کۆمیتەی داکۆکیکردن لە ڕۆژنامەنووسان (CPJ) ، کە بنکەکەی لە شاری نیویۆرکە، ڕۆژنامەنووسی کورد #نیاز عەبدوڵڵا#ی وەکوو یەکێک لە براوەکانی ناودارترین خەڵاتی ڕێکخراوەکەی بۆ ساڵی 2022 ڕاگەیاند.
لە بەیاننامەیەکدا ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکخراوەکە ڕایگەیاند خەڵاتەکەی، کە ناوی (خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەگەری نێودەوڵەتی) (IPFA) یە لە ئاهەنگێکدا 17 ی مانگی یانزە پێشکەش بە ڕۆژنامەنووسەکان دەکرێت.
CPJ نیاز عەبدوڵڵا وەکوو ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کورد لە ئێراق وەسف دەکات کە بە شێوەیەکی فریلانس کاردەکات و لە ڕادیۆی نەوا کار دەکات.
ڕێکخراوەکە هەروەها دەڵێت نیاز (ڕووماڵی سیاسەت و نائارامی مەدەنی، گەندەڵی حکومی و مافەکانی مرۆڤ و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستانی ئێراقی کردووە. لە ساڵی 2021دا بە بەڵگەی زەق دۆسییەکانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی ئێراقی کە بە تۆمەتی ئاساییشی نەتەوەیی سزا دراون، ڕووماڵ کردووە.)
ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوەدەکات نیاز عەبدوڵڵا بەهۆی ڕەخنەگرتن لە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کورستان، لەلایەن هێزەکانی ئاساییشەوە هەڕەشەی هەراسانکردنی یاسایی لێکراوە. ڕێکخراوەکە هەروەها دەڵێت لەسەر کارەکەی، نیاز عەبدوڵڵا دەستبەسەر و هەڕەشەی توندوتیژی لێکراوە. لە ساڵی 2021 ەوە بۆ پاراستنی ژیانی خۆی بۆ فەرەنسا هەڵهاتووە.
CPJ دەڵێت: ڕێزگرتن لە نیاز عەبدوڵڵا بە خەڵاتی IPFAی ئەمساڵ، دانپێدانانێکی بەهێزە بە بەشدارییە جەوهەرییەکانی ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی کوردستانی ئێراق و پابەندبوونی بێ شکستی بە ئایدیاڵەکانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دیموکراسی لەبەرانبەر مەترسییەکی گەورەی کەسیدا.
بە نیازەوە، CPJ خەڵاتەکەی ئەمساڵی بە پێنج ڕۆژنامەنووسی جیهان دەدات کە ئەمانەن: ئەبراهام خیمینێز ئینۆا لە کوبا، سێڤگیل موسایێڤا لە ئۆکرانیا، فام دۆان ترانگ لە ڤێتنام. هەروەها، گالینا تیمچێنکۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵی سەربەخۆی ڕووسی مێدوزا، خەڵاتی ئازادی ڕۆژنامەوانی گوێن ئیفیڵی ڕێکخراوەکە بۆ ساڵی 2022 وەردەگرێت.
جۆدی گینسبێرگ، سەرۆکی CPJ دەڵێت. (براوەکانی خەڵاتەکانمان نموونەی باشترینەکانی ڕۆژنامەگەرین: کارەکانیان تیشک دەخاتە لەسەر کاریگەرییەکانی جەنگ، گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەسەر ژیانی ڕۆژانە. ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ڕێزگرتن لەم ڕۆژنامەنووسە ئیلهامبەخشانە دەکەین، کە ئەو ڕۆڵە سەرەکییە نیشان دەدەن کە ڕۆژنامەگەری دەتوانێت بۆ خزمەتکردنی چاکەی گشتی بیگێڕێت.) [1]