$هەڵبژاردنی تورکیا؛ جیانەبوونەوە، تانە، پیرۆزبایی$
#مەلا بەختیار#
#26-06-2018#
تورکیا دوای کێشمەکێشێکی بێئەندازە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەڕڵەمانی کرد، نە ئاکەپە و ئەردۆغان بەکامی دڵ سەرکەوتن، نە دژەکانیشیان، هاوکێشەکانیان گۆڕی. سەرەنجامی ئەنجامەکان، ئەمەی خوارەوەی لێکەوتووەتەوە:
$یەکەم:$ ئاکەپە کێشەی هەناویان، لە هی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی ئێراق زۆرتر بوو، کەچی نە (عەبدوڵڵا گوڵ) ی سەرۆکی پێشوی تورکیا و نە (داود ئۆغڵو) ی سەرۆکوەزیران، لیستیان جیانەکردەوە و حیزبیان دانەمەزراند. بۆ؟ چونکە تێگەیشتبوون، بە جیابوونەوەیان نەیارەکانیان سەردەکەون. هەستی قوڵی بەرپرسیارێتی ئاوهایە!
$دووەم:$ هەدەپە زیاتر لە 12 هەزار سەرکردە و ئەندامی لە زینداندایە، کەچی هەشت کورسی زیاتری لەهەڵبژاردنی پێشوو هێناوە. بەڵکوو سەڵاحەدین دەمیرتاش جگە لە شاری بتلیس لەشارەکانی باکوور، لە ئەردۆغان زیاتر دەنگی هێناوه، ئەمە لەکاتێکدا سەرۆکی تورکیا، تەواوی ڕاگەیاندنەکان و توانای دارایی حیزبەکەی لەخزمەتیدا بوون. کەچی 22 کورسی دابەزین، دەمیرتاشیش زیندانی و تەنیا بە پەیامی توویتەر، بەشداریکرد.
$سێیەم:$ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، سەرەڕای تانەلێدان لە پڕۆسەکە، لەلایەن هەموو لایەکەوە قبووڵ کرا و تەنانەت پیرۆزباییش لەسەر نوێ هەڵبژاردنەوەی سەرۆکی تورکیا کرا.
$لە کۆتاییشدا:$ نەخشەی سیاسی تورکیا، بۆ لەمەودوا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت. دەرکەوت: نە خەباتی چەکداری دەتوانێ ئامانجە ستراتیژیەکانی نەتەوەیەکی ژێردەستە بەدەستبهێنێت. نە حکومەتیش دەتوانێ خەباتی مەدەنی گەلێکی ئازادیخواز تێکبشکێنێ. تاقە ڕێگە، دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتی و ئاشتەواییە، بەدڵنیاییەوە هەموولایەک، پێویستە هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتەکانی لەمەوبەری هەبێت.
چارەسەری کێشە سیاسییە بنچینەییەکانیش مەحەکی گۆڕانکارییە گەورەکانن.. نەک پێچەوانەکانیان! [1]