$بۆ پارتی و یەکێتی.. ئەگەر یاری دەکەن جوان بیکەن$
#محەمەد ڕەئوف محەمەد#
#03-11-2019#
$دەمەوێت قسەی دڵی زۆربەی خەڵکی کوردستانتان بۆبکەم و بەئەمانەتەوە لێم وەرگرن، خەڵکی ئەم هەرێمە دەستی لەسەر دڵییەتی و لەدڵەڕاوکێدا دەژی بەهۆی ئەم قەیرانە فرەڕەهەندەی ئێراقەوە.$
هەرهەمووی لەیەکدی دەپرسێت ، ئەرێ ئەم دۆخە بۆکوێ و بەرەوچی دەڕوات؟ کێی لە پشتە؟ ئاییندەی ئێمە چی بەسەردێت؟ ئەگەر بەغدا تێکبچێت و شەڕی ناوخۆی شیعە درووستببێت، مەعاش و خۆراک و پێداویستی لەکوێوە دێت؟ ئایا هەرێم ڕاپێچی ئەوشەڕە دەکرێت یان نا؟ ئایا تێکچوونی بەغدا دەبێتە فرسەت بۆ کورد یان دەکرێتە ئاگر بۆ نێوماڵی کوردی و لێکترازان؟.
بەڕێزان ئەم پرس و پرسیارانە کۆی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێوەی سەرقاڵن و تەنیا ئێوەش بەرپرسیارن لەوەڵامدانەوەی پرسیارەکان، ئەویش بەهەڵوێست و ڕەفتار و کردار نەک بەقسە و لێدوان.
ئێوە چەند ڕۆژێکە دەستانکردووە بە یەکتر تۆمەتبارکردن و خەڵکیش زیاتر دەترسێت کە بەئاقاری خراپدا بڕوات، منیش دەڵێم ئەگەر یاریدەکەن یارییەکی جوان بکەن و مەهێڵن بەهیچ جۆرێک هەرێم لەهیچ ئاستێکدا ببێتە بەشێک لەشەڕ و قەیرانی بەغدا، ئەگەرچی پشتگیری داوای ڕەوای خەڵکی مافخوراوی ئێراقیش ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسییە.
بەکارهێنانی کوردستان وەک ناوچەی ئارامی ئێراق وەک سەردەمی شەڕی تایفی، سیاسەتێکی زۆر سەرکەوتوانەیە و دەکرێت دەستکەوتی گەورە بەدەست بێنین لە هەموو ڕوویەکەوە، بەڵام خوانەخواستە ئەگەر ئەم گلەیی و بناشت و شەڕە تۆمەتە یاری نەبێت و بەڕاستتان بێت ئەوە دڵنیابن دۆخەکە ئەوەندە ناسکە ئێمە وەک هەرێم بەرگەی ناگرین و دەزگا و دووکانمان خراپی بەسەردێت.
بۆیە زۆر پێویستە کەڵک لەهەلومەرجەکە وەرگرین و لەبری شەڕە گلەیی، پێکەوە لەسەر ستراتیجێک کاربکەن بۆ کەڵک وەرگرتن، یارییەکی جوان بکەن بۆگۆڵێکی زێڕین لەکاتێکی ناسک و یەکلاکەرەوەدا، لەم کاتەناسکەدا هەرقەیرانێک ڕووبکاتە هەرێم بە پلەی یەک ڕوودەکاتە هەردووڵاتان پاشان پشکدارانی حکومەت، جگەلەوەش دەبێت ئەولایەنانەش کە بەشدارنین لە حکومەت باش درکی ئەوەبکەن کە لەکاتی ئەگەری شەڕ و تێکچوونی ئاساییشی کۆمەڵایەتی تەنیا دەسەڵات و حکومەت بەرپرسیار نییە، چونکە یەکێک لەسەرەکیترین ئامانج و ئەرکەکانی هێز و حیزبی سیاسی لادانی وڵاتە لەشەڕ و ئاشوب و ناسەقامگیری.
بۆیە لە کۆتاییدا دەڵێم ئەم دۆخەی بەغدا لەوانەیە فرسەتێکی باشی تێدا بێت، دانیشن بزانن فرسەتەکە لەکوێدایە و چۆن دەتوانن سوودی لێوەرگرن. سومعەی هرێمیشی پێ بەرزکەنەوەو هاووڵاتییانیش لەدڵەڕاوکێدا مەهێڵنەوەو هێزەکانی دیکەش بەشدارکەن، چونکە ئەم جۆرە چارەنووسانە وەک پرسی نیشتمانی گشتگیر و ئاییندەدارن. [1]