$جێندەر و پاشەکشێ$
#نەزەند بەگیخانی#
#08-03-2023#
ئێمە کارمان کرد بۆ یەکسانی لە مافدا، نەک بۆ لێکدانی یەکدی و دژایەتیکردنی پیاو
بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی، لەوانە هی ئینیستیتیوتی جان جۆرێس لە پاریس، هەروەها بەپێی گوتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتێرێز لە 6ی مارسی ئەمساڵ، مافەکانی ژنان بەم دواییە لە جیهان لە پاشەکشێ دان. ئەم پاشەکشێیە تەنیا کوردستان و وڵاتانی موسڵمان ناگرێتەوە، بەڵکوو وڵاتانی ڕۆژاوایشی گرتووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکان هۆکارەکانی ئەم پاشەکشێیە زۆرن، لەوانەی کە تایبەتن بە وڵاتانی ڕۆژاوا، ڕۆشنایی خراوەتە سەر پەرەسەندنی ئایدیۆلۆژیای ڕاستڕەوە ڕەگەزپەرست و تووندڕەوە ئایینییەکان و گەیشتنی هەندێ لەوانە بە دەسەڵات. ڕەگی ئەم پاشەکشێیە دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لە نێرسالاری کە بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2017 و سیاسەتە تووندڕەوەکەی، زیاتر لە جیهان پەرەی سەند. لە وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناویندا، زاڵبوونی ئەقڵیەتی نێرسالاری و نەبوونی مەعریفەیەکی درووستی جێندەری و گەشەسەندنی ئیسلامی سیاسی لەگەڵ ڕەوتی خۆپارێزیی دەسەڵاتی سیاسی لەبەرانبەر ئەو وروژمەدا هۆکاری سەرەکیی ئەو پاشەکشێیەن. ئەمانە هیچیان جیاناکرێنەوە لە قەیرانە گەورەکانی سەردەم لە ڕووی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی و ڕوودانی کارەساتی سرووشتی وەک بوومەلەرزە و لافاو و زریان.
لەژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکان، پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە داوا لە حکومەتەکان و یوئێن و یەکیێتی ئەوروپی دەکەین کە پرسی یەکسانی و مافەکانی ژنان وەک پرسێکی سیاسی و دیپلۆماسی هەژمار بکەن و بێدەنگ نەبن لەبەرانبەر چەواشەکارییەکانی تووندڕەوە ئیسلامی و کاتۆلیکی و ڕەگەزپەرست و نێرسالارییەکان. سەرکردایەتیی سیاسی لە هەموو وڵاتان دەبێ قسەی هەبێت و لە چوارچێوەی وتاری پابەند بە مەعریفە و بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتووری هەر کۆمەڵگەیەک ئەو باسە بوروژێنێ و ستراتیژیی گونجاویش دابڕێژێ بە ئامانجی چارەسەرکردن.
ئەم ڕەوتە لەو وڵاتانەی جەنگیان بینیوە و بەرەوڕووی هێزی تێرۆریزم دەبنەوە، وەک کوردستان، بە ڕوونی دیارە؛ لە کوردستان دوای دەیان ساڵ لە بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی یەکسانیی جێندەریی گونجاو، بەم دواییە دۆخەکە ئاڵۆز و مەترسیدار بووە.
سیاسەتی کۆمەڵایەتی و یەکسانیی جێندەری لە دوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی #هەولێر# و #سلێمانی# لە 2005 و پێکهاتنی حکومەتی یەکگرتووی هەرێمی کوردستان، خۆی لە کۆمەڵێ چاکسازیی یاسایی و ستراتیژیی نیشتمانی و بە دامەزراوەییکردن و پەروەردەی جێندەریی و پەرەپێدانی توێژینەوەی ئەکادیمی و زانستی لە زانکۆکان، بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیی مێژوویی و کولتووری کوردی، بەرجەستە کردبوو. هەرچەندە لە ڕووی جێبەجێکردنەوە کەموکووڕی و تەحەددای زۆر هەبووە، بەڵام ئیرادەی سیاسی کارا بووە و بە هاوکاریی ئەکادیمیست و هێزی جەماوەری لە بنەماڕا کاری جیدی کراوە، تا کابینە یەک لە دوای یەکەکان لە ئەجێندای خۆیان جێگیری بکەن. ئەمە ئێستاش بەردەوامە، بەڵام بەداخەوە بەهۆی ناتێگەیەشتن و بە لاڕێدابردنی پرسی جێندەر چ وەک کۆنسێپت و چ وەک ئامرازێک بۆ ڕاڤەکاری و تێگەیشتنێکی قووڵ لە ڕەگی کێشەکان، هەوڵەکان کەوتوونەتە بەر مەترسی. جگە لە جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و سەرهەڵدانی #داعش# و جەنگ دژی تێرۆریزم، کێشە سیاسییەکانی ناوخۆ، نەبوونی یەکگرتوویی نێوان حیزبەکان و کاریگەریی نەرێنییان لەسەر سیستەمی حوکمڕانی، زەمینەیان زیاتر خۆش کردووە بۆ تووندڕەوی و تووندوتیژی لەناو کۆمەڵگە.
ناتێگەیشتن و بەلاڕێدابردنی پرسی جێندەر بە ئاقارێکی نابەجێ لە فەزای گشتی و سۆشیاڵ میدیادا سەرنجی زۆربەی خەڵکی ڕاکێشاوە، بە جۆرێک کە بابەتە سەرەکییەکان و ڕەگی گرفتەکان لەم فەزاسادەگۆیەدا فەرامۆش کراون. هەڵگری ئەم ڕەوتە فەرامۆشکار و فریودەرە هێزێکی کۆنەخوازە، کە بەناوی ئایین و نەریت بەرەنگاری هەموو هەوڵ و سیاسەتێکی یەکسانی و پێشکەوتوخواز دەبێتەوە. لەبەرانبەر ئەو هێزەدا، نەبوونی مەعریفەیەکی بنکەفراوان دەربارەی کۆنسێپتی جێندەر و تاکڕەوی و خۆسەپاندن و گرووپگەرایی یەکڕیزیان لەناوبردووە و بوونەتە هۆکارێکی دیکەی سەرەکی لەم پاشەکشێیەدا. ئەمەش تەنیا هێزە ئیسلامییە سیاسی و تووندڕەوەکان ناگرێتەوە، بەڵکوو هەندێ بەناو ڕێکخراو و لایەنیش دەگرێتەوە، کە لە غیابی مەعریفەی جێندەری و سیاسەتی نکوڵیکردن بۆ ڕەشکردنەوەی یەکدی و هەوڵەکانی ڕابردوو، بووەتە مایەی بەریەککەوتن و لێکدان کە وەک دۆخێکی نەزۆک جگە لە زەرەری گشتی هیچی دیکەی لێ شین نابێت.
پسپۆڕان لە سەرانسەری جیهان و ئێمەش لە پێگەی خۆمانەوە چەند ڕاسپێرییەکمان ئاڕاستەی سەکردایەتی سیاسی کردووە و داوا دەکەین ئەم پرسە وەک پێویستییەکی هەنوکەیی کاری نوێی لەسەر بکرێت. خاڵی سەرەکیی ئەو ڕاسپێرییانە ئەوەیە کە دەسەڵات و سەرکردایەتیی سیاسی نەکەونە ژێر باری ئەو دۆخە مەترسیدارە و بەردەوام بن لە گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان و پەرەپێدانی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی پێشکەوتووخواز، کە مافی ئافرەت و پرسی یەکسانی وەک بنەمای مافەکانی مرۆڤ لەبەرچاو بگرێت. لەم سۆنگەیەوە، پێویستە حکومەت و سەرکردایەتی سیاسی مافەکانی ژن لە ئەجێندای سیاسی جێگیر بکەن و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە پەرەی پێبدەن، پشتگیریی داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان و یەکسانی جێندەری بکەن و سەرچاوەی پێویست دابین بکەن تا ئەم بابەتە بەشێوەیەکی درووست و مەعریفی بۆ سوودی گشتی بە ژن و پیاوەوە بچێتە پێشەوە و ببێتە مایەی ئارامی و ئاساییش و ئاشتیی ناو کۆمەڵگە و خێزان.
فێمینیزم واتە کارکردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە و دابینکردنی یەکسانی لە ماف، نەک بۆ لێکدان و دژایەتیکردنی پیاو. ئێمە بە هاوکاری لایەنە جیاوازەکان بەو ئامانجە کارمان کردووە و کۆنسێپتی جێندەریشمان وەک ئامراز بەکارهێناوە بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکاری. ئێستاش درەنگ نییە و پێویستە هەموو لایەنەکان بە سەرکردایەتی سیاسی و کۆمەڵگەی مەدەنی و زانایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکانەوە، هەوڵی پەروەردەیەکی درووستی کۆمەڵایەتی بدەن؛ بە لە بەرچاوگرتنی تایبەتمەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی کۆمەڵگەی کوردی پێناسەی جێندەر بە شێوە درووستەکەی بکەنەوە و پێکەوە کاربکەن بۆ بیاتنانی هۆشیارییەکی گشتیی نوێ، کە کەس تێیدا زەرەرمەند نەبێت. ئامانجی سەرەکیش وەک هەمیشە دابینکردنی ماف و دادوەریی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و ئارامییە بۆ تاک و کۆمەڵگە بە گشتی. ماف و کولتوور دوو ڕووی هەمان دراون، لە جووڵەی بەردەوام دان و دەبێ پێکەوە بگونجێندرێن. بەربەرەکانێی یەکتری بەناوی هەریەک لەمانە دەبێتە مایەی پێشێلکاریی بەها مرۆییەکانمان. [1]