$لە ڕۆژی پەڕتووکدا؛ پشکی خوێندنەوەی تاکێکی کورد چەندە؟$
#محەمەد خۆشناو#
#23-04-2021#
یۆنسکۆ ڕۆژی 23ی نیسانی بە ڕۆژی جیهانیی پەڕتووک داناوە، لەو ڕۆژەدا شەیکسپیری مەزن دەمرێت و، هەر لەو ڕۆژەدامیگێل دی سیربانتسی خاوەنی شاکاری نەمری دۆن کیشۆت دەمرێت... پەڕتووک کۆگەی مەعریفەیە و، خوێندنەوەی هەر بۆ خۆرۆشنبیرکردن و بوونیاتنانی مەعریفە نییە، هەروەها بۆ خۆشیش نییە، خوێندنەوە دەرمانێکە بۆ نەخۆشییەکانی دەماخ و دەمار و یادگە، باشترین ڤاکسینە بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەقڵ.
بیرمەندی فەرەنسی جان پۆل سارتەر دەڵێت: واپێدەچێت هەموو ئەوەی لە ژیانمدا دەیزانم، لە پەڕتووکەوە فێری بوومە، لە ڕاپۆرتێکدا خوێندمەوە کە ساڵانە تاکێکی ئەمریکی 11 پەڕتووک دەخوێنێتەوە و، بەریتانییەک حەوت پەڕتووک، لە جیهانی عەرەبیدا ساڵانە 1650 پەڕتووک بڵاودەکرێتەوە، لە ئەمەریکا ساڵانە 85 هەزار پەڕتووک بڵاودەبێتەوە، هەر ملیۆنێک عەرەب 30 پەڕتووکی بەردەکەویت، یەک ملیۆن ئەوروپی 854 پەڕتووکی بەردەکەوێت، دەبێت لە هەر ملیۆنێک کورد لە هەرێمی کوردستان چەند پەڕتووکی بەربکەوێت؟!
لە وتارێکی ئەحمەد ئەلسەرافی نووسەری کوێتیدا هاتووە کە عەلاء ئەلئەسوانی پزیشک و ڕۆماننووسی میسری، کە نووسەری باڵەخانەی یەعقوبیان و شیکاگۆ و چەندان ڕۆمانی بەناوبانگە، سیمینارێکی بەنرخی پێشکێش کرد بە ناونیشانی بێئەدەبی لە میسر- قلة الادب في مصر ، ناونیشانەکە بەپێی ئەو چەمکە باوە، پەیوەست نییە بە بێ ڕەوشتی، بەڵکە بەو زەرەر و زیانە گەورەیەی کە دووچاری عەرەب بووەتەوە، لە پشتگوێخستنی خوێندنەوەی ئەدەبی بەراورد بە جۆرەکانی دیکەی خوێندنەوە.
ئەلئەسوانی دەڵێت: ژمارەکانی یونسکۆ، کە لایەنێکی جیهانییە و، تایبەتە بە کلتوور و هونەر و ئەدەب، دەریخستووە کە پشکی خوێندنەوەی ساڵانەی تاکی عەرەب لە وڵاتانی عەرەبیدا بریتییە لە چارێگە لاپەڕەیەک، ئەگەر بەراورد بکرێت لەگەڵ پشکی تاکی ئەمریکی 11 پەڕتووکە لە ساڵێکدا، ئەدی دەبێت لە هەرێمی کوردستان چەند بێت؟!
تراژیدیای ڕاستەقینە لای ئێمە ئەوەیە کە دۆخی ڕۆشنبیریی کوردستان زۆر خراپە، لەلای ئێمە هۆکاری ئابووری بۆ نەخوێندنەوەی پەڕتووک بوونی نییە، نرخی پەڕتووکێک ناگاتە فنجانێکی قاوە... دۆخی کولتووری کوردی لە دیدی کولتوورییەوە بەرەو لێژبوونەوەیە، لە ڕووی کۆمەلایەتیش زۆر هەژارە، نەوەی ساڵی هەشتاکان و پێش ئەو سەردەمەش، کوردستان خوێنەرێکی زۆری پەڕتووک هەبوو ، پەڕتووک ئەو دەست و ئەو دەستی دەکرد، گۆڤاری وا هەبوو ئەگەر نۆرەت نەگرتبا، بەرت نەدەکەوت و، ڕۆژنامەکانی ئەو ڕۆژانە خوێنەرێکی زۆری هەبوو... ڕژێمی ئەو کاتی هێشتا نەگەیبووە قۆناخی دیکتاتۆری تەواو، بایەخی بە فێربوون دەدا و، نەیدەهێشت پیاوانی ئایینی داوای خوێندنەوەی پەڕتووکە ئایینییەکان بکەن و، لەراستیدا نەیدەهێشت بەشێوەیەکی هەرەمەکی پەڕتووکی ئایینی چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
من لە #هەولێر# و، هەروەها لە #سلێمانی# و شوێنەکانی دیکەش، پرسیارم لە چەندان پەڕتووک فرۆش کردووە سەبارەت ئاستی فرۆشتنی پەڕتووک و کەمیی کڕیار، هەندێکیان ناچار دووکانەکانیان کردووەتە قرتاسیە و، سەندەویچ و ئەو شتانە... لێم پرسیون زیاتر چی دەفرۆشێت؟ گوتوویانە، ئەوەی ڕەواج و کڕیاریان هەیە پەڕتووکی چیرۆکی سێکسی و، ئەو پەڕتووکانەی کە مۆرکێکی ئایینیان هەیە.
لە چەندان پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆ پەڕتووک لە هەولێر و، ئەو پەڕتووک فرۆشانەی سەردانم کردوون، هەندێک ناونیشانم بینی، بزانە ئەمە چ جۆرە پەڕتووکە داخوازییان لەسەرە! ئەمە ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیریی ئەم میللەتەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ئەوسا دەزانین کە حاڵەتەکە چەند کارەساتاوییە! زۆربەی ئەم ناونیشانانە عەرەبین.
- مردووان لە گۆردا و پرسیاری ناو گۆر!
-چارەسەری خودایی بۆ دەستوەشاندنی شەیتان
-بەرلەوەی بچیتە حەمام چی دەڵێیت
- بنەما تەندرووستییەکانی سێکسکردن
- چۆن جنۆکە لە جەستەدا دێتە دەرەوە؟
-چارەسەرکردنی کەسانی تووشبوو بە شەیتان
- ئازارەکانی ناو گۆر
ئەمە جگە لەوە ئەم پێشانگانە، بەهەرەمەکی پەڕتووکی ئایینیی ترسناکی تووندرۆوە ئیسلامییەکانیان هێنابوو کە بە بیروبۆچوونی ژەهراوی ئاودرابوون و قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر کڕینی ئەو پەڕتووکانە بوون، لە ڕۆژی پەڕتووک ئەمە دۆخی خوێندنەوە و پەڕتووکە لە کوردستان، ئەمە جگە لەوەی کە بەداخەوە لە بێجەدوایی نووسین لەلای ئێمە دەیان نووسەر خۆیان دوورخستەوە لە پەڕتووک و دابران کە ئەمەش جێگەی داخە. [1]