بەرگێگ لە ناسنامەی کورد و شۆڕش
$سۆفی مەحموود، پێشمەرگەی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆچی دوایی کرد$
ڕێکەوتی 4ی بانەمەڕی 1402ی هەتاوی، هاوڕێی بەڕابردوو و پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مەحموود ئاقایی کوڕی سەلیم، ناسراو بە سۆفی مەحموود، خەڵکی گوندی گوێ یاغاج لە ناوچەی هەوشار، پاش نەخۆشییەکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.
سۆفی مەحموود لەدایکبووی ساڵی 1300ی هەتاوی لە ناوچەی هەوشار بوو و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بوو بە پێشمەرگەی کۆمار و تا ڕووخانی کۆمار، پێشمەرگە بووە.
دواتر و هەر لەگەڵ سەرکەوتنی شوڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 57ی هەتاوی پەیوەستی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بوو و بێوچان و بێدابڕان تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە حیزب و ڕێبازی شەهیدان وەفادار مایەوە و ژیانی خۆی تەرخانی خەبات لەپێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی نەتەوەی کورد کرد.
سۆفی مەحمود ئاقایی لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حیزبدا خزمەتی کردووە و لە هێزی 110ی بەیان لە ناوچەی #بۆکان# بووەتە پێشمەرگە و پاشان لە هێزی شەهیدانی هەوشار خزمەتی کردووە، و دواتر لە مەڵبەندی 2ی کوردستان کاری پێشمەرگایەتیی کردووە. پاشان لە هێزی سامڕەند وەک پێشمەرگە پارێزگاریی بنکەکانی دەفتەری سیاسیی کردووە.
ناوبراو بەهوی بەساڵاچووییەوە نەقڵی کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی کرا و لە دوایین سازماندەیی حیزبدا لە ناوەندی 1ی کوردستان هەتا کۆچکردنی، درێژەی بە خزمەتی خۆی دا.
سۆفی مەحمود لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جارین بەهۆی دڵسۆزی و جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەرکە پێئەسپێردراوەکانی، تەشویق کراوە.
سۆفی مەحموود، ڕۆژی 5ی بانەمەڕ، لە گۆڕستانی شەهیدانی ئازادی بە بەشداریی هاوسەنگەرانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان ئەسپێردرا.
ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بۆنەی کۆچی دوایی سۆفی مەحموود،
پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵە و کەسوکار و هەروەها هەموو کادر و پێشمەرگە و خەڵکی دڵسۆزی ناوچەی هەوشار دەکات. [1]