$کۆمیتەی هەرێمەکان هەڵوەشایەوە.. یان هەڵیانوەشاندەوە ؟ 2$
#مامۆستا جەعفەر#
#09-10-2018#
$بەشی دووەم و کۆتایی$
$نەوشیروان و کۆمەڵە$
#مەلا بەختیار# رستەکانی بەشێوەیەکی ئەوتۆ داڕشتووە، گوایە: ئەو یەکەمین کەسە، پاش شەهید ئارام (شاسوار جەلال) کە پێشنیازی کردووە سەرکردایەتی کۆمەڵە ڕادەستی #نەوشیروان مستەفا# بکرێت. داڕشتنەکەی ئەو، من وای دەخوێنمەوە، ئەو یەکەمین کەسە کە پێشنیازەکەی کردووە، پێش ئەوەی کەسانی تر ئەم بیرۆکەیە لە مێشکیاندا گەڵاڵە بێت. هەر خۆی یەکەمین کەسە لە قەرەداغەوە نامەی بۆ #مام جەلال# ڕەوانە کردووە و گوایە: قەناعەتی پێکردووە ئەم پێشنیازە پەسەند بکات. ئەندازیاری ژمارە یەکی پڕۆژە بڕیارەکە مەلا بەختیارە و ناوەکانی تر، پاش ئەو نامەیە، بە ئاگا هاتوونەتەوە.
$گێڕانەوەیەکی زۆر جیاواز$
گێڕانەوەکەی نەوشیروان مستەفا ئەمین لەوبارەیەوە زۆر جیاوازە! کرۆکی چیرۆکەکەی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە: پاش شەهیدبوونی ئارام، ئەم دەستپێشخەری بۆ کادر و ئەندامانی کۆمەڵە کردووە، کۆنفرانسێک یان کۆبوونەوەی فراوان بکرێت: پێشنیازی تر و پلانی تر لە نووسینەکانی ئەودا، لە کوولەکەی تەڕیشدا باس نەکراوە. ئەو پاش بیست و یەک ساڵ بیری دەکەوێتەوە:
وەڵامی نامەکەی کۆمیتەی هەڵمەتم نووسییەوە. بەڵێنم دانێ بۆ هاوکاری و یارمەتیی هەرچی بە من بکرێ درێخی نەکەم. مسۆدەی بەیانێکیشم بەناوی کۆمەڵەوە بە و بۆنەیەوە نووسی و بۆم ناردن کە ئەگەر پەسەند بێ چاپی بکەن و بڵاوی بکەنەوە. نامەیەکی بەپەلەم بۆ مام جەلال و مەکتەبی سیاسی نووسی کە ئەوانیش بەیانێکی لەسەر دەربکەن. هەروەها هەموو ئەو کادرانەی کۆمەڵە کە لەو نزیکانە بوون بانگم کردن بۆ کۆبوونەوە. هەواڵەکەم پێ ڕاگەیاندن. پێم وتن پێویستە خۆیان بۆ کۆبوونەوەی فراوانی کادرەکان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کاروباری ڕێکخراوەیی کۆمەڵە بە جۆرێکی گونجاو لەگەڵ هەلومەرجی نوێ سەرلەنوێ ڕێک بخەینەوە.
گوایە پاش #31-01-1978# سەری گوریسەکە کەوتووەتە دەست ئەم و کادرو ڕێکخستنەکان ڕوویان کردووەتە ئەم و کەسی تریان بە لێپرسراوی خۆیان نەزانیوە، هەرچەندە ئەم (بە ڕەسمی) لە دەرەوەی بازنەکانی ڕێکخستنی کۆمەڵەش بووە.
$دوو جیهانبینی$
ئەوە ڕاستە کە لەنێوان ئابی (1977) تا (#31-01-1978#) ماوەیەکی کوورتە و ڕەنگە مەلا بەختیار نەیپەرژابێت، بەوردی نەوشیروان هەڵبسەنگێنێت و داوا لە ئارام بکات بیروبۆچوونی خۆی لەسەر نەوشیروان بدرکێنێ. بەڵام دڵنیام مەلا بەختیار هەر لە یەکەم دانیشتندا لە نەوشیروان تێگەیشتووە، نەوشیروانیش بەرانبەر مەلا بەختیار و کادرەکانی کۆمەڵە کە بۆ پێشوازی بۆ ناوچەی سێ سنوور ڕۆیشتوون، لە پەڕتووکی (لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی نێوزەنگ) دەنووسێت:
مام جەلال سواری وڵاخ بوو، من پیادە بووم، لێی پرسیم: وەزعی وڵات چۆنە؟ وتم: ئێستا ماندوم لەم هەورازەدا ناتوانم زۆر قسە بکەم، بەڵام ئەوەندەت پێ ئەڵێم، ئێمە ئەوانەی دەرەوە، لەگەڵ ئەم برادەرانەی ئێرە، هەر ناوەکەمان یەکە، ئەگینا لە هەموو شتێکدا جیاوازین. وەزعی شۆڕشەکە بەهۆی هێرشی جەیش و ڕادەستبوونەوەی زۆری پێشمەرگە خراپە، ئەبێ خەریکی هەڵسانەوە بین، بەجێهێشتنیان لەم کاتەدا عەیبە ئەگینا هەر لێرەدا پێشنیازم بۆ ئەکردی بەکام ڕێگادا هاتووین بەهەمان ڕێگادا بگەڕێینەوە بۆ دەرەوە.
ساڵی 1978 نامەیەکم لە دۆستێکەوە لەناو شارەوە پێگەیشت، بەڕوونی ئەم دێڕەی تێدا نووسرابوو: نەوشیروان بۆیە هێنراوەتەوە، کۆمەڵەی ڕادەست بکرێت، بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی کۆمەڵە... تاد. ئەم نامەیە زووتر نووسرابوو، درەنگ گەیشتە دەستم.
لە ساڵی 1976 بەدواوە، لەناو شانە و بازنەکانی کۆمەڵەدا ئەوە دەزانرا کە نەوشیروان مستەفا یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری (ی. ن. ک) و لە شامە. پێشتریش لەناو بازنە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەدا بووە. لەکاتی یەکگرتنەوەدا، لە ساڵی 1970 و ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان ئەندێشەی ماو تسی تۆنگ (کملک) ، ئەم خۆی و دەستەکەی لەسەر پێکهاتن و سەرکردایەتی کۆمەڵە ناڕازی بوون، لە پڕۆژەی دامەزراندنی کۆمەڵە کشاوەتەوە.
چەندین تێکۆشەری دێرین، خوێندنەوەی خۆیان بۆ نەخشەی سیاسی هەبووە. زانیویانە نەوشیروان بە ئەرکی ڕامکردنی کۆمەڵە و دەستەمۆکردنی کادر و ئەندامەکانی دەهێنرێتەوە و وەکوو سکرتێر بەسەر کۆمەڵەدا دەسەپێنرێت و ئەوەی ئامادە نەبێت لەقاڵب بدرێت، بە پاڵ لەشانۆی سیاسی ئاودیوی دەکەن. سەرکردایەتی کۆمەڵە پێیانوابووە، مام جەلال پشتیووانی لەهیچ کەسێک ناکات بیەوێت ڕیزەکانی کۆمەڵە بشێوێنێت!
دوو ساڵ لەمەوپێش سالار عەزیز بۆ ئێوارە خوانێک لە ماڵی خۆی دەعوەتی کردبووین کە ئەمانە بووین: (عەبدولرەزاق فەیلی، فوئاد مەجید میسری، موحسین عەلی ئەکبەر، خۆشناوی وەستا ئەمین و....) پێکەوە شەنوکەوی خەرمانی بیرەوەری سەرەتای شۆڕش دەکرا. فوئادی مەجید میسری ڕووی کردە سالار عەزیز و وتی: من و تۆ و شەهید ئارام ساڵی 1975 لە ماڵی وەستا ئەمینی باوکی ئەم کاک خۆشناوە موختەفی بووین. چەندین جار پێمگوتن: نەوشیروان دەهێنرێتەوە و ئەو دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە و دەسەڵاتی موتڵەقیشی پێدەدرێت! ئێوە بڕواتان بە قسەکانم نەکرد و پێتانوابوو ئەم بۆچوونە ناواقیعیە و شتی وا ڕوونادات..
سالار وتی: بەڕاستی ئەوکاتە ئاگادارت کردینەوە، بەڵام ئێمە دەمانگوت: ئێمە ڕێکخستنی کۆمەڵەمان گرتۆتەوە و شۆڕشمان بەرپا کردووە، کێ دەتوانێ ئەم هەموو خەباتەی ئێمە لەبەرچاو نەگرێت؟ کاتێک من و کاک ئارام لە مالوومە بووین، بەرەبەرە هەندێ دەنگوباسمان دەبیست، کاک ئارام دەیگوت: یادت بەخێر کاک فوئاد بەڕاستی قسەکانت هەر هەموو وەکوو نەقشی سەر بەرد دەرچوون..
فوئاد لە چەند بۆنەیەکی تردا، باسی مەترسییەکانی خۆی کردووە لە سیناریۆی هێنانەوەی نەوشیروان بۆ سەر شانۆی سیاسی و بوژاندنەوەی (مۆدێل) ێکی کۆن و شکستخواردوو لەکاری سیاسی پاش ئاوابوونی ڕۆژ و سەردەمی ئەوان. ئایدیۆلۆجیا کاریگەریی مۆرڤین و #مەریوان#ە و تلیاکی لەسەر ئەوانە هەیە، کە دەکەونە گۆماوەکانیەوە و توانای پەلەقاژە و خۆدەربازکردنیان نامێنێت.
$هەڵوێستی سالار عەزیز$
سەرەتای (1978) سالار عەزیز لە دەرەوەی وڵات بوو، هەر لەوێوە ئاڵای دژایەتی خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی (کۆمیتەی هەرێمەکان) بەرزکردەوە و داوای کرد: دەبێ لەناو کۆمەڵە خۆیەوە بڕیاری بەستنی کۆنفرانس و هەڵپەساردنی (کۆمیتەی هەرێمەکان) بدرێت. نامەیەکی ڕەوانەی کۆمیتەی (هەڵمەت) کردبوو، بەڕاشکاوانە داوای لێیان کردبوو، هەڵوێست وەربگرن و دژی هەڵوەشاندنەوەی (کۆمیتەی هەرێمەکان) بوەستن: دەبێ کۆمیتەی هەرێمەکان بڕیاری بەستنی کۆبوونەوەی فراوان بدات، نەک بەبێ ئاگاداری هەموو (ئەندامانی کۆمیتەی هەرێمەکان) ژمارەیەک کادرو ئەندام لە نۆکان (نەورۆزی 1978) کۆبکرێنەوە و بڕیار بدەن سێ کەس بۆ ناوەندی کۆمەڵە هەڵبژێرن (نەوشیروان، ئازاد، مامۆستا جەعفەر) . نەوشیروان بەم هەنگاوە دەیەوێت بەخشکەیی کۆمەڵە لەناوبەرێت.. تاد.
بەدرێژایی ساڵی 1978 نەوشیروان هەوڵی بێوچانی دەدا، کادرە سیاسی و عەسکەرییەکان بەگژ سالار عەزیزدا بکات و لە ڕیزەکانی کۆمەڵە پەراوێزی بخات. سالار لە نۆڤەمبەری 1978 لەکاتی شەڕی (مامەندە) گەڕایەوە و پلانەکانی نەوشیروانی هەڵوەشاندنەوە و ناچاری کردن ناوەندی کۆمەڵە بەم شێوەیە پێکبهێنرێت: (نەوشیروان، سالار عەزیز، مەلا بەختیار، ئازاد هەورامی، مامۆستا جەعفەر) . هەر بڕیارێک و هەر هەنگاوێک بۆنی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی لێهاتبایە بەتوندی لێی هەڵدەپرینگاینەوە.
$ئارام مەلا بەختیار$
مەلا بەختیار هەمیشە حەزی کردووە، بە قوتابییەک لە قوتابییەکانی ئارام خۆی بناسێنێت و هەڵگری بیروباوەڕی ئەو بێت. تەنانەت پیش ڕاگەیاندنی (ئاڵای شۆڕش) و پاش ڕاگەیاندنی (ئاڵای شۆڕش) ، ئارام (بەروێنە) ی ئەو ڕێکخراوە بوو کە نەوشیروان لەناو لانکەدا پلیشاندییەوە. ناوی (ئاڵای شۆڕش) ناوی ئەو ڕۆژنامەیە بوو کە ئارام لە قەرەداغ ساڵی 1977 یەک ژمارەی لێدەرکرد.
بیروڕای ئارام، بە ڕێکوپێکی لەلایەن هاوڕێ نزیکەکانییەوە نەنووسراوەتەوە و کاری لەسەر نەکراوە. هەرچی نامە و نووسراویش هەیە، سەرکردەیەک بەڵێنی ئەوەی دابوو کۆیانبکاتەوە و چاپیان بکات. بەڵێنەکە بڵقی سەر ئاو دەرچوو، دیارە هەر بۆ ئەوە بووە لەبن دەستی خۆیدا بێت و نەهێڵێت ڕووناکی ببینێت. ساڵی 1980 من پەڕتووکی (هەڵبژاردەیەک لە نووسینەکانی شەهید ئارام بەرگی یەکەم) م بڵاوکردەوە. بە ئومێدی ئەوەی نامە و نووسینەکانی تریشی بڵاوبکەینەوە، داخی داخانم فریای کۆکردنەوەی هەموو نامەکانی نەکەوتم.
ئەوانەی ئارامیان لە نزیکەوە بینیوە، بەشێکیان دەژین و هەڵوێست و شێوەی بیرکردنەوەی ئارامیان لەبیرماوە. مەلا بەختیار یەکێکە لەوانەی ماوەیەکی ڕێژەیی- زۆر لەگەڵ ئارامدا کاری کردووە و نوکتە و قسە خۆشەکانیشی لەبیرماوە. ئایا ئارام و نەوشیروان هاوهەڵوێست و هاوبیربوون و دوو کەسایەتی هاوشێوە بوون و هەردووکیان وەکوو یەک سەکردایەتی کۆمەڵەیان کردووە؟
پێمخۆشە مەلا بەختیار وەڵامی ئەم پرسیارەشم بداتەوە: ئایا ئارام خەباتی دەکرد لەپێناوی ئەوەی ڕێکخراوی کۆمەڵە بەهێز بکات، یان بیکاتە پاشکۆ و ڕێکخراوێکی دەستەمۆکراوی شکستخواردووی لاواز و پاشان هەڵبوەشێتەوە؟
من حەزدەکەم مەلا بەختیار خاترجەم بێت، بۆچوونی ئارام دەربارەی چارەنووس و گەشەکردنی (ی.ن.ک) زۆر جیاوازە و مام جەلال پڕۆژەی خۆی هەبووە و هەردوو پڕۆژەکەی (ی.ن.ک) و کۆمەڵە تا کۆتایی ساڵی 1977 زۆر لەیەکەوە دوورن.
$دوو تێڕوانینی ناکۆک$
سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین (ی.ن.ک) یەک حزبی سیاسی (هۆمۆگێن) نەبووە، واتە: یەک سەرکردایەتی، یەک ڕێکخراو، یەک هێزی پێشمەرگە و... تاد. سێ ڕێکخراو، یان سێ باڵ، لە نیمچە بەرەیەکدا، لەسەری سەرەوە، یەک ڕێکخراو بوون، لەوان بۆ خوارەوە، کۆمەڵەی مارکسی لینینی کوردستان ئەندێشەی ماو تسی تۆنگ (کملک) و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان (بسک) و هێڵی گشتی، هەریەکەیان ڕێکخستن و هێزی پێشمەرگەی خۆیان هەبوو. هەریەکەیان ئایدیۆلۆژیا و جیهانبینی و بیرکردنەوەیان هەر زۆر جیاواز بوو.
یەکێتی ئەو زەمانە دەیوست و هەوڵێکی زۆری دەدا، گرووپ و تەیار و دەستەدەستەی کەسانی تێکۆشەر لەناو ڕیزەکانی (ی.ن.ک) دا جێگای خۆیان بکەنەوە. ئەم سێ باڵە نەبوونە چوار باڵ! من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارەی خوارەوە بدەمەوە: سێ باڵەکە لەناو یەکێتیدا خۆیان (قەتیس) کرد، یان یەکێتی لەچوارچێوەی ئەو سێ باڵەدا خۆی قەتیس بوو؟
دروشمی قۆناغی (شام) ئەوە بوو: یەکێتی نیمچەبەرەیە و دەبێ گەشەی پێ بدرێت بۆ ئەوەی ببێتە بەرەیەکی نیشتمانیی فراوان. کاک ئارام هەر زۆر بە ڕوونی و ڕاشکاوانە داکۆکی لەو بۆچوونە کردووە، کە (ی.ن.ک) ئێستا نیمچە بەرەیە و نیمچە حیزبە. ئەم نیمچە بەرەیە دەبێ بۆ (بەرەیەکی نیشتمانی) گەشەی پێبدرێت و نابێ ببێتە حیزب.
ئەم بۆچوونەی کاک ئارام لە (بەیاننامەی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#) دا بڵاوکراوەتەوە و لە کۆتاییدا نووسراوە: یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستەی دامەزرێنەر وڵات #01-07-1976#) دەستەی دامەزرێنەری (ی.ن. ک) ی دەرەوەی وڵات ناوەکانیان دیارە. بەڵام دەستەی دامەزرێنەری ناو وڵات ناوەکانیان دیارنییە!
$کاک ئارام لەبەیاننامەکەدا دەنووسێت:$
(یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێئەکۆشێ بۆ کۆکردنەوە و ڕێکخستنی هێزە شۆڕشگێڕە نیشتمانپەروەرە دیموکراتخوازەکان لەچوارچێوەی شێوە بەرەیەکی نیشتمانی دیموکراتیدا، بە جۆرێک کە هەموو هێز و تەییارە پێشکەوتنخواز و نیشتمانپەروەرەکان خەباتیان بەتوندوتۆڵی یەکخەن. واتە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێک نییە و جێی حزبی پێشڕەو ناگرێتەوە، بەڵکوو لەپێناوی یەکگرتنی هێزە نیشتمانپەروەرەکان و لەناوبردنی دەستەگەری و دووبەرەکی درووست بووە) .
ئەم تێگەیشتنەی کاک ئارام بۆ ی.ن.ک لە بەیاننامەیەکدا لە ناوەرٍاستی ئەیلولی 1977 بە ناڕاستەوخۆ بەرپەرچ دراوەتەوە: دەبێ ی.ن.ک بە نیمچە حزب و نیمچە بەرە نەمێنێتەوە، بەڵکوو بکرێتە حزبێکیپێشڕەو!
لە ناوەڕاستی ئەیلولی 1977 سەرکردایەتی (ی. ن. ک) بە عەرەبی بەیانێکی بڵاوکردەوە، لەبن ئەم ناونیشانەدا: (البلاغ الختامي لاجتماعات اللجنة القیادیة للاتحاد الوطني الکوردستاني فی دورتها الأولی) . ئەم بەیانە کۆپلەیەکی تێدایە باسی حزبی پێشڕەو دەکات:
(وقد اتخذت اللجنة قرارات هامة لإعادة تنظيم الاتحاد في جميع أنحاء کوردستان العراق وفق مبادىء الاتحاد السياسية والتنظيمية، وأقرت تشکيل لجان المناطق والمدن والأرياف بصورة مشترکة وموحدة، وقررت تنشيط النضال من أجل الإسراع في ولادة الحزب الطليعي الثورى القادر على قيادة الاتحاد والثورة) .
$دوا مەڵۆی پرسیار بۆ سەر خەرمانی ڕامان$
پاش چل ساڵ لە پێشنیازەکەی مەلا بەخیتار، دەبێ لەخۆمان بپرسین: ئەم پێشنیازە چەند قازانجی بە خەباتی ڕەوای گەلی کوردستان گەیاند؟
ئەگەر ئەم پێشنیازە بۆ مام جەلال نەکرابا، کۆمەڵە ئەڵتەرناتیڤی تری لە بەردەمدا نەبوو؟
بۆ کادرەکانی کۆمەڵە خۆیان بە تەنیا کۆنفراسێکیان نەگرت و پێشنیازەکە لەناو کۆنفرانسەکەدا نەخرایە ڕوو؟
نەوشیروان کرایە سکرتێر و جێگرەوەی ئارام، ئەی بۆ دەسەڵاتەکانی یەک بە یەک پێناسە نەکرا؟ ئەمیش دەسەڵاتی ڕەهای پێ ڕەوا بینرا؟
ئایا کۆمەڵە ئەوەندە لاواز بوو کە نەتوانێت سەرکردەیەک لە ڕیزەکانی خۆیدا بەرهەم بهێنێت؟
ئایا کۆمەڵە، جگە لە پاشکۆبوون، بژاردەی تری نەبوو؟
ئایا مەلا بەختیار ئاگاداری هەڵوێست و بیروبۆچوونی سالار عەزیز بووە کە بەتوندی دژی هاتنی نەوشیروان بووە بۆ ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە؟ ئەوکاتە سالار عەزیز لەدەرەوەی وڵات بووە و هاوڕێکانی و بەتایبەتی مەلا بەختیار چاوەڕوانی هاتنەوەی ئەویان نەکردووە و پێشنیازی خۆی کردووە: سەرکردایەتی بە دەسەڵاتی موتڵەقەوە ڕادەستی نەوشیروان بکرێت، خۆیشی باجێکی قوورسی داو بەسەدان کەسیش بوونە قوربانی... تاد. [1]