جەنابی سەرۆک ماکرۆن
ڕای گشتیی فەرەنسای ئازادیخواز
هەفتەیەکە، لەسەر لێدوانێکی سەرۆک ماکرۆن و بڵاوکردنەوەی کاریکاتێرێکی ناشایستە لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، تەواوی هێزە ئیسلامگەراکان، لەگەڵیاندا بەشێکی بێشووماری باوەڕدارانی ئیسلامی، ناڕەزاییەکی بێڕادە دەردەبڕن. خەریکە وای لێدێ، لەسەر ئاستی جیهان، بەرەی ئیسلامی و بەرەی دیموکراسی، بکەونە دژایەتیی یەکتر.
$بەڕێزینە!$
وەکو پلاتفۆڕمی دابڕان کە 5 ساڵە دامەزراوە و چوار کۆنفرانسی بەستووە. فەلسەفەی ڕۆشنگەری و سیکۆلارمان ئاشکرا ڕاگەیاندووە و دوژمنایەتییەکی زۆریش کراوین، بەڵام کۆڵمان نەداوە. وردەوردە سەلماندمان کە دیموکراسی و سیکۆلاریزم، نەک دژی ئایینەکان نین، بەڵکوو باشترین سیستەمن بۆ ئازادیی ئایینەکان. دەستووری (1905)ی فەرەنساش، هەمان ئازادیی بۆ ئایینەکان دەستەبەر کردووە.
لەم یاداشتەدا دەمانەوێ، جەخت بکەینەوە کە پلاتفۆڕمی دابڕان، هاوکات تەواوی ئەوانەی ئازادیی ڕاستەقینەی فەلسەفە و ئایینەکان ئامانجیانە، بێ پەردە پشتیووانیی سیستەمی دیموکراسی و سیکۆلاریستی فەرەنسا دەکەین. ئەمە جگە لەوەی فەرەنسا، لە سەردەمی سەرۆک میتران و دانیالی خانمی یەکەمی پێشووتری فەرەنساوە، لەکاتێکدا کوردستان کیمیاباران کرا، زۆربەی حکومەتە عەرەبییە ئیسلامییەکان، بەتایبەتی حکومەتەکانی کەنداو (سعودیە، بەحرەین، قەتەر، ئیمارات، کوەیت) هەروەها کۆنگرەی وڵاتانی ئیسلامی پشتیووانیی ڕژێمی سەدامیان دەکرد.. دەیان ملیار دۆلاریان پێ دەبەخشی و تەکنەلۆژیای جەنگی پێ دەکڕی و دژی کوردستان لە ساڵی (1976) ەوە هەتا داگیرکردنی کوەیت (1990) بەکاریدەهێنان. پاشان دژی ئێرانیش بەکارهێنران. وڵاتی کوەیتیشی پێ وێران و تاڵان کرا، لەو دۆخە کارەساتبارانەدا، فەرەنسا یەکەمین وڵات بوو، دژی سیاسەتی جینۆسایدی بەعس هەڵوێستی دەربڕی. یەکەمین وڵاتیش بوو، کۆنگرەی مافی مرۆڤ بە سەرپەرشتی خاتوو (دانیال میتران) لە پاریسدا لە سەردەمی ئەنفالی کوردستان و تێکشکانی خەباتی چەکداریدا (1989) سازدا. هەر لەو کۆنگرەیەدا، لەسەر سووربوونی سەرۆک #مام جەلال# و وەفدی بەرەی کوردستانی، وەفدی ئێراق بە سەرۆکایەتیی بەهادین ئەحمەد سەرۆکی مەجلیسی تەشریعی - بەعس، کرانە دەرەوە، ئەمە جگە لەوەی ساڵی (1994) سەرۆک میتران هەوڵیدا کورد یەکبخات و کێشەی سەربەخۆیی کوردستانیش بخاتە بەردەم ئەنجوومەنی ئاساییش، بەڵام بڕیارە نهێنییەکان گەیەنرایە دەوڵەتی تورکیا و تێکدرا!
لەکاتی ڕیفراندۆمیشدا.. سەرۆک ماکرۆن، یەکەمین سەرۆکی جیهان بوو، پێشوازیی لە سەرۆکی حکومەتی کوردستان و جێگرەکەی کرد و گەمارۆی ناڕەوای دیپلۆماسیی لەسەر هەرێمی کوردستان کە بەهۆی ڕیفراندۆمەوە سەپێنرابوو، هەڵگرت. لەو دۆخەشدا، وڵاتانی ئیسلامی و هێزە ئیسلامییەکانی جیهان، بەرانبەر گەمارۆدانی کوردستان تاوانی بێدەنگییان هەڵبژارد.
ئێستا مامۆستایەکی فەرەنسی، کە بەبێ پرسی حکومەتی فەرەنسا، کاریکاتێرێکی ناشایستەی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام بڵاوکردووەتەوە. سەرئەنجام دڕندەیەکی موسڵمانی چیچانی، سەریبڕیوە، لەبری ئەوەی دونیا دژی ئەم تاوانە ڕابپەڕێ، کەچی هێزە ئیسلامییەکان و سەدان هەزار موسڵمان، دەنگی ناڕەزاییان دژی سەرۆکی فەرەنسا بەرزکردووەتەوە.. تەنیا لەبەرئەوەی فەرموویەتی: ئیسلام لە کێشەدایە. ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵەهایە بیرمەندانی عەرەب و ئیسلامی، زیاتریان لەسەر کێشەی ئیسلام فەرمووە.
دیارە، لەم دێڕەدا، سەرۆک ماکرۆن وەکوو لووتکەی دەسەڵاتی فەرەنسا، گوتبای جیهانی ئیسلام، یان دەسەڵاتەکانی ئیسلام لە کێشەدایە، باشتر بوو. چونکە، ئایینی ئیسلام.. وەکوو ئایین، لە چۆنێتی پەیڕەوکردن، حکومڕانی، لێکدانەوەی مەزهەبی، تەریقەت و زاناکانیدا، لێکەوتەی چەشناوچەشنی هەیە. هەر بۆیە لایەنە سیاسییەکان و مەزهەبەکان و تەریقەت و حکومەتەکانیش، سیستەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و ژینگەی ئیسلامی ناکۆکیان هەیە. کەچی یەک خودا و یەک قورئان و یەک پێغەمبەریشیان هەیە. بەڕێزینە!
تەواوی حکومەتە ئیسلامی و لایەنەکان و زانایانی ئیسلامی، بە خۆیان ڕەوا دەبینن، لەناو جیهانی ئیسلامیدا.. لێکدانەوەی جیاوازیان هەبێت. دەسەڵاتی جیاواز بسەپێنن. لە دێرزەمانەوە مەزهەبی جیاواز پەیڕەو بکەن. شەرع و شەریعەتی جیاواز بکەنە دەستوور.. دژی یەک بن. شەڕی یەکتر بکەن. خوێنی موسڵمانان بڕێژن، کەچی ئەگەر سەرۆک ماکرۆن یان هەر سەرۆکێکی تری ڕۆژاوا، ڕەخنەیەکیان لێبگرێت.. کاردانەوەی تووندیان دەبێت. ئەمە لەکاتێکدا لە مێژووی ئیسلامدا، دەیان بیرمەندی وەکوو ئیبن عەرەبی، ئیبن ڕوشد، ئیبن سینا هەن کە زۆر لە دۆگماکانی جیهانی ئیسلام، بە ئەقڵێکی کراوەتر سەیری ئیسلامیان کردووە.
$جەنابی سەرۆک ماکرۆن!$
$ئازادیخوازانی فەرەنسا!$
تکایە، لە سیستەمی مۆدێرنێتەی خۆتانەوە، کە ڕەگوڕیشەکەی بۆ سەردەمی ڕێنیسانسی ئیتاڵیا و، ڕیفۆرمی ئایینی ئەڵمانیا و ڕۆشنگەریی فەرەنسا دەگەڕێتەوە، سەیری ئیسلام و جیهانی ئیسلام و نەریتی ئیسلامی مەکەن. هێشتا ئەو گۆڕانکارییە دیموکراسی و ئازادییەی ڕۆژاوا، هێشتا ئەو ئەقڵە کراوەیە بەئازادی ڕەخنەگرتن لە پێغەمبەرانی کریستیان و جوولەکە، یان نووسینی ڕۆمان و دەرهێنانی فیلمی سینەما لەسەریان، بە درووستکردنی کاریکاتێریش، زۆر دوورە لە جیهانی ئیسلام و لە سیستەمی بیرکردنەوەی ڕای گشتیی موسڵمانان. بۆیە، کاتێک کاریکاتێر لەسەر پێغەمبەر بکرێت. ئەم جۆرە ڕەفتارە، نەک بۆ فەرەنسا و ڕۆژاوا، بەڵکوو بۆ هەستی ئازادیخواز و مەدەنیخوازانی وڵاتانی ئیسلامیش زیانی هەیە، ئەمە جگە لەوەی فەلسەفەی ئازادی، ڕێگە نادا، پێشێلی پیرۆزییەکانی مرۆڤی ئیماندار بکرێت.
$بەڕێزان!$
لەکاتێکدا ئێمە خۆمان لە بەرەی دیموکرات و سیکۆلار و مەدەنییەکانی جیهان دەبینین، لە هەمان کاتدا، ئومێدەوارین، ئەم کێشەیە، بە حیکمەتی سەرۆک ماکرۆن و ئاقڵمەندە گەورەکانی فەرەنسا، چارەسەربکرێت. هەستی بریندارکراوی موسڵمانانیش، ساڕێژ بکرێت. هەروەها ئەرکی تەواوی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانە، دژی ئیسلامگەرا تووندڕەوەکان بن، کە فاشستانە، سەری مامۆستایەک دەبڕن. بەردەوامیشن لەسەر ئەم تاوانانە، بەڵام شانازییە بۆ سەروەری یاسا و ئازادیی فەرەنسا، تاوانبارەکان لەکاتی کوشتن و ڕەشەکوژیدا دەگرن.. کەچی ڕووبەڕووی دادگایان دەکەنەوە.. بەڵام لە کوردستان و لە هەر شوێنێک #داعش#، یان تاڵیبان، یان بەرەی نووسرە، یاخود ئەحرار شام، یان بۆکۆ حەرام، هاووڵاتی بە دیل بگرن، یەکسەر دەیکوژن.
بەداخەوە، هەزاران تاوانی تووندڕەوەکان، کە دژی ئایینی ئیسلامە و سەدان هەزار کەسیشیان کردە قوربانی، لای ئیسلامییەکان بە شەرمنانە ڕەخنەی لێ دەگیرێت. کەچی قسەیەکی سەرۆک ماکرۆن.. بە هەل زانرا، کێشە سیاسییەکانی ئیسلامییەکان خەفە بکەن و لە دژی ئازادییەکانی فەرەنسا، ناکۆکیەکانیان بخەنە لاوە!
لەگەڵ هیوای چارەسەری دووربینانەی ئەم کێشەیە.. لەلایەن سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسای پشتیووانی کوردستانەوە.
ڕێزمان دووبارە دەکەینەوە.
#مەلا بەختیار#
سەرپەرشتیاری پلاتفۆرمی دابڕان
29/10/2020
کوردستان - #سلێمانی# [1]