ناونیشانی بابەت: ژیری و شێتی
ئامادەکردن: #شەمال محەمەد محەمەدئەمین#
سەرۆک بە پەشۆکاوی لە خەو هەڵسا، خێرا بانگی ڕاوێژکارەکەی کرد...
خەونم بینیوە، ئەمڕۆ چاودێریی ڕووبارەکە بکەن، بزانن کێ ئاوی لێ دەخواتەوە.
ڕاوێژکار: قوربان ژیانی خەڵکی لادێ لەسەر ڕووبارەکەمانە، خۆت دەزانی ڕووبارەکەمان تاکە سەرچاوەی ئاوە!
سەرۆک: ئەوەی پێم گوتن جێبەجێی بکەن.
ئێوارە ڕاوێژکار هاتەوە و هەواڵی ئەوەی پێدا کە خەڵکی لادێ هەمووی لە ئاوی ڕووبارەکەیان خواردووەتەوە.
سەرۆک: کارەساتە.... خوایە بمانپارێزی... بەڕاستی تووشی بەڵا بوین...
ڕاوێژکار: چی ڕوویداوە قوربان؟
سەرۆک: دوێنێ شەو لە خەوما مارێکی گەورەم بینی لە ئاسمان دابەزی و ژەهری کردە ناو ئاوی ڕووبارەکەمان و پاشان دەنگێک پێی گوتم کە هەرکەسێک لەم ئاوە بخواتەوە شێت دەبێ...
ڕاوێژکار: باشە بۆچی هەر زوو خواردنەوەی ئاوی ڕووبارت قەدەغە نەکرد؟
سەرۆک: ئاو قەدەغە بکەم؟ ئاخر خەڵکی بێ ئاو چۆن بژین؟ پاشان ناڵێن سەرۆکمان شێت بوە! ئەی ئەگەر توڕەبوون و تەخت و تاراجیان هەڵتەکاندین؟
ڕاوێژکار: قوربان خەمی توڕەبوونی ئەوانت نەبێ، لەوە خراپترمان بەسەرهێناون و دەنگیان نەکردووە!
سەرۆک بە توڕەییەوە: ئەو قسانە چییە دەیکەی؟ کەی ئێمە خراپەمان لەگەڵ خەڵکی خۆمان کردووە؟ ئەوە تۆش لە ئاوی ڕووبارەکەت خواردووەتەوە؟!
ڕاوێژکار بە ترسەوە: نا قوربان ببورە، مەبەستم ئەوەیە کە خەڵکی بەڵا و تۆفان و کارەساتی زۆری بەسەر هاتووە و بەرگەی هەمووشت دەگرێ!
سەرۆک: دڵنیام تۆش و هەموو خەڵکی لادێ تووشی شێتی بوون، ئێستا نازانم چیبکەم! چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شێتە ژیان بکەم!
ڕاوێژکار: قوربان تۆش لە ئاوەکە بخۆوە چونکە تەنیا دوو مرۆی ژیر لەناو کۆمەڵێک شێت هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە..
سەرۆک: چۆن؟!
ڕاوێژکار: قوربان لای ئەوان تەنیا من و تۆ شێتین، چونکە تەنیا من و تۆ لە ئاوەکەمان نەخواردووەتەوە!
سەرۆک: چۆن قسەی وا دەکەی ئاخر ئەوان شێتن!
ڕاوێژکار: قوربان ئاخر شێت هەست بە شێتیی خۆی ناکات..!
سەرۆک: نەخێر ، تەنیا من ژیرم و دەزانم تۆش وەک ئەوان شێتی، پاسەوان... وەرن ئەم شێتە بخەنە بەندیخانە...
کاتێک چارەنووس و ئاییندەی گەلێک دەکەوێتە دەست شێتێک کە ئاییندە لەسەر خەون و خەیاڵ بنیات دەنێ ئەوا کۆمەڵگە تووشی سەرگەردانی و ماڵوێرانی دەبێت، ڕەنگە لای زۆرکەس ئەوەی سەرەوە تەنیا چیرۆک بێت، بەڵام لە ڕاستیدا ژیانی زۆرێکمان زۆر لەو چیرۆکە جیاواز نییە.
زۆرێکمان ڕابردوو و ئێستا و داهاتومان لەسەر چیرۆک یا خەونێک بنیاتناوە، لەوەش خراپتر، هەندێکمان لەسەر چیرۆک و خەون و خەیاڵاتی کەسانێکی تر بنیاتمان ناوە!
هەمومان ڕۆژانە کەم تا زۆر لە ڕوباری شێتی دەخۆینەوە، ڕوباری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕوباری هەواڵی ناخۆشی میدیاکان، لێشاوی درۆی بازرگانانی خوێن و سیاسەت ، شەپۆلێ وتار و هەڕەشە و ئەفسانەکانی بازرگانانی ئایین... هتد.
زۆرێکمان ڕۆژانە چەند جورعەیەک لە ئاوی ڕوباری شێتی نۆش دەکەین، ژیرەکان دەگمەنن، بێگومان لەچاوی خەڵکی عەوامیش ئەوان شێتن، چونکە ئەوان ڕۆژانە لەجیاتی ڕوباری شێتی لە ڕوباری مەعریفە دەخۆنەوە، دیارە کە شێتی و مەعریفەش پێچەوانەن...
بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کێ بڕیاری شێتی و ژیری دەدات؟!
ئاخر لە نەگبەتیی سیستەمی جیهان بڕیارەکان زۆرینەیەکی شێت دەیدەن نەک کەمینەیەکی ژیر.
ژیر.
=KTML_Boldتێبینی:=KTML_End=
- بیرۆکەی چیرۆکەکەم لە (نهر الجنون) ی توفیق ئەلحەکیم وەرگرتووە. [1]