$شا عەبدوڵڵا$
#محەمەد خۆشناو#
#25-06-2021#
هەرکەسێک کەمێک ئاگای لە مێژووی نزیکی بنەماڵەی شاهانەی ئوردن بێت، سەری سووڕدەمێنێت کە چۆن ئەو خانەوادەیە بەرگەی ئەو هەموو زریان و ڕەشەبایەیان گرتووە و، توانیویانە ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی بپارێزن.
شا حسێنی باوکی، لە بەردەمیدا شا عەبدوڵڵای باپیری، دامەزرێنەری شانشینی ئوردن، لە ڕۆژی هەینی #20-07-1951# لە مزگەوتی ئەقسا لەلایەن فەلەستینییەکەوە کوژرا، هەر ئەو شا حسێنە، بینیی کە چۆن کۆمەڵکوژیی ئامۆزاکەی و خانەوادەکەی لە ئێراق، بە دەستی شۆڕشگێڕانی شۆڕشەکەی عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی 1958 کران و کەس پرسەنامەی بۆ نەنارد، بەڵکوو پیرۆزبایی لە سەربازانی شۆڕش کرا، دوای شکستی عەرەب، لە شەڕی 1967 لەگەڵ ئیسرائیل، ئوردن بووە بارەگای ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەلەستین، ئەمانە لە ئوردن وا مامەڵەیان دەکرد، کە ئەوان دەوڵەتن لەناو دەوڵەتدا و، هەوڵیاندا شا حسێن بڕوخێنن، دوو جاریش لە هەوڵی تیرۆرکردن دەربازی بوو، بەڵام دواجار لێیدان و سوپای ئوردن ئابڵوقەی ئەو شارانەی دا کە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی لێبوو، پاشان چوونە لوبنان، هەر باوکی ئەو شا عەبدوڵڵا، لە چەندان پیلانی شوعیەکان و نەتەوەپەرستەکان و بەعسییەکان ڕزگاری بوو، دوایی لەگەڵ هەموویان پێکهاتەوە و باوەشی بە هەموویانەوە کرد، ئەمەیە ئارامگریی ستراتیجی.
شا عەبدوڵڵا لە باوەشی ئەو ڕووداوە بەئازارانە گەورە بووە و، کە هاتە سەر کۆشکی شاهانە، چاودێران گومانی ئەوەیان لێدەکرد، کە ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت ئیدارەی قەیرانی ئابووریی وڵاتەکەی بکات، بەتایبەتی بەهۆی ئەو میراتەی شەڕی کەنداوی 1990 کە بۆی مایەوە، چونکە وڵاتەکەی پشتی بە نەوتی ئێراق دەبەست بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەکەی، بەڵام توانیی بە سەرکەوتوویی ئەو قۆناخە ببڕێت و، لە دەیەی یەکەمی دەسەڵاتەکەیدا، پێشنیاری چاکسازیی گەورەی ئابووری بۆ ئوردن پێشکەشکرد بۆ وڵاتێک کە (80%) ی خاکەکەی بیابانە و بچووکترین ئابووریی ناوچەکەشە، ئەو وڵاتە شتێکی ئەوتۆی نییە کە پێی ببوژێتەوە، بەڵام شا عەبدوڵڵا دەستیکرد بە بەرنامەی ئازادکردنی ئابوورییەکی بەهێز و، بەرزکردنەوەی ئاستی بژێویی هاووڵاتییان و، توانیی دۆخی ئابووری پێشبخات، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە توانیی وەبەرهێنی بیانی بۆ وڵاتەکەی ڕاکێشێت و، لەگەڵ چاککردنی کۆمپانیا لەنێوان هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتی لە ئوردن، بەمە بنچینەیەکی بۆ ئابووری و کەرتی تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکان دانا و، چەندان ناوچەی ئابووریی تایبەتی دامەزراند و، بەو چاکسازیانە گەشەی ئابووری دوو هێندە کرد و، ڕێککەوتنامەی بازرگانیی ئازاد لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا مۆرکرد و، هەناردەی ئوردنی بۆ ئەمریکا دوو هێندە کرد، ئەمە سیاسەتی درووستی خانەوادەی شاهانەیە، کە بەدوای هەلی ئابووری بۆ وڵاتەکەیان دەگەڕێن، تاوەکوو لەنێو مەنزومەی ئابووریی جیهانیدا لە شوێنی درووستی خۆی دایبنێن، توانیی بە شێوەیەکی ژیرانە چارەسەری ناڕەزایەتییەکان لەسەربەرزبوونەوەی نرخ و بڵاوبوونەوەی بێکاری و دابەزینی ئاستی بژێوی بکات.
لە ساڵی 2019 کۆڕبەندێکی ئابووریی جیهانی لە کۆشکی شا حسێن لە دەریای مردوو سازکرا، کە شا عەبدوڵڵا خۆی کردیەوە، بە هیوای ئەوەی وڵاتەکەی زیاتر ببووژێتەوە، ئەم چالاکییەی ئوردن وەکوو (دافۆسێک) بوو لە ئوردن، کە زیاتر لە 100 لە باشترین کۆمپانیای تازە پێگەیشتوو و داهێنەرەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بەشداربوون، ئەم کۆڕبەندە ئاسۆیەکی نوێ بوو بۆ بووژانەوەی ئابووری و، پەنجەرەیەکی هیوا بوو بۆ نێوەندی گەنج و لاو، کە دەیانەوێت خەونەکانیان لەسەر ئەرزی واقیع بهێننەدی، ئەم دەستپێشخەریەی شا عەبدوڵڵا گوزارشتە لە چیرۆکێک و نموونەیەکی دەگمەن و، مەشخەڵێکە بۆ گفتوگۆ و پەیوەندییەکی وا، کە تروسکایی هیوا دەبەخشێت.
ئەم پادشایە لەنێوخۆ و وڵاتانی دەورووبەر و جیهاندا بەوە ناسراوە، کە سەرکردایەتیی وڵاتەکەی بە شێوازێک دەکات، کە سەقامگیریی وڵاتەکەی پارێزراوبێت، بەوەش ناسراوە کە داوای گفتوگۆی ئایینی بە ئامانجی پێکەوەژیانی ئایینەکان بێ خوێنڕشتن دەکات و، جەنگاوەرێکی سەرسەختی تووندڕۆیی و تووندوتیژییە.
ئەمە ئەو شا عەبدوڵڵایەیە، کە بەڕێزێکی گەورەوە پێشوازیی لە #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد، ئەمە پێشوازی و ڕێزگرتنێکی گەورە بوو، لە کوردستان و خەڵکەکەی. [1]