$خاک مەیلبڕە؟$
#ناسر باباخانی#
#26-12-2015#
وا مەزەندە دەکرێ، ژمارەی پەناخواز و کۆچبەران لە ماوەی ئەمساڵدا گەیشتبێتە ملیۆن و نیوێک، ئەم ژمارەیە لە پاش کۆنوانسیۆنی ژنێڤ لە ساڵی 1951 بێوێنە بووە. خاڵی سەرسوڕهێنەر و جێی داخ ئەوەیە لە ساڵی 2000ەوە تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس لە دەریای مەدیترانەدا خنکاون!
ڕێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی دەڵێ: قەیرانی پەنابەران گەورەترین گرفتی سەدەی 21ەو پێویستی بە ستراتیژییەکی جیهانی هەیە! لەم نێوەدا کوردیش بە هۆکاری جیاواز، یەکێک بوون لەو نەتەوانەی ڕەگەڵ ئەم شەپۆلە کەوتوون. سەرەتا بەرلەوەی بچینە ناو کرۆکی باسەکەوە و هۆکارەکانی پەیوەستبوونی کورد بەم شەپۆلەوە، وا باشە چەند تێرمێک پێناسە بکەین:
-پەنابەر (Refugee) : بەپێی تاریفی کۆنوانسیۆنی ژنێڤ لە ساڵی 1951 و دواتر پرۆتۆکۆڵی هاوپێچی ساڵی 1967 ، پەنابەر بەو کەسانە دەگوترێ کە لەبەر هۆکاری تۆرەمەیی، ئایین و ئایینزایی، نەتەوەیی و ئیتنیکی یان ئەندامبوون لە گرووپە کۆمەڵایەتییە دیاریکراوەکاندا، لە ترسی ئەشکەنجە و ئازاری دەسەڵاتی وڵاتی نیشتەجێبوونیان ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
-پەناخواز (Asylum Seeker) : بە پلەیەک خوارتر پەناخواز دێ، واتە پەناخواز بە کەسێک دەگوترێ کە خۆی ڕادەستی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە و دۆسیەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەڵام هێشتا وەڵامی ئەرێنی یان نەرێنی وەرنەگرتووە.
-کۆچبەر (Migrant) : بریتییە لەو کەسە کە بە هۆکاری ئابووری و زیاتر لەبەر دۆزینەوەی ژیانێکی خۆشتر پەڕیوەی هەندەران دەبێ و مەترسیی گیانی لەسەر نییە.
بۆ ئەوەی باسەکەمان گرێ بدەین لەگەڵ ئەم کۆڕەوەی کورد، لێرەدا دەبێ هێڵێکی تۆخ دیاری بکەین لەنێوان کۆچبەر و پەنابەردا. لەڕاستیدا کۆچبەر دڵەڕاوکێی خاکی نییە بە مانا سیاسییەکەی، کۆچبەر بۆ ئەوەی لە بەرزەخی وڵاتی دووەم ڕزگار بێ و بگاتە بەهەشت، واتە وڵاتی سێیەم، لە هیچ کردەوەیەک ناپرینگێتەوە بۆ ئەوەی مافی پەنابەرێتی بۆخۆی مسۆگەر بکا. خۆم وەک ئەزموونی تاکەکەسی شاهید بووم کە بۆ وێنە زۆر کەس بە درۆ دەبێتە کریستیان و بەهایی، دەبێتە گەی و لێزبیەن، دەبێتە ئەندام و لایەنگری حیزبی و... هتد.
بەڵام کێشەی پەنابەری ڕاستەقینە خاکە، کەوابوو مەبەستی ئەم وتارە نە کۆچبەرەکانە، نە ئەو کەسانەی کە بەناوی پەنابەرەوە خۆیان لە دۆخی پەناخوازی ڕزگار دەکەن بەرەو ژیانێکی ئاسوودەتر و خۆشگوزەرانتر، بەڵکوو ئەوانەن کە وەک پەنابەر خەمی خاک لە دەروون و هەناویاندایە و ئەگەرچی لەباری فیزیکی و جەستەییەوە لە وڵاتی خۆیان دابڕاون، بەڵام ڕووحیان لەوێیە.
لە ڕوانگەی زۆر بیردۆزەوە، کۆچ و سەفەر ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی لە مرۆڤی پەنابەردا سازدەکا و توخمەکانی نەتەوەخوازی تێدا تۆختر دەکا و دواجار گەڕانەوەی جەستەیی یان ڕووحی بۆ وڵاتی دایک سوودبەخش دەبێ، بەڵام لانی کەم لەم ساتەوەختەی ئێستادا بۆ ئێمەی کورد چون هۆکاری زۆربەی هەرە زۆری سەفەرەکان لەسەر بنەمای کۆچبەرێتییە نەک پەنابەرێتی، تا ئێستا دەرئەنجامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە. لەم پەیوەندییەدا بێگومان چەمکی ناسنامە و شوناس گرینگترین کێشەی سایکۆلۆژیکی پەنابەرە!
هانا ئارێنت دەڵێ: ئەگەر پەنابەر بتوانێ ناسنامە و شوناسی خۆی بپارێزێ، ئەوە دەتوانێ ببێتە پێشەنگی خەڵکی خۆی، بەڵام ئەوەی بووەتە جێی مەترسی، ئەوەیە کە پەنابەر دەبێتە بوونەوەرێکی دەستەمۆ! ئارێنت لە چەمکی فەرامۆشی بۆ ئەم پەنابەرانە کەڵک وەردەگرێ و دەڵێ: هەر کە پەناخواز ڕزگار دەبێ و دەبێتە پەنابەر، ژیانێکی نوێ دەست پێدەکا و بەوردی گوێڕایەڵی ڕزگاریدەرەکانی دەبێ و پێی دەگوترێ هەموو شت لە بیر بکا و ببێتە بەشێک لە پێکهاتەی ئەو وڵاتەی تێیدا سەقامگیر بووە.
دیارە ڕەچاوکردنی یاسا و ڕێساکانی وڵاتێک نەک بە مانای دەستەمۆبوون نایەت، بەڵکوو جۆرێکە لە کولتووری شارۆمەندیی مرۆڤەکان، هەر بۆیە پەنابەر کە دەگاتە وڵاتی مەبەست، بۆ ئەوەی بتوانێ دواجار بەشدارییەکی پێکهاتەیی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی هەبێ، دەبێ خۆی بە تەواوی لەگەڵ نۆرمەکانی ئەو وڵاتەدا بگونجێنێ، بەڵام پەنابەری کورد لە مابەینی دەستەمۆیی و یاخیبووندا لانکە دەکات و زۆر جاران تای تەرازووەکەی بۆ لای دەستەمۆیی دەشکێتەوە. ئێدوارد سەعید لەوبارەوە دەڵێ: بارودۆخی ژیانی مرۆڤی هەڵقەندراو لە زێدی خۆی، بەردەوام خەریکە حەیسییەت و شوناسی لێدەستێنێ و بوونەکەی بەرەو نەبوون دەبات.
ئەم غیابە سیاسی کۆمەڵایەتییەی گەلی کورد گەورەترین مەترسییە بۆ شوناسی نەتەوەیی. زۆربەی هەرە زۆری پەنابەرە کوردەکانی (دیارە پارچەکانی کورستان بۆ وێنە ڕۆژهەڵات و باکوور بەنیسبەت یەکتر جیاوازن) ئەم سەردەمە، ئارێنت گوتەنی بەدەست پەتای فەرامۆشییەوە دەناڵێنن و ناتوانن ناسنامە و شوناسی خۆیان بپارێزن و دواجار ئێدوارد سەعید گوتەنی بەرەو نەبوون هەنگاو دەنێن.
خاک مەیلبڕە! ئەم مەسەلە کوردییە بۆ کەسوکاری کۆچکردوویەک دەگوترێ، بەڵام ڕەنگە ڕێک بۆ مرۆڤی پەنابەری کوردیش جێ بگرێ، کاتێ خاکی خۆی جێدێڵێ، مەیلیشی بەنیسبەت ئەم خاکە دەبڕێ! [1]