$بۆچی سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ بۆ هەرێمی کوردستان باشە؟$
#عومەر نورەدینی#
#18-08-2022#
دەستپێک با لەخۆمان بپرسین: سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ چییە؟ وەک لە ناوەکەی دیارە ئەم سیستمە لە تێکەڵکردنی دوو سیستمی دیکە پێکدێت، سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی و سیستمی زۆرینە، بەم پێیە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ بریتییە لە پەیڕەوکردنی هەڵبژاردنی ئەندامانی پەڕڵەمان لەسەر دوو ئاستی جیاواز: یەکەم؛ ئاستی ناوچەییە، لە ڕێگەی بوونی ژمارەیەک بازنەی هەڵبژاردن بۆ نموونە (هەرێمی کوردستان بکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن) ڕێژەیەک لە کورسییەکانی پەڕڵەمان بۆ نموونە 50%یان لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بەسەر ئەوبازنانەدا دابەشدەکرێن، تێیدا دەنگدەرانی هەر بازنەیەک دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆی لەو بازنەیە دەدات، کام لە بەربژێرەکان زۆرترین دەنگیان هێنا و بەدوای یەکدا ئەوا دەبنە ئەندامی پەڕڵەمان لەم ئاستەدا سیستمی زۆرینە پەیڕەو دەکرێت.
ئاستی دووەم ئاستی نیشتمانییە کە تیایدا سەرانسەری وڵات (بۆ نموونە هەرێمی کوردستان) یەک بازنەی هەڵبژاردن دەبێت، ڕێژەیەک لە کورسییەکان بە نموونە 50% بۆ ئەم بازنەیە دادەنرێت، تیایدا حیزب و لایەنە سیاسییەکان هەریەکێک دەتوانێت لیستێک لە بەربژێرانی خۆی هەبێت و پێشبڕکێ لەگەڵ یەکدی بکەن لەسەر ئەو 50 کورسییە، دەنگدەر لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەتوانێت دەنگ بە لیستەکە بدات، واتا لیستەکە داخراو دەبێت، لەکۆتایدا کۆی ئەو دەنگانەی هەر لیستێک لە لیستەکان بەسەدەستیان هێناوە هەژمار دەکرێت و دابەشی نرخی ژمارەیی هەر کورسییەک دەکرێ و ئەنجامەکەی دەردەکەوێ لەوەی ئایا کورسی بەدەستهێناوە یان نا؟ ئەگەر بەدەستی هێناوە ژمارەیان چەندە، لەم ئاستەدا سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی کاری پێدەکرێت.
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە لە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵدا هەم لیستی داخراو و هەم لستی کراوە، بوونیان دەبێت، دەنگدان بە خودی بەربژێرەکان و دەنگدان بە لیستی داخراوی حیزب و لایەنەکان دەدرێت، لە یەککاتدا هەم فرەبازنەیی و هەم یەک بازنەیی پەیڕەو دەکرێت، دەنگدەر هەم دەنگ بە بەربژێری دڵخوازی خۆی دەدات، هەم بە لیستی حیزبەکەی دەدات. شایەنی باسە ئێستا نزیکەی 20 دەوڵەت کار بەم جۆرە سیستمە دەکەن.
دوای ئەم ناساندنە، هەوڵدەدەین بە کوورتی و پوختی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە: بۆچی سیستمی تێکەڵ بۆ هەرێمی کوردستان باشە؟
یەکەم: لە هەڵبژاردنی خولی یەکەم تاوەکوو سێیەمی پەڕڵەمانی کوردستان پەیڕەوی سیستمی هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ڕێژەیی کرا، بەشێوەی لیستی داخراو، لە خولی چوارەم و پێنجەم بە هەمان سیستم، بەڵام بەشێوەی لیستی کراوە، لە هەموو ئەو خولانەدا هەرێمی کوردستان یەک بازنەی هەڵبژاردن بوو، ئێستا بەشێک لە حیزب و لایەنەکان داوای سیستمی زۆرینە و فرەبازنەیی دەکەن، ئەگەر بەراوردی خولی یەکەم و دووەم و سێیەمی پەڕڵەمانی کوردستان کە بە لیستی داخراو بوو، لەگەڵ خولی چوارەم و پێنجەم کە لیستی کراوە بوو بکەین بۆمان دەردەکەوێت لە ڕووی سەقامگیری کاری پەڕڵەمانی و پڕۆسەی یاساکاری و بوونی کەسانی پسپۆڕ و شارەزاو خاوەن ئەزموون لەناو پەڕڵەمان ئەو خولانەی بە لیستی داخراو هاتوون تاڕادەیەک باشتربوون لەو خولانەی بەلیستی کراوە هاتوون، واتا بۆ هەرێمی کوردستان زەرورە ئەگەر بەتەواوەتیش پشت لە لیستی کراوە نەکات، لانی کەم بۆ هەڵبژاردنی نیوەی ئەندامانی پەڕڵەمان لیستی داخراو بگەڕێتەوە و کاری پێ بکرێت، ئەمەش لە ڕێگەی سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵەوە فەراهەم دەبێت.
دووەم: یەکێک لە ڕووە گەشەکانی سیستمی سیاسیی دیموکراسی فرەحیزبی سیاسییە، فرەحیزبی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە چەندین لاوە جێگەی سەرنج و تێڕامان و شەن و کەوکردنە، بەڵام لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئەم فرەحیزبییەوە فرەفراکسیۆنی لەسەر بنەمای فکری و سیاسی لەناو پەڕڵەمانی کوردستان بوونی هەبووە، ئەم فرەدەنگی و ڕەنگییە لەناو دەسەڵاتی یاسادانان مانادار و هێمابەخشە بەوەی کە هیچ کام لە توێژ و پێکهاتە و چینە کۆمەڵایەتی و نەژادی و نەتەوەیی و ئایینی مەزهەبیەکان و ڕەوتە سیاسی و فکریەکان بێ نوێنەرنەبوون و هەستیان بەبوونی خۆیان کردووە، بۆیە دەستگرتن بە سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی بۆ هەرێمی کوردستان پێویستە، ئەگەر تەنیا پەیڕەوی لە سیستمی زۆرینە لە ڕێگەی فرەبازنەیی بکرێ وەک ئێستا داوادەکرێت ئەوا حیزبە بچووکەکان بەهۆی دابەشبوون و کۆنەکردنەوەی دەنگەکانیان ناتوانن کورسی پەڕڵەمانی بەدەستبهێنن، بە پێچەوانەوە حیزبە گەورەکان زۆربەی زۆری کورسی بازنەکان بۆ خۆیان بەرن، واتا پەیڕەویکردن لە سیستمی زۆرینەو فرەبازنەیی بە تەنیا، لە بەرژەوەندیی حیزبە بچووکەکان نییە و دیاردەی فرەحیزبی لاواز دەکات، ئەمەش دەبێتە خەوشێک بەڕووی دیموکراسیەتی سیاسیی هەرێمی کوردستان کە هەر لە بنەڕەتدا بەدەست چەندین کێشەوگرفتەوە دەناڵێنێت.
سێیەم: سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ لە ڕێگەی دانانی ڕێژەیەک لە کورسییەکان بۆ ناوچە جوگرافی و یەکە ئیدارییەکان و پەیڕەوکردنی فرەبازنەیی، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ پیادەکردنی دەنگدان بە شێوەی فەردی و ڕاستەوخۆ بە خودی بەربژێرەکان، بەمەش لەلایەک کارلێکی پۆزەتیڤانەی نێوان دەنگدەر و ئەندامی پەڕڵەمان کاراتر دەبێت، لەلایەکی دیکەوە نوێنەرایەتی لە پەڕڵەمان بە شێوەیەکی هاوسەنگی ئەوتۆ دەبێت کە هیچ ناوچەیەکی جوگرافی و یەکەیەکی کارگێڕی بێ نوێنەر نەبێ و هەست بە بێ نوێنەری و ستەمی پەڕڵەمانی نەکات، ئەوەی پێی دەگوترێت نوێنەری چاودێری خزمەتگوزار بۆ ناوچەکان دەستبەر دەبێت.
چوارەم: بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە پەیڕەوی لە سیستمێکی هەڵبژاردن بکات کە نەبێتە هۆی قوڵکردنەوەی زیاتری ئەو دابەشبوونە جوگرافی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کولتوورییەی هەیە، هەڵبژاردنی ڕێژەیەک لە کورسییەکانی پەڕڵەمان بەشێوەی لیستی داخرا و بوونی یەک بازنەی نیشتمانی کە لە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵاودا بوونیان دەبێت، خزمەتی کۆی گشتیی سیاسی و حوکمڕانی و ئیداری و کۆمەڵایەتی و کولتووری هەرێمی کوردستان دەکات.
بەم شێوەیە سیستمی هەڵبژاردنی تێکەڵ لایەنە باشەکانی هەردوو سیستمی نوێنەرایەتی ڕێژەیی و زۆرینە بە یەکەوە کۆدەکاتەوە و لەگەڵ واقعی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەگونجێت. [1]