د.ئاراس محەمەد ساڵح
ئەم پەڕتووکە لە بنەڕەتدا بە زمانی تورکی نووسراوە و لەلایەن هەریەکە لە مامۆستا محەمەد جەمیل ڕۆژبەیانیی و شکور مستەفاوە کراوە بە عەرەبی، لە ساڵی 1980 لەلایەن کۆڕی زانیاری کوردەوە لە بەغدا چاپکراوە.
یاداشتەکانی مەئمون بەگی کوڕی بێگە بەگی ئەردەڵانی، کە یەکێکە لە میرەکانی ئەردەڵان لە کۆتاییەکانی مانگی (ربیع الثانی) ساڵی 985 کۆچی بەرانبەر (تەموزی 1577ز) دا نووسراوە، هەروەها ئەم یاداشتانەی وەک ڕاپۆرت بۆ سوڵتان مورادی سێیەمی عوسمانی بەرزکراوەتەوە، ئەم یاداشتانەی مەئمون بەگ (15) ساڵ پێش (شەرەفنامە) ی شەرەفخانی بەدلیسی نووسراوە، شەرەفنامە لە ساڵی 1592ز نووسراوە، هەروەها (63) ساڵ دوای جەنگی چاڵدێران بووە ، کە لە ساڵی 1514ز ڕوویداوە، جەنگی چاڵدێران کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر مێژووی کورد، لە ئەنجامی ئەو جەنگەوە کوردستان دابەش دەکرێت بەسەر دوو زلهێزی ئەو ڕۆژگارەی ڕکابەری یەکتری، عوسمانی سوننە مەزهەب و سەفەوی شیعە مەزهەب، لە هەمانکاتدا کورد ئیعلانی وەلائی خۆی دەکات بۆ دەوڵەتی عوسمانی دژی سەفەوییەکان، بێگومان ئەو هەڵوێستەش بێ باجی قوورس نەبووە، دەیان جار پەلاماری کوردستان دراوە و کورد ئاوارە و وڵات و دێهاتی کوردستان تاڵان و وێرانکراوە. مەئمون بەگ وەک میرێکی کورد و وەک کەسێکی مەیدانی زانیارییەکانی تۆمارکردووە و سەرچاوەیەکی گرنگی مێژووی میرایەتییە کوردییەکان و ململانێی نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکانی لەسەر خاکی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
مەئمون بەگ باسی ناوچەی شارەزوور دەکات وەک ناوەندی دەسەڵاتی ئەردەڵانییەکان، هەروەها باسی میرایەتی کەڵهوڕ دەکات و لەکاتێکدا سەفەوییەکان بەغدا داگیر دەکەن، جارێکی تر ئەو شارە لەلایەن (زولفەقادرى کوردی کەڵهوڕی) ەوە ئازاد دەکرێت، میرایەتی کەڵهوڕ گرنگى کەمى لەلایەن مێژوونووسەکانەوە پێدراوە، ئەم پەڕتووکە سەرچاوەیەکی گرنگە چونکە لە هەمان ڕۆژ و سەردەمدا نووسراوەتەوە و زانیارییەکانی لەکاتی خۆیدا تۆمارکراوە.
مەئمون بەگ باس لەوە دەکات لە پێش هێرشی جەنگیزخان و مەغۆلەکان و وێرانکردنی کوردستان لەلایەن ئەو داگیرکەرانەوە بنەماڵەکەیان لە ناوچەی شارەزووردا حوکمڕان بوون، کەواتە مێژووی ئەردەڵانییەکان لەوە کۆنترە کە باس کراوە، هەروەها میراتییەکەیان بە (میرایەتی شارەزول) ناودەبات، باس لە (ئەردەڵان) ناکات، لە هەمانکاتدا (ئەردەڵانی) دەگێڕێتەوە بۆ ناوی یەکێک لە باپیرانی بە ناوی (عادل یان عادلانی) ، هەموو ئەم زانیاریانەی مەئمون بەگ زۆر کەم لە مێژووی ناچەکەدا باس کراوە.
یەکێکی تر لەو بابەتانەی باسی دەکات کە ویلایەتی شارەزوور و میرەکانی (ئەهلی سوننە و جەماعەتن) و وەلائی تەواویان بۆ دەسەڵاتی باڵای سوننە مەزهەبی سوڵتانی عوسمانی هەبووە هەر لە کۆنەوە، بەڵام دوای ئەوەی دەوڵەتی سەفەوی هاتووەتە سەر دەسەڵات ئەم بابەتەی لاقوورس بووە و پەلاماری میرایەتی شارەزووری داوە و هەموو ئاوەدانییەکانی دەشتی شارەزوور و قەڵاکانی وێرانکردووە، تەنیا قەڵای زەڵمی نەگرتووە کە لەسەر چیایەکی سەخت بووە و دوای ساڵێک گەمارۆدان سوپای سەفەوی ناچار بووە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، مەئمون بەگ هۆی ئەو هێرش و پەلامارانە دەگێڕێتەوە بۆ ململانێی مەزهەبی نێوان سوننەبوونی کورد و قزڵباشە سەفەوییەکان، میری شارەزوور بێگەبەگ ڕاپۆرتێک بە (کەتخودا حەیدەردا) دەنێرێت بۆ سوڵتانی عوسمانی و باس لەوە دەکات ئەوان ئەهلی سوننە و جەماعەتن لە باوک و باپیرانەوە، هەر بۆیە لەگەڵ قزڵباشەکاندا ڕووبەڕووى هێرش و پەلامار بوونەتەوە، دوای ئەوەی سوڵتان سلێمانی قانوونی هەواڵی هێرش و پەلاماری (قزڵباش) ەکانی زانیوە بۆ سەر شارەزوور و ئەو هەموو کوشتار و وێرانکاریانەی ئەنجامیانداوە، لە تۆڵەی ئەوەدا پەلاماری دەوڵەتی سەفەوی دەدات.
دوای ئەوەی سوڵتان سلێمانی قانونی سوپایەک بەسەرپەرشتی (ئیبراهیم پاشا) بەڕێدەکات بۆ هێرشکردنە سەر دەوڵەتی سەفەوی، ئەو سوپایە هەتا وەرزی زستان ماوەتەوە لە دەوروبەری هەمەدان و دەینەوەر، پاشان بەهۆی سەرما و سەختی زستانەوە ناچاربوون بەشێک لە چەک و پێویستییەکانی تری جەنگ بشارنەوە لە (پشتەی شاخ) ، هەندێکی تری فڕیدەدەنە ناو ئاوی (قەرەسو) بەشێکی تری دەسوتێنن بۆ ئەوەی دەست دوژمنەکانیان نەکەوێت، پاشان دەگەڕێنەوە بەغدا، دوای گەیشتنیان بە بەغدا پرسیار دەکەن نزیکترین کەس و دەسەڵاتداری سەر بە عوسمانییەکان لە شوێنی چەکە شاراوەکانەوە کێیە؟ هەواڵی بێگەبەگی میری شارەزووری پێدەدەن، دوای ناردنی هەواڵدەر و پرس و ڕاکردن، میر بێگەبەگ ئامادەیی دەربڕیوە و بۆ هاوکاریی و داوای کردووە لە ئاسنگەر و دارتاشەکانی میرایەتییەکەی هەموو ئامادەکاریەک بکەن بۆ گێڕانەوەی ئەو چەکانە، پاشان بە هاوکاریی و چاوساغی زۆراب سوهرابی برای بێگەبەگ دەتوانرێت سەرجەم ئەو چەکە شاراوانە بگێڕنەوە. هەر لەو باسانەدا ناوی (دەربەندی بازیان) هاتووە کە بە (دربند ایمان شا) ناوبراوە لەلایەن مێژوونووسە عوسمانییەکانەوە، بەڵام لە سەردەمی عەباسییەکاندا بە (دربند خلیفە) ناوبراوە، هەروەها لە دوای گەیشتنی سوپای بەغدا بۆ کوردستان باس لەوە دەکات کە سوڵتان ڕۆژانی جەژنی قوربانی لە دەوروبەری قەڵای (قزڵجە) بەسەربردووە، هەروەها باسی هەندێ شوێنی تر هاتووە، هەر لەبەرانبەر هاوکاری سوهراب بەگدا سنجەقی (مەهرەوان= مەریوان) ی پێدەبەخشرێت لەلایەن سوڵتانەوە.
سوهراب بەگ دەبێتە ڕێگا نیشاندەری سوپای عوسمانى بۆ گێڕانەوەی چەک و جبەخانە شاراوەکان، هەتا دەگەنە مەراغە و دەتوانن هەموو جبەخانە شاراوەکان بگێڕنەوە بۆ بەغدا، دوای ئەو هاوکارییەی میری شارەزوور، بێگە بەگ لەلایەن والی بەغداەوە دیاری و خەڵاتی گرانبەهای بۆ دەنێرێت و هەردوو سنجاقی (بنکدورە) و (حۆرین) ی پێشکەش دەکات.
لە دوای ئەو هاوکارییەی بێگەبەگ بۆ والی بەغدا و سەرکەوتنەکانی و خەڵاتکرانی لەلایەن والییەوە، غازی خان کە یەکێک بووە لە دەربارانی والی، پیلانێکی تێکدەرانە دادەڕێژێت دژی میرە کوردەکان، ڕاپۆرت بەرزدەکاتەوە بۆ سوڵتانی عوسمانی کە هەریەک لە سلێمان پاشا والی بەغدا و حسێن بەگی خاوەنی هەولێر و بێگەبەگی حاکمی شارەزوور لەسەر دژایەتی سوڵتان کۆبوونەتەوە، لە ئەنجامدا سوڵتان سوپا بەڕێدەکات بۆ سەر هەرێمی شارەزوور، بەڵام پێش ئەوەی پیلانەکە سەربگرێت بێگەبەگ دەتوانێت ئەو پیلانە پوچەڵ بکاتەوە.
لەگەڵ ئەو هەموو هاوکاریی و دڵسۆزیەی میرە کوردەکان بۆ دەوڵەتی عوسمانی، بەڵام هەموو ئەمانە نەبووەتە هۆی درووستبوونی متمانەی بەهێزی نێوان ئەو دەوڵەتە و میرە کوردەکان، بەهۆی ئەو نائارامیی و پەلاماردانەی سوپای سەفەوی بۆ سەر کوردستان زۆربەی کات دەسەڵاتدارانی عوسمانی بەهۆی ڕاپۆرتی کەسێکی ناحەز یان گومانێکەوە پەلاماری میرایەتییە کوردییەکانیانداوە، لە دوای بانگهێشتکردنی غازی خانی خیانەتکار بۆ ئەستەمبوڵ و لێپرسینەوەی، بەڵام جارێکی تر ئەم خیانەتکارە خۆی دەرباز دەکات و دەگاتەوە ناو دەوڵەتی سەفەوی، کاتێک شای سەفەوی هەواڵ دەزانێت گەیشتووەتە هەمەدان فەرمان دەردەکات بەهرام میرزای برای پێشوازی گەرمی لێبکات، دوای گەیشتنی غازی خان شای سەفەوی لە سەربازگەیەکدا کۆبوونەوە بە سوپاکەی دەکات کە غازی خانیش ئامادە دەبێت، شا پرسیاری سوپای عوسمانی دەکات، لەناو قسەکانیدا ئاماژە بە میرە کوردەکان دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو میرە کوردانە کە بێگەبەگ پەروەردەی کردووە و کردوویەتی بەکاربەدەست حاجی شێخ بەگە، کە میری لیوای بابانە، ئەم میرە کوردە ناوبەناو هێرشە دەکاتە سەر لیوای مەراغە و زەرەو زیان بە خەڵکەکەی دەگەیەنێت، کێ لە میرەکانم خەڵکی ئەو ناوچەم لەدەست ئەو میرە کوردە بۆ ڕزگار دەکات؟،
غازی خان ئامادەیی تەواو نیشاندەدات کە بچێت میری بابان بگرێت و بیخاتە ناو قەفەزەوە، پاشان غازی خان لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە میرانی شا سوپایەک بەڕێدەکەن بۆ هێرشکردنە سەر لیوای بابان، لەو هێرشەدا ئازارێکی زۆری دانیشتووانی لیوای بابان دەدەن و گوندەکانیان خاپوور دەکەن، بەڵام ناتوانن حاجی شێخ بەگ بگرن، حاجی شێخ پەنا دەباتە بەر چیایەکی سەخت، میری بابان داوای هێز لە بەغدا دەکات، محەمەد پاشای والی بەغدا هێزی بۆ دەنێرێت، کاتێک غازی خان هەواڵی هاتنی سوپای بەغدای دەگاتێ لەگەڵ هاوکارەکانیدا ڕاوێژ دەکات کە پەلاماری قەڵای سەختی میری بابان بدەن و هەرچی لەناو قەڵاکەدایە بەدیل بیگرن، بەڵام لە هێرشەکەیاندا دەشکێن و شکستێکی گەورە دەخۆن، پاشان ناچار دەبن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان و پەیوەندی بکەنەوە بە شاوە، پاشماوەیەک شا دەیکات بە میری (مەحمودێ باد باکۆ) .
زۆرێک لەوانەی باسی مێژووی بابان دەکەن دەڵێن: یەکەم سەرچاوە باسی بابانی کردووە (شەرەفنامە) ی شەرەفخانی بەدلیسییە، بەڵام ئەم یاداشتانەی مەئمون بەگ (15) ساڵ پێش (شەرەفنامە) باسی بابانی کردووە، هەروەها بابانەکان لەلایەن ئەردەڵانییەکانەوە دەسەڵاتیان پێدراوە، لە هەمانکاتدا حاجی شێخ بە موتەسەریفی لیوای بابان ناودەبات، کەواتە خاوەن دەسەڵات بووە و ناوچەیەکی جوگرافی دیاریکراوی لەژێردەستدا بووە، بەڵام ئەو ناوچەیە کوێ بووە؟ مەئمون بەگ دیاری نەکردووە.
هەروەها ئەو میرە کوردە ئەوەندە خاوەن هێز و دەسەڵات بووە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی سەفەوی درووستکردووە و لەلایەن شاوە حسابی تایبەتی بۆکراوە، لەکاتی هێرشی سەفەویدا نەتوانراوە دەستگیربکرێت و دەسەڵاتەکەی لەناو ببرێت، هەموو ئەم ئاماژانە بەڵگەی بەهێزن کە لیوای بابان و میرەکەی خاوەن هێز و پێگە بوون لە ناوچەکەدا، لەلایەک شای ئێران سوپای بۆ بەڕێکردووە و لەلایەکی ترەوە والی بەغدا بە هانایەوە چووە و پشتگیری کردووە.
لە دوای هێرشەکانی غازی خان بۆ سەر لیوای بابان، والی بەغدا داوا لە بێگە بەگی میری شارەزوور دەکات بۆ دەرخستنی دڵسۆزیان دەبێت پەلاماری قزڵباشەکان بدەی (سەر و زمانی بڕاویان) بنێری بۆ دەرباری والی، بەڵکوو ئەو کارەتان ببێتە هۆی ڕزگارکردنی مەئمون بەگی کوڕتان کە لە بەغدا دەستبەسەر بووە، بێگەبەگ لە دوای نامەکەی محەمەد پاشا، محەمەد بەگی برای لەگەڵ دەستەیەک سەرباز دەنێرێت بۆ هەمەدان و لە دەوروبەری (اسنفنداوا) و فەرمانی والی جێبەجێ دەکات، بەڵام پێش گەیشتنی هەواڵی بێگەبەگ (محەمەد پاشا) ی والی بەغدا کۆچی دوایی دەکات.
مەئمون بەگ ئاماژە بەوە دەکات هەر والییەک هاتبێتە سەر دەسەڵات لە بەغدا بێگەبەگی میری شارەزوور دڵسۆزیی و وەلائی خۆی بۆ دەربڕیوە، بەڵام بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە بەندەی دڵسۆزتان (مەئمون بەگ) بۆ ماوەی دوازدە ساڵ و دە مانگە لە قەڵای بەغداا زیندانم، مەخابن لەگەڵ ئەو هەموو هاوکاریی و دڵسۆزییەی میری شارەزوور بۆ والی بەغدا، بەڵام متمانەیان پێنەکردووە و کوڕەکەی دەستبەسەر بووە لایان.
کوردستان لەگەڵ ئەوەدا کەوتبووە نێوان بەرداشی سەفەویی و عوسمانییەوە، لەهەمانکاتدا هەرکەسێک تووشی لادان و یاخبوون ببووایە پەنای دەبردە بەر چیا سەختەکانی کوردستان، یەکێک لەوانە (ئەلقاس میرزا) ى برای شا تەهماسبی سەفەوییە، کاتێک لەگەڵ براکەیدا لەسەر دەسەڵات نێوانیان تێکچووە، چەند جارێک لەنێوان سەفەویی و عوسمانیەکاندا پەتپەتێنی کردووە، لەکاتێکدا لە عوسمانییەکان یاخی دەبێت سوپای والی بەغدا و هەولێر و موسڵ ئامادەکاری دەکەن پەلاماری بدەن، ئەلقاس میرزا بەخۆی و لەشکرەکەیەوە لە کەرکووکەوە بەرەو دەربەندی بازیان دەڕۆن خۆیان دەرباز بکەن، لەکاتێکدا لە سنووری هەرێمی شارەزوور نزیک دەبێتەوە پەنا بۆ بێگەبەگ دەبات، بەڵام پەنای نادات و زۆر توند وەڵامی دەداتەوە، ناچار دەبێت لە ڕێگەی دەرتەنگەوە بەرەو لوڕستان بڕوات، بەڵام سوپای والی بەغدا لە ڕێگەی کەلی سەرگرمە و دەربەندگاورەوە دوای دەکەون، ناچار دەبێت بەرەو دەشتی شارەزوور بگەڕێتەوە، کاتێک بێگەبەگ هەواڵ دەزانێت نامە دەنێرێت بۆ عەلەمەدینی کوڕی ئەمیری قەڵای نەوێ (نەوێ و بەردەبەل) کە ئامادەباشی بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو سوپایە، عەلەمەدین ئامادەکاری باش دەکات و لەکاتی گەیشتنی سوپاکەدا کە دەیەوێت لە گەرووی (بەگ باسانەوە) تێپەڕێت، بەڵام پێش دەربازبوونی تووشی شەڕ دەبن لەگەڵ سوپای عەلەمەدینی میری قەڵا، لەو شەڕەدا زۆرێک لە سوپای ئەلقاس دەکوژرێت، بەڵام ئەلقاس و بەشێک لە سوپاکەی بەشێوەی موعجیزە دەربازیان دەبێت و دەگەنە مەهرەوان (مەریوان) ، لەوێش جارێکی تر ئەلقاس سوپا تێکشکاوەکەی کۆدەکاتەوە و دەیەوێت هێرش بکاتە سەر میرایەتی بابان، لەهەمانکاتدا قاچاخ بووە لە شای سەفەوی، لەلایەن شای سەفەوییەوە هەوڵی دەستگیرکردنی دەدرێت بۆیە ناچار دەبێت پەنا بۆ میری سۆران بەرێت. لە دوای ئەو سەرکەوتنانەی سوپای بێگەبەگی میری شارەزوور، فەرمانی سوڵتانی هەمایونی دەردەچێت بە ئازادکردنی مەئمون بەگی کوڕیی و دەکرێتە ئەمیری کەرکووک.
بەڵام نائارامییەکانی لە کوردستاندا بەردەوام دەبێت، بەهۆی هێرش و پەلاماری بەردەوامی سەفەوییەکان و لەلایەک و لەلایەکی ترەوە ناکۆکی و ململانێی نێوان میرە کوردەکان خۆیان، میر و بەگە کوردەکان بەردەوام خەریکی دژایەتی یەکتری بوون و هیچ کاتێک دۆست و تەباو هاوکاری یەکتری نەبوون، بێگومان ئەو ناکۆکییە ناوخۆییانە لەلایەن سەفەویی و عوسمانیەکانەوە زیاتر قوڵکراوەتەوە و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان هێناوە.
جارێکی تر بەهۆی ناکۆکیی و ڕێکنەکەوتنی کوڕانی بێگەبەگەوە هەرێمی شارەزوور ڕووبەڕووى شەڕ و نائارامیی و وێرانکاری دەبێتەوە، دوای ئەوەی سۆهراب بەگ دەست دەگرێت بەسەر قەڵای زەڵم و هەرێمی شارەزووردا و ئیعلانی وەلائو دڵسۆزی خۆی بۆ شای سەفەوی دەردەبڕێت، محەمەدبەگی برای ئەو بارودۆخەی بە چاوی خۆی بینیوە، لەگەڵ سوهراب بەگی برایدا چەند نامە و نامە گۆڕینەوەیەک دەکەن، سوهراب بەگ داوای ملکەچی گوێڕایەڵی لێدەکات، بەڵام محەمەد بەگ گوێڕایەڵی ناکات و بەرەو ئەستەمبوڵ بۆ لای سوڵتانی عوسمانی بەڕێدەکەوێت، دوای چەند ڕۆژێک دەگاتە لای سوڵتان، سوڵتان ڕێزی دەگرێت و سنجاقی کەرکووک و هەردوو لیوای (شارباژێڕ و سرۆچک) پێدەدات، محەمەد پاشا داوا دەکات سوڵتان هێزی بداتێ هەتا هێرش بکاتە سەر سوهراب بەگی برای لە هەرێمی شارەزوور و قەڵای زەڵمدا.
لەوکاتەدا عوسمان پاشای چەرکسی لەوێ دەبێت کە لە میرایەتی قارەمان لابراوە، عوسمان پاشا دەڵێت: ئەگەر دەتانەوێت دەستبگرنەوە بەسەر هەرێمی شارەزووردا من زۆر شارەزای ئەو ناوچانەم، ئەو کارەتان بۆ دەکەم بە مەرجێک بەغدا بکەن بە دوو هەرێمەوە و یەکێک لەو هەرێمانەم بدەنێ، سوڵتان داواکەی پەسەند دەکات، محمەد بەگ دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک و عوسمان پاشای چەرکەسیش بەرەو موسڵ دەگەڕێتەوە، دوای گەڕانەوەیان دەکەونە ئامادەسازی بۆ هێرشکردنە سەر شارەزوور، سوهراب بەگ هەواڵ دەزانێت، نامە دەنێرێت بۆ عوسمان پاشا و دەڵێت: ئێمە هەموو کات دڵسۆز و ملکەچی سوڵتانی عوسمانی بووین، هەڵە و تاوانم کرد چوومە پاڵ شای سەفەوی، من وەک میرە کوردەکانی تر هەموو کات دڵسۆزی سوڵتان دەبم. دوای گەیشتنی نامە و نوێنەرەکانی سوهراب، عوسمان پاشا نوێنەرەکان لای خۆی دەهێڵێتەوە و نامە و نوێنەری خۆی دەنێرێت بۆ لای سوهراب بەگ، کاتێک سوهراب نامەکەی عوسمان پاشا دەبینێت دڵنیادەبێت کە لێی دەبوورن، بەڵام بۆچوونەکەی ڕاست دەرناچێت، لەناوکاودا عوسمان پاشا و محەمەد بەگی میری کەرکووک هێرش دەکەنە سەر هەرێمی شارەزوور، دوای شەڕ و کوشتار و تاڵانی زۆر ناتوانن قەڵای زەڵم بگرن، محەمەد بەگ دەکوژرێت و عوسمان پاشا تووشی شکست دەبێت، سێ مانگی زستان گەمارۆی قەڵای زەڵم دەدەن ناتوانن بیگرن، سوپای سەفەوی بەهانای سوهراب بەگەوە دێت، کاتێک عوسمان پاشا هەواڵی هێرشی سەفەوی دەبیستێت ناچار دەبێت بەرەو چیاکانی قەرەداغ پاشەکشە بکات.
دوای گەڕانەوەی عوسمان پاشا بە سوپا شکاوەکەیەوە بۆ کەرکووک، هەواڵی شکستەکانی سوپاکەی و هەروەها هاتنی هێرشی سوپای سەفەوی بۆ سەر هەرێمی شارەزوور دەنێرێت بۆ سوڵتان، سوڵتان نامە دەنێرێت بۆ عوسمان پاشا کە گرتنی قەڵای زەڵم سەختە، بگەڕێنەوە ئەو شارۆچکە کۆنەی تەیموری لەنگ لە شارەزوور وێرانی کردووە نۆژەنی بکەنەوە، عوسمان پاشا بەخۆی و سوپاکەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ شارەزوور و دەستدەکات بە نۆژەنکردنەوەی شارۆچکەکە، لەوکاتەدا عوسمان پاشا نامە دەنێرێت بۆ سوهراب بەگ و داوای لێدەکات لەو کارانەی پاشگەزبێتەوە و سوڵتان لێبوردنی بۆ دەردەکات، سوهراب بەگ متمانە بە نامەکەی عوسمان پاشا دەکات و قەڵای زەڵم چۆڵ دەکات و لە دەوروبەری مەریوان نیشتەجێ دەبێت.
پاش ماوەیەک عوسمان پاشا سێ سەد سەربازی ئینکیشاری لە سوپاکەی ئامادە دەکات و لە شەوێکدا پەلاماری سوهراب بەگ دەدەن، دوای کوشتارێکی زۆر لە هەردوولا سوهراب بەگ ڕزگاری دەبێت، بەڵام خوشکێکی میرەکانی پاڵنگان بەدیلی دەکەوێتە دەست سوپای عوسمان پاشا، دواتر ئەو ژنەى بەدیلى نارد بۆ قەڵای حۆرین (هۆرێن) ، لەو شەوەدا عوسمان پاشا کۆچی دوایی دەکات.
دوای ئەوەی هەواڵی کۆچی دوای عوسمان پاشا دەگاتەوە سوڵتانی عوسمانی، فەرمان دەکات بەغدا بکرێتەوە بە یەک هەرێم، پاشان داوا دەکات محەمەد بەڵتەچی والی بەغدا بڕوات بۆ شارەزوور بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵای شارۆچکە کۆنەکە، محەمەد بەگ بەرەو شارەزوور بەڕێدەکەوێت، لەناو عەشیرەتی ڕۆژبەیانیدا میری دەرتەنگ دەستپێشخەری دەکات کە نێوەندگیری لەنێوان محەمەد بەگ و سوهراب بەگدا بکات، محەمەد بەگ ڕازی دەبێت و دیاریی و خەڵاتی زۆر دەنێرێت بۆ سوهراب بەگ بەڵێنی پێدانی سنجاق بە خۆیی و کوڕەکانی دەدات و هەروەها داوای لێبوردنی لە سوڵتان بۆ بکات، هەرچەندە سەرەتا دودڵ دەبێت، بەڵام لەژێر فشاری میرەکانی پاڵنگان کە خوشکەکەیان دیلە ڕازی دەبێت و کلیلەکانی قەڵای زەڵم دەنێرێت بۆ پاشا.
بەڵام دوای ئەو ڕێکەوتنە بەرگێکی کورد بەناوی کوردۆلی بەگ کە نیازى وابووە دەست بگرێت بەسەر هەرێمی شارەزووردا دەگاتە لای سوهراب بەگ و دەڵێت: بە هیچ جۆرێک بڕوا بە بەڵێنەکانی محەمەد بەگ نەکەیت و دەیەوێت بەدیلکراوی ڕەوانەی لای سوڵتانت بکات، سوهراب بەگ بڕوا بە قسەکانی دەکات و جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ قەڵای مەریوان، داوا دەکات لە دەستوپێوەندەکانی بڕوا بە بەڵێنەکانی سوڵتان نەکەن، بەڵام هەموو بەگ و سەرۆک عەشیرەتەکان واز لە سوهراب بەگ دەهێنن و پەیوەندی دەکەنەوە بە محەمەد پاشاوە و هەموویان دەگەڕێنەوە شوێن و سنجەقەکانی خۆیان، پاشان محەمەد پاشا پاسەوانی پێویست بۆ قەڵای زەڵم دابین دەکات و هێزی پێویست بۆ کوردۆلی دیاری دەکات و دەیکاتە بەرپرسی پاراستنی ناوچەکە و دوای ئەوە محەمەد بەگ دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و هەواڵی ئەو ڕووداوانە دەنێرێت بۆ سوڵتان.
دوای ساڵ و نیوێک بەهۆی ڕێکەوتنەوە شای ئێران کلیلەکانی قەڵای مێشیلە و شەمع ئێران لە سوهراب بەگ وەردەگرێتەوە و دەینێرێت بۆ ئەبوبەکر بەگ کە لەوکاتەدا میری شارەزوور بووە، ئەبوبەکر بەگ بۆ ئەوەی کێشە و ئاژاوە لە ناوچەکەدا درووست نەبێت کلیلەکان دەنێرێت بۆ سوڵتان لە ئەستەمبوڵ، دوای ئەوە هەرێمی شارەزوور دەبێتە دوو بەش، بەشێکی دەبێتە ناوچەی سوڵتان و بەشەکەی تری کوردەکان خۆیان بەڕێوەی دەبەن بە مەرجێک کەس سنووری ئەوی تر نەبەزێنێ و ستەم نەکەن.
گرنگیی و بایەخی ئەم یاداشتانەی مەئمون بەگ:
ئەم یاداشتانە گرنگیی و بایەخی مێژوویی خۆیان هەیە چونکە:
یەکەم/ لە کات و ڕۆژگاری ڕووداوەکاندا نووسراوەتەوە، دوای سەردەمێک لە ڕوودانیان تۆمار نەکراون هەتا زیاد و کەمی تێبکەوێت.
دووەم/ لەلایەن میرە کوردێکی ناو ڕووداوەکانەوە تۆمارکراوە، بێگومان ئەو میرە ئاگاداری دیوی ناوەوەی ڕووداوەکان بووە و لە هەموو هۆ و دەرەنجامێکی ئەو ڕووداوانە ئاگادار بووە.
سێیەم/ کەسێکی خوێندەوار بووە و زیاتر لە دوزادە ساڵ لە بەغدا خۆی پێگەیاندووە، کەواتە هۆشیاری باشی هەبووە دەربارەی خوێندنەوە و تۆمارکردنی ئەو ڕووداوانە و زانیویەتی چۆن و بۆچی تۆماریان دەکات.
چوارەم/ ئاگاداری ململانێی مەزهەبی نێوان عوسمانیی و سەفەوی بووە، زانیویەتی هێرش و پەلامارەکانی سەفەوی بۆچی بەردەوام دەکرێتە سەر کوردستان، ئاگاداری ئەوەبووە کە شەڕی سەختی نێوان عوسمانیی و سەفەوی بە پاڵنەری مەزهەبیە و ئەو بابەتە پشکی شێری بەرکەوتووە لە ململانێکاندا.
پێنجەم/ ئاگاداری ململانێی ناوماڵی میرە کوردەکان بووە لەسەر دەسەڵات، کە هەر میرێک لەپێناوی پۆست و دەسەڵاتدا هەوڵی شکاندنی براکەی داوە.
شەشەم/ باسی هەموو ئەو مەرگەسات و وێرانکاریی و ڕەشەکوژیانە دەکات کە بەسەر کورد و کوردستاندا هاتووە لە ڕۆژگاری شەڕی عوسمانیی و سەفەویدا.
حەوتەم/ نووسخەی ڕەسەنی (ئەسڵی) دەستنووسەکە ماوە و لە ئەرشیفخانەی عوسمانیدا پارێزراوە، لەبەرئەوە بەڵگەنامەیەکی مێژوویی گرنگ و باوەڕپێکراوە بۆ نووسینەوەی مێژوو.
هەشتەم/ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوە بۆ ناوی شوێنە جوگرافییەکانی کوردستان، کە لە ئێستادا هەندێکیان نەماون و هەندێکیان ناوەکەیان گۆڕاوە.
نۆیەم/ بۆ شارەزابوون و تێگەیشتن لە ژیان و گوزەرانی ئەو ڕۆژگارەی خەڵکی کوردستان بەڵگەنامەیەکی گرنگە.
دەیەم/ ئەم یادداشتانە وەک ڕاپۆرت بۆ سوڵتانی عوسمانی بەرزکراوەتەوە، بۆیە زۆر بە وشیارییەوە نووسراوە و نووسەر خۆی پاراستووە لە زیادەڕەویی و شتی ناڕاست، چونکە زانیویەتی سوڵتان هەواڵەکانی پێدەگات و ئەگەر شتی ناڕاست بنووسێت تووشی لێپیچینەوە دەبێت لەلایەن سوڵتانەوە.
دەتوانین بڵێین: یەکەم سەرچاوەی مێژووییە بەوشێوە مەیدانییە باسی بارودۆخی ئەو ڕۆژگارەی کوردستان بکات.[1]