$لە قوتووی داخراودا$
#سیروان ڕەحیم#
#19-11-2019#
بەردەوام پرسیارێک لەسەرمدایە:
$ئایا ئینگلیزەکان بۆچی ئێراقیان بەو شێوەیە درووستکرد؟$
پرسیارێکە تاکوو ئێستا وەڵامی تەواوی نییە. هەندێ وەڵام هەن لە بەڵگەکان و تۆمارەکانی دیرۆکدا نین. هەندێک شت هەن نانووسرێنەوە و هەڵناگیرێن. هەندێک وەڵام هەن، یەک جار و بە یەک چرپە لەنێوان بڕیاردەراندا دەدرکێن و ئیتر بۆ هەمیشە سەرچاوەکانیان بزر دەبن.
ئایا سەرزەمینێک خەڵکەکەی سەدان ساڵ بەوە قایل بووبێت داگیرکراوی عوسمانییەکان بێت، دەتوانێت یان خاوەنی ئەو خواستە و هەڵگری ئەو ویستەیە سەربەخۆ بێت؟ ئەدۆنیس لە دیدارێکدا دەپرسێت: ئاخر عوسمانییەکان خۆیان چی بوون، کولتوور، داهێنان و پەرجوویان چ بوو؟ وا عەرەبیان سەدان ساڵ ملکەچی خۆیان کرد؟
ئەدۆنیس بەردەوام دەبێت و دەڵێت: نرخی مرۆڤی ئێمەی عەرەب لەوێدا دەردەکەوێت کە چەند لە خوارە. کاتێک تەماشای ئەو مێژووە دەکەیت و دەبینیت عوسمانییەکان سەدان ساڵ عەرەبیان ئاژۆتووە، ئەودەم لە زۆر شتی خەمگین حاڵی دەبین.
ئایا بەڕاستی ئینگلیزەکان مەبەستیان بووە دۆزەخێک درووست بکەن؟ یان لە بۆچوون و لە ڕوانگەی ئەوانەوە سەرزەمینێک هەبووە کە دەشێت مرۆڤەکان، ئەو هەموو دەنگ و ڕەنگانە، هەروەها ئەو کولتوور و زمانە جیاوازانە، تێیدا شاد بن و پێکەوە وەکوو شەبەنگێکی نایاب لە ناوچەکەدا بدرەوشێنەوە؟
هێزەکانی ئەودەمی ڕۆژاوا، کە پێشەنگیان ئینگلیز بوو، دەبوو دەوڵەتی عوسمانی هەلاهەلا بکەن و ئەوەندەی بچووک بکەنەوە جارێکی تر بیر لە داگیرکردنی ڕۆما و ڤییەنا نەکاتەوە.
ئەوەی دەزانرێت و پاش سەد ساڵ بەڕوونی دێتە سەلماندن، ئینگلیزەکان لە ناوچەکەدا دەوڵەتی سەرکەوتوویان بنیات نەنا، ئێراق دیارترین نموونەی سەلماندنی ئەو سەرنەکەوتنەیە. ڕەنگبێ هۆکاری گرنگ، یان هەر نەبێت یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان ئەو پاشخانی ژێردەستییە بێت، ژێردەستەی سەدان ساڵە و داگیرکراوی دەستی عوسمانییەکان. ئاخر یەکێک لەو شتانەی دەوڵەتی عوسمانی ئامانجی بووە بیکات، داماڵینی مرۆڤەکان بووە لە گیانی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوەبردن، بە جۆرێک بۆ هەتاهەتایە گیرۆدەی ناوەندیان کردوون. ناوەندێکیش بەردەوام لەژێر پێی خۆیاندا بووە.
دەکرێت تەمەنی دەوڵەتداری لە ئێراقدا بەسەر سێ قۆناغدا پارڤە بکرێت. دامەزراندنی دەوڵەتەکە لە سەرەتاوە تاکوو ساڵی 1958. لەم قۆناغەدا ئینگلیزەکان دەوڵەتێک درووست دەکەن و مەبەستیانە بەهەر شێوەیەک بێت بیخەنە سەر پێ. تاکوو ساڵی 1958 کە ئەوان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە ئێراقن، دەوڵەتەکە بەشێوەیەکی لەرزۆک پێڕەوکە دەبێت، بەڵام نابێت بە دەوڵەتێک سەربەخۆیانە بتوانێت هەنگاوی گەورە و درێژ باوێ.
لە قۆناغی دووەمدا کە بە کودەتای کۆمەڵێ ئەفسەر دەستپێدەکات و بەدەرکردنی ئینگلیز و پاشان بە خۆماڵیکردنی سامانی وەڵاتەکە کۆتایی بە وەرزێکی دێت، ئێراق ئیتر دەبێت بە شەڕگە و کوشتارگەیەکی گەورە، دەوڵەت لە دژی کورد، لە دژی چەپ، لە دژی هەموو جۆرە ڕکابەرێک و هەموو دەنگێکی نەخوازراو پەلامار دەدات و شەڕ هەڵدەگیرسێنێت. ئەفسەرەکان لە 10 ساڵدا نەک هەر ئەوانی تر، بەڵکوو وەکوو ئاش یەکتریش دەهاڕن. تاکوو بەعس دێت و دەستبەسەر هەموو بوارەکاندا دەگرێت، بەعس وەڵاتەکە لە بەڵایەکەوە دەداتە دەم بەڵایەکی تر و لە کارەساتێکەوە بەرەو کارەساتێکی تری دەبات.
ساڵی 2003 هێزەکانی ئەمەریکا دەگەنە ئەو کاولاشە و وەڵاتەکە لە چنگی بەعس دەردێنن.
ئێراقییەکان کە ساڵی 1958 بە چەپڵە ئینگلیزیان دەرکرد، ساڵی 2003 بە چەپڵە پێشوازی لە هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن.
هێزەکانی ئەمەریکا بەغدایان لە چنگی جانەوەرئاسای بەعس دەرهێنا، بەڵام بەغدایان نایە دەست هەندێک کەس کە تینووی تۆڵە، تاسەی تاڵانی و خوازیاری دووبارەکردنەوەی هەمان ئەو شێوازە بوون کە بەعس دەیان ساڵ وەڵاتەکەی پێ بەڕێوەبرد.
ئێستایش کاتێک هەمووان گوێیان لە داخوازیی ڕوون و ڕاشکاوانەی شیعە دەبێت بۆ گۆڕینی سیستەمی بەڕێوەبردن، ئیتر مرۆڤ دەتوانێت گوێی لە دەنگدانەوەی ناخیشیان ببێت کە هەر لە سەرەتاوە چ مەبەستێکی تاریک و چ ئامانجێکی نادادپەروەرانەیان بووگە.
$دەستەکەوتەکانی دەوڵەتی ئێراق لە 100 ساڵی تەمەنیدا$
چوارەم دەوڵەتی بەرهەمهێنەر و شەشەم دەوڵەتی هەناردەکاری نەوت، خاوەنی سەرزەوینێکی دەوڵەمەند بە دارستان و کشتوکاڵ. لە چیای سەرکەشەوە بۆ دەشتایی پڕ پیت، لە ئاوەوە بۆ بیابانی پڕ ئەفسوون، لە زمان و کولتووری جیاواز و دەوڵەمەندەوە بۆ ئایین و ئایینزا ناسراوەکان، ڕاستییەکەی بەم هەموو سامانە ماکی و میناکییەوە ئێراق شوێنێکە دەکرا ببێت بە سویسرایەکی دڵبەر و نازدار. بەڵام نەبوو. بەداخەوە نایشبێت. چونکە ئاوەزێک کە بتوانێت لەو کەرەستە و لەو سامانە گرنگانە سویسرا پێکبێنێت، بوونی نییە.
پاش سەد ساڵ لە کارەسات، لە سەرنەکەتن و لە نووچدانی بەردەوام، شیعە دەیانەوێت (بە تەنیا) دەست بەسەر وەڵاتەکەدا بگرن. ئەوەی ئەوان دەیانەوێت هەمان ئەو خەونە زڕەی سوننەیە کە بەرهەمەکەی خوێنڕشتن، کوشتار و بەکاولاشکردنی ئێراق بوو.
جا هاتنەدی خەونی ئێستای شیعە و بوونی بە کاری کردە، هەر وەڵاتەکە لەمسەر بۆ ئەوسەر ڕەشپۆش ناکات، هەر وەڵاتەکە هەموو ناکات بە سیمای ڕیشداری مۆن و دزێو، هەر ئەوە نییە ببێت بە هەواری جبە و عەمامە، نەخێر وەڵاتەکە دەکەن بە قوتووی داخراو. دەیکەن بە دۆزەخێک بواری هەناسەدانی تێدا ناهێڵنەوە.
ئەو ئاوەزەی هێزێکی وەکوو حەشد درووست دەکات، سبەی بۆی بلوێ و چنگ لە ئێراق گیر بکات، حەشدی گەورەتر لە خەڵکی ئەو وەڵاتە درووست دەکات و شەڕی ناوەوە و دەرەوە لە یەک کاتدا بەرپا دەکات.
$ڕێگەدان بە درووستکردنی دەوڵەتی بەهێز$
درووستکردنی دەوڵەتێکی بەهێز یان بۆ چاوبەست یەکگرتوو لەم ئێراقە تێکشکاو، هەلاهەلا و داوەشاوەی ئێستا بە زیانی هەمووان تەواو دەبێت، بەر لە هەموو کەس بە زیانی کورد و شیعە. کولتووری بەڕێوەبردن و دەسەڵاتداری لە ئێراقدا وەهایە، کاتێک ناوەند هێزی بوو، یان پەلاماری پێکهاتەکانی ناوخۆ دەدات، ئەنفالیان دەکات و چ چەکێکی ترسناک لەبەردەست بێت لە دژیان بەکاری دەهێنێت، یاخود هێرشی دەرودراوسێ دەکات. یاخود هاوکات هەردوو ئەو تاوانانە پێکەوە دەکات.
ژیرێتییەکی گەورە ئێستا بکرێت، هەم لە ناوخۆی وەڵاتەکە، بەتایبەتی لە بەغدا، هەم دۆستەکانی ئێراق، ئەگەر دۆستی هەبێت، پێویست دەکات یار و یارمەتیدەر بن، بەشێوەیەکی شارستانی، بە شێوازێکی هاوچەرخ و دوور لە ڕک و نزیک لە تێگەیشتن، لەسەر کاولاشی ئێراقی ئێستا چەند دەوڵەتێک بنیات بنرێت. هەتا دەکرێت بیر لە درووستکردنی چەند دەوڵەتێک لەژێر یەک ساباتی زاگۆنی نێودەوڵەتی، پێکەوە ژیان و هاوکاریکردندا، بە یارمەتیدان و پشتگیری وەرگرتن لە ڕێکخراوی وەکوو نەتەوە یەکگرتووەکان، هێزگەلی کاریگەریی جیهان، نەک هێزەکانی ناوچەکە، ئەو کارە بکرێت.
ئێراق ئیتر بەشوێنێک گەیشتووە بنبەستە، ناتوانێت وەکوو یەک جەستەی ساخ بژی و بەردەوام بێت. پارچەکانی ئەو سەرزەمینە بە زۆرداری، بە کوشتن و وێرانکاری پێکەوە گرێنادرێن.
ئەم بۆچوونەم لە ڕوانگەی حەزی کەسی، لە بواری بەرژەوەندیی نەتەوەیی، لە مەیلی ئینفیساڵییەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکوو لە خۆشەویستیم بۆ ژیانی ئێراقییەکان، لە خەمی قووڵمەوە بۆ ژیان و کەرامەتی مرۆڤەکان، لە نرخپێدانەوە بۆ ژیان و شوێنی نیشەجێبوون خۆی، سەرچاوە دەگرێت.
ئاخر لە ئێراق جەخار دەمێکی درێژە ژیان، کەرامەت و سەنگی مرۆڤەکان فڕێدراونەتە نێو گەمەیەکی ترسناکەوە. گەمەیەک تەنیا بە دابەشکردنی ئەو وەڵاتە کۆتایی دێت. [1]