$کاتێک کوردەکان هاتن!$
#سیروان ڕەحیم#
#19-08-2019#
لە شاری کۆڵن ماڵ دەگوازینەوە! لە بەشێکی ئەو شارەوە بۆ بەشێکی دیکەی.
بۆ مەبەستی گواستنەوە ماشینێک بەکرێ دەگرم. خاوەنی ماشینەکە پیاوێکی عەرەبی شیعەی خەڵکی نەجەفە. کاری وی گواستنەوە و بارکردنە و لەو بوارەدا ئەزموونی تەواوی هەس.
کەسێکی دیکەی لەگەڵ خۆ هێناوە، لاوێکی بەکارە و خویایە لە بواری بارکردن و هەڵگرتندا هیچ کێشەیەکی نییە.
بۆ نیو ڕۆژ ئەو دوو پیاوە کارم لەگەڵ دەکەن و بارم سووک دەکەن. بەرلەوەی حیسابی کار و ماندووبوونیان یەکلابکەینەوە، دەچینە قاوەخانەیەک، بەستەنی دەخۆین و قاوە دەخوێنەوە.
پیاوە نەجەفییەکە ماندووێتی پێوە دیارە و کەمتر کەیفی ئاخافتنی ماوە.
لاوە بەکارەکە بەردەوامە لە قسە و لەنێو پرسیاری ناوبەناودا، دەپرسێت:
ئەرێ تۆ خەڵکی کوێیت؟ لەکوێ لەدایکبوویت؟
من وەڵام دەدەمەوە: لە کەرکووک. لە کەرکووک لەدایکبووم.
ئەو بە سیمایەکی گرژەوە دەپرسێ: کەرکووک؟ لە کوێ؟ لە چ گەڕەکێک؟ چونکە منیش کەرکووکیم. منیش لە کەرکووک لەدایکبووم و لەوێ گەورەبووم.
من دەڵێم: لە کەرکووک، لە گەڕەکی زێوێ.
ئەو بە سەرسوڕمانەوە و لە بۆتەی بڕوانەکردنی ڕوونەوە دەڵێت: زێوێ؟ من کوڕی کەرکووکم، لە شاری کەرکووک گەڕەکێک بەو ناوەوە نییە.
کاتێک من پرسیاری لێدەکەم: ئەی تۆ؟ ئەو خەڵکی گەڕەکی حوڕییەیە. لێیدەپرسم: ئایا دایک و باوکیشت لە کەرکووک لەدایکبوون؟ ئەوانیش خەڵکی کەرکووکن؟
ئەو لاوە دەڵێت: نەخێر ئەوان لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندێکن لە نزیکی سەماوە، لە سەرەتای هەشتاکاندا بە بڕیاری دەوڵەت و بەخێزانی هێنراونەتە شاری کەرکووک.
پاش ئەو وەڵامە ئیتر بۆ من ڕوونە ئەو لاوە چۆن بووە بە کوڕی کەرکووک و چۆن ئەو شارە بە شاری خۆی دەزانێ.
ئەو لاوە لە گەڕەکی حوڕییەی کەرکووک لەدایکبووگە و ئێستایش خۆی لە ئەڵمانیا وەک پەنابەرێک دەژی، بەڵام ماڵباتەکەی لەوێن و لە هەمان گەڕەکی کەرکووک دەژین.
لاوەکە هەر وێڵی دوای (زێوێ) یە و باوەڕ ناکات گەڕەکێکی وەها لەو شارە هەبێت یان ڕۆژێک لە ڕۆژان هەبووبێت.
داوای گێڕانەوەی یادگاریم لێدەکات، یادگارییەکانی من لە کەرکووک، بۆ ئەوەی خۆیشی باسی یادگارییەکانیم بۆ بکات.
من پێیدەڵێم: ئێمە وەک کەسانێکی زۆری دەوروبەرمان، وەک هاوڕێیەکانی منداڵی و هاوزوانانمان، یەک یادگاری زۆر گەورە و زۆر پڕ برک و ژانمان هەس، یەک یادگاری کە هەموو یادگارییەکانی دیکەی ئەو شارە لەئاستیدا ئەوەندە بچووکن، بەئاستەم دێنەوە بەر پەنجەرەی خەیاڵ. یەک یادگاری، ئەویش دەرکردنە.
ئێمە دەرکراین و نەیانهێشت جارێکی دیکە ڕووبکەینەوە کەرکووک. من لە گەڕەکی زێوێ، کە گەڕەکێکی هەژارنشینی نێوان ئازادی و ئیمام قاسمە لەدایکبووم. ئەو دەمە و ئێستایش زێوێ گەڕەکێکە لە گەڕەکە کەڤنارەکانی کەرکووک. بەڵام کاتێک ئێمە دەرکراین، گەڕەکێک بەناوی حوڕییە نەبوو. گەڕەکی (حوڕییە) بەرهەمی بەعس بوو. ئەوان، واتە بەعس ئەو گەڕەکەی درووستکرد.
ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەیرە و دەڵێی دیمەنێکە لە فیلمێکی داستانیی خەمگین، دەرکردەیەک و هاوردەیەکی کەرکووک لە کوێ؟ لە (کۆڵن)ی ئەڵمانیا یەکدەگرن.
من کوڕی کەرکووکم، لە شاری کەرکووک، گەڕەکێک بەو ناوەوە، بەناوی زێوێ نییە. ئەو دەربڕینەی لاوەکە هۆکارە بۆ بیرهێنانەوەی برووسکەئاسای ماوەیەکی کەم و تیژتێپەڕی منداڵیم، بیرهێنانەوەی قوتابخانەکانی ئاشتی و پیرەمێرد، کەبابەکەی ڕەزا کەبابچی، چایخانەکانی عاشوور و ئازادی، سینی و زەرفی شەوانی ڕەمەزان، پاسکیلخانەکانی ئیسکان و زێوێ، ماڵی میمکەکانم لە شۆرجە و لە زێوێ و لە هەموو ئەوانەش کاریگەرتر، ڕووناکیی ئاگری چاڵە نەوتەکان، بەتایبەتی لە شەوانی هاویندا.
لاوەکە هەر ملی نەدا بۆ بوونی گەڕەکێکی وەها لە کەرکووک. گەڕەکێک بەناوی زێوێ. جا منیش ئێستا بەڕاستی نازانم گەڕەکێک بەناوی زێوێ لە تۆماری فەرمیی کەرکووکدا ماوە یان نا؟
بەڵام ئەفسووس، لەو دەربڕینانەیش بەدتر ئەوە بوو، کاتێک ویستم لە ڕوانگەی ئەویشەوە بزانم دۆخی ئێستای شارەکە چۆنە، لاوەکە وتی: ساڵی 2003 کاتێک کوردەکان هاتن و کەرکووکیان داگیرکرد، دۆخەکە یەکجار خراپ بوو. ئێمە چاوەڕوانی ئەوە نەبووین کوردەکان بتوانن کەرکووک داگیر بکەن. من لە هەموو ژیانمدا شتی وەهام نەبینیبوو. بۆ ئێمە ساڵانی نێوان 2003 تاوەکوو کۆتایی 2017 کارەساتە و لە مێژووی کەرکووکدا لەبیر ناکرێت. بەڵام پاش ڕزگاربوونمان لەدەستی کوردەکان ئێستا دۆخەکە زۆر باش بووە و بەرەو باشبوونی بەردەوامیش دەڕوات.
چ دونیایەکی بێ نەزم و حیسابە، کێ کێ بە داگیرکار دەزانێ و کێ کێ ناخوێنێتەوە! [1]