$لە پەراوێزی دامەزراندنی پارتی فێمینیستی کوردستان$
#ناسر باباخانی#
#25-04-2015#
$رۆژی #08-03-2015# حیزبێکی تایبەت بە ماف و داخوازییەکانی ژن لە کوردستان بەناوی پارتی فێمینیستی کوردستان دامەزرا. ئەم حیزبە بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەنراوێک بۆ ڕای گشتی و هەروەها بەرنامە و پێڕەوی ناوخۆی، باسی ئەو شتانەی کرد کە بوونەتە هۆی پێکهێنانی حیزبێکی سەربەخۆ بۆ داخوازیەکانی ژنان، بە کوورتی باسێک لە کۆمەڵگەی پیاوسالار و ئەو بەربەستانە دەکات کە ئەم کۆمەڵگەیە لەسەر ڕێی ژن و مافەکانی دایناوە.$
سەرەتا ئەگەر بەپێی بیردۆزییەکی ئالێن تۆرێن بێت کە جەخت دەکاتە سەر ئەوەی سەرجەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر سێ بنەمای شوناس و دژایەتی و گشتگیربوون دامەزراون، ڕەنگە نەتوانین قایل بین بەوەی کە شتێک بەناوی بزووتنەوەی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کورستان هەیە، دیارە نکۆڵی لە هەندێ هەوڵی پەڕاگەندە و ناڕێکخراوەیی ناکەم، بەڵام لانی کەم بەپێی ئەم پێناسەیەی سەرەوە وەها بزووتنەوەیەک بەدی ناکرێ.
دیارە لەم کوورتە وتارەدا بواری باس و لێدوان نییە لەسەرئەوەی کە بەربەستەکانی سەر ڕێ کامانەن، بەڵام بەگشتی هەر لە بنەڕەتەوە لە ئێرانیشدا بزووتنەوەیەکی وەها نییە!
ئەگەرچی سازبوونی ئەم حیزبە بەرهەمی بۆشاییەکی بەرچاوە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەڵام ژنی کورد لەبری پێداگری لەسەر چەندێتی، دەبێ ئاوڕ بداتەوە سەر چۆنێتی. دامەزراندنی حیزب ڕێک بەمانای باسێکی چەندێتی دێ و بەپێی ئەزموون و بارودۆخی هەنووکەیی ناوخۆی ڕۆژهەڵات و خودی حیزبەکان، ڕەنگە هەر لەسەر کاغەز بمێنێتەوە، چونکە کردەوە وەک چۆنێتی گرینگە، شتێک کە دەمێک ساڵە ماڵاوایی لە خەباتی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کردووە. بۆ وێنە کاتێ باس لە سەرسامیی دنیا دەکەن لەهەمبەر خۆڕاگریی ژنانی کۆبانی، ئەوەیان لەبیرچۆتەوە کە لە کۆبانی ژن و پیاو، شانبەشانی یەکتر پارێزگاری لە شوناسی نەتەوەیی دەکەن و چون بە کردەوە بوونیان هەیە، توانیویانە لەسەرجەم بوارە سیاسی، کۆمەڵایەتی، چەکداری و...هتد دەوری خۆیان وەک نیوەی کۆمەڵگە بگێڕن. کەوابوو لەم پاشاگەردانی حیزبییەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا جەخت دەکەمەوە کە دەبێ پێداگری لەسەر چۆنێتی بێ نەک چەندێتی، بۆ وێنە بەرەیەکی یەکگرتوو لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەتوانێ زۆر شوێندانەرتر بێ لەسەر هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ناوخۆ.
واتە دەبێ ژنی کورد هەوڵی ئەوە بدا هاوتەریبی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات لەسەر هەندێ مافی سەرەکی و بنەڕەتی پێداگر بێ و دواجار لەپاش بڕینی ئەم قۆناغانە، وزە و هێزی خۆی لە کەشوهەوایەکی دێموکراتیکدا کەڵەکە بکا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی دیکەی. واتە هەنگاوبەهەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ دەبێ ببێتە ستراتیژی چالاکڤانانی ژن. پێم وایە ئەم دۆستانە ئەگەر ڕەوتی بزووتنەوەی فێمێنیزم لە ڕۆژاوا سەیر بکەن، باشتر لە مەبەستەکەی من، واتە ستراتیژی هەنگاوبەهەنگاو تێدەگەن. بۆ مسۆگەربوونی ئەم ئامانجەش پەیوەستبوونی بە حیزبێکی ڕۆژهەڵاتی پێویستە کە لەودا هێز و توانای خۆی وەگەڕ بخات. چون پەلکێشی ژنانی حیزبەکانی دیکە بۆ لای ئەم حیزبە و بیرۆکەی بوون بە ئاڵتەرناتیڤی حیزبەکانی دیکە لانی کەم بەپێی بارودۆخی ئێستا زیاتر لە دروشم دەچێ تا واقعییەتێکی سیاسی (هەرچەند ڕەنگە مەبەستیشیان ئەوە نەبێ، بەڵام دواجار ئەم ئاکامەشی لێدەکەوێتەوە) .
خۆ ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە لە تەواوی قۆناغەکانی خەباتی سەرجەم حیزبەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ژن پاشکۆی پیاو و لەژێر وتاری پیاوسالاریدا بووە و تەنانەت تا هەنووکەش یەک ژن نەبووەتە ئەندامی دەفتەری سیاسی هیچ حیزبێک! ئەگەر خۆ لەم هۆکارە دیار و ئاشکرا فەرهەنگی، ئایینی و کۆمەڵایەتییانە ببوێرین و لە هەمان کاتدا پیاوی کورد کە بەربەستی سەرەکی بووە لەهەمبەر ژنی کورد، ئەوا ژنی کوردیش وەک تاک نەیتوانیوە دەوری خۆی بگێڕێ، واتە ژنی کورد لەگەڵ قەیرانی تاک بەرەوڕووە و خۆیشی بەربەست بووە. بۆ قوتاربوون لەم دۆخە، ژنی کورد وەک تاکێکی ئەم کۆمەڵگەیە دەبێ لەسەر بنەمای میکانیزمەکانی خۆدەرخستن بە شێوەیەکی کردەیی و هەنگاوبەهەنگاو نەک تەنیا لە بواری سیاسیدا، بەڵکوو لە بوارە جۆراوجۆرەکانی دیکەی وەک فەرهەنگ، ئەدەب و هونەردا خۆی دەرخا و بوونی خۆی بە کردەوە بسەلمێنێ، ئەمە دەتوانێ دواجار بارستایی و قوورسایی ژنی کورد لەسەر هاوکێشە سیاسییەکان لەناو خودی حیزبەکاندا چەندین قات بەرز بکاتەوە و بگاتە ئەو شوێنەی کە مافی خۆیەتی. [1]