$دیبەیتی سیکولاریزم و ئیسلامگەرایی ئەرکێکی دیموکراسی، نەک دوژمنایەتی$
#مەلا بەختیار#
#04-04-2016#
بڕیارە #10-04-2016#، لەهۆڵی تەوار، کاتژمێر 4 ی دوای نیوەڕۆ، لەلایەن سەنتەری (خانەی زانستە مرۆییەکانی پاریس) دیبەیتێک لەنێوان بەندەو بەڕێز عەلی باپیردا ڕێکبخرێت. هەفتەیەکە مشتومڕی خستۆتە ناو ناوەندی سیاسی و ڕووناکبیری. تەلەڤزیۆنەکان، بەسوپاسەوە، داوای گواستنەوەی ڕاستەوخۆی دیبەیتەکە دەکەن. تەلەڤزیۆنی ڕووداو سپۆنسەرێکی شیاوی پێشکەش کردو، پەیمان بەستراوە کە بە ئاستێکی بەرز، دیبەیتەکە پەخش بکەن.
دیبەیت، یان بۆڵتین (مناظرة- ڕوانگەگەری) دیاردەیەکی دیموکراسی بەرزە. لەپەنجاکانەوە یەکەمینجار کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، بۆ کاندیدەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئەم نەریتە ئازادەیان داهێنا. لەوساوە تا ئێستا لەرۆژئاوا، بۆ کاندیدەکانی سەرۆکایەتی، دیبەیت باوە. بێگومان، بوارەکانی تری سیاسی و فەلسەفی و ڕووناکبیریشی گرتۆتەوە. تەنانەت لەنێوان زانا پایەبەرزەکانی زانست و ئایینیشدا.
لە کوردستاندا، یەکەمین دیبەیت، لەژێر ناونیشانی (دیموکراسی و پێکەوەژیانی سیاسییانە) ئێمە لەهۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانیدا لەگەڵ بەڕێز (تاهیر حەسەن- حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری) سەبارەت بە (دیموکراسی و سۆسیالیزم و پەیوەندی سۆسیالیزم و دیموکراسی) ڕێکمانخست. لەسەر ئەم دیبەیتە، ئەوکاتە، پێش دەستپێکردنی، قسەو قسەڵۆک وروژا. چەندین جۆر پەیام و تانەو تەشەر، بڵاوکرایەوە. چوار کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دیبەیتەکە، هۆڵی ڕۆشنبیری جمەی دەهات. سەرەڕای ناکۆکییەکی قوڵی فەلسەفی نێوانمان، دیبەیتەکە زۆر بەئارامیی بەڕێوەچوو. بەپێوەرەکانی ئەو هەلومەرجەش، سەرکەوتوو بوو. یەکەمین کۆڕی سیاسیش، لە (#20-08-1991#) بە ناونیشانی (راپەڕین و هۆیەکانی شکستی ڕاپەڕین) هەر ئێمە لە شەقڵاوە، ڕێکمانخست. لەسەر ئەم کۆڕەش هاوڕێیانی (ئاڵای شۆڕش) زۆر دەترسان، کێشە بنرێتەوە. نوێنەری هەموو حزبەکان لەمپەڕی چەپ بۆ ئەوپەڕی ڕاست هاتبوون، کەچی مشتومڕێکی دیموکراسی ئارام وروژا، و بوو بە مایەی چارەسەرکردنی هەندێ کێشەش. هاوینی (1997) یش دیبەیتێکی ترمان لەنێوان بەڕێزان (بەهادین نووری) و (محەمەد بازیانی) و خۆمان ڕێکخست. ئەم دیبەیتەش، بیروبۆچونەکانی نزیکخستەوە، نەک ناکۆکیەکان قوڵتر بکات. لەتەلەڤزیۆنی گەلی کوردستانیشدا یەکەمین ڕوبەروبوونەوەو ، یەکەمین بەرنامە کە ڕاستەوخۆ بەتەلەفۆن پرسیار دەکرا، ساڵی (1996) ڕێکمانخست.
ئەم دیبەیتەش، درێژەپێدەری ئەو ڕەوتە دیموکراسیەیە، کەلەدوای ڕاپەڕینەوە، بە قۆناغ لەپەرەسەندندایە. ئێستا، خۆشبەختانە، هەموو کەناڵەکانی تەلەڤزیۆن، ڕۆژانە خەریکی دیبەیتن. سوودێکی باشیش دەگەیەنن. گەرچی، هەندێک بەرنامەی تەلەڤزیۆنی هەیە، میوانەکانیان، ویژدان دەخەنە فرێزەرو ئینجا دەچنە بەردەم کامێرا، ئیتر ئەوەی بەدەمیاندا دێت نایگێڕنەوە. ئەمەش بە ڕەخنەی سیاسی و قارەمانێتی دەزانن. ڕەخنەیەک کە بە یاسا کەسی لەسەر ناگیرێت. بەبێ ئەوەی گوێ بدەنە ئەوەی وتن و نووسین، بەرپرسیارێتییە.
هەتا ئێستا، لەکەناڵەکان، یان لەناو هۆڵەکان، لەنێوان دوو کەسایەتی دیار و کاریگەریی دوو حزبدا، نە لە هەڵبژاردنەکان و نە لەدوای هەڵبژاردنیش، دیبەیت نەکراوە. بە نووسین هەیە، بەڵام دیبەیت، یان بۆڵتین، لەنێوان دوو کەسایەتی دیار، نییە. ئێمە چەند جارێک، دوای جیابوونەوەی گۆڕان، لە ڕێکخەری گشتی گۆڕانمان داواکرد، دیبەیت بکەین، ئامادە نەبوو. تەنانەت بەڕێز. (هۆمەر شێخ موس) ئامادە بوو دیبەتی ئێمەو ڕێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان، بەڕێوە ببات، هەر سوودی نەبوو. هەروەها پەیاممان بۆ سەرکردەی هەندێک لە حزبەکانی تریش نارد، دوای ڕووداوەکانی 17ی شوبات لەسەر دۆخی کوردستان و ناوچەکە، ڕوبەرو ببینەوە، نەسازا.
دیبەیتی (#10-04-2016#) بەدەستپێشخەری (خانەی زانستە مرۆییەکانی پاریس) و پەسەندی بەڕێزان (میشێل ڤیڤیۆرکا) و (عادل باخەوان) مانگێک لەمەوبەر، پێشنیار کرا. کە لەنێوان ئێمەو بەڕێز (عەلی باپیر) دا ئەنجام بدرێت. هەردوکمان، قبووڵمان کرد. ئەمەش خۆی لەخۆیدا، دەیسەلمێنێ کە پەیوەندی نێوان هێزێکی سیکولاری دیموکراتی وەکوو یەکێتی و هێزێکی ئیسلامگەرای وەکوو کۆمەڵی ئیسلامی، لەئاستێکدایە، ئاساییە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی و لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دیبەیتێکی وا بکەن.هەڵبەتە، ئەم جۆرە دیبەیتەش لەم هەلومەرجەدا، زادەی تێگەیشتنی چۆنێتی ساغکردنەوەی ناکۆکیە فەلسەفی و سیاسییەکانیشە، لەسایەی ئەزموونی دیموکراسی کوردستاندا.
لەم ڕۆژانەدا، بیرورای جیاواز لەسەر دیبەیتەکە دەنووسرێت و دەبیسترێت. هەریەکە لەئاستی تێگەیشتنی خۆیەوە دەڕوانێتە ئەم جۆرە ململانێ فەلسەفییانە. هەیە لە دەربڕینی بۆچوندا، ئاستی زۆر نزمە. هەشە پەرۆشەو بەتێگەیشتنێکی مەدەنیانەوە بیرورا دەردەبرێت. تێگەیشتن لەچۆنێتی ڕاپەڕاندنی ئەم جۆرە ئەرکە دیموکراسییانە، بۆ کولتوری سیاسی گەلانی وەکوو ئێمە، ئاسان نییە. نەخوازەڵڵا بۆ فەریکە سیاسی و سیاسیە قارەمانەکانی فەیسبووک!
هەن پێیانوایە، مادام قەیران هەیە و، مادام تەنگوچەڵەمەی مووچە هەیە و، مادام شەهید دەبەخشرێت، کەی وەختی دیبەیتە؟! هەشە پێیوایە هەلومەرجەکە یارمەتیدەر نییە. ئەم قسانە لایەنی جۆراوجۆری باسەکەن. بەڵام ئەوەی پێویستە بزانرێ، ئەوەیە کە دەربڕینی بیروڕای جیاواز، بە نووسین، یان لە پەخشی تەلەڤزیۆنیدا، یان لەناو هۆڵەکاندا، لە هەموو ئان و کاتێکدا، گرنگە. تەنانەت لە قوڵترین قەیران و کێشەی سیاسیشدا. بۆ ئەوەی بیروڕا جیاوازەکان، سەرەنجامی مشتوماڵکردنیان لەناو ڕای گشتی، ساغبکرێنەوە، بۆ چۆنێتی چارەسەرەکان.
پڕۆژەی دەستووری کوردستانیش، هەروەها، دەسەڵاتە یاساییەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، لە کێشە بنەڕەتییەکانی ئێستای کوردستانە. تەنانەت بە کێشەی پەڕڵەمانی هەڵپەسێردراویشمانەوە. لەباری بنچینەی دەستوور و سیکولاریزم و شەریعەتەوە، دەمێکە قسەی زۆر لەئارا هەن. یەکەمین کۆڕی سیکولار بە ناونیشانی (عەلمانییەت و سەلەفیەت و ئاییندەی دیموکراسی) لە (#19-01-1994#) بەشی ڕووناکبیری و هۆشیاری مەڵبەندی ڕێکخستنی سلێمانی ڕێکیانخست، ئێمە بەستمان و لەو هەلومەرجەدا، فتوای تیرۆرکردنیان دەرکردین. سێ جار هەوڵی تیرۆرکردنیان داین. جارێکیان لە (#25-10-2005#) دوو خۆکوژ دوو سەیارەیان لەگردی سەرچنار پیا تەقاندین.
چەندین جۆر شەڕو کێشەی زیانبەخش ڕویاندا. بەڵام سەرەنجام، تەواوی لایەنەکان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی، دەبێ ڕێکبکەوین. دەبێ پێکەوە ئەرکەکان ڕاپەڕێنین. دەشبێ دەسەڵاتەکانی کوردستان و ئەزموونەکە، بەهەموومان بپارێزین.
زیاتر لە (18) ساڵە، بەرەبەرە ئارامیی سیاسی و عەسکەری باڵی بەسەر دۆخی کوردستاندا، کێشاوە. ئەم ئارامییەش، ئازادییەکی زیاتری بەدیهێناوە. کەوابێ: دیبەیتی بەندەو بەڕێز (عەلی باپیر) پێویستە لەم ڕوانگەیەوە سەیر بکرێت، نەک گومانی بخرێتە سەر.
خۆم بەئەرک و خزمەتی دیموکراسی دەزانم، لەم جۆرە بەرنامەدا، ئەم ڕاستیدانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرم:
- پایەی ئەزموونە دیموکراسیەکەمان، لەبەرچاوی دەوڵەتان و دۆستان و ڕای گشتی گەلەکەمان، جوانتر دەربخەین.
- تاقیکردنەوەیەکی مەدەنی مۆدێرن، باشتر بخەینە خزمەتی پەرەپێدانی ئازادییەکانەوە.
- جەماوەری هەردوو بەرەی عەلمانی و ئیسلامگەرا، ئاسوودە بکەین بەوەی ئەم دوو ئاڕاستە فەلسەفیە، دەتوانین ناکۆکی و بۆچون و ململانێکانمان، بخەینە خزمەتی پێکەوە خەباتی سیاسی و تێکۆشانی شارستانی.
- ئەم جۆرە دیبەیتە، هێندەی پەیوەندی بە فەلسەفەو ئایدیۆلۆژیەتی جیاوازەوە، هەیە، کەمتر پەیوەندی بە دیدی شەخسییەوە هەیە.
بۆیە، هەموو جۆرە نیگەرانییەک، بۆ چۆنێتی ئەنجامدانی دیبەیتەکە، لەروی پرەنسیپ و ئاکاری سیاسی و بیروباوەڕەوە، بەڵکوو بۆ ڕێزی شەخسیش، ڕەتدەکەمەوە. بەدڵنیاییەوە، دیبەیتەکە مەڵۆیەک دەبێت بۆ بەرزکردنەوەی خەرمانی دیموکراسی. بەهیوام، دوای دیبەیتەکە، سەرەڕای بوونی جیاوازییەکان، باشتر ڕون بوونی ڕاستییەکان، ئامادەبوانی ناو هۆڵەکەو بینەرانی کەناڵەکان، بڵێین: خەرمانی دیموکراسی بەرەکەت. دەمێنێتەوە بڵێم، من چەندین پەڕتووکی خۆم، دێنمە هۆڵەکەو لە کۆتایی دیبەیتەکە پێشکەشی مامۆستا عەلی باپیری دەکەم. چاوەڕوانم بەڕێزیشیان چەند پەڕتووکێکی خۆیانم بۆ بێنن. [1]