە یەک کاتدا بتوانێ هاودەنگییەکی نیشتمانیی لەناو خەڵک بڕسکێت و لەمەڕ مافەکانی خۆشی لەگەڵ جیهاندا بدوێت. ڕیفراندۆم بۆ ئەوە بوو بە هەموو جیهان بگوترێت چارەنووس و چارەسەری کێشەی کورد لای عەلی کیمیایی و خەزعەلییەکان نییە، بەڵکوو لای خودی کوردستانیان و لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.
ماوەتەوە بڵێین، بەریتانیا لە سەرەتای سەددەی بیست ئێراقی بەخشییە سوننە و ئەمریکاش لە سەرەتای سەدەی بیست و یەک هەدیەی کردە شیعەکان، ئەی بۆ کورد چییان پێیە؟ [1]