$ئەنجوومەنێک بۆ بەرژەوەندییەکانى: نەتەوە، نیشتمان و وڵات$
#سالار عەزیز#
#01-07-2019#
گەلێک لەم سەر زەمینەدا نەماوە، کە ژمارە و قەبارە و وڵاتەکەى هێندەى گەلى کورد و نیشتمانەکەى گەورە بێت، کەچى هێشتا خاوەن دەوڵەتى خۆى نییە.
نیشتمانى هەزاران ساڵە و خاوەن زمان و کولتوور و زێدە بەخشندە لە بەخشینى سەر و ماڵ و گیان، لەپێناوی ڕزگارى، سەربەخۆیى و ئازایدا، کەچى هێشتا داگیرکراو، دابەشکراو، بندەست، بێ قەوارە، بێ دەوڵەتە و لەنێو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا شوێنێکى نییە.
ئێستا لەم بەشەى کوردستان قەوارەیەک هەیە بەناوى هەرێمى کوردستان، کە هێشتا هەموو خەڵکى ئەم بەشەى کوردستان لەو قەوارەیەدا جێگەیان نەبووەتەوە.
لە ئەنجامى ڕووداوى گەورەى شەڕى کوەیت و دواجار ڕووخانى ڕژێمى ئێراق و هاتنە ناوەوەى ئەمریکا و داگیرکردنی وڵاتەکە، هاوکات ڕۆڵی بەرچاوى کورد لەم پێشهاتانەدا، زەمینەیەکى لەبار و گونجاوی بۆ گەلەکەمان ڕەخساند.
ڕووخانى ڕژێمى سەدام حسێن، ڕووخانى ئیرادە و فەلسەفە و فکرى سیاسى و ڕووخانى هەموو پایەکانى دەوڵەت بوو، تەنانەت پچڕانى شیرازەى پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانى ئێراقى عەرەبى بوو، کە تاوەکوو ئەم کاتەش ڕێک و ڕاست نەبوونەتەوە.
لەسەر ئەم داروپەردووە، جێگرەوەکەیەکى تاڕادەیەک غەریب بە وڵات و حوکمڕانی، چەند هێزێکى پەرتەوازەى لێکدابڕاوى بیروڕا جیاواز، لەهەمانکاتدا لاواز و بێ پشت و پەنا دەرکەوتن کە هیچ دەرەقەتى ئەو وەزعە نەدەهاتن، کەچى لە کوردستان لەبەرانبەر ئەوانەدا، هەرێمى کوردستان هەبوو. لەچاو ئەواندا یەکگرتوو و خاوەن هێزى چەکدار، قاڵبوو بە ئەزموونى حوکمڕانى، تاڕادەیەکیش جێی متمانەی ئەمریکا و هاوپەیمانان، لەگەڵ پشتیووانیى بەهێزى کۆمەڵانى خەڵک. تەرازووى هێز لەنێوان ئێمە و ئەو لایەنانەی جڵەوی حوکمڕانییان گرتەدەست، بە قوورساییەکى زۆرەوە بەلاى کورددا دەشکایەوە، بەڵام مەخابن، کوورتبینی سیاسى و بڕوابەخۆنەبوون و خولانەوە لە بازنەى جیهانبینینە تەقلیدییە سواوەکان، چاوى بینینى سەردەمەکە و پێشبینییەکانى زۆر کز و لاواز کرد.
گەلێک پرەنسیپ و مەنتقى بەهێز هەبوون، کە دەتوانرا کاریان لەسەر بکرێت، ئەگەر داخوازییە نەتەوەییەکانیش نەبوونایه؛ مەنتقى مێژوو و جوگرافیا، مەنتقى جینۆساید و پاکتاوکردنى ڕەگەزى، کە هیچ نەبێ پاراستنى ئەم گەلەیان لەدەستدرێژى دوژمنانى، مسۆگەر بکردایە.
سەردەمى حوکمڕانى ئەم چەند ساڵەشمان، لە سایەى کەموکوڕى و ناکۆکىی جۆراجۆر و خراپ بەڕێوەبردن، نەیتوانى بناغەیەکى پتە و لە بوارە جیاجیاکانى دەوڵەتداریدا بەتایبەتى وەبەرهێنان و ئابوورییەکى پتە و دەستەبەر بکات.. ئۆپۆزیسیۆنیش کە دەرد و نەخۆشیی کوشندەى لەگەڵ خۆى هێنا، هیچى نەکرد. هەمووان بە حوکمڕان و ئۆپۆزیسیۆنەوە لە هەموو کەموکووڕی و سەرنەکەوتنەکاندا بەشدارن و لێى بەرپرسیارن.
ئێستاش ڕووخسار و کار و کردارى دوو ئیدارەیى بەردەوامە. هێشتا نەتوانراوە یەک سوپاى پارێزەرى نیشتمان درووستبکرێت. خەڵک لە دەسەڵاتداران و ئۆپۆزیسیۆن زویرن و هێشتا وەکوو پێویست هەستى نەتەوەیى و خۆشەویستى نیشتمان و هەرێمەکەى لاى خەڵک نەکراوەتە بەشێک لە ویژدان و رەوشت و کەسایەتیی هەر تاکێکی کورد.
ئێستا کە ساڵی 2019یە (27 ساڵ) بەسەر دامەزراندنى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕدەبێت، هێشتا ناوەرۆک و ڕووکەش و ڕووخسارەکان زۆر گۆڕانى بنەڕەتییان پێوە دیارنییە.
ئەم هەرێمەى ئێمە کەوتووەتە نێو وڵاتێکەوە، ناوى ئێراقە. هەر لەیەکەم ڕۆژى دامەزراندنى ئەم ئێراقەوە گەلى کورد بەزۆر بەم دەوڵەتە دەستکردەوە لکێنراوە.
خۆزگە ئێراق وڵاتێکى هێندە دیموکراتى و شارستانى و پێشکەوتوو و بەرگریکار لەمافەکانى مرۆڤ دەبوو، کە بەڕێوەبردنى وڵات و سیستەمەکەشى لەڕوانگەى پرەنسیپە مرۆیی و یاساییەکانەوە بەڕێوەبچووایە، بە جۆرێکی وا هەموولایەک بەتایبەتى گەلى کورد ترسیان لە ئاییندەى خۆیان نەبووایە و کێشە نەتەوایەتییەکانی لە ڕێگەی دیالۆگ بەشێوەیەک چارەسەربکردایە، کە وەکیەکی و یەکسانی دوو نەتەوەی سەرەکی، بە ئاشتییەکى هەمیشەیى بەرقەرار بکردایە، بەڵام خوێندنەوەى بابەتییانە بۆ ئێستا و ئاییندەی ئەم واقعە، لەم وڵاتی ئێراقەدا، هەر خۆزگە دەبێت و هیچی دیکە.
گەل خاوەنى ئەزموونێکى تاڵ و ڕەش و پڕ غەدرە لەم ئێراقەدا. بۆ دەیان ساڵى دیکەش هیچ ئومێدێک لە ئێراق شک نابرێ، تاوەکوو بە خەڵک و حوکمڕانییەکانییانەوە بگەنە ئەو ئاستە ڕاستگۆییانەی مافى گەلەکەمان بسەلمێنن، عەقڵییەتى داگیرکارى و خۆبەگەورەترزانی وازلێبهێنن.. ئەمەش حاڵى ڕێکردنى ڕۆژانەى ژیانى حکوومەتى هەرێم و خەڵکى کوردستانە لەگەڵ ئێراق، کە ئاسانى و قوورسى بەڕێوەبردنە سیاسییەکەى نێوان هەرێم و ناوەندی خستووەتە نێو بازنەى (پارسەنگى هێزەوە)، کە دەبوو دەستوور و پرەنسیپە دیموکراتییەکان سەنگى مەحەک و بنچینەى بەڕێوەبردن و پەیوەندییەکان بوونایە.
ناکرێ میللەتێک ئێستا و ئاییندەی لەسەر خەیاڵ و درووشمى بێناوەرۆک و فکر و تیۆرە سواوەکان دابڕێژێ. ئێراق بۆ دەیان ساڵى دیکەش نابێتە وڵاتێکى دیموکراتى و شارستانى و خاوەنی حوکمى ڕەشید. تەرازووی هێز، پەیوەندییەکانى ئێمە و ئەوان دیارى دەکات، نەک درووشمی عاتفیی بێ بنەما. ئەوکاتەى ئەوان بەهێزدەبن، پرەنسیپى هێز و خۆسەپاندن و براگەوەریى دەستپێدەکات، تاوەکوو سنوورى دڕندەیى.
بۆیە پێویستە هەمیشە بەرچاومان ڕوونبێت. خۆمان بەهێزبکەین، بەهێزیش یانى یەکێتیى ڕیزەکان، یانى حوکمى پر عەدالەت و یاسا و ئابووریی پتە و و، پاراستنى سەروەت و سامانى وڵات، پەیڕەوکردنی شەفافییەت و بەتووندى کارلەسەرکردن و هەڵتەکاندنى فکری دووئیدارەیى، هەموو هەوڵ و تێکۆشانەکانیش بەئاڕاستەى دامەزراندن و پێکهێنانى یەک لەشکر و سوپاى یەکگرتووى ناحیزبى، کە ئەرکى تەنیا پاراستن و بەرگرى لە نیشتمان بێت.
ئەم هەلومەرجەى ئێستا و بوونى هەرێمى کوردستان و ئەو پەیوەندییانەى بە مەرکەزمان دەبەستنەوە، ئەو ڕاستییە ون ناکەن و ئەو قۆناغى تێکۆشانە لەبیرنابەنەوە کە قۆناغى ئێستا هەمان قۆناغى سەردەمى شاخ و قۆناغى ڕزگارى نیشتمانییە، کە ناوەرۆکى ئەم بابەتە و فکر و ئەندێشەکانى قۆناغى ڕزگاریی نیشتمان، واتە سەربەخۆیى، سەربەخۆیى نیشتمان و گەیشتن بەدوا ئامانجى گەلەکەمان. ئەوکاتە بەرنامەى کارى ئێستا و داهاتوو، پاراستنى هەرێم بەشێکە لە خەباتى ئەم قۆناغە. ئەمەش ئەرکى هەموو حیزبەکانى کوردستانە بە جیاوازى بیروڕایانەوە.
نەبوونى دەوڵەت، ڕەوایەتى بە بەردەوامیی قۆناغى ڕزگاریی نیشتمانى دەدات. ڕەچاوکردنى هەلومەرجى ئێستا کە بەداخەوە لە هەموو ئەو ساڵانەى پێشوودا نەتوانراوە هێزى پێشمەرگه، وەکوو هێزێکى نیشتمانى سەربەخۆ و دوور لە حیزب درووستبکرێ. ئێستاش دوو ئیدارەیى و هەڕەشەکانى هەر ماوە. ئێستاش بەرژەوەندیی حیزب پێش بەرژەوەندیی نیشتمانە و دەرد و بەڵا و نەخۆشیی حیزبى و شەخسى باڵادەستە، بۆیە وەکوو بەشێک لەم خەباتە نیشتمانییە، لە ڕوانگەى ئەم هەلومەرج و واقعە تاڵەى ئێستاوە کە چیدی نابێ ڕادەستی ئیرادەى هەندێ بەرژەوەندویستى شەخسى و ئەوانەى تۆزقاڵێک ویژدانى نیشتمانویستى و خۆشەویستى و بەزەیى خەڵکیان لەدڵدا نەماوە و، گیرفانیان لەسەر بڕیارى سیاسییانە، نابێ چیدی لەچاوەڕوانیدا بژین و 27 ساڵى دى وەکوو ئێستا، ئەمرى واقیع بەڕێوەمان ببات و بیدەینە دەست قەدەر و وەکوو خۆى جێیانبهێڵین و، کارەسات دواى کارەسات هەمیشە دووبارەببنەوە.
ئەمڕۆ و چەندین ساڵە گەلەکەمان تاڵاوى ناکۆکى و دووبەرەکى ئەم حیزبانە دەچێژێ. ڕاستە دامودەزگامان هەیە: پەڕڵەمان، سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەنجوومەنى وەزیران، بەڵام حیزبى دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەرکاتێک بیانەوێ، وڵات تێکدەدەن، نەک پێ بە سەر یاسا و ڕێساکاندا دەنێن، بەڵکوو هەندێ جار پەنا بۆ دوژمنانیش دەبەن.
لێمان تێکدەچێت، ئەمە ڕاستییەکانە و حیزب باڵادەستە و بڕیاردەرە، بۆیە بە چاک و درووستى دەزانم، هەم بە حوکمى ئەم قۆناغى ڕزگاریی نیشتمانییەى ئەرکەکانى هەر ماون و جێبەجێ نەکراون، هەم هەلومەرجەکە وا دەخوازێت کە لەپاڵ دەزگاکانى دیکەی دەوڵەتدا دەزگایەکى نوێ پێکبهێنرێت بەناوى (ئەنجوومەنى پاراستن و بەرژەوەندییەکانی نەتەوە یان نیشتمان) کە حیزبە براوەکانى پەڕڵەمان لەخۆبگرێت و کەسە یەکەمەکانى ئەو حیزبانەى براوەى پەڕڵەمانن و سەرۆکى دەزگاکانى دەوڵەت و هتد...
ئەم ئەنجوومەنە نەوەک هەر کۆکەرەوەى حیزبەکانە لە یەک دەزگا و پێکیان دەبەستێتەوە، بەڵکوو یەکێتى و کۆدەنگى و پێکەوەژیان بۆ ئەو خەباتە نیشتمانییە و سەرکردایەتیى قۆناغەکە، بۆ بەدیهێنانى ئامانجە تاکتیکى و ستراتیژییەکان، دەکاتە بەڵگەنامە و پەیمانی شەرەفی نیشتمانی.
ئەم ئەنجوومەنە پشتیوانێکى پتەوى هەرێم و دەزگاکانیێتى، بەڵکوو دەبێتە ئامرازى هەنگاونان بۆ خستنە سەر ڕێگەکانى چارەسەرى کێشە درێژخایەنەکان و ڕەوێنەوەى پێکدادان و لەپێش هەموویانەوە هەوڵدان بۆ دامەزراندنى سوپایەکى نیشتمانى و گەلێ ئەرکى گەورە کە تەنیا بەم ئەنجوومەنە دەکرێت. ئەم ئەنجوومەنە هەوێنى کۆکردنەوەى هەموولایەکە و مەرجەعى چارەسەرى گیروگرفتەگان و هێڵى کۆدەنگى و یەکپارچەیى و ئاشتەواییە، لەسەرووی هەموویانەوە، دەبێتە بەرگریکارى یەکەمى بەرژەوەندییەکانى نەتەوە و پشتیوانى هەرێم و بڕینى ئەم قۆناغە و، جێبەجێکردنى بەرنامەى ستراتیژى و دامەزراندنى وڵاتێکى ئارام بۆ گەلەکەکان.
داوادەکەم لە بەڕێز کاک مەسعود وەکوو سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان و، براوەى یەکەمى پەڕڵەمانى کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەکوو خاوەن هێزی چەکدار و هەموو برایانى حیزبەکانى دى، کە کەم و زۆر پێگەیان لەناو خەڵکدا هەیە، ئەم داوا و پێشنیارەم بەهەند وەربگرن و شەنوکەوى بکەن.
بەداخ و کەسەرێکى گەورەوە، ڕاستییە تاڵەکان و واقعەکە ناچار بە داواى لەمشێوەیەمان دەکات، ئەگینا ئەنجوومەنى ئاساییشى نیشتمان و بەرژەوەندییەکانی لەوڵاتانى خاوەن دەوڵەت، لە دەرەوەى حیزب پێکدێ. هیوادارم ڕەچاوى هەلومەرجە تایبەتەکەى کوردستان بکەن و منیش جگە لە بەرژەوەندییەکانى ئەم گەلە و داهاتووەکەى، هیچ مەبەستێکى دیکەم نییە، بۆ ئاگادارى بەڕێزتان لە (#17-03-2015#) لەدیمانەیەکدا لەگەڵ (شارپرێس)، بەهەمان نەفەس، پێشیاریکى لەمجۆرەم پێشکەش کرد، بەداخەوە گوێم لێنەگیرا. ڕەنگبوو ئەگەر وامانبکردایە هەندێ کێشە و گرفت کە کەم نین، ڕوویان نەدایە. [1]