$راپەڕین، کۆڕەو، پەناگەى ئارام$
#سەفین دزەیی#
#05-04-2020#
مێژووەکەى هێندە دوور نییە، ئەگەر دووریش بکەوینەوە لەبیر ناکرێت، چونکە لەماوەى تەنیا یەک ساڵدا گۆڕانکارى و وەرچەرخانى گەورە ڕوویاندا. بەدرێژایی نزیک بە سەدەیەک بۆ گەیشتن بە ماف و ئازادى، گەلى کوردستان خەباتى کرد، شۆڕشى هەڵگیرساند، ڕووبەڕووى جەورو ستەم بووەوە، لەم پێناوەشدا قوربانى زۆرى دا .
لە زۆربەى قۆناخەکان هەرچەندە شەڕەکان نابەرانبەرى بوون و لەڕووى سەربازییەوە دوژمن بەهێزتربوو، بەڵام ئیرادەى سەرکردایەتى سیاسى کوردستان و هێزى پێشمەرگە ئەوەندە پتەوبوو هیچ کات باوەڕیان بە سەرکەوتن و ڕزگاربوونى یەکجارەکى لاواز نەدەبوو. شۆڕشەکانى گەلى کوردستان دەیان قۆناخى سەخت و دژواریان بڕى، چەندین پیلانى نێودەوڵەتى بۆ داڕێژرا تا سەرکوت بکرێ. بەڵام هەموو هەوڵەکان لەبەرانبەر خۆڕاگریى گەلى کوردستان شکستیان دەهێنا.
لەدواى ڕاوەستانى شەڕى ئێراق - ئێران، کە نزیکەى هەشت ساڵى خایاند، ڕژێمى سەدام زۆر دڕندانە و نامرۆڤانە ڕووبەڕووى گەلى کوردستان و شۆڕشەکەى بووەوە، پڕۆسەى ئەنفالى #گەرمیان# و ئەنفالی بادینان و تێکدانى چوار هەزار گوندو بەکارهێنانى چەکى قەدەخەکراوى کیمیایی دژى خەڵى سڤیل لە #هەڵەبجە# و بالیسان و شێخ وەسان و بادینان کە هەزاران شەهیدو بریندارى لێکەوتەوە. لەبەرانبەر ئەو هەموو تاوانەش بەهۆى ململانێى بلۆکى ڕۆژهەڵات و ڕۆژاواو پاراستنى بەرژەوەندییەکانیان کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى هیچ کاردانەوەیەکى ئەوتۆى نەبوو.
ڕژێمى ئێراق بە سوتماککردنى خاکى کوردستان و کوشتن و جینۆساید و بەعەرەبکردنى کوردستان نەوەستا، ئەم جارە هێرشى کردە سەر وڵاتى کوێت و داگیرى کرد، بەڵام داگیرکردنى کوێت و مانەوەى سوپاکەى لەوێ کارێکى ئاسان نەبوو، چونکە هەر زوو کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان هاتنە دەنگ و داوایانکرد سوپاى ئێراق کوێت جێبهێڵێ، بەڵام ئێراق بەهیچ جۆرێک نەچووە ژێربارى ئەو داواکاریانە.
ئەوە بوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکهێنا کە لە 36 وڵات پێکهاتبوو، لە 17ی کانوونی دووەم تاوەکوو 28ی شووبات ئۆپەراسیۆنى گەردەلوولى بیابان دژى لەشکرکێشى سوپاى ئێراق دەستی پێ کرد. لەو ماوەیەدا ئێراق و سوپاکەى تووشى گەورەترین شکستى سەربازى و سیاسى و ئابوورى بوو. سەرکەوتنى پڕۆسەکە سەرکردایەتى ئێراقى ناچار کرد لەژێر خێمە لە سەفوان ڕێکەوتننامەى ئاگربەست لەگەڵ کوێت ئیمزا بکات و دان بە سەروەرى وڵاتى کوێتدا بنێت. هاوکات چەند مەرجێکى قوورسیشیان بەسەر ئێراقدا سەپاند وەک قەرەبووکردنەوەى تەواوى زەرەرو زیانەکان و دەستهەڵگرتن لە چەکى ناوکى و کیماوى. هەر لەگەڵ داگیرکردنی کوێت، ئێراق بۆ ماوەی 13 ساڵ 1990 تاوەکوو 2003 ئابڵووقەی ئابووری خرایەسەرو بۆی نەبوو هیچ پێداویستییەک لەدەرەوە هاوردە بکات. خۆراک و پێداویستی پزیشکی لە ڕێگەی بەرنامەی نەوت بەرانبەر خۆراک بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان سەرپەرشتییان دەکرد.
ئەو شکستە سەربازییە گەورەیە، خاڵى وەرچەرخان بوو بۆ گەلانى ئێراق بە گشتى و گەلى کوردستان بەتایبەتى، دەرفەتێک بوو بۆ تۆڵەکردنەوە لە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانى ڕژێم کە ماوەى چەندین ساڵ بوو بە ئاگر و ئاسن حوکمى گەلەکەى دەکرد.
کۆتایی مانگى دوو لە شاری بەسرە خۆپیشاندان و دواتر ڕاپەڕین دەستی پێ کردو تاوەکوو 3ی ئادار ڕاپەڕین زۆربەى شارەکانى باشوورى ئێراقى گرتەوە.
ڕاپەڕینە مەزنەکەى گەلى کوردستان لە 5ی ئادار تاوەکوو 21ی ئادار بەردەوام بوو، لە ڕانیەى دەروازەى ڕاپەڕین دەستىپێکرد و بە ئازادکردنى #کەرکووک#ى دڵى کوردستان کۆتاییهات و تەواوى دامودەزگاکانى ڕژێمى بەعس کۆتاییهات و بۆ یەکەمجار بوو هەرێمى کوردستان بەتەواوى ئازادبکرێت. ڕاپەڕین، خەون و ئاواتى گەلێکى ستەمدیدەى هێنایەدى کە لە بەرەبەیانى مێژووەوە غەدرى لێدەکراو مافەکانى زەوتدەکرا. هەموو شۆڕش و قوربانییەکانیشى لەپێناو ئازادى و گەیشتن بە مافەکانى خۆى بێت.
ئەوکاتەى ڕاپەڕین دەستی پێ کرد هەزاران سەربازى ئێراق لە هەرێمى کوردستان بوون، وێڕاى ئەمن و ئیستخبارات و گەورە بەرپرسانى بەعس، بەڵام چونکە گەلى ئێمە هەمیشە بۆ گەیشتن بە مافەکانى دژى ڕژێمەکان جەنگاوە، هیچ کات بیرى لەوە نەکردووەتەوە شۆڤێنیانە ڕەفتار بکات و تۆڵە لە خەڵکى مەدەنى بکاتەوە. ئەو سەربازانەى خۆیان ڕادەستى پێشمەرگەو جەماوەرى گەلەکەمان کرد زۆر بە ڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا کراو هاوکارى کران و ڕەوانەى شارەکانى خۆیان کرانەوە. ئەوە مێژووێک بوو میللەتى ئێمە بە شانازییەوە تۆمارى کرد کە چەند مرۆڤدۆست و ئاشتیخوازن تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشیان.
مخابن چەند ڕۆژێک دواى ڕاپەڕین، حکومەتی ئێراق هەرچى سوپاو هێزى هەبوو کۆیکردەوەو هێرشێکى دڕندانەى کردە سەر هەرێمى کوردستان. خەڵکى خۆڕاگرى ئێمە وەک هەمیشە ژێردەستەییان ڕەتکردەوەو کۆڕەویان هەڵبژارد، کە تێیدا هەزاران خەڵکى سڤیل بە ژن و پیاو و منداڵ و پیرو پەککەوتە بەرەو سنوورەکانی وڵاتانى دراوسێ بەڕێکەوتن. ڕێگەى مەرگیان هەڵبژارد، نەک ژێردەستەیی و زوڵم و چەوسانەوە.
کۆڕە و بووە ناسنامەى دۆزى ڕەواى کورد، خەمى میللەتێکى چەوساوەى بە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ناساند، ویژدانى زۆر لە دۆستان و سەرکردەکانى جیهان نەیانتوانى چاو لەو تراژیدیا گەورەیە بپۆشن.
وڵاتانى ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا ڕۆڵى بەرچاویان هەبوو بۆ ئەوەى لە 5 ى نیسانى 1991 ئەنجوومەنى ئاساییشى نێودەوڵەتى بڕیارى ژمارە 688 ى دەربکات. لە بەندى یەکەمى ئەو بڕیارەدا زۆر بە ئاشکرا سەرکۆنەى ئەو کردەوە سەرکوتکرانە و داپڵۆسێنەرانە کرابوو و داواش لە بەغدا کرابوو کە دەستبەجێ ئەو کردەوانە بووەستێنێت و دەست بە گفتوگۆ بکات و ڕێز لە مافەکانى مرۆڤ و مافە سیاسییەکانى تەواوى هاووڵاتییان بگرێت.
دواى ئەوە دانووستاندن لەنێوان بەرەى کوردستانى و ڕژێمی بەعس بەڕێوەچوو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە ڕوونبوو کە بەعس نەیدەویست گوێ لە داخوازییەکانى سەرکردایەتیى سیاسی گەلى کوردستان بگرێت و تەنیا کات بەڕێکردن و خۆدزینەوە بوو. بۆیە گفتوگۆکان بە بنبەست گەیشتن و حکومەتی ئەوکاتى ئێراق بڕیاریدا لە ئۆکتۆبەرى ساڵى 1991، یەکە سەربازییەکان و دامەزراوە ئیدارییەکانى بە تەواوى لە هەرێمدا بکشێنێتەوە.
ئەمەش ڕێگەى خۆشکرد بۆ یەکەمجار لە مێژوودا هەڵبژاردنێکى گشتى دیموکراتیانە ئەنجامبدرێت و لەو هەڵبژاردنەدا تەواوى نەتەوە و ئایین و ئایینزاکانى کوردستان بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا بکەن و حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێکبهێنن.
ڕێکەوتى 19ى ئایارى 1992 یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەچوو. چاودێرانى ناوخۆو بیانی بەشداربوون و لە نزیکەوە چاودێرى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکەیان دەکرد. ئەم هەڵبژاردنە بووە هۆى دامەزراندنى یەکەمین پەڕڵەمان و کابینەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان.
دواى دامەزراندنى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتی بەتایبەت وڵاتانى دۆست ڕۆلیان هەبوو لە داننان بە هەرێمى کوردستان و وەک دیفاکتۆ مامەڵەیان لەگەڵ کرد، سەربارى ڕۆژە ناخۆش و سەختەکان بەڵام ئیرادەیەک هەبوو بۆ دابینکردنى ئارامی و دیموکراسى و ڕێزگرتن لە تەواوى ئایین و نەتەوەکان. کارێکى ئاسان نەبوو بتوانى لە ناوچەیەکى پڕ لە کێشە و ململانێى وەک ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەرێمێکى سەقامگیرو گەشەسەندوو بوونیاد بنێى.
ئەم بارودۆخەى ئەمڕۆ دەیبینین بەچەندین قۆناخى سەختدا تێپەڕیوەو ئاستەنگى زۆرى هاتووەتە پێش. ئەوەش زیاتر بە پشتگیرى دۆستانمان بووە کە لەزۆر قۆناخە سەخت و قەیراناوییەکان هاوکارمان بوونە. لەبەرانبەردا هەرێمى کوردستان پابەندى پرەنسیپەکانى مافى مرۆڤ و یەکسانى بووەو دژى تیرۆریستان وەستاوەو زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەو پەنابەرى لەخۆگرتووە. بەو هیوایەین کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و وڵاتانى دۆست پشتگیرى زیاتر لە ئەزموونى هەرێمى کوردستان بکەن و هاوکارمان بن بۆ باشترکردنى سیستەمى حوکمڕانى تێپەڕاندنى قەیرانەکان.
لەم یادەدا سوپاسی ئەو وڵاتانە دەکەم کە بەهۆی بڕیاری 688ی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیرییان لە پاراستنى گەلی کوردستان کرد. سوپاسى وڵاتانى دراوسێ دەکەم کە سنوورەکانیان بەڕووى خەڵکى سڤیلدا کردەوە، هاوکات خوشک و برا کوردەکانى وڵاتانى دراوسێش دەرگایان بەڕووى لێقەماوانى هەرێمى کوردستان کردەوەو وەک کەسى نزیکى خۆیان خزمەتیان کردن.
ستایشی هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووس و کەناڵە بیانییەکان و کوردانى تاراوگە دەکەم کە بە ڕاستى ڕۆلیان هەبوو لە زیاتر ناساندنی دۆزى ڕەواى گەلەکەمان و نیشاندانى ئەو تراژیدیایەى ویژدانى مرۆڤایەتى دەهەژاند.
ئێستاش دوای 30 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕین و تۆمارکردنی چەندین سەرکەوتنی سەربازی و دیپلۆماسی و گەشەپێدان، هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی یەکڕیزی و گەیشتن بە تەواوی مافەکانمان و کۆتاییهێنان بە قەیران و نەهامەتییەکان. هەر بەم بۆنەیەوە حکوومەتى هەرێمى کوردستان وەک ڕێزلێنان و سوپاسێک بۆ کەسایەتیى وڵاتانەى ڕۆڵیان هەبوو لە دەرکردنى بڕیارى 688، دوو شەقام لە #هەولێر#ى پایتەخت بە ناوى (سێر جۆن مێجەر) سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا و (ناوچەى ئارام) دەکات. [1]