$چەهچەهەی بولبول و شمشێری مەلا!$
#ناسر باباخانی#
#10-05-2017#
لەم وتارەدا هەوڵم داوە کارتێکەری سۆشیال میدیا لەسەر پرسی هەڵبژاردن تاوتوێ بکەم و بۆ ئەم مەبەستەش چەهچەهەی بولبولم وەک نمادی تویتەر بەگشتی بۆ سۆشیال مێدیای ئازادی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دیاری کردووە و، شمشێری مەلایانیش وەک هێمای دەسەڵاتی ئایینی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا!
سەرەتا پێویستە ئەوە بدرکێنم کە باسەکەم نایەوێ پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە هەڵبژاردن شرۆڤە بکا و وەک خۆم لەوەپێش ئەم هەڵبژاردنانەم وەک گەمە دەستنیشان کردووە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە تاقم و چینە شوێندانەرەکانی هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە تا ئێستا دیاری بکەین. بە گشتی گرووپە کۆمەڵایەتییە شوێندانەرەکان لەسەر بیچمگرتنی بیروڕای گشتیی ئێران بریتین لە:
ڕێکخراوە و ئۆرگانەکان وەک: زانکۆکان، بازاڕ، مزگەوتەکان و...
چینە تایبەتەکان: ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان و...
مێدیا سوننەتییەکان: ڕۆژنامە و گۆڤار و...
مێدیا ئاماڵمۆدێرنەکان: تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان: تێلیگرام، تویتەر، فەیسبووک، یوتیوب، ئینستاگرام و...
هەر کام لەمانە شوێندانەری تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشەوەچوونی زەمان، چوار گرووپی یەکەم لەهەمبەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا ڕادەیەکی بەرچاو کارتێکەرییان دابەزیوە. هێنانەوەی نموونەیەک لە ململانێی ڕێفۆرمخوازەکان و بنئاژۆخوازەکانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ نیشانمان بدا ئاستی پەرەگرتوویی و چوونیان بۆ ناو کۆمەڵانی خەڵک چۆناوچۆنە:
لە سەردەمی دەوڵەتی ئیسڵاحاتی خاتەمیدا، تیراژی ڕۆژنامەی بەناوبانگی شرق 160 تا 170 هەزار نووسخە بوو لە ڕۆژێکدا و بە جۆرێ سەنگەری ڕاگەیاندنی ڕیفۆرمخوازەکان بوو بەرانبەر بە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی کە پێگەی سوننەتی و سەرەکیی توندئاژۆکان بوو و زۆر بە باشی توانیبووی ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و پاشەکشەیەکی سەیر بە دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامی بکا. بەڵام هەر ئێستا تیراژی ئەم ڕۆژنامەیە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دابەزیوە و بووەتە 16 تا 17 هەزار دانە! ئەمە واتە کارتێکەری مێدیای سوننەتی وەک ڕۆژنامە لە سەت بۆ دە دابەزیوە. هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک بە گشتی ڕوویان کردووەتە سۆشیال مێدیا و چاویان بڕیوەتە زاری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ساتەوەختی ئێستادا لەسەر ڕای گشتی هەرە شوێندانەرترینن. بەواتایەکی تر، لە نێزیک بە سێ دەیەی ڕابردوودا شوێندانەری ڕێکخراوە و ئۆرگانەکان وەک: زانکۆکان، بازاڕ، مزگەوتەکان و...هتد، چینە تایبەتەکان: ڕووناکبیران، نووسەران، هونەرمەندان... مێدیا سوننەتییەکان: ڕۆژنامە و گۆڤار و... بەرەبەرە هەر لە کزیی داوە و لە دەیەی ڕابردوودا دەوری مێدیا ئاماڵمۆدێرنەکانیش وەک: تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ کاڵتر بووەتەوە، بە باوەڕی من ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بگەڕێتەوە سەر چەمکێک بە ناوی: دیالۆگ!
تەواوی گرووپە کۆمەڵایەتییەکان کە لەوە پێش ئاماژەم پێکردن، بە پێچەوانەی سۆشیال مێدیا تایبەتمەندییەکی مۆنۆلۆگیان پێوە دیارە و بە تەعبیرە ئۆروێڵیەکەی وەک برا گەورە لە سەرێڕا سەیری کۆمەڵگە دەکەن. بەڵام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە دوور لە هەر چەشنە گوشار و ترس و سانسۆرێک لەسەر سێ بنەمای ئازادی، زانیاری و بەرابەری، مرۆڤەکان بە هەموو چین و توێژەکانەوە کۆمەڵێ ڕوویکردی بایەخدارانە دێننە دی کە دواجار دەتوانێ وەک کەرەستەیەکی شوێندانەر لەسەر هەڵسوکەوت و کارکردی دەسەڵات وەک دەوڵەت یان تەنانەت حیزب کارتێکەری تایبەتییان هەبێ. تەنانەت سۆشیال مێدیا بووەتە هۆی ئەوەی تابشتی خەڵک تا ڕادەیەک بچێتە سەر و لە ڕێگای لێکتێگەیشتن، پەیوەندی و پاساوی عەقڵانی لە کەشوهەوایەکی مەنتقیدا، بە جۆرێ مومارەسەی دێموکراسیش بکەن. کەوابوو دەکرێ بڵێین تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مۆدێلێکی باشن کە وەک دەڤەری گشتی (Public Sphere) یورگێن هابرماس سەیر بکرێن.
سۆشیال مێدیا (وەک تێلیگرام، فەیسبووک، یوتیوب، تویتەر و...) دەکرێ بڵێین سنوورەکانی شوێن و کاتیان تێکشکاند. ئەو میدیایانە لەسەر بنەمای جۆرێ دابەشکردن (Share) دامەزراون و لە ڕاستیدا گۆڕەپانێکی پان و بەرینن بۆ ئەو کەس و لایەنانەی بە هەر شێوەیەک خراونەتە پەراوێز و ڕێک بە دژی سیستمە دیکتاتۆرییەکان دەوەستن کە تێیاندا فرەدەنگی بوونی نییە و مۆنۆلۆگ پێناسەی سەرەکییانە. ڕەنگە فیلتێرینگی سۆشیال میدیا لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا نموونەیەکی باش بێ بۆ ترسی دەسەڵات لە کارتێکەریی ئەم ڕاگەیاندنانە. هێنانەوەی سێ نموونە لە ئاستی جیهاندا دەتوانێ بۆ شرۆڤەی باسەکەمان یارمەتیدەر بێ:
لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی شارەزایانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، بەپێی ئەوە کە دەزگاکانی چاودێری و فیلتێرینگی ئەم وڵاتە دەیانویست گوێ لەمستەکانی ڕێبەر بخەنە ناو ئەنجوومەن، خەڵک لە دژکردەوەیەکی سەرنجڕاکێشدا لە تاران کەمپینێکیان ساز کرد بە ناوی نا بۆ جیم، جیم کوورتکراوەی ناوی سێ مەلای بە تەمەنی توندئاژۆ: (جەننەتی، یەزدی، میسباح) بوو، بڵاوبوونەوەی ئەم کەمپینە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وەها پەرەی ستاند کە خەڵک توانییان نەهێڵن دووانیان بچنە ئەنجوومەن و یەکێکیشیان (سەرەڕای فێڵ و تەڵەکەیەکی زۆر) بوو بە کەسی ئاخر!
لە جەرەیانی کودەتای تورکیادا سەرەڕای ئەوەی کە کودەتاچییەکان ڕادیۆ و تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتە (TRT) دەگرن و ڕایدەگەیەنن کە کودەتا سەرکەوتووە، کەچی ئەردۆغان بە مۆبایلێک و لە ڕێی سکایپەوە خەڵک دێنێتە سەر شەقام و بە جۆرێ کۆتایی بە کودەتا دێنێ.
لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئەمریکادا، زۆربەی ڕێکخراوە و ئۆرگانەکان، چینە تایبەتەکان، مێدیا سوننەتییەکان.
مێدیا ئاماڵمۆدێرنەکان واتە تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ، لایەنگری هیلاری کلینتن بوون کەچی ترامپ بوو بە سەرکۆمار. هەر لە پاش هەڵبژاردنەکان بوو کە ترامپ وتی: سۆشیال مێدیا منی سەرخست.
دیارە دەبێ سیلەی چاوێکیشمان لە کارتێکەرییە سەلبییەکانی سۆشیال مێدیا بێت. بۆ وێنە تیمی ئەمنییەتی فەیسبووک بۆ ئەوەی بەر بە هەواڵی ناڕاست و دەستکرد (Fake) بگرێ، لەم پەیوەندییەدا 30 هەزار ئەکاونتی فەیسبووکی لە فەڕەنسا سڕیوەتەوە لەبەر بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لەو وڵاتە. ڕەنگە ئەم خاڵە سەرنجڕاکێش بێ کە لە کاتی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری ئەمریکادا ئەو پۆستە ساختە و دەستکردانەی دادەنران و شەیر دەکران (30- 40 ملیۆن جار) زیاتر بوون لە ڕاپۆرت و هەواڵەکانی ئاژانسە بەناوبانگەکانی نیویۆرک تایمز، واشنتن پۆست و NBC) News!)
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نێزیک بە 28 ملیۆن بەکاربەری ئینتەرنێتی مۆبایل هەیە و نێزیک بە 10 ملیۆن بەکاربەری ئینتەرنێتی تەلەفۆن کە ئەگەر بۆ هەر ماڵێک 3 بەکاربەر ڕەچاو بکەین، دەکاتە 30 ملیۆن و سەرجەم دەبێتە 58 ملیۆن بەکاربەر. لەم نێوەدا ئامارە نافەرمییەکانی باس لە 40 ملیۆن بەکاربەری تێلیگرام، 15 ملیۆن ئینستاگرام، 20 ملیۆن فەیسبووک دەکەن، ئەم داتایانە واتە پتانسییەلێکی یەکجار بەهێز کە دەتوانم بڵێم کەموێنەیە. بۆیە ئەگەر هەر لایەن و هێزێک پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و جیددی و هەبێ، دەتوانێ بە دانی کەمترین تێچوو ڕای گشتی بۆ لای خۆی ڕاکێشێ، هەر بۆیە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕاستییە دەزانێ و فەیسبووک و یوتیوب و تویتەر لە ناوخۆدا فیلتێر دەکا و خێرایی ئینتەرنێت دێنێتە خوار و... بەڵام ئایا پەتی سێدارە و شمشێری مەلا دەتوانێ بەر بە چەهچەهەی بولبول بگرێ؟ بەڕای من، نا! [1]