$ئایا یەکێتی سیستەمی ئیدارەی هەیە؟$
#مامۆستا جەعفەر#
#30-11-2018#
(شەوێک دەست ئەهریمەن کەوت خاتەمی موڵکی #سلێمانی#
کەچی ئەو میر و گزیری پێکرد قەدری ئاوەها زانی)
پیرەمێرد
پاش هەڵبژاردنەکانی #30-09-2018# پرسیارێک لای زۆربەی کادر و ئەندامانی یەکێتی سەری هەڵدا: بۆچی ساڵی 1992 یەکێتی لە یەکەم هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی کوردستاندا (50) کورسی هێنا، کەچی پاش 26 ساڵ ژمارەی کورسییەکانی بۆ (21) کورسی دابەزیوە؟
#پارتی دیموکراتی کوردستان# لە یەکەم هەڵبژاردندا (50) کورسی بەرکەوت و لەدوا هەڵبژاردندا (45) کورسی دەستەبەر کردووە. بۆچی لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا، یەکێتی لە خەباتی سیاسی و پەڕڵەمانیدا، کورسییەکانی لە نیوەی جاران کەمترە؟ ئایا کادر و ئەندامانی یەکێتی مافی خۆیان نییە رۆژانە سەدان پرسیار ئاڕاستەی سەرکردایەتی بکەن؟
لە وڵاتانی ڕۆژاوادا، هەر دەستەیەکی سەرکردایەتی بەشداری هەڵبژاردنی کرد و بەرپرسیارێتی سەرکەوتن و ژێرکەوتنی لەئەستۆ گرت، لە سەرکەوتندا پاداشت دەکرێت، لە دۆڕاندنی هەڵبژاردندا، ئەو سەرکردایەتییە، کڵاوەکانیان دادەگرن و شانۆی سیاسی جێدەهێڵن.
داخزانی دەنگەکان، یان دەنگداچوون: دیاردەیەکی ئەوەندە سادە و ساکار و لاوەکی نییە، سەرکردە سیاسییەکان دەست بە سمێڵیاندا بهێنن و لە بەردەم کەناڵە ئاسمانییەکاندا فرمسێکی پەژیوانی هەڵوەرێنن و تۆزێک پشتەملی خۆیانی بۆ بخورێنن و قوڕگی بۆ پاکبکەنەوە و بڵێن: بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، تۆڵە دەکەینەوە و سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین. دۆڕاندن دۆڕاندنە! خاترگرتن و کوڕی چاکە و باوکی زاتێکی زۆر باش بووە، ناخوات! تیمی دۆڕاو، ئەگەر هەموو دونیا داوایان لێبکات لەجێی خۆیان بمێننەوە، ئەوان دەست لەکارکێشانەوە ئیمزا دەکەن و تا ماڵەوە ناوەستن، چونکە سەرکردایەتی لەسەر ناوی ئەوان تاپۆ نەکراوە!
جاران لە ئەدەبیاتی (ی. ن. ک) دا داکشانی دەنگەکانیان بۆ جیابوونەوەی گۆڕان دەگێڕایەوە. ئەوان لە (#25-07-2009#) توانییان (25) کورسی بپچڕێنن و نەخشەی سیاسی هەرێم سەرەوژوور بکەن: ئیدارەی هەرێم لە دوو جەمسەرییەوە بۆ ئیدارەی یەک جەمسەری گۆڕدرا!
بەڵام ئایا دوولەتبوونی (ی.ن.ک) هۆی جەوهەریی پاشەکشە و داکشان و داچوونی دەنگەکان بوو، یان هۆکاری شاراوە و نەبینراو، جەمسەرێکی سیاسی کارایان بۆ گۆشەیەکی تەسکتر داخزاند؟
ئایا هۆکاری داڕووخانی قەڵای دەنگەکان، پەیوەندی بە مێژووی دزێوی پەرەسەندنی دیاردەی ململانێ و دەستەگەری و فراکسیۆنسازی و تەکتوڵات و پیاو پیاوێنەوە، لەناو ڕیزەکانی (ی.ن.ک) دا نییە؟
$گۆڕان ویستی لە نائومێدی ئومێد درووستبکات، (پڕۆژە) و (مۆدێل) ەکەیان بەر تاشەبەردی کوورتبینیی سیاسی کەوت$
بوونی دوو سێ ئاڕاستەی فیکری و ئایدیۆلۆژیی کشومات و شاراوە، ڕەنگە ئەوەندە زیانبەخش و ترسناک نەبێت، بەڵام ئەگەر دەستەگەری بۆ بەرژەوەندی و بازرگانی و پاوانخوازی و سەپاندنی دەسەڵاتی گرووپێک بێت لەسەر بنەمای بەتاڵانبردنی سامانی گشتی، بەدەر لە یاسا و ڕێساو ماف، ئەوە حیزب بەرەو هەڵدێر دەبات و ڕێگەش بۆ کەسانی تر خۆش دەکات، لە دەستدرێژی و ڕاوەڕووت و سەرەڕۆیی بێبەش نەبن.
من جیابوونەوەی (گۆڕان) بەهۆکار و بنەمای داکشانی دەنگەکان دانانێم، ئەمە ئەنجام و دەرهاویشتەی دەیان کێشەی بنەڕەتیی کەڵەکەبووی سیاسی و ڕێکخراوەیی بوو. لووتکەی شاخە سەهۆڵەکانی ناو دەریا بوو، پزیسکی سەرهەڵدانی (گردەکە) بەشێکی تەقاندەوە. سەرەتا باڵی (ریفۆرم) داوای گۆڕانکارییان کرد، سەدان نووسین و دەیان کۆبوونەوە بەسەرپەرشتی بەڕێز #مام جەلال# و (م. س) کران. ڕاوەشاندنی دارە خورمای ڕێکخستن، هەر لەسەرەوە تا خوارەوە، یەک خورمای بۆ گیرفانی ڕیفۆرمخوازان بەرنەدایەوە.
گۆڕان، ویستی لە نائومێدی ئومێد درووستبکات، (پڕۆژە) و (مۆدێل) ەکەیان بەر تاشەبەردی کوورتبینیی سیاسی کەوت! ئێستا ئەوانیش هەست دەکەن شەقامەڕێی پان و بەرینی جاران، گەیشتووەتە بنبەست! لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلول ئەوانیش نەیانتوانی پتر لە نیوەی دەنگەکانی جاران بهێننەوە.
هەڵەیەکی گەورەیە لەلایەن کادر و ئەندامانی یەکێتییەوە، ئەگەر هەرچی دەنگداچوون و هەڵەنگوتن و تەنگژەی سیاسی وڵات هەیه، دەستۆی (گۆڕان) دابنرێت و بەم (تاوانبار) دەستنیشانکردنه، سەرکردە سیاسییەکانی ئەمدیو، پەرداخێک ئاوی سارد بەسەرەوە بنێن!
دوو سێ سەکردە و کادر ماڵاواییان لە حزبەکەیان کرد، ئەوە جێی نیگەرانی و خەفەت و دڵگوشران و هەناسە ساردیە، بەڵام نیوەی سەرکردە و کادر و لایەنگران ڕۆیشتن. ئەمە دەبووایە تۆزێک دەرزیئاژنی تێگەیشتن و تێڕوانینی سەرکردایەتی یەکێتی بکرایە و بەدوای هۆکاری ڕاستەقینەی (تەنگژە) قووڵەکەدا، بەچرای ڕۆنگەرچەکاوە بگەڕانایە و برینەکانیان بدۆزیبایەوە. مەکینەی ڕاگەیاندنی هەردوولا، تەپوتۆزێکیان نایەوە، کەس تاقەتی ئەوەی نەما بەدوای (هۆکاری ڕاستەقینە) دا بگەڕێت!
من دەمەوێ بەڕاشکاوانە ئەوە بنووسم، خەڵک هەر بۆ خۆشی و سۆز، بە لێشاو حزبەکەیان جێناهێڵێن و ملی ڕێی بەرەنگاری و ئاڵنگاری ناگرن! دەبێ (هۆ) یەک هەبێت کۆهەست و بیرکردنەوەی کۆمەڵ، بەزەقی بگۆڕێت و ئامادەبن پێکەوە گۆمەکە بشڵەقێنن.. ئەوە 10 ساڵ بەسەر جیابوونەوەی باڵی (ریفۆرم) و ڕاگەیاندنی کۆمپانیای وشە و بزاڤی گۆڕاندا تێدەپەڕێت و هێشتا بڕیار نەدراوه، لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هۆکار و زەمینەسازی دوولەتبوونی یەکێتی بنووسرێت!
من لێرەدا نامەوێت لەسەر ئەم بابەتە بنووسم، چونکە ئەمە کاری تاکە کەس نییە و بە سێ چوار کاتژمێریش ئەنجام نادرێت. یەکێتی نابێ بە فوو، مازووی سووتاوی هەڵواسراو لە دەموچاوی خۆی دووربخاتەوە . بەپێچەوانەوە دەبێ پێ لە ڕاستییەکان بنێت و ئاو بە ئاگرەکەدا بکات! بەخۆدزینەوە لە بینینی قەبارەی تەنگژەکە، تەنگژەکە لەسەر شانۆی ڕووداوەکان لەچاو ون نابێت و ڕاناماڵرێت.
$ئیدارە$
بنچینەی هەموو ڕێکخستنێکی سیاسی و سەربازی و ڕۆشنبیری و ئابووری، تۆڕی ئیدارە و بەڕێوەبردنە: بەڕێوەبردنێکی باش و عەقڵانی و ڕێکوپێک، سەرکەوتن وەدەستدێنێ. بە پێچەوانەوە بەڕێوەبردنێکی بێ سەروبەر و ئیفلیج و خواروخێچ و نابەکام، نابێ چاوەڕوانی سەرکەوتن و ئەنجامی باشی لێ بکرێت. هەر وڵاتێک، ئیدارەیەکی تۆکمە و باش و ورد و عەقڵانی هەبوو، نە دیاردەی نائارامی پێوە دیارە، نە دزی و گەندەڵی و ئاژاوە و ڕاوەڕووت.
ڕۆژێکیان برایەکی دەستڕۆیشتووی ناو دەزگا ئیدارییەکانی ی.ن.ک پێیوتم: ئەگەر دامەزراوە و قەڵاکانی یەکێتی لە لێواری هەرەس و داڕووخان نزیک ببنەوە، ئەوە دامەزراوە ئیداری و داراییەکان ئەوەندە بەهێزن، ناهێڵن داڕووخان و هەرەس ڕووبدات. دامەزراوە ئیداری و داراییەکان کۆڵەکەی تۆکمە و پتەون و سەرجەم ڕێکخستنەکانی ی.ن.ک دەگرنەوە و کارەکان بەڕێکوپێکی دەڕوات..
کەواتە: کادرە ئیداری و داراییەکان، چاک ئەو ڕاستییە دەزانن، هونەری ئیدارە و بەڕێوەبردن چەند گرنگە و چۆن کۆڵەکەی ڕێکخستن و ڕاگەیاندن و کاروباری ڕێکخراوەیی و چالاکیی مەدەنی ڕاگرتووە.
لێرەدا مەبەست (مەکتەبی دارایی و ئیدارەی گشتی) ی یەکێتی نییە. بەڵکوو مەبەست (م.س) و (سەرکردایەتی) یە: ئایا شێوەی ئیدارە و بەڕێوەبردنی (م. س) و (سەرکردایەتی) بۆ هەڵسوڕاندن و داسووڕاندنی یەکێتی لەڕووی ڕێکخراوەیی، دارایی، ڕۆشنبیریەوە، ئیدارەیەکی سەرکەوتوو بووە: مەبەست لە سەرکەوتوو: گفتوگۆی بەردەم کەناڵە ئاسمانییەکان و ژمارەی ئۆتۆمبێل و خانووبەرە نییە. مەبەست سەفەر و سەیران نییە بۆ وڵاتانی ڕۆژاوا. مەبەست جلوبەرگ و قژداهێنان و پێکەنین و فەیسبووک نییە. مەبەست ئەوەیە: کادر و ئەندامانی یەکێتی چەند بە شێوازی ڕەفتار و هەڵسوکەوت و ئیدارەی ئەوان، شانازی دەکەن و هەست دەکەن ئەم سەرکردانە بەشێکن لە دڵ و دەروونی ئەوان؟
ئایا لەناو یەکێتیدا (دادپەروەریی کۆمەڵایەتی) داسەپێنراوە؟
ئەندامان هەست دەکەن، هەرچی ڕەفتار و کردار و گوفتاری سەرکردایەتی هەیە لەناو دڵی ئەوانەوە دەردەچێت؟
بەشێک لە کادر و ئەندامان، هەر لە یەکەمین ڕۆژی دامەزراندنی یەکێتییەوە، خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە، کەسوکاریان شەهید کراوە و تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری بوون، بەشێکیان کەمئەندام و ماڵوێران بوون: ئایا ئەمانە ئێستا هەست دەکەن بەری ڕەنجی خۆیان دەبینن و هیچ کەموکوورتییان نییە، سەرکردایەتی هەمیشە چاوی پێیانەوەیە و دڵیان ڕاگیراوە و زۆر پەرۆشی ژیانی خۆیان و کەسوکاریانن و کەسیان گلەیی و گازندەی نییە و شە و و ڕۆژ شوکرانەبژێرن؟
ئایا یەکێتی لە بواری ئیدارە و بەڕێوەبەرایەتی ناوچەکانی بن دەسەڵاتی خۆیدا، لە هەموو ڕوویەکەوە سەرکەوتوو بووه؟
ئەوانەی پۆست و بەرپرسیارێتی گرنگیان پێ سپێردراوە، نموونەی دەست و داوێن پاکی و لێوەشاوەیی و گونجاوترین کەس بوون بۆ پلە و پۆستەکان؟
ئایا یەکێتی لەناو ڕژێمی بەغدا دا جێگەی دەستی دیارە و دەنگی دلێرە؟ هەر بۆ نموونە: لەسەر جێبەجێکردنی مادە بەمادەی دەستوور پێداگری کردووە و داکۆکی لە مافی گەلی کوردستان کردووە، یان مافی گەلی کورد پێشێل کراوە؟ ئایا ئەوانەی لە بەغدا پۆستی (وەزیر) یان پێ سپێردراوە، یان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بوون، کەڵک و قازانجیان تەنیا بۆ خۆیان بووە، یان ئەوەندە سوودیان بۆ کوردستان بووە، کە خەڵک لێیان ڕازی بن؟
$یەکێتی و مەسەلەی (هیچ)!$
من لایەنگری ئەوە نیم کەسێک بە (رەهایی) حوکمی ئەرێنی یان نەرێنی بەسەر کێشەیەکدا بدات: حوکمی (رەش) یان (سپی) لەکاری سیاسیدا لە ئەنجامدا هەڵەی قوورسی لێدەکەوێتەوە! یەکێتییە (خوێن سەوزەکان) دەڵێن: یەکێتی دەستکەوتی زۆر گەورەی وەدەستهێناوە و ڕۆژبەڕۆژ لەپێشکەوتندایە و هیچ کەموکوورتی نییە و یەکێتی نەمێنێت گورگ و چەقەڵ و ڕێوی تێماندەکەون و هەزاران کارەسات بەسەر گەلی کورددا دێت! پاژێکی تر، کە خوێنی سەوزیان، لەدیدی خوێن سەوزەکانەوە: (زەردباوە) یان (شینباو) یان (رەشی قەترانییە) ، ئەمانە دەڵێن: یەکێتی هەر هیچی نەکردووە، ئەم قەوارە بەتاڵە نەمێنێت کورد ڕزگار دەبێت! گوتەیەکی باو دەربارەی شەڕ هەیە کە دەڵێت: لەشەڕدا نە سەرکەوتنی ڕەها و نە ژێرکەوتنی ڕەها هەیە. منیش دەربارەی یەکێتی هەردوو حوکمە (رەها) کە بەخراپ دەزانم.
$10 ساڵ بەسەر جیابوونەوەی #بزووتنەوەی گۆڕان#دا تێدەپەڕێ و هێشتا لێکۆڵینەوەیەک لەسەر هۆکاری دوولەتبوونی یەکێتی نەنووسراوە$
ئەگەر کەسێک لەسەر ئەوە سووربوو گوایە: یەکێتی هەر هیچی نەکردووە، بەرانبەر ئەم دەربڕینە ڕەنگ یەکێک بڵێت: یەکێتی سەرکەوتنی زۆری وەدەستهێناوە و دەستکەوتی زۆری تۆمار کردووە، بەڵام هەندێ کەموکوورتی هەیە.. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا، هێشتا بایی (20) کورسییەک دەنگی پێبدرێت.
بەڵام ئەم دەنگانە لەچاو هەڵبژاردنی (1992) پاشەکشەیان کردووە. دەبێ سەرکردایەتی و (م.س) لە ڕاستی و هۆکاری دەنگ داخزان شتێک بزانن و چارەسەر بدۆزنەوە، نەک پەنجە بخەنە گوێیانەوە و هەردوو چاویان بنووقێنن و وا بزانن زەمانی (50) کورسی بەسەرنەچووە!
ئایا سەرکردایەتی لەئاست قۆناغەکە و چاوەڕوانی کۆمەڵانی خەڵکدایە؟ ئەگەر لە ئاست قۆناغەکە و چاوەڕوانیی خەڵکە، بۆ لەناو پەڕڵەماندا ناتوانێت زۆرایەتی دەستەبەر بکات و ببێتە حزبی پێشەنگ؟ ئەگەر لە ئاست قۆناغەکە و چاوەڕانی خەڵکدا نییە، دەبێ چی بکات بۆ ئەوەی بەرەوپێشەوە بڕوات؟
ئایا سەرکردایەتی بڕوای بە (دادپەروەریی کۆمەڵایەتی) هەیە؟ ئەگەر بڕوای بەوە هەیە، لەکوێ ئەم دادپەروەرییە جێبەجێ دەکات؟
ئایا لەناو سەرکردایەتی خۆیدا (دادپەروەریی کۆمەڵایەتی) هەیە لە: مووچە، ژمارەی پاسەوان، ژمارەی ئۆتۆمبێل... تاد؟
پلە و پۆست دابەشکردن بەخەبات و فیداکاری و ئاستی ڕۆشنبیری و ناووناوبانگ و بنەماڵەیە یان کێ کاندیدی کام تەکتول و باڵ و سەرباڵ و بنباڵە؟
ئایا لەناو سەرکردایەتیدا پەیڕەوی کام دەستوور و بنەما و ڕێسا دەکرێت و لەسەر بنەمای سیڤی و شیکاری دەزگای (بانکی زانیاری) ی.ن.ک گوڵبژێر دەکرێن، یان باڵە دەستڕۆیشتووەکان (پیاوەکان) ی خۆیان (بە تۆپزی) دەسەپێنن و کەسیش بۆی نییە ورتەی لێوەبێت؟
لەسەردەمی (نووری پاشا) دا کەسانی وەکوو (ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، سەعید قەزاز..) وەزیر بوون، ئێستاش خەڵک وەکوو کەسایەتی گەورە سەیریان دەکات و پەڕتووکیان لەسەر دەنووسێت و پەیکەریان بۆ دادەنرێت. بەشێک لەمانەی ئێستا (بەتۆپزی) دەکرێنە وەزیر، نە ناویان هەیە و نە کەس وەکوو کەسایەتی دەیانخوێنێتەوە و نە مێش لەخۆیان دەکەنەوە. داماوانە بەرمیلێک ئاویش بخۆنەوە، کەس پێیان ناڵێت عافێتتان بێت!
هۆکارەکەش ئەوەیە دڵسۆزی و کارامەیی و پسپۆڕی نەکراوەتە پێوەر. هەر خاوەن تەکەتولێک لەناو (دەستوپەیوەند) ەکانی خۆی دوو سێ کەسێک ڕەوانە دەکات. ئەگەر پۆستی وەزیری ڕۆشنبیری بەر حزبەکەی ئەو بکەوێت، ئەو یەکسەر پیاوێکی نەخوێندەوار، گاوان، شوان ڕەوانەی ئەو پۆستە دەکات، لای ئەو تیۆری (سەد قەل بە بەردێک) گرنگە نە قازانج و دەستکەوتی گەلی کورد.
$بەسەرکەوتوویی لەتەنگژە دەربازبوون$
هەروەکوو چۆن حزب و ڕێکخراو، بە تونێلی تەنگژەدا تێدەپەڕێت، کۆمپانیا و کارگەی سەرمایەدارانیش بە دۆزەخی تەنگژە و قەیراندا، بانگڵۆز دەبڕن و تووشی ئیفلاس و نابووتی دەبن. حزبە سیاسییەکانیش، لەکاتی بێئاگایی و نەوزدانی بەشێک لەسەرکردایەتی ، شەمەندەفەری سەردەم تێدەپەڕێت و ئەمان ناتوانن لەسەردەمی نوێ تێبگەن، تووشی پووکانەوە و هەڵوەرین دەبن.
بە گوێرەی تێگەیشتنی ماکس ڤێبەر بۆ حزب، لێکچوونێکی زۆر لەنێوان کارگە و حزبدا هەیە:
سەرۆکی حیزب- خاوەن کارگە
سەرکردایەتی - دەستەی بەڕێوەبردن
کادر- ئەندازیار و کارمەند
ئەندام- کرێکار
$دەستکەوتی سیاسی- بەرهەم$
هەر بیرۆکەی حیزب لە کارگە وەرگێڕاوە و لەسەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بەدواوە حزب درووستبووە . دیارە کۆمپانیا و کارگەی ئەمڕۆ زۆر جیاوازە لەگەڵ کارگەی ساڵی 1848 و شۆڕشی سۆسیال�%8