$ئەم هەڵوێستانە دەبنە نەخشی ڕەنگینی مێژوو!$
#نووری بێخاڵی#
#13-04-2020#
لەگەڵ دەرکەوتنی پەتای کۆرۆنا لە ڕۆژاوای کوردستان، هاووڵاتییان تووشی پەشۆکان و دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوون، تەنانەت بەڕێوەبەراتیی خۆسەریش، نیگەرانیی خۆی لە مەترسیی ئەگەری تەشەنەکردنی پەتاکە و ئەو کارەساتە مرۆییەی لێی دەکەوێتەوە، نەشاردەوە.
ڕاستییەکەی ئەم نیگەرانیی و دڵەراوکێیەی دەسەڵاتدار و هاووڵاتییانی ڕۆژاوای کوردستان لە ئاست هەڕەشەی پەتاکە، هەڕەمەکی و لە بۆشاییەوە نەبوو، چونکە وێڕای کەمیی ئامێر و پێداویستیی پزیشکیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە (بەگوێرەی ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکی کوردستان تیڤی لە 11ی نیسان، 1%ی خەڵکی #قامیشلۆ# دەمامکیان هەبووە، ئەمەو لەگەڵ دابەزین و کەمبوونەوەی خێرای دەمامکی پزیشکی لە دەرمانخانە و سەنتەرە پزیشکییەکاندا) . هاوکات ڕووسیا هەر زوو بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی سەر شانی خۆی بەرانبەر خەڵکی ناوچەکە، ڕایگەیاند کە مۆسکۆ دەستی بەو ناوچانە ناگات و ناتوانێ بە دەنگیانەوە بچێت. لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا ئامادەنەبوو هیچ هاوکاریێکی لۆجیستی و دارایی کوردانی ڕۆژاوا بکات، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی پەتاکە. هاوکات حکومەتی سووریاش نەک هەر هاوکار نەبوو، بەڵکوو بە گوێرەی ناوەرۆکی بەیاننامەیەک لە (#08-04-2020#) ، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرپرسیارێتیی تەشەنەکردنی پەتای کۆڤید- 19 لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، دەخاتە ئەستۆی حکومەتی سووریا و بە هۆکاری تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە ناوچەکە تاوانباری دەکات و نایشارێتەوە، کە حکومەتی دیمەشق ئامادەی هاوکاری و هەماهەنگی نییە و بە ڕەفتارە هەڵەکانیشی، ژیانی هاووڵاتییانی ئەو ناوچەیە دەخاتە مەترسییەوە.
لەناو ئەم خەمساردیی و خۆزدینەوەیەی هەر یەکە لە ڕووسیا و ئەمریکا، لە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و مرۆیی بەرانبەر هاووڵاتییانی ڕۆژاوای کوردستان، هەروەها بێباکیی حکومەتی سووریا لە تەشەنەکردنی پەتاکە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر. لایەنە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان و بە دیاریکراویش، بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# - سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێش ئەوە و هەر زوو، بە دەنگ داواکاری و داخوازیی نوێنەرایەتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە هەرێمی کوردستان چوو، کە لە بەیاننامەکەیدا لە 1ی نیسان داوای بەدەنگەوەچوون و پێشکەشکردنی هاوکاریی پێویستیی لە ڕێکخراوە مرۆییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بوو، بۆ ئەوەی ڕێ لە تەشەنەکردنی ڤایرۆسەکە بگرن.
دیارە ئەم هەڵوێست و هەنگاوەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە پەیوەست بە سەلماندنی هاوخەمیی و هاوسۆزیی بۆ پارچەکانی کوردستان و بەتایبەتیش بۆ ڕۆژاوای کوردستان، وەک بەشێک لە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەرشانی خۆی، شتێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراو نەبوو. چونکە پێشتریش و بەتایبەتی دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان (باشووری کوردستان) ، یان پارچەکانی دیکەی کوردستاندا و لەنێویاندا ڕۆژاوای کوردستان، کە تاوەکوو ئاستێکی زۆر، جۆرێک لە ناکۆکیی و بەدحاڵیبوون لەنێوان کاراکتەر و هێزە سیاسییەکانی ئەم دوو بەشەی وڵاتدا هەیە، لە پەیوەست بە پرس و ڕووداوەکان و بەتایبەتیش کە کوردان ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەتەوە، ئەو بەرمەبنای هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانی مامەڵەی کردووە.
بۆیە بەدەنگەوەچوونیشی بۆ داواکاریی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و داواکاریی هاووڵاتییان لە ڕۆژاوای کوردستان، بە دابینکردنی تاقیگەی پشکینینی پزیشکیی و پێداویستییە تەندرووستییەکانی دیکە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی پەتاکە، هەروەها نیشاندنی ئامادەیی بۆ هەر پێویستیی و هاوکاریێکی دیکە، دەچێتە خانەی ئەم هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و ویژدانییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر گەل و نیشتمان و مێژوودا.
ئەم دۆخە پێمان دەڵێت: هەر کوردێک، یان هەر هێزێکی کوردی، بۆ ئەوەی ڕاستگۆیی و پابەندیی خۆی بە بنەما و بەها نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بسەلمێنێت، کوورتترین و ئاسانترین ڕێگە، ئاست و ڕاددەی بەهاناوەچوونییەتی بۆ هاوزمان و هاوخاکەکانی لە کاتەکانی تەنگانە و لێقەوماندا، ئیدی با تا ئەوپەڕیش لەلایەنی سیاسی و پاشخانی ئایدۆلۆژییەوە لە یەکتری جیاواز بن، چونکە دواجار هەمووان مەحکومن بە کوردبوون. لەم ڕوانگەیەوە، پرسی نەتەوەیی و نیشتمانیبوونی کەسێک، یان هێزێک، بە دروشمەکانی و ئاستی دەنگ بەرزرکردنەوەی نا، بەڵکوو بە هەڵوێست و هەنگاوە کردەییەکانی و ئەو ئەنجام و دەرهاویشتانەی لە ڕووبەرە گشتییەکەدا، سیاسی و کۆمەڵایەتی لێی دەکەونەوە، دەپێوێرێت. توویتەکەی بەڕێز مەزڵووم عەبدی - فەرماندەی گشتیی #هەسەدە# لە ڕۆژوئاوای کوردستان کە تیایدا سوپاس و ستایشی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات، بەوەی بەخێرایی و سەخاوەتمەندییەوە بەدەنگیانەوە چووە و تاقیگەی پزیشکیی بۆ ناردوون و بەڵێنی هەوڵ و هاوکاریی زیاتری پشتیووانیشی بۆ دەربڕیون. ئەوە ئەو ئەنجامەیە، کە دواجار لە یادەوەریی گشتیی و ویژدانی زیندوویی نەتەوەیی و نیشتمانیدا، وەک نەخشی سەر بەرد لەسەر لاپەڕەکانی مێژوودا دەمێنێتەوە.
دواجار لە ڕوانگەی منی هاووڵاتی، ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبەرانبەر ڕۆژاوای کوردستان کردوویەتی و پێویستە لە داهاتووشدا لەپێناو پتەوکردنی هاوخەباتیی نەتەوەیی لەبەرانبەر ڕۆژاوا و هەر بەشێکی دیکەیی کوردستان بیکات، کە بە دڵنیاییەوە بەشێکە لە ستراتیژی کارکردنی لە سەرۆکایەتیی هەرێمدا. لە ئاستە سیاسییەکەیدا دیوێکی گرنگی هەستکردن بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتمانییە. وەک چۆن لە ئاستە مرۆییەکەیشدا، نیشانەی ئەوپەڕی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی و ویژدانی لەبەرانبەر هاونیشتمانیاندا. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە بە چاوپۆشین لە جیاوازیی بیرکردنەوەی سیاسی و پاشخانی ئایدیۆلۆژیی هەر یەکێکمان وەک کورد. دەبێ و زۆریش پێویستە، هەر ئەم جۆرە لە سیاسەتە نەتەوەیی و نیشتمانی و مامەڵە بەرپرسیارانە، بکرێنە بنەما و پێشمەرجی هاوپشتیی و هاوخەباتیی نێوان کوردان. چونکە نابێ هەرگیز لەبیرمان بچێت، کە جگە لە کورد خۆی، هیچ کەس دۆستی نییە و بە دەستی خۆیشی نەبێت، دەرد و برینی کوردان بە کەس چارە ناکرێت. [1]