زمان و ڕێنووسی میدی یان فارسی.
#ماکۆ ساوین#
لە پەرتووکی #ڕامان لە مێژووی کورد#، زۆر بە ڕوونی بەڵگەکانم دەرخستووە چۆن فارسەکان زمانی خۆیان لەسەر زمانی میدیەکان بەرفروان کرد. ئەوەشم دەرخستووە زمانی میدیەکان هەتا ئیمرۆ بە زیندووی ماوەتەوە و زۆر بەرفروانترە لە زمانی فارسی ئەگەر هەموو زاراوەکان کۆبکەینەوە.
ئیمرۆ بەڵگەیەکی تر بڵاودەکەمەوە کە زمانی میدی زمانێکی بەرفروان تر بووە لە زمانی فارسی و عەرەبی. زۆرێک لە نووسەران و تەنانەت هەندێک لە مێژوونووسان وا دەریدەخەن میدیەکان لە پاش هاتنی دەسەڵاتی فارسەکان لە ڕووی زمان و فەرهەنگەوە لاوازبوون و کەوتنە ژێر کاریگەریی فارسەکان، یاخود زمانی کوردی دەخەنە ژێر لقێکی فارسی. بەڵام لێرەدا باسی یەکێک لە گرینگترین سەرچاوەی جووەکان دەکەم ئەویش تەلمودە. لە 'تەلمود'دا زۆر بابەتی گرینگ لەسەر میدیەکان نووسراوە، تەنانەت ئاماژە بە پێغەمبەرێک بەناوی ناهوم دەکرێت و ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە لەناو جووەکان، هەر سەرچاوەکانی ئایینی جوودایزم دەڵێن ناهوم میدی بووە. بە گشتی دوو تەلمود باس دەکرێت و لە دوو قۆناغی جیاوازدا نووسراوەتەوە:
یەکەم: تەلمودی 'جێرێسەلیم، یان جۆرسەلیم، یەروشەلمی'، لە سەدی دووەمی زاینی نووسراوەتەوە و لە ساڵی 350 ز تەواوبووە. بابەتێکی گرینگی تێدایە لەسەر میدیەکان ئەویش نەورۆز جەژنی میدیەکانە وەک لە بەشی نەورۆز بڵاوم کردەوە.
دووەم: تەلمودی بابل لە قۆناغێکی درەنگتر دەست بە نووسینی کراوە، وامەزەندە دەکرێت لە سەدەی سێیەمی زاینی دەست پێکراوە و ساڵانی 500ز تەواوبووبێت. لە بەشی شانزدەهەمدا سەبارەت بە نووسینە پیرۆزیەکانی ئایینی جوو، ئاماژە بەوە دەکرێت ئەگەر دەقەکان بە زمانی میدی، قیبتی، ئارامی، عیبری، ئیلامی یان یۆنانی بنووسرێت ئاساییە.
لێرەدا سەرنجمان بۆ ئەو بابەتە گرینگە ڕائەکێشرێت ئەویش ڕووخاندنی شانشینی میدیا لە ساڵی 559 پ.ز بووە، ئەو دەقە مێژووییە ئەوە دەسەلمێنێت نزیکەی هەزار ساڵێک لە ڕووخاندنی میدیای مەزن هێشتا ئەو زمانە بە زیندووی ماوەتەوە و نەتەوەکان دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ نووسینەکانی خۆیان. ئەگەر زمانی فارسی زمانێکی بەرفروان و پڕ فەرهەنگی ئایینی بەهێز بووایە ئەوا ناوی زمانی فارسیش لەو دەقە دەهات. هەروەها لە زۆر شوێن ئاماژە بە نەتەوەی عەرەب دەکرێت لە سەرچاوەکانی جوو پێش هاتنی ئیسلام بەڵام بۆ نووسینەوەی دەقەکانی خۆیان ناوی زمانی عەرەبیش ناهێنن. کەواتە جووەکان بە ڕوونی ئەوەیان دەرخستووە زمانی میدی زمانێکی بەهێز و پر بەها بووە، بۆیە لە زمانە هەڵبژێردراوەکان بووە بۆ نووسینەوەی دەقە ئایینییەکان.
هەر سەبارەت بە نووسینەوەی دەقەکانی ئایینی جوو بە تایبەتی تەلمود دوو ڕای جیاوازی هاخامەکان دەردەکەوێت. بە دەربڕینێکی تر دوو قوتابخانەی جیاواز بە دەردەکەویت: 'هونا' لەگەڵ 'تاننا'. هونا ئەو هاخام و مامۆستایانە دەگرێتەوە کە لە بابل ژیاون. قوتابخانەی دووەم بەناوی 'تاننا' بۆ تاک ' تاننایم' بۆ کۆمەڵ، ئەو دەستە هاخام و مامۆستا ئایینیانە بوون کە لە فەلەستین ژیاوان.
قوتابخانەی هونا دەڵێ نابێ تەلمود و دەقەکانی تر بە هیچ زمانێک بنووسرێتەوە جگە لە زمانی عیبری. دەستەی 'تاننا' دەڵێن پیرۆزیەکان دەتوانین بە زمانی عیبری، ئیلام، میدی، قیبتی و یۆنانی بنووسینینەوە.
لە ڕاستیدا لە پاش دەرخستنی ئەو بەڵگەیە لام سەیرە ئەگەر کەسانێک بێن و بڵێن زمانی کوردی زمانێکی لاوازە و ناکرێ لە بواری ئایینی و فەلسەفی پشتی پێ ببەسترێت و دەبێ دەست بۆ نووسینەکانی فارسی و عەرەبی و تورکی بەرین.
(1) The Babylonian Talmud، tr.Michael L. Rodkinson، Vol. II (New York City: Boston New Talmud Publishing Company، 1903) ، 43-4. Chapter XVI.
(2) Babylonian Talmud: Tractate Shabbath، tr. Rabbi Dr. I. Epstei، Folio115a، Chapter XVI.
[1]