$بەشداریی هەڵبژاردن بکەین یان نا؟$
#ناسر باباخانی#
#04-01-2020#
$زیاتر لە چل ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی تێدەپەڕێ، لەم ماوەیەدا نزیکەی چل هەڵبژاردنی ورد و درشت بەڕێوەچووە و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی پارلەمان نزیک بە 60% بووە و بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری نزیک بە 67% تۆمار کراوە، ئەگەر لە هۆکارەکانی هەڵکشان و داکشانی ئەم ڕێژانە گەڕێین، دەکرێ بڵێین بەپێی نۆڕمی بەشداریی خەڵک لە وڵاتانی تری دنیا، لە ئێرانیش ڕادەی بەشداری لەم نۆڕمە نزیک بووە. ئێستا پرسیاری سەرەکی کە ئەم وتارە بەدوویدا وێڵە، ئەوەیە کە ئاکامی ئەم بەشداریکردنانە چی بووە و چ کاریگەرییەکی هەبووە لەسەر ژیانی خەڵک و گەلانی ئێران و، لە لایەکی تریشەوە چ دەسکەوتێکی هەبووە بۆ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی؟ چون لەڕاستیدا لەم جۆرە سیستمانەدا دەبێ لە ڕۆچنەی قازانجی خەڵک و دەسەڵاتەوە بڕوانینە هاوکێشەیەکی وەک هەڵبژاردن.$
ڕاستە هەڵبژاردن وەک هێمای سەرەکیی دێموکراسییە، بەڵام لە نەبوونی ئازادیدا دەبێتە ئامرازێک بەدەستی دیکتاتۆرەوە بۆ سەپاندنی خۆی. خۆ کەم نین ئەو حکوومەتە دیکتاتۆرانەی تێیاندا پڕۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێ، بەڵام دواجار ئەوە ویست و خواستی دیکتاتۆرە دێتە دی. ئەگەرچی دەنگدان لەم سەردەمەدا وەک مافێکی سەرەتایی بۆ شارۆمەندانی وڵات دیاریکراوە تا بە دەنگی خۆیان بەربژێرێک بۆخۆیان هەڵبژێرن، بەڵام کە سیستم باوەڕی بەئازادی نەبوو، دواجار خۆی دەبێتە بەربەست بۆ سازبوونی ڕێکخراوە دێموکراتییەکان. واتە ئەوە هەژموونی سیستمە کە بە زەوتی ئازادی، دۆخی ئاماڵ دێموکراسییەکی سەقەت لە پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردندا بەرەو نزمترین ئاستی خۆی دەبات، ئەو وتە مەشهوورە کە دێموکراسیی سەقەت باڵندەیەکە لە ڕکەی خۆی هاتووەتەدەر، بەڵام باڵەکانی کراون، واتە ئازادیی لێ زەوت کراوە، ڕێک گوزارە لە دۆخی ئەمڕۆی ئێران دەکات.
ئەم دوو ئانالیز - ڕاپۆرتەی خوارەوە کە هی دوو ناوەندی باوەڕپێکراون، دەتوانن بۆ شرۆڤەی باسەکەمان یارمەتیدەر بن:
لە ڕاپۆرتەکەی ناوەندی Peace Worldwide هی ساڵی 2019، ژمارە 40 بۆ ئێران لەباری مافی مرۆڤەوە دیاری کراوە (Human Rights Scores 40) واتە دۆخی ناوخۆی ئێران لە ڕێی سەرکوتەوە (Suppression) کۆنتڕۆڵ دەبێ و مافی مرۆڤ بەتوندی پێشێل دەکرێ. سەرنجڕاکێشە کە بزانین تورکیا و کامبۆدیاش ڕێک دۆخێکی هاوشێوەی ئێرانیان هەیە!
بەپێی پارامێترێک بە ناوی DS واتە (Democracy Scores) کە لە 0 بۆ 90 ە، هی کۆماری ئیسلامی 7.2 ڕەچاو کراوە (12.4 بۆ تورکیا، 9.6 بۆ ئێراق و 0.0 بۆ سووریا) .
هەروەها ئانالیز - ڕاپۆرتەکەی ساڵی 2019ی ماڵی ئازادی (Freedom House) لەژێر ناوی پاشەکشەی دێموکراسی لە بەشێکدا ئاماژە بەوە دەکا کە لە کۆی 195 وڵاتی دنیا، کەمتر لە نیوەیان ئازاد و سەربەستن، کەمتر لە 30% تا ڕادەیەک ئازادن و کەمتر لە یەک لەسەر سێش سەربەست نین. وەک ساڵانی ڕابردوو لەم ڕاپۆرتەدا کۆماری ئیسلامی ئێران دیسان دێتە خانەی ئەو وڵاتانەی کە ئازاد و سەربەست نین.
ئەم داتایانە بەم مانایە دێن کە ئەگەر تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ئێران هەڵبژاردنیش بەڕێوەبچێ، لەبەر نەبوونی ڕەوتێکی دێموکراتیزە و ئازادی سیاسی، هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی وەک کرانەوەی کەشوهەوای سیاسی کۆمەڵایەتی یان بە واتایەکی تر گەشەی سیاسی بۆ کۆمەڵگەی لێناکەوێتەوە.
لە کۆماری ئیسلامیدا مەبەست و ئامانج لە هەڵبژاردن تەنیاوتەنیا هێنانی خەڵکە بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، واتە جۆرێ بەشداریکردنی گۆترەیی خەڵک بۆ شەرعیەتدان بە سیستم و سەلماندنی مەشرووعییەتی نیزام بۆ دەرەوەی سنوورەکانی وڵات، ئەمە ڕێک ئەو شتەیە کە لە سیستمە تۆتالیتێرەکاندا بەدی دەکرێ.
هانا ئارێنت لەم بارەدا باس لە چەمکێک دەکا بە ناوی: بەشداریی سیاسی پێکهاتەیی. ئارێنت پێیوایە بەشداریی سیاسی ئەرێنی، واتە پڕۆسەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێ بە شێوەیەکی پێکهاتەیی لە قاڵبی حیزب و لایەنی سیاسیدا بێ تا بەر بە دیکتاتۆرییەت بگرێ، بە واتایەکی تر ئارێنت دەیەوێ بڵێ سیستمی تۆتالیتێر لە هەمان کاتدا کە بەتوندی بەر بە بەشداریی سیاسیی پێکهاتەیی دەگرێ، دەیەوێ ئاستی بەشداریی سیاسیی ناپێکهاتەیی بەرێتە سەر، تەنانەت ئەگەر بە میکانیزمگەلێکی پۆپۆلیستی، پڕوپاگەندەیی و فرتوفێڵیش بێ و دواجار بە زەبری زۆری و تۆقاندن! بۆیە مادام پڕۆسەی هەڵبژاردن لە ئێران لەسەر بنەمای بەشداری سیاسی بەشێوەی پێکهاتەیی نییە و بۆ وێنە خەڵک لە کوردستان نایەنە قاڵبی پێکهاتە و حیزبەوە و ڕەخنەکانیان ئاڕاستەی دەسەڵاتی سیاسی و حوکمڕانی ناکەن، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێ.
خەڵکی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد بە و قەناعەتە گەیشتوون کە پارلەمان لەم وڵاتەدا تەنیا بووکەڵەیەکە بە دەست دامەزراوە ئەمنییەکان و بەتایبەتی بەدەست ڕێبەری ئەم وڵاتەوە! لە هەموو خولەکانی مەجلیس، خامنەیی لایکەم بۆ جارێک پارلەمانی هەس داوە و پێشگیری کردووە لە بڕیارەکانی ماڵی میللەت! تەنانەت بۆ گرانبوونی بەنزین لەسەر ئەمری ڕێبەر پارلەمان متتەقی لێوەنەهات.
هەڵبژاردنی داهاتوو مەیدانی ململانێی خەڵک و دەسەڵاتە، ئەوە نییە ڕێبەری ئەم وڵاتە دەڵێ هەڵبژاردن ئابڕووی نیزامە، بۆیە دەبێ چاوەڕێ بین - بەتایبەتی لە پاش قەتڵوعامی خەڵکی ئێران لەسەر شەقامەکان - ڕۆژی دەنگدان، سندووقەکان پەپووی لێ بخوێنێ! [1]