$دوا دەرفەت بۆ ڕەخساندنی دۆخێکی دارایی جێگیر لە 2021دا$
#عومەر عەبدوڵڵا فەتاح#
#30-01-2021#
بڕیار وایە لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی حکومەتی ئێراقی فیدراڵ بەرەو کۆتایی بڕۆن و، لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق ڕاپۆرتی خۆی بۆ دەنگلەسەردان و پەسەندکردنی ئامادە بکات.، لەو نێوەندەشدا شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکانی ڕێککەوتن دەچنەوە بەغدا کە دەکرێت بڵێین ئەم دەرفەتە دوا دەرفەتی ئەگەری درووستکردنی دۆخێکی دارایی جێگیرە بۆ هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2021دا.
بەغدا داواکانی لە ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە یان بەهاکەی بەنرخی سۆمۆ کوورت کردووەتەوە، لەگەڵ نیوەی داهاتی گومرگەکان. بەهۆی خراپیی سیستم و بەردەوامیی قاچاخچێتی و بەهەدەردانەوە، داهاتی گومرگەکان زۆر جێگەی گفتوگۆ و بایەخ نین، ئەوەی بۆ هەردوو لا گرنگە نەوتەکەیە، بۆیە لەم سێ خاڵەدا قازانج و زیانی هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و بەغدا لە ئەگەری ڕێککەوتندا شرۆڤە دەکەین:
1. لە ئەگەری ڕێککەوتندا بەغدا چی دەست دەکەوێت؟
ئێراق پێنجەمین وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە بە توانای 4.8 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە کە ئێستا بەپێی پابەندییەکانی بە ڕێککەوتننامەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ئۆپیک پڵەسەوە کە لە ساڵی ڕابردوو کرا، نزیکەی سێ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. کەواتە ئێراق ئێستا بۆ فرۆشتن و بەبازاڕکردن پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان نییە ، چونکە خۆی دەتوانێت نەوتی زیاتر بفرۆشێت. تەنانەت لە بەرنامەیدایە لەدوای ساڵی 2023وە تواناکانی بەرهەمهێنانی بۆ شەش ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرز بکاتەوە.
بۆیە ئەوەی ئێراق لە وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، یان پارەی فرۆشتنی نەوتی کوردستان لەبەرانبەر ڕادەستکردنی بەشە بودجەی هاتوو لە یاسای بودجەدا دەستی دەکەوێت، بریتییە لە دەستکەوتی سیاسی نەوەک دارایی، بە جۆرێک لایەنە ئێراقییەکان لە ڕێگەی کوتلە پەڕڵەمانییەکانیانەوە دەتوانن بە خەڵکی خۆیان بڵێن کە ئەوان هەرێمی کوردستانیان ناچار کردووە بە ڕادەستکردنی نیوەی نەوتەکەی و بەشداری لە داهاتی فیدراڵیدا، چونکە لە هاوکێشەی سوودی داراییدا پێویستە بەغدا لە ساڵی 2021دا لەبەرانبەر نزیکەی چوار ملیار دۆلاردا نزیکەی 12 ملیار دۆلار ڕادەستی هەرێمی کوردستان بکات کە بە هاوکێشەی قازانج و زیاندا دیارە زیانەکەی بۆ بەغدا چەندەیە.
2. هەرێمی کوردستان لە ئەگەری ڕێککەوتندا چی دەست دەکەوێت؟
هەرێمی کوردستان ئەگەر نەوتەکەی یان داهاتی نەوتەکەی ڕادەست نەکات، ئەوە داهاتەکەی بەم جۆرە دەبێت:
بە فرۆشتنی 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەنرخی 35 دۆلار کە ئەگەر تەنیا حەوت دۆلار کەمتر لە سۆمۆ ئەژمار بکەین (لە کاتێکدا زۆر جار جیاوازییەکە زیاتر لە 9 دۆلار بووە) ، ئەوا ساڵانە داهاتی نەوت بریتی دەبێت لە نزیکەی پێنج ملیار دۆلار. ئەگەر تەنیا نیوەی بۆ پابەندییەکانی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و فرۆشتن بێت، ئەوە پوختەی داهاتی نەوت بریتی دەبێت لە 2.5 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2021 کە لە ساڵی 2020دا بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت بۆ نۆ مانگی 2020 لەم بڕەیە زۆر کەمتر بوو.
کەواتە لە کاتی ڕادەستکردنی نەوت یان بەهای نەوتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی ئێراقی (سۆمۆ) بەنرخی فرۆشتنی ڕۆژ، هەرێمی کوردستان نزیکەی نیوەی داهاتی هاتوو لە نەوتی لە کیس دەچێت کە بریتییە لە 3.7 ملیار دۆلار، بەڵام لەبەرانبەردا نزیکەی 12 ملیار دۆلاری دەست دەکەوێت.
واتە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی نزیکەی 8.5 ملیار دۆلاری داهات دەداتە هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەبێتە هۆی جێگیربوونی دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان لە 2021دا، بە تایبەت ئەو دۆخە خراپەی بەهۆی خەرجنەکردنی شایستەی دارایی فەرمانبەران و مووچەخۆرانەوە درووست بووە و کاریگەریشی لەسەر کەرتەکانی تری ئابووری و بازاڕ داناوە.
ئەمە بێجگە لەوەی ڕێککەوتنە لەگەڵ بەغدا دەبێتە هۆی نزیکبوونەوەی زیاتر و نەهێشتنی پاساوی بڕینی بەشە بودجە و باشتر گەیشتنی بەشە بودجەکانی دەرمان و خۆراک و هەر بەشە بودجەیەکی فیدراڵی و، سوودوەرگرتن لەو قەرزانەی حکومەتی ئێراقی دەیکات.
3. ئەگەر هەردوو لا نەگەنە ڕێککەوتن چی ڕوو دەدات؟
بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن لە سەرچاوەکانی داهات، بوونی گەندەڵی و خراپیی گرێبەستەکانی نەوتەوە، لە حاڵی ڕێکنەکەوتن و بەردەوامیی دۆخەکەدا ئەوە هەرێمی کوردستانە ناتوانێت تەنانەت ئەو بودجەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆران بەپێی یاسا پێویستییەتی لە فرۆشتنی نەوت و داهاتە ناوخۆییەکانی بە دەستیان بخات، وەک لە ساڵی ڕابردوودا بینینمان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنانەت نەیتوانی نیوەی پابەندییەکانی بەرانبەر مووچەخۆران جێبەجێ بکات. ئەمە لە کاتێکدا هیچ باسێک لە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان نابێت و ڕۆژبەڕۆژ بێکاری زیاتر دەبێت و دۆخی دارایی و بازاڕ بەرەو پووکانەوەی زیاتر دەچێت.
ئەمە بێجگە لەوەی لە حاڵی ڕێکنەکەوتن هەرێم و بەغدا زیاتر لەیەک دوور دەکەونەوە، ئەمەش دیسان لە قازانجی هەرێمی کوردستان نییە، چونکە هیچ بەدیلێکی بۆ ئەو دوور کەوتنەوەیە نییە، بەغداش لە دۆخێکی لەمجۆرە قازانج دەکات و دوور نییە بۆ پابەندکردنی هەرێم پەنا بەرێتە بەر فشارەکانی تر بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە لە بەردەستیدان بەهۆی بوونی سەروەریی و دەوڵەتبوون و یاسا نێودەوڵەتییەکانەوه، ئەوسا دوور نییە هەرێمی کوردستان بە لاوازتر بچێتەوە بەردەستی بەغدا و بە کەمتر لەوەی ئێستەش ڕازی بێت.
ئەم لێکدانەوەیەی سەرەوە تەنیا بۆ ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بوو. خۆ ئەگەر هەرێمی کوردستان هاوشانی ئەو ڕێککەوتنە، چاکسازیی ڕیشەیی بکات و کۆتایی بە قاچاخچێتیی سنوورەکان بهێنێت و پیاچوونەوە بە گرێبەستەکان و پڕۆسەی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و خزمەتگوزارییەکانی نەوتدا بکات، لەپاڵ ئەمانەشدا باجی پێویست بەپێی یاسا بەسەر هەموو کۆمپانیاکاندا بەبێ جیاوازی بسەپێنێت، ئەوە دەتوانێت دۆخێکی دارایی وا بۆ خۆی درووست بکات کە هەم بودجەی پێویست بۆ بەگەڕخستن بە مووچەشەوە دەست بخات، هەم بودجەی پێویست بۆ وەبەرهێنان کە دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بازاڕ و ڕەخساندنی دەرفەتی کار. لە ئەنجامیشدا بە ئاسانی و بەبێ بوونی هیچ کوورتهێنانێک پڕۆژە یاسای بودجەی خۆی بنێرێتە پەڕڵەمان و لەم تاریکی و فەوزای نەبوونی پلانی داراییە کە حەوت ساڵە پێوەی گیرۆدەیە، دەربچێت.
پاش ئەو شیکردنەوەیەی سەرەوە پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئایا هەرێمی کوردستان ئەم دەرفەتەش لە کیس دەدات و لەگەڵ بەغدا ڕێک ناکەوێت؟ ئەوسا هەموو خەڵکی کوردستان مافی خۆیانە بپرسن: لەدەستدانی ئەم هەموو دەرفەتە لەپێناوی چیدا؟ تاکەی هێزەکانی دەسەڵات سیاسەتی هەڵە لەسەر سیاسەتی هەڵە کەڵەکە دەکەن؟ [1]