بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی، توێژەران شیکردنەوەیان بۆ داتای زیاتر لە حەوت هەزار تووشبوی جەڵتەی مێشک و 600 هەزار کەسی ساغ کردووە کە لە 48 لێکۆڵینەوەی جیاوازەوە کۆکراونەتەوە، ئەویش بەلەبەرچاوگرتنی گرووپی خوێنی کەسانی بەشداربوو.
لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتووە کە ئەوکەسانەی خوێنی جۆری Aیان هەیە، لەپێش تەمەنی 60 ساڵیدا بەڕێژەی 16% زیاتر ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی مێشکیان لەسەرە، لە کاتێکدا گرووپی خوێنی B و AB کاریگەرییەکی کەمیان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکە لەسەرە یاخود هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر نییە.
هەر بەپێی لێکۆڵینەوەکە، ئەوانەی گرووپی خوێنیان Oیە بەڕێژەی لە سەدا 12 کەمتر مەترسیی تووشبوون بەو گرفتە تەندرووستییە مەترسیدارەیان لەسەرە.
لەوبارەیەوە دکتۆر براکستن میچڵ مامۆستای پزیشکیی لە زانکۆی میریلاند کە سەرپەرشتی توێژینەوەکەی کردووە، دەڵێت:شیکارییەکەمان پەیوەندیی لەنێوان جۆری خوێن و مەترسیی زوو تووشبوون بەجەڵتەی مێشکبۆ دەرکەوتووە.
ئەوەشی وتووە، هێشتا نازانین هۆکاری ئەو پەیوەندییە چییە، بەڵام لە داهاتودا کار لەسەر ئەوە دەکەین هۆکاری ئەو پەیوەندییە بەشێوەیەکی باشتر بزانین.
هەروەک وتویەتی: ڕێنمایی خەڵک دەکەین بەشێوەیەکی بەردەوام چاودێریی پەستانی خوێنیان بکەن و ستایلێکی تەندرووستیی ژیان پەیڕەو بکەن. [1]