$لە ڕەنجی نەبوونی کاریزمادا!$
#ناسر باباخانی#
#01-08-2018#
لە مێژووی ڕزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا، کارەکتەری کاریزمی و چەمکی کاریزمایی دەورێکی بنەڕەتییان گێڕاوە. دیارە نموونە زۆرن کە دەکرێ بە نیسبەت کاریگەریی بەربڵاویان، یا ئاستێکی سنووردارتر، باسیان لێوە بکەین، بۆ وێنە کەسایەتییەکی کاریزما دەتوانێ تەنیا سەرۆک عەشیرەتێکی کورد بێ یان سەرکردەی ڕاپەڕینێکی بەرینی سیاسی.
هەندێ کەسایەتی لە پاش مەرگیان لایەنە کاریزماتییەکەیان تۆختر دەبێتەوە کە ڕەنگە ئەمیش بەشێکی بگەڕێتەوە سەر چەمکی مەرگ بە تایبەتی لە قاڵبی کوژران بە دەستی نەتەوەی باڵادەست کە دواجار دەبێتە چەمکی شەهید بۆ نەتەوەی بندەست. ئەم شەهیدبوونە لەپێناو گەل و نەتەوە جۆرە پیرۆزییەک دەبەخشێتە کاریزما، کە شوورەیەکی پۆڵایین لە خۆشەویستیی خەڵک بە دەوریدا دەکێشێ و تەنانەت ئەوەندە ئەم ڕێزە بەرز دەبێتەوە کە بە هیچ کلۆجێک کۆمەڵگە تابشتی بچووکترین ڕەخنەی لە کاریزما نامێنێ و ڕەنگە بۆ نەتەوەیەکی ژێردەستی بێبەش لە هەموو مافەکانی، شتێکی سەیر نەبێ وەها پارێزگارییەک لە کاریزماکەی خۆی. بۆیە ماکس ڤێبەر گوتەنی جۆری پەیوەندی کاریزما و خەڵک، زیاتر دێتە خانەی هەست و سۆزدارییەوە، بەتایبەتی کاریزمایەک کە ڕەهەندی ڕووناکبیریشی پێوە دیار بێ!
وەک کەوانەیەک، وەبیرهێنانەوەی ئەم خاڵە زۆر گرینگە کە هەندێ جار سنوورێکی زۆر ورد لەنێوان کاریزماتیسم و دیماگۆجیسم هەیە. دیماگۆجیسم لەسەر بنەمای درۆ و فریو و بەلاڕێدا بردنی خەڵک دامەزراوە و بەپێی بەرەوپێشچوونی زەمان ڕووە شاراوەکەی وەدەردەکەوێ و خۆ دەدۆڕێنێ، کەچی ئەم جۆرە کاریزمایەی وەک لە سەرەوە باسم کرد، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕیشەکانی زیاتر ڕۆدەچێتە قووڵایی هەست و ئاوەزی خەڵکەکەیەوە.
وەک ناو، ئەگەر زۆر بۆ دوور نەگەڕێمەوە، ڕەنگە لە مێژووی هاوچەرخی کورددا لەم سەردەمەی ئێستادا بکرێ شەهید دکتۆر قاسملوو وەک کاریزماتیکترین سەرکردەی سیاسی بە تایبەتی لە پاش مەرگی پێناسە بکەین.
لە ڕوانگەی ڤێبەرەوە، ئاڵوگۆڕی مێژوویی یان بەرهەمی سەرهەڵدانی کاریزمایە یان پەرەگرتنی عەقڵانییەتە. بەڵام لەم سەردەمەدا کە بە زۆر هۆکاری جۆراوجۆر وێدەچێ کاریزمایەک لە گۆڕێدا نەمابێ، دیارە شوێندانەریشی لەسەر خەڵک هەر نامێنێ، چ بگا بە داهێنان وەک خەسڵەتی کاریزمایەکی ڕووناکبیر! (دوو چەمکی غایب لە ساحەی سیاسی نەتەوەی کورد)
کەوابوو لە سەردەمی نەبوونی کاریزمادا، پەرەگرتنی عەقڵانی ڕەنگە تەنیا ڕێکاری دەربازبوون لە قەیران و سازدانی ئاڵوگۆڕ بێ، تەنانەت ئەم باسە کاتێ گرێدەدرێ لەگەڵ چەمکی حاکمییەت، هەندێ ڕایان وایە بۆ تێپەڕین لە حاکمییەتی سوننەتی بەرەو حاکمییەتێکی عەقڵانی - یاسایی، دەبێ سیما کاریزماتیکەکانیش وەلابنێی. ئەوان لەم سۆنگەیەوە ماکس ڤێبەریان دایە بەر تیروتوانج، کە ڤێبەر قایل بە حاکمییەتێک بوو بەدەر لە بازنەی سوننەتی و عەقڵانی، ئەویش بریتی بوو لە حاکمییەتی ڕێبەرێکی کاریزما.
لەم پەیوەندییەدا ڕەنگە چەمکێک بەناوی The Wisdom of) Crowds) واتە عەقڵی جەمعی یان ئاوەزی گشتی ڕێنیشاندەر بێ. با بە نموونەیەکی زانستی باسەکە بکەینەوە:
فرانسیس گاڵتۆن کۆمەڵناس و ڕەوانناسی بەریتانی (کە خاڵۆزای فرۆیدی بەناوبانگ بوو) ساڵی 1906 چوار پێنج ساڵ بەر لە مردنی لە توێژینەوەیەکدا بە ئاکامگەلێکی سەیر گەیشت کە بە (Cow's Weight) ، واتە کێشی مانگا بەناوبانگە. گاڵتۆن پاش ساڵانێکی زۆر لێکۆڵینەوە، پێشتر باوەڕی وابوو کە لە کۆمەڵگەدا تاقمێکی زۆر کەم و سنووردار هەن دەتوانن سەرکردایەتی کۆمەڵگەی خۆیان بکەن، بەڵام ڕووداوێکی بەهەڵکەوت ئەم بۆچوونەی دەگۆڕێ.
گاڵتۆن ڕۆژێ ڕێی دەکەوێتە بازاڕێکی ئاژەڵان و تەماشا دەکات خەڵکێکی زۆر لە دەوری مانگایەک کۆبوونەتەوە و خەریکی کێبەڕکێن بۆ هەڵدانی کێشی مانگا. نێزیک بە 787 کەس لەم کێبەڕکێیەدا بەشدار دەبن و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر کێشی مانگاکە بە درووستی هەڵدەدەن. گاڵتۆن ئەمە دەکا بە پڕۆژەیەکی لێکۆڵینەوەیی و ئاکامەکان بەم شێوەیە دیاری دەکا: 787 کەسی بەشدار بە شێوەیەکی مامناوەندی کێشی مانگا بە 1197 پاوند دەقەبڵێنن، ئەمە لە کاتێکدا کە کێشی ڕاستەقینەی 1198 بوو! ئەم وێکچوونە لەڕادەبەدەرە، تروسکایی بۆچوونێک لە زەینی گاڵتۆندا ساز دەکا و دەبێتە هۆی وەرچەرخانێک لە زانستە مرۆییەکاندا.
گاڵتۆن ئەمەی وەک نموونەیەکی دێموکراتیک کردە سەرچەشنێک بۆ کارەکانی، واتە هەموو کەس دەتوانێ ڕای خۆی دەربڕێ و بەو ئاکامە گەیشت کە قەزاوەتی گشتی و دێموکراتیکی خەڵک (با بە قەولی ئەو زۆریش زانا و پسپۆڕ نەبن) ، دەبێ بەهەند وەرگێڕێ و ئەمە هەم دێموکراسی دابین دەکا و هەم چەمکی بەشداری زەق دەکاتەوە. واتە لە نەبوونی کاریزمادا، ئاوەزی گشتی دەوری تایبەتی خۆی دەگێڕێ و ئەم بۆشاییە پڕدەکاتەوە.
بە نموونەیەکی تری وەک کۆڵۆنیی مێروولەکان دەتوانین باسەکەمان زیاتر شی بکەینەوە. کە سەیری کوزیلکەی مێرووان دەکەی، هەندێ جار لە بازنەیەکی دەیان مەتریدا، هەزاران مێروولە دوابەدوای یەکتر سەریان بەرداوەتەوە و خەریکی کارن، هیچ کامیان گرووپەکە جێناهێڵێ، کەس فەرمان نادا و کەس فەرمان نابا... ئەمە عەقڵییەتی غەریزییە و لاساییکردنەوەی بێ ئەملاوئەولایە لە یەکتر، بێ بیرکردنەوە و بێ ڕەخنەگرتن. لێرەدا سیستم هەیە، سیستمێک کە لەسەر بنەمای عەقڵی غەریزی بنیاد نراوە، بەڵام کە سیستمێکی مرۆیی دێتە گۆڕێ، لە عەقڵی غەریزییەوە دەبێ پەل بهاوێژرێ بۆ ئاوەزێکی گشتی لەسەر بنەمای سەربەخۆیی زەینی و ڕەخنەتەوەری.
لە کۆمەڵگەی کوردیدا ئەگەر حیزب وەک سیستم سەیر بکرێ، ڕەنجی نەبوونی کاریزماکەی، دەبێ بێگومان هەر بە ئاوەزی گشتی قەرەبوو بکرێتەوە! [1]