$ژانی 2020 و ژوانی 2021$
#عیماد ئەحمەد#
#27-12-2020#
ساڵی 2020 بۆ ئەوانەی تەمەنێکیان هەیە و ڕاست و چەپی خۆیان جیادەکەنەوە، یەکێکە لە ساڵە شووم و نەگریسەکان، دنیای پێشکەوتوو و دواکەوتووی خستە بەردەم یەک چارەنووسی نادیار، هەموو مرۆڤایەتی خستەوەژوورەوە، ئەمە وای کرد مرۆڤ تۆزێک وردتر بەدیار خۆیەوە دابنیشێت و بە ڕابردوو و یادەوەری خۆیدا بچێتەوە، منیش بەهۆی دانیشتن و خۆ کەرەنتینەکردن لەماڵەوە، ناچار کەوتمە کۆکردنەوەی دڵۆپ دڵۆپی شەونمی مێشکم، پێش ئەوەی ببن بە هەڵم یان شۆڕببنەوە بۆ ژێر بنجە گیاکانی زەمەن و ڕەنج بەخەسار بم لەو دڵۆپە شەونمانە مەرەکەبی ڕەش و شین و جاروباریش سوور پەیدابوو و چەند لاپەڕەیەکم ڕەنگا و ڕەنگ کرد، وەکوو سەرەقەڵەمێک بۆ نووسینی یادەوەرییەکانم پێش ئەوەی مێشکم لە کار بکەوێ و تاقەتی بیرکردنەوەی نەمێنێ!
بۆیە وتم ڕەوای حەق نییە سی بۆ چل ساڵ لەمەوبەر باس بکەم و باسی ساڵی 2020 نەکەم کە ئێستا لە ناویدا سەر گەردان و وێڵین. ئەم ساڵە کاریگەریی زۆری بەسەر هەموو جیهان بەگشتی و بەسەر کوردستان بەتایبەتی هەیە، ساڵەکە هەر وەکوو ساڵەکانی دیکەیە لە ڕووی پێوانە و پەیوەندی بە خشتەی ساڵنامەکان و (زەمان و مەکان) ەوە، بەڵام ڕووداوەکانی جیاوازن جیاوازییەکانیش بەندە بە ژیانەوە.
گەورەترین و کاریگەرترین ڕووداوی ساڵی 2020 بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید 19 بوو لە جیهاندا کە ژیانی کۆمەڵانی خەڵکی تێک و پێک داوە لە ڕووی تەندرووستی و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە شیرازەی زۆر شتی پچڕاندووە و هەموو دنیای تووشی شۆک کردووە. بۆ ماوەیەکی زۆریش کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو کارەساتە دەمێننەوە. ئەم بەڵایە جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند لەنێوان باڵەخانەکانی کەشکەڵانی فەلەک و خانووە قوڕ و تەنەکەکانی لێواری شارەکان ناکات، وەک دەڵێن، کەمێک دەس لە منداڵ و ژنان دەپارێزێت.
هەر یەکەو لێکدانەوەی تایبەتی خۆی بۆ ئەم ڤایرۆسە هەیە، ئەم دەڵێت: ئەمە کاری چینە و بۆ دژایەتی ئەمریکایە و ئەو دەڵێت: ئەمریکا و ئەوروپایە بۆ لەناوبردنی پیر و پەککەوتەکانی وڵاتەکانیانە، ئەمەی دیکە دەڵێت: غەزەبی خوایە بەسەر فسق و فەسادی سەر زەمین، ئەوەی تریش دەڵێت: ئەمە تۆڵەی سرووشتە دژ بە دڕەندەیی مرۆڤ.
سەرەڕای کۆرۆنا لافاو و گەردەلوول و بوومەلەرزە و سووتانی جەنگڵستانەکان و جەنگی ناڕەوا و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە و خنکانی خەڵک لە دەریای ئیجە و سووتاندنی بارەگای حیزبی و بنکەی حکومی و کوشتنی خۆپێشاندەران و هەڵبژادنی سەیر وسەمەرە...هتد
لە کوردستانی غەدرلێکراو و دابەشکراودا ساڵی 2020 سەرباری پەتای کۆرۆنا، ساڵێکی پڕ نەهامەتی و دەردەسەری زیاتر بوو. لە لایەک بێ مووچەیی، بێکاری و بڵاوبوونەوەی هەندێ دیاردەی نامۆ و ترسناک و لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەزیزان و بێ متمانەیی خەڵک بە دەسەڵات، لە لایەکی دیکەوە درووستبوونی کێشە و گیروگرفت لەنێوان لایەنە سەرەکییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و بە لاکەوتنی تەرازووی هێز بە قازانجی نەیارەکان، بێجگە لە دەستتێوەردانی دەوروبەر بە شێوەی جیاجیا و فراوان لە کاروباری ناوخۆی کوردستاندا.
بەهۆی هەموو ئەمانەوە باری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتەکەمان خەریکە لە گرێژەنە دەردەچێت و مەترسی گەورەش لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و فدراڵییەتەکەمان درووست بووە، دۆستمان کەم و دوژمنمان زۆر بووە، بەشێکی بەهۆی سیاسەتی ناڕاست و درووستی سەرکردایەتیی سیاسیی خۆمانە، لە جیاتی دەسەڵاتی دەوڵەتداری، دەسەڵاتی حیزبی زاڵکرا، لە جیاتی کوردستانی سەرتاسەری ناوچەگەری و عەشیرەتگەری، لە جیاتی یەکتر قبووڵکردن سەنگەر لە یەکگرتن زاڵکراوە.
وا ساڵی 2020 سەری خۆی هەڵدەگرێت و جارێکیتر نایبینینەوە، بەڵام مەخابن کاریگەریی و دەرئەنجامی ڕووداوەکانی بە شێوەیەک لە شێوەکان بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە. ساڵی 2021ش لەبەردەرگایە و بە بێ ئیزن و ئیرادەی ئێمە ساڵێکی دیکەی تەمەنمان دەخوات.
گرنگە دوای نەهامەتییەکانی ساڵی 2020 ئەزموون وەربگرین و ناخ و بیرکردنەوەمان بگۆڕین، ڕەفتار و گوفتارمان گوزارشت بن لە نوێبوونەوەیەکی ڕاستەقینە، چەند پێویستە لە ساڵی تازەدا واز لە جوانکاری و ڕتووشی عەیبەکانمان بێنین و دەست بخەینە سەر برینەکانمان و هەوڵی جیددی بدەین بۆ ئاشتبوونەوەی کۆمەڵایەتی و درووستکردنەوەی متمانە و سەقامگیرکردنی یەکسانی، سەروەریی یاسا و مسۆگەرکردنی ئازادی سیاسی و مەدەنی و کارکردن وەکوو عیبادەت و فەلسەفەی ژیان بێت.
ئای چەند جوان و پیرۆزە ئەگەر لە ساڵی تازەدا ببینین ڕاوکەر کرێکار بێت، خۆشبەخت جووتیار، پاڵەوان پێشمەرگە، مەلا فاروق بە سەوڵەجانەکەیەوە مامۆستا، ئەیوب مجێوری مزگەوت، مەلاحەیدەر جامباز، بەندەش کارگوزاری قوتابخانەیەکی سەرەتایی بێت، وا بکەین خەڵکی شیاو بۆ شوێنی شیاو بێت، پۆست ئەرک بێت نەک پاداشت، ئاساییشی گشتی قایم بکرێت و ئاساییشی شەخسی و تایبەتی کەم بێتەوە.
چەند خۆشە لەپاڵ ڤاکسینی کۆرۆنا، ئێمەش ڤاکسینی عەدالەت و خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەری کێشە و کەموکوورتییەکان بەرهەمبێنین و دەسەڵاتی هەرێم پێبکوتین، وابکەین بە کردەوە ساڵی تازە ساڵێکی خاڵی بێت لە ناخۆشی و نەهامەتی بۆ هەموو خەڵکی کوردستان.
[1]