$دینداری لە ڕێگەی دەنگی گەورەی بڵندگۆکانەوە$
#محەمەد خۆشناو#
#06-06-2021#
ڕۆژی 23ی مانگی ڕابردوو، عبداللطیف الشیخ-ی وەزیری کاروباری ئیسلامیی سعودیە، بڕیاریدا مایکرۆفۆنی دەنگ لە مزگەوتەکاندا تەنیا بۆ بانگدان و نوێژکردن بێت! بەڵکوو وایکرد کە بەرزکردنەوەی دەنگ تەجاوزی پلەیەکی دیاریکراو نەکات، کە بڕیارەکە دایناوە، بۆ ئەوەی خەڵک بێزار نەکات!
ئەم بڕیارە لە وڵاتێکی موقەدەس لەلایەن موسڵمانانەوە بە پشتبەستن بە هێنانەوەی شەرع دەرچووە، ئەم بڕیارە ڕێزە بۆ عەقڵ، نوێژ، ڕێزە لە قورئان و بانگدان و ڕێزە بۆ مرۆڤ.
ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستمان بە بڕیارێکی لەو شێوەیە، کە پشت بە هەمان شەرعەوە ببەستێت، چونکە ئەو دیاردەی دەنگی بەرز و گەورە لەلای ئێمەش و لە مایکرۆفۆنی مزگەوتەکانی ئێمەشەوە دێن و هەیە، وەرە لەکاتی ڕۆژی هەینی بەناو بازاڕدا بڕۆ، لەبەر تێکقژانی دەنگی مایکرۆفۆنەکان ئاگات لە هیچ نابێت و، دەنگەکان وا تێکەڵاو دەبن، هیچی لێ تێناگەیت و، کەسیش ئەو دەنگانەی کە لە میکرۆفۆنەکانەوە دەردەچن لەیەکدی جیاناکاتەوە، هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت، دینداری لە ڕێگەی بڵندگۆوە بە دەنگی گەورە نییە، نوێژی هەینی بۆ ئەوانەیە کە لە مزگەوتن، نەک بۆ ئەوانەی دەرەوە، ئیمامی نوێژکردن بۆ ئەوانەیە کە لە پشتییەوە نوێژ دەکەن، نەک بۆ ئەو خەڵکانەی کە لە شەقامەکانن!
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت بریتییە لە بوونی دەنگێکی جوان کە دزە بکاتە ناو ڕوح و، ئەزیەتی گوێگر نەدات. هەندێکجار گوێم لێبووە، دەڵێن فڵان مەلای مزگەوت دەنگێکی جوان و ئارامی هەیە و، بانگێکی نەرم و خۆش بۆ دڵ و دەروون ڕادەدێرێت، وەکوو ئەوەی گوێمان لە ئاوازی شمشاڵێکی خۆش بێت، بانگخوازی واش هەیە، دەنگی هێندە ناخۆش و گەورەیە، لە دەنگەکەی هەڵدێیت و گوێی لێڕاناگریت، جاری واش هەیە، لە هەندێک مزگەوتدا مایکرۆفۆنەکانیان بۆ کرێکاری مزگەوتەکە و خۆبەخشەکان جێهێشتووە.
تراژیدیاکە لەوەدایە، کە هەندێک مزگەوت هەر بە بانگدان ناوەستن، بگرە هێندە زێدە شاد و دڵخۆشن بەو مایکرۆفۆنانەوە، بە جۆرێک نوێژێکی تەواو و ڕاستەوخۆ لە هەوا پەخش دەکەن.
دیاردەی دەنگی گەورە هەر لە مایکرۆفۆنەکانەوە نییە، بەڵکوو لەوە فراوانتر، هاوارکردن و قیژاندن بووەتە دراوێکی ئاڵوگۆڕ کە ئاڵوگۆڕی پێوە دەکرێت. جاری وا هەیە لە شوێنێک بەئارامی دانیشتووی، هۆرنێک وەکوو بۆمب بە گوێتدا دەتەقێننەوە، یان لەسەر شۆستەدا دەڕۆی و خەیاڵت ڕۆیشتووە، بە هۆرنی زۆر و گەورەی قەڵسی بووک گواستنەوە بەئاگا دێیتەوە.
ناخۆشترین کاتی بە ژاوەژاو ڕۆژی هەینییە، ئەمەش کاتێک دەنگی مایکرۆفۆنەکان لە مزگەوتەکان لەکاتی نوێژی هەینیدا تێکەڵ بە یەکدی دەبن، ئایا مەبەست لەو ژاوەژاوە وریاکردنەوەی ئادەمیزادە بۆ ڕۆژی قیامەت؟!
بە کوورتییەکەی ئێمە لەوپەڕی سەردەمی ژاوەژاو و هاوارکردندا دەژین. [1]