$کۆنگرەی چوارەمی (ی.ن.ک) و ئەفسانەی هەڵسانەوە$
#مامۆستا جەعفەر#
#25-01-2019#
پێشەکی من بۆ خۆم بڕوام بەوە نییە، له هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی ئێستای یەکێتیدا، دەروویەک بۆ بەستنی چوارەمین کۆنگرە هەبێت! هەگبەی بەتاڵی باڵ و دەسته و تەکەتولات، سڵقی سەوزیشی بۆ کۆنگرە تێدا نییە. لە وڵاتانی ڕۆژاوادا کۆنگرەبەستن، پاژێکە لە کولتووری سیاسی و هێزێکی سیاسی ساڵی جارێک کۆنگرەی ساڵانەی خۆی نەبەست، ئیدی خەڵک فاتیحا لەسەر مەزارگەی دەخوێنن. پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکان و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بازنە و ڕێکخراوەکانی خوارەوەش، ڕێگە به دەستەی باڵای سەرکردایەتی نادەن، لاڕێ بگرێتەبەر.
له رۆژهەڵاتدا سەرکردە بڕیار دەدات کەی و لە کوێ و چۆن کۆنگرە ببەسترێ؟ ئەگەر حزبێکیش سەرکردەی نەبوو، یان سەرکردایەتییەکەی لاواز بوو، ئەوە دەرگای دەستەگەری و فراکسیۆنسازی دەکەوێتە سەر پشت! بەهێزترین تەکەتول بۆ ئەوەی بە تەواوی دەست بەسەر جومگەکانی حزبەکەدا بگرێت و باڵ و نیمچە باڵەکان هەڵوەرێنێ و ئیفلیجیان بکات، کۆنگرە دەبەستێ بۆ ئەوەی شەرعیەت بەخۆی بدات و مەڵۆی ڕکابەرەکان بە خۆڵەمێش بکات.
بوونی ویستێکی بەهێز و ئیرادەی کۆنگرەبەستن، سەروخواری حزب بۆ هۆڵی کۆنگرە ڕاپێچ دەکات. بە بڕیاری کۆنگرەی پێشوو، بڕگەیەکی (پەیڕەوی ناوخۆ) یان بانگەواز و داواکاریی ژمارەیەک کادر و ڕۆژنامەنووس و خەمخۆر، کۆنگرە نابەسترێ. دەبێت باڵێک یان دوو باڵی دەستڕۆیشتوو، دڵنیابن لەوەی بەستنی کۆنگرە بە قازانجی ئەوانە و کەس ناتوانێت ببێتە کۆسپ لە بەردەمیان، ئینجا گڵۆپی سەوزی کۆنگرە هەڵدەکرێت. ئەمڕۆ باڵێک لەباڵەکان لە سەرکەوتنی خۆی دڵنیا بێت و بزانێت هەڵاوبگر و لەتبوون و لێکترازان ڕوونادات، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا کۆنگرە دەبەسترێ و ئاهەنگی شادی و خۆشی دەگێڕدرێت!
کۆبوونەوەی (م.س) ی ڕۆژی #27-11-2018# تۆپەڵێک قوڕی بەدەمی سەرجەم چاودێر و لێکۆڵەر و ڕۆژنامەوان و سیاسییەکاندا دا کە ماوەی پێنج ساڵە هەروەکوو شانۆگەری (لەچاوەڕوانیی گۆدۆدا) پێشبینی چوارەمین کۆنگرە دەکەن و سیناریۆی سیحراوی بۆ دوا ڕۆژەکانی کۆنگرە دەنووسن!
من چیرۆکی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ڕۆژی (#27-11-2018#) م بەم شێوەیەی خوارەوە بیستووە:
(ئەندامێک فەرموویەتی: دەنگوباسی کۆنگرە چی لێ بەسەرهات؟
ئەندامێکی تر فەرموویەتی: بۆ کۆنگرە ببەستین؟ هیچ عەیبێکمان نییە و کاروبارەکانی خۆمان زۆر بەجوانی دەکەین و کەسیش ورتەی لێوە نایەت، ئێوە بۆ دەتانەوێت بارودۆخەکە بورووژێنن و کاروبارەکانمان لێ ئاڵۆز بکەن؟)
کرۆکی نووسینەکەی من ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کۆنگرەوە نییە، هەرچەند هەمووان ئەو ڕاستییە دەزانن: لە سێیەمین کۆنگرەدا قوڕێکی خەست و خۆڵ گیرایەوە و بەسەر سەری داهاتووی یەکێتیدا کرا! من سەرجەم قسەکانی ڕەوانشاد عادل مورادم لەبیرە: چۆن کۆنگرە بەڕێوەچوو؟ کێ لەداخی کێ دەرگای هەڵکردنی زریان و باوبۆرانی خستە سەرپشت؟ بەندە و سەدان سەرکرده و کادر و ئەندام لەناو هۆڵەکەدا بووین و زۆربەیان کەسانی بە ویژدانن و پاش دەرکەوتنی ئەنجامەکان، بەشێکیان لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان زووخاوی دڵی خۆیان هەڵڕشت و پێشبینی ئەوەشیان کرد کە لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان، کێشەی گەورەتر درووست بن و هەمووی بە زیانی گەلی کوردستان تەواو بێت.
لەسەر هەڵوێستی مام جەلال، لەناو کۆنگره و لە پشت دیوارەکانی کۆنگرەدا، سەبارەت بە دوا ئەنجامەکانی کۆنگرە، من نامەوێت بۆچوونی خۆم بنووسم، کە دەڵێم: من نامەوێ بنووسم: دەزانم هەویرەکە ئاو زۆر دەکێشێت. ئەو ڕاستییەش باش دەزانم: ئەو بەهۆی باری تەندرووستییەوە، نەیدەتوانی وەکوو جاران، چاودێریی جوڵە و ئاڕاستە و قسەوباسی ناو هۆڵی کۆنگرەکە بکات. ئەرکی سەرەکی ئەو بریتی بوو، لە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی سیاسی، مەراسیم و ئەتەکێتی ڕێزلێنان و دەرکەوتن لەگەڵ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری ی.ن.ک و ....تاد.
دەرنەکەوتن و ئامادەنەبوون له زۆربەی دانیشتنەکاندا، نابێ ئەوە بگەیەنێت کە ڕادەی کاریگەریی ئەو لەسەر سەرجەم گفتوگۆ و پێشنیاز و لێژنە درووستکردن و سڕکردن و کزکردنی دیاردەی دەستەگەری و تەکەتوڵات کەم بووە. ئەو هیچی ڕانەگەیاند و دژی کەس قسەی نەکرد. دیاربوو، بیروهۆشی تەنیا لەسەر یەک خاڵ بوو: هەڕەشە و مەترسی سەرهەڵدان و ڕسکانی گرووپ و باڵباڵێن.
سەرەداوەکانی تری ڕادەستی چارەنووسێکی نادیار کرد. ئەو چرکەیە، تەنیا چاوی لەسەر پەرەسەندنی فراکسیۆن و ململانێی باڵەکان بوو کە ئەو پێیوابوو: سەرچاوەی مەترسی و تەقینەوەی کێشەیە. باڵ و ماڵەکانی تری بە چۆلەکەی پەڕوباڵکراو و زەڕنەقووتە دەزانی.
مام جەلال بۆ ناوەوه و دەرەوەی یەکێتی، هەوڵی دەدا وێنایەکی گەش و درەوشاوە نیشان بدات: ئەو بڕوایەکی نەگۆڕی بە هێز و توانای خۆی هەبوو. سەرکردەیەک کە دوابڕیاری چارەنووسسازی بەدەستەوە دەبێت و قسەکانی (هێڵی سوور) و (هێڵی سەوز) دیاری دەکەن. ڕاستە ئەو هەر لەیەکەم ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتییەوە، بایەخی بە پەیکەری ڕێکخستن داوە: له شام هەنگاوی یەکەم: دەستەی دامەزرێنەر درووستکرا. پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان: هەنگاوی یەکەم: (م.س) و (سەرکردایەتی) و یەک لەدوای یەک: مەکتەبی عەسکەری، مەکتەبی ڕێکخستن، مەکتەبی ڕاگەیاندن و... تاد، درووستکران. ئەو کەسایەتییەکی نەبوو لەپەراوێزی ڕووداوەکاندا چاودێر بێت و بە سێبەر قایل بێت و دەستەی سەرکردایەتی لەبن ڕووناکی میدیادا پەڕی زەردو سوور لەبەرۆکیان بدەن.
ئەو هەر زۆر کەم دەنووست، هەمیشە لە جموجۆڵ و کەفوکوڵدا بوو: ڕۆژانە بیست سی نامەی دەنووسی، دەیان کەسی بە تاک و کۆ دەبینی، سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی دەکرد، میوانی بەڕێ دەکرد، سەرپەرشتی شەڕ و چالاکیی سەربازی دەکرد، پەیداکردنی چەک و تەقەمەنی لەئەستۆ دەگرت، پوول و پارەی پەیدا دەکرد، سەردانی خەڵکی دەکرد و سەرجەم کارەکانی تریشی ڕادەپەڕاند.
ئەو سەرکردانەی کاریزمایان هەیە، سەرناس و لێزانن، لە گەمە سیاسیە کۆن و نوێکاندا شارەزان. ئەوانە بایەخ بەوە نادەن لەپەیڕه و و پرۆگرامدا چی نووسراوە و چی نەنووسراوە؟ لە کۆنفرانس و کۆنگرەدا کێ دەردەچێت و کێ دەرناچێت؟ بە پەیژەکانی ڕێکخستندا کێ سەردەکەوێت و کێ لە کەلی شەیتانی تەکەتوڵات بەردەبێتەوە و گەردنی وردوخاش دەبێت؟
سەرکردەی کاریزما، بە چەک و پارە و دەسەڵات درووست نابێت. حزب و ڕێکخراو ناتوانن کاریزما بەرهەمبهێنن! کاریزما لە زاماڵی تەنگژەدا لەدایک دەبێت: لە کەشی تایبەت و هەلومەرجی پڕ چاوەڕوانیدا، کاریزما وەکوو (فریادڕەس) دەردەکەوێت، یان بە گوێرەی داڕشتنی ماکس ڤێبەر: (بەرز دەبێتەوە) ، هەرچی لەسەر زاری بێتە دەرەوە وەکوو (پەیامی ئاسمانی) و (سیحر) کاریگەریی دەبێت.
لەسێبەری کاریزمادا، هەڵبژاردن و دانانی (سەرکردایەتی) بەهەند وەرناگیرێت. پێوەری کارامەیی و لێوەشایی و توانای بەڕێوەبردن و داهێنان و ڕابردووی پاک و ژمارەی شەهید و قوربانی، لەبەرچاو ناگیرێت. دووری نزیک، نزیکی دوور دەبێتە پێوەر.
ئەوانەی ئەزموونی کاری حزبییان هەیە و لە کۆنگرەیەکی وەکوو سێیەمین کۆنگرەدا بەشدارییان کردووە، ئەو ڕاستییە دەزانن: پاژێک لەوانەی بۆ سەرکردایەتی دەرچوون، لەخەونیشدا چاوەڕوانی دەرچوون نەبوون. هەر بۆ خۆشی و نەوچاوان تاقیکردنەوە، ناوی خۆیان کاندید کرد (گرتی حەج و نەیگرت یاری) ، ئیدی هەریەکە (زار) ێکی هەڵدا، لەناو هەزار سەردا (باز) ی گێلی ڕێکەوت بەسەر سەری ئەوانەوە نیشتەوە. ئەمە پەیوەندی بە خەبات و قوربانی و ئاستی هۆشیارییەوە نەبوو! هەروەکوو پیرێژنە ڕەوەندەکە دەربارەی منداڵبوونی کچەکەی و سەرسوڕمانی خەڵک بە بیستنی چیرۆکی منداڵبوونی کچێکی بێ مێرد، وتی: (بە مێردی نییە! بە خوڵڵایە!)
لەناو کۆچەر و ڕەوەند و کولتووری هۆز و عەشیرەتگەریدا، بیرمەندو تیۆریسێن و فەیلەسوف جێگەیان نابێتەوە. سەیر ئەوەیە هێزێکی سیاسی خۆ بە مۆدێرن و سۆسیال دیموکراتزان، زەمینەی بۆ دامەزراوەی ڕووناکبیری سازنەکردووە. یەکێتی وەکوو هێزێکی سۆسیال دیموکرات نابێ سەری زمان و بنی زمانی شانازی بە دامەزراوەی عەسکەری بێت، نابێ هێزی چەکداری ئەوتۆ درووست بکات کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و میدیاکارانەوە بە (میلیشیا) دابنرێت، کەچی چەندین دامەزراوەی جۆراوجۆری هەیە، لایەنی کەم لەدەرەوەی بازنەی کاری سیاسی دادەنرێن. دامەزراوەی ڕووناکبیری و تیۆری و لێکۆڵینەوە لەسەر ئەزموونی سۆسیال دیموکرات لەناو ئەم یەکێتییەدا بەرچاو ناکەوێت. بایەخنەدان بە بیر و هزر و درووستنەکردنی دامەزراوەی تایبەت بە کاروباری ڕووناکبیری ڕەنگ و ڕوخساری یەکێتی شێواندووە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ڕێکخستن هەیە و کادرو ئەندامانی یەکێتی هەست بە نیگەرانییەکی قووڵ دایگرتوون، کاتێک ڕووبەڕووی ئەندامانی حزبی تر دەبنەوه و دەبینن ئەوان چەند زانیارییان هەیە.
شۆڕەسواران هەموویان لەبن چەترەکەی مام جەلالدا بوون. کەسانی زۆر دووریش کە ئەو دیمەنەیان دەبینی، نەیاندەزانی ئەوانەی لەبن چەترەکەدا چوونەتە پاڵ یەکتر کێن و چین و چییان دەوێت؟ تەنیا چەترێک دەبینرا، تەنیا سەرە ناکۆک و زمانە دڕکاویە جیاوازەکان و ڕەنگە شێواوە هەڵبزڕکاوەکان، لەبن چەترەکەدا شاراوه بوون و سەری کەسیان نەدەبینرا.
$ڕۆژێک ئەم پرسیارەم لە مەلا بەختیار کرد:$
( (ئایا هەر بەڕاست ئەم سەرکردایەتییە نوێیە، مام جەلال گوڵبژێری کردوون؟) )
ئەو وتی: پاش ڕاگەیاندنی ناوی دەرچووەکان، سەردانی مام جەلالم له دەباشان کرد. هەوری تەمومژی نیگەرانییەکی پڕ لە پەرۆشی، بە دەموچاویەوە دیار بوو. هەناسەیەکی قووڵی دا و وتی: من به هیچ شێوەیەک چاوەڕانی ئەم ئەنجامە نەبووم. یەکێتی پێویستی بە سەرکردایەتییەکی کارامەیە، دڵنیام لە داهاتوویەکی نزیکدا کێشەی ڕاستەقینەمان تووش دەبێت..تاد
$هەڵبەزینەوە و ڕەخنەی ڕووکەش$
کۆنگرەبەستن، تەنیا ژمارە و هاتوهاواری بەردەم کامێرا و کەناڵە ئاسمانییەکان نییە. شێوەی ڕێکخستن و بەرنامە و ئیدارەدان، مەرجی بنچینەیی سەرکەوتنن. حزبی کۆمۆنیستی چینی (73) ملیۆن ئەندامی هەیە. ئەندامانی کۆنگرەی ئەوان ڕەنگە لە (730) کەس پتر نەبن. سەرکردایەتی (ی.ن.ک) سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووانی کۆنگرەی سێیەم (2010) بڕیاریان دا ناسنامە تەنیا بۆ (500) ئەندام بکەن، کەچی ڕۆژی دەنگدان بە لێشا و لیست پڕکرایەوە و سندووقی دەنگدان پڕکرا.
پێم وایە (1680) نوێنەر ناسنامەیان لەبەرباخەڵدابوو. من دژی ئەوە نیم (2000) کەسیش بەشداری بکەن، بەڵام بە کام پێوەر و لەسەر کام بناغە ناسنامە و مافی نوێنەرایەتی بە کادرێک دەدرێت؟ لای خۆمان: ژمارەی بەشداربوون، پەیوەندی بەپێوەر و ڕێسا و بەرنامەوە نییە: پیلان و مانۆری دەستەگەری و پیاوپیاوێن، ژمارە بۆ سەرەوە دەبات، یان بۆ خوارەوە دادەگرێت. ئەم ژمارە زۆرە چاوەڕواننەکراوە، کۆنگرەی سێیەمی هەڵپروکاند و سەرەداوەکانی لەیەکتر ئاڵاند و سەدان گرێکوێڕەی لێ پەیدابوو.
ئەم سینارۆیە بۆ نووسرابوو؟ بۆ ئەکتەرەکان کار و دەورەکانیان بەم شێوەیە دەگێڕا؟ ئەوە بابەتێکە و مامۆستا جەعفەر لەدڵی خۆیدا دەڵێت: ( (ئەمە بڤەیە!) )
پاژێک لە دڵشکاوەکان، بەشێوەیەک پەست و بێزار بوون، جامی تووڕەیی و هەڵچوونی خۆیان لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان هەڵڕشت. لێرە تەنیا ئاماژە بۆ ئەوانە دەکەم کە لەسەر لاپەڕەی ڕۆژنامەکان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی. ئەوانەی هیچیان نەنووسیوە، ئەوە ئۆباڵی بە ئەستۆی خۆیان.
ژمارەیەک کادری پێشکەوتووی هەولێر، بەیانێکیان بڵاوکردەوە و ڕەخنەی توندیان لە بارودۆخی (ی.ن.ک) گرت. لە هەمان کاتدا چەندین نووسەر کە خۆیان بۆ سەرکردایەتی کاندید کردبوو، زوو هاتنە دەست و بۆچوونی خۆیان بڵاوکردەوە، مەبەست لێرە هەڵسەنگاندن و تەتەڵەکردنی بیروڕای ئەم و ئەو نییە. بەڵکوو دەمەوێ دەست لەسەر ئەوە دابگرم: تا ئەمڕۆ کەس نەیویستووە دەست بخاتە سەر برینەکان و لێکۆڵینەوەیەکی بابەتی لەسەر سێیەمین کۆنگرە بنووسێت.
لەناو کۆنگرەدا زۆر بەپەلە گفتوگۆ لەسەر بابەتێک کرا، بەڵام بەبێ چارەسەری گشتگیر و ڕیشەیی جێهێڵرا:
ئایا ئەندامانی سەرکردایەتی بۆیان هەیە پۆستێکی (دەوڵەتی) یان (حکومی) ی باڵا وەربگرن؟
ئایا ئەندامێکی سەرکردایەتی دەتوانێت بازرگانی و کۆمپانیای هەبێت؟
ئەندامانی کۆنگره، بە کۆدەنگی ئەو بڕیارەیان پەسەند کرد کە پۆستە باڵاکانی (حکومەت) و (دەوڵەت) دەبێ ئەندامێکی (م. س) ی بۆ کاندید بکرێت. ئەم بڕیارە هەرچەند بەوردی دانەڕێژراوە و پەلوپۆی بۆ درووست نەکراوە، سەرکردایەتی پێش ئەوەی مەرەکەبی نووسینەکە وشک ببێتەوە، بڕیارەکەی پێشێل کرد:
لە دانانی سەرۆک کۆمار، جێگری سەرۆک وەزیران، وەزیر، .. لەنێوان کاندیدی (م. س) و دەرەوەی سەرکردایەتی، بەگوێرەی بڕیاری کۆنگرە دەنگ نەدرا. لەودیوی (م.س) ەوە، هەروەکوو ڕێککەوتننامەکانی کەسایەتی گەوره و پێشمەرگەی دێرین (مام ئەحمەدی مامەندئاوا) بە یەکێکی گوتبوو: (هەشت وانێکت دەدەمێ، یەک وانێکم بدەرێ) ** ئەمە بە ئینگلیزی پێیدەگوترێ ڕێککەوتننامەی (جەنتڵمان) ، هەردوولا تەوقەی خۆیان دەکەن و سەودا و موعامەلە کۆتایی دێت، بەبێ گوێدانە یاسا و ڕێسا و بڕیاری کۆنگرە و سەرکردایەتی.
$سۆسیال دیموکرات و هێزی چەکدار$
کێشەی چارەسەرنەکراوی کۆنگرە ئەمه بوو: هێزێک خۆی بە مۆدێرن و سۆسیال دیموکرات دابنێت؛ هێزێکی سیاسی چەپ سۆسیالیست دەکرێ هێزی چەکداری هەبێت؟
من نامەوێت ڕەخنە و شاڵاوی هێزە سیاسییەکانی تر لەبەرچاو بگرم: گوایە یەکێتی حزبێکی (میلیشیایە) ، ڕەخنەکانی ئەوان بابەتی نین و دیقەت بەکارنەهێنراوە و مەبەست سووکایەتییە بە (مێژووی خەباتی هێزی پێشمەرگە) و تێکەڵی و پێکەڵی زۆری تێدایە.
بە گشتی: تەنیا دەوڵەت دەبێ هێزی چەکداری هەبێت. ئەم هێزە سنوور و ئاساییش دەپارێزێت و پارێزەری قانونیشە. دەوڵەت بەرپرسیارە لە ژیان و سەلامەتیی هەموو هاووڵاتییان و دەستەبەرکردنی ئازادی و دیموکراسی بۆ هەمووان.. تاد. حزبێکی سیاسی، ئەگەر پێویستی بە پارێزگاری بێت، دەبێ دامەزراوەی تایبەتی دەوڵەت، ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەو لایەنە دابین بکات.
من سەرۆک کۆماری چینم لە نزیکەوە بینیوە: خۆی و خانمی یەکەم، هەر پاش کۆبوونەوە بە یەک ئۆتۆمبێل ڕۆیشتن، هیچ ماتۆڕ و ئۆتۆمبێلی جامڕەش و پیکاپی بیکەیسی لەسەرم نەبینی. لەم وڵاتەی ئێمەدا گرنگیی پلەوپایەی لێپرسراوێک بە ژمارەی ئۆتۆمبێل و پاسەوان و تەلار و زەویوزارەکانی دەردەکەوێت. ئەمە بۆ لێپرسراوی گەورە و مامناوەند حیسابێکە! خاترداران دەتوانم تۆزێک لێیان تێبگەم! لەبەرخاتری کوڕە مەسئولیش کە لاسایی باوکیان دەکەنەوە، ئەوەش تێگەیشتم! هاوڕێیەکی گیانی بە گیانی کوڕە لێپرسراوێک، کاتێک بە شەقامەکاندا تێدەپەڕێ و بیست ئۆتۆمبێلی جامڕەشی بەدواوەیە! با سەرکردایەتی ئەو هێزە (تەفسیر) ێکی عەقڵانی بۆ ئەم (دیارده) یە بدۆزێتەوە، چونکە نموونەی له هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نییە!
لە (پەیڕەوی ناوخۆ) ی یەکێتیدا ماددەی (34) دەقەکه با وەکوو خۆی بخوێنرێتەوە: (ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی بۆیان نییە دەسەڵاتی خۆیان بۆ هیچ چالاکییەکی بازرگانی بۆ بەدەستهێنانی قازانجی ماددی بەکاربهێنن، یان لە هەر چالاکییەکی بازرگانی یان هەر پڕۆژەیەکی ئابووری ببنە شەریک) .
ئەو کەسەی ئەم پەرەگرافە جوانەی هۆنیوەتەوە، هەولێرییەکان پێی دەڵێن: (چاوت دەخۆم! هەی لۆت نەمینێم وەک نەمام!) بەڕاستی بە عەتر و گوڵاوی سۆسیال دیموکرات نووسراوە. من هیچ گومانێکم لەوەدا نییە ئەندامانی سەرکردایەتی ماددەی (34) یان هەر زۆر بەجوانی جێبەجێ کردووە و من بۆ خۆم زۆربەیان دەناسم و هەر باس گەیشتە کار و کەسابەت و هاتە سەر (بازرگانی) و (شیرینیی نەوت) ، داماوانە دەکەونە سوێند و تەڵاق و خوێنی شەهیدان، کە ئەوان سادەترین زانیارییان لەسەر (بازرگانی) نییە و هەر نازانن ئەم کارانە چۆن دەکرێن؟ منیش سەدی سەد بۆیان دەسەلمێنم: ئەوان هەرچی لەدەمیان هاتە دەرەوە شایانی بڕواپێکردنە! ناسیاوێکم هەر زۆر چوختییە لای ئەویش سەرکردەیەکی (مەزن) ئەوەندە پاکانەی کردبوو، گوایە: لە (مووچە) بەولاوە یەک سەرچاوەی داهاتی تری نییە و گوایە ئەو مووچەیەش یەک ملیۆن و چوارسەد هەزار دینار کەمترە.
ئینجا وەرە خۆت لەقوڕی ڕەش هەڵمەکێشە! ئەویش وتی: ڕاست دەکەن، ئەوان به موو لە پەیڕه و لانادەن و کاری بازرگانی ناکەن و دەسەڵاتی خۆیان بۆ ئەو جۆرە کارانە لەکەدار ناکەن. دەستی خۆیان نییە و ماری پێدەگرن: کوڕەکانیان، براکانیان، زاواکانیان، کۆیلە ئابوورییەکانیان، خوای گەورە بارانی ڕەحمەتی بەسەریاندا باراندووە، باران ببارێ کۆمپانیاکانیان دەگەڕێ و باران نەبارێ کارەکانی تریان دەگەڕێ..
$بەرپرسێکی گەورەی یەکێتی چەند مانگێک لەمەوپێش پێیوتم:$
لەدوای سێیەمین کۆنگرەوە، گەلی کورد بەگشتی و ئەندامانی یەکێتی بەتایبەتی، گومانیان له و ڕاستییە نەماوە کە بەشێکی بەرپرسە مەزنەکانی ی.ن.ک لە کاروباری بازرگانیدا گورج و گۆڵ و چالاکن، لە چالاکیی حزبی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا زۆر سست و داماو و هیوابڕاون!
لەناو کۆنگرەدا خاڵێک ورووژێنرا: ئەندامێکی سەرکردایەتی دەبێ لەیەک کاتدا چەند پلە و پۆستی هەبێت و ئایا له هەموو کارەکانیدا سەرکەوتوو دەبێت؟
لە هەموو وڵاتانی دونیادا (م.س) بریتییە لە دامەزراوەیەک، چەند ئەندامێکی هەیە و سکرتێرێک و سەرۆکی حزبەکە، لێپرسراوی خەزێنە، پێکەوە کارە سیاسی و ستراتیجیەکانی حزبەکە ڕادەپەڕێنن. ئەمانە کاریان ئاڕاستەکردن و پتەوکردنی بینای حزبەکەیە.
کاتی خۆی کاک عومەری سەید عەلی گەورەیی نواند و سەردانی کردین: من پرسیارێکم ئاڕاستە کرد، دەربارەی (وەزیفە) ی مەکتەبی سیاسی: ئایا دامەزراوەیەکە سەرقاڵی کاری ستراتیجیە و هەموو ئاڕاستەی حزبەکە دەکەن لەڕووی سیاسی و فەرهەنگیەوە و سیاسەتی نوێ و پلانی نوێ دادەڕێژن؟
وتم: من تێبینی ئەوەم کردووە، زۆربەی ئەندامانی (م.س) کاتی خۆیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتییان تەرخان کردووە: (کەسێک دەستی ناڕوات، یارمەتیی دەدەن! یەکێک گوللە لەدەستی دەرچووە و یەکێکی کوشتووە، ئێوە سوڵحی بۆ دەکەن، .. وتم: ئەمە کاری دائیرەی سۆسیالە لە ئۆروپا، مەکتەب سیاسی (وەزیفە) یەکی زۆر جیاوازی هەیە..)
دەمەوێ بەم هەموو شێر و ڕێویە بە (سەرکردایەتی) و (م. س) لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزدا بڵێم: (سەرکردایەتی) و (م. س) هەر زۆر لە (وەزیفە) کانی خۆیان دوورکەوتوونەتەوه و خۆیان سەرقاڵی کاری لاوەکی کردووە کە ئیشی ئەوان نییە.
کارێکی ئاساییە پێشمەرگەیەک، ئەفسەرێک بەشداری لە کۆنگرەیەک بکات و خۆی بۆ سەرکردایەتی کاندید بکات و دەربچێت. هەر ئەندامێکی کۆنگرە مافی خۆیەتی متمانەی هەڤاڵەکانی وەدەستبهێنێت و لە پەیژەی حزبدا سەربکەوێت. بەڵام ئەو کەسە دەبێ پێشەکی ئەو ڕاستییە بزانێت، دەرچوون بۆ سەرکردایەتی و دەستبەرداربوونی لە کاری پێشوو، دەبێ پێکەوە بێت. ئەگەر ئەم پرەنسیپە پۆلیسێکی هاتوچۆ بگرێتەوە، دەبێ بەهەمان شێوە وەزیری بەرگری و سوپاسالار و فەرماندە پلە باڵاکانیش بگرێتەوە. من نامەوێت باسی سویسرا و بەلجیکا و لۆکسمبورگ بکەم، ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدای ئەمڕۆ، هەر ئەفسەر و سەربازێک خۆی بۆ ئەندامی پەڕڵەمان کاندید بکات، دەبێ پێشەکی لە پلە سەربازییەکەی دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەم لە پلە وازهێنانە، پەیوەندی بە ئاساییشی نەتەوەییەوە هەیە، دوورخستنەوەی هێزی چەکدار لە کاروباری سیاسەت و حوکمڕانی، وڵات لە قەیران و تەنگژە دووردەخاتەوە!
پێویسته لە چوارەمین کۆنگرەدا (وەزیفە) و شێوەی کاری (م. س) بگۆڕدرێت. لە سێیەمین کۆنگرە، پێشنیازی ئەوە کرا ناوی (م. س) گۆڕانی بەسەردا بهێنرێت. بەشێک داوایان دەکرد (م.س) هەر نەمێنێ و (فۆرم) ێکی نوێ بدۆزرێتەوە. کەچی نە ناو گۆڕا و نە (ناوەرۆک) گەشەی پێدرا. ئێستا دەبێ بڵێین: خۆزگەمان بە ساڵی (1977) کە بۆ یەکەمین جار (م.س) یەکێتی لەدایکبوو!
ئەوکاتە (م.س) و سەرکردایەتی ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ دەکرد، ئێستا خۆیان سەرقاڵی هەزارویەک کێشە کردووە، تەنیا ئەرکە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی خۆیان نەبێت. [1]