$وانەیەک لە مەڕدارانەوە$
#نەوزاد مەحمود عەبدولکەریم کاکەسور#
#30-12-2021#
شۆفێری ئەو تاکسییەی دەیگەیاندمە شوێنی کارەکەم، نیگەران بوو لەوەی فریانەکەوتووە کۆمەکێکی بچووک بگەیێنێتە ئەو کەمپەینەی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی #هەولێر# لە ئەمنەسوورەکەی #سلێمانی# ڕێکخرابوو! زانیارییەکانی ئەو لەبارەی پێویستی کاری بەخشین و بەدەمەوەچوونی خەڵک، تێکەڵەیەکی هەڵگۆزراو بوون لە ئایین و بەها کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام ئەوەی بۆ من سەرنجڕاکێش بوو تاکسییە شڕۆڵە و داکەوتووەکەی بوو کە لەرۆشتندا دەیناڵاند، کەچی شۆفێرەکەی شەیدای بەخشین بوو! بەبڕوای ئەو، کورد لەبەر ئەوەی دۆستی نییە دەبێت خەڵکەکەی کەسی ڕاستەقینەی خۆشی و ناخۆشییەکانی یەک بن.
چەند مەڕدارێک لێنەگەڕان ساڵەکەمان بە دیمەنە ناخۆش و خەمگینەکانییەوە پەردەی کۆتایی دابداتەوە و بانگهێشتمان دەکەن بۆ بەردەم دەلاقەیەکی دیکە، کە ژیان و کۆمەڵگەی کوردەواریی جوانتر و میهرەبانتر لێیەوە دەردەکەوێ. ڕووداوەکە سرووشتی و دڵهەژێن بوو، بەرەبەیانی ڕۆژی 17-ی ئەم مانگە لافاوێکی بەهێز چەند ناوچەیەکی هەولێری پایتەختی داپۆشی و 12 کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی گەورەی مادی لەدوای خۆی بەجێهێشت، کە پارێزگاری هەولێر بە 21 ملیار دینار خەمڵاندی، بەڵام کاردانەوە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکانی دوای ڕووداوەکە دڵنەواییبەخش و بەرسڤدەری دڵتەنگییەکانمان بوون.
باسی ئەو مەڕدارانەی دەوروبەری هەولێر و #کەرکووک# دەکەم تاوەکوو ئێستاش سەرقاڵن بە کۆکردنەوەی مەڕی زیاتر بۆ پیاوێک کە مەڕەکانی لافاو بردوونی و تیمەکانی بەرگری شارستانیش بەردەوامن لەگەڕان و سۆراخکردنی تەرمی کوڕەکەی. ئەوان نزیکەی 70 سەر مەڕیان بۆ کۆکردووەتەوە و هەوڵی زیاتریش دەدەن، ئەوەش ئەو شتەیە کە من و سەتان کەسی دیکە بە دڵخۆشییەوە دەباتە ساڵی نوێ. لەبەر ئەوەنا کە پیاوێک مەڕە ئاوبردووەکانی دەستدەکەوێتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی ڕەشبینییەکانم بەرانبەر جیهان و پەیوەندییە درزبردووەکانی نێوان مرۆڤەکان و کۆمەڵگەی کوردەواریی کەمتر دەبنەوە.
ئێمەی کورد لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان بەهۆی ئەوەی خاوەنی دەوڵەت نین، گیرۆدەی دەیان کەند و بەربەستی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتین، ڕووداوە سرووشتییەکانیش دەستوەشێنتر بەسەرماندا دێن وەک لە هەر کۆمەڵگەیەکی سەربەخۆ و خاوەن دەوڵەتی دیکە. ئەوەی هەیە و نییە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئازارە گیانی و مادییەکان، ئەو گیانی هەرەوەزی و بەدەمەوەهاتنی ژیانی کوردەواریی بوو، کە ساڵانێک بوو ئەویش دوور و دوورتر دەکەوتەوە لێمان و تەمی ڕەشبینی لە بەرچاوانمان زیاتر چڕدەکردەوە.
شار و شارۆچکە و گوندەوارەکانی ئێمە شەکەت و ماندوون بە دەست ئەو ئافاتە جۆراوجۆرانەی لە سایەی گۆڕانی کەشوهەوا و شەڕ و هەرای سیاسی ناوچەکە و قەیرانی دارایی و زۆر تەنگەژەی دیکەوە هاتوونەتە نێو ژیانمانەوە.
بمانەوێ یان نا، قەیرانەکان بەردەوام کاریگەرییان لەسەر کاڵکردنەوەی بەها و ڕایەڵە باشەکانی ژیانی کوردەوارییمان هەبووە و دەبێت، بەڵام هێشتا بۆ هاوکاریکردنی هەژاران و بە هاناچوونی لێقەوماوان، ژمارەی کەمپەینەکان و بەدەمەوەچوونە بەرفراوانەکانی خەڵک زۆرتر و ئومێدبەخشن. هێشتا زۆر کەسی دیکە ماون کە وەک شۆفێری تاکسییەکە نیگەرانن لەوەی فریانەکەوتوون پارووییەکی سەر سفرەی ماڵەکەیان بگەیێننە ماڵێکی بە لیتە داپۆشراو.
ڕۆژی #12-11-2017# زەمینلەرزەیەکی بەهێز سەرپێڵی زەهاوی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژاند و نزیکەی هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 10 هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون و دەیان هەزار خانووش وێران بوون، لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە خەڵک دەستیان بە کۆکردنەوەی کۆمەک و دەستگرۆیی کرد بۆ لێقەوماوانی ئەو شارۆچکەیە و هەرچی لەدەستیان هات گەیاندیانە لێقەوماوان. یان کاتێک تۆڕی میدیایی ڕووداو هەڵمەتێکی کۆمەکبەخشینی بۆ یارمەتیدانی قوربانیان و زیانلێکەوتووانی زەمینلەرزەکەی #دەربەندیخان# لە هەمان ساڵدا ڕاگەیاند، لە کەمپەینە دوو هەفتەییەکەدا 270 هەزار دۆلار و چوار هەزار تۆن چیمەنتۆ و 124 تۆن شیش و هەشت بارهەڵگر دەرمان و 500 سۆپا و 220 هەزار خشت و بارهەڵگرێکی گەورە جلوبەرگ و شۆفڵێک کۆکرانەوە و گەیێندرانە دەستی ئیدارەی ناوچەکە.
دەبێت هەمیشە نزا بکەین کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو بن، بەڵام هەموو ئەو ڕووداوانەی قوربانی و زیانی بەکۆمەڵیان هەبووە، ڕاچڵەکین و قۆڵهەڵماڵینێکی کۆمەڵایەتی سێبووری بەخشیان بەدوای خۆیاندا هێناوە و بە نۆژەنکردنەوە و بوژاندنەوەی ڕۆحی بەدەمیەکەوە بوون، ژان و ناسۆری ڕووداوەکان کەمتر دەبنەوە و وێنە جوانەکان دێنەوە بەرچاوان.
لەو جیهانەدا کە بەکەمی توێژەرانی کۆمەڵایەتی و ئابووریناسان و دەرد و دەرمانناسان لێی ڕازین، مرۆڤ چێژی زۆر لەدیمەنی ئەو پیاوە هەژارە دەبینێ، کە لەماڵە ڕەشورووتەکەی خۆیەوە بەتانییەکی دەرهێناوە و دەیەوێت بیبەخشێت بەو کەمپەینەی بۆ لێقەوماوێکی زیانلێکەوتوی شارێکی دیکە کۆیدەکاتەوە.
ساڵی 2019 کاتێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆناوە بە دژوارییەکی زۆر دەیتوانی مووچەی مووچەخۆرانی دابین بکات، مامۆستایەک دەیویست شەڕێکی گەورە لەگەڵ گیرفانی خۆی بکات و بڕی 20 هەزار دیناری بەخشییە ئەو کەمپەینەی بۆ یارمەتیدانی ڕۆژاوای کوردستان سازکرابوو و کە دواجار کەمپەینەکە 250 ملیۆن دیناری کۆکردەوە.
جێگەدەستی سەخاوەتمەندانەی بازرگان و وەبەرهێن و سەرمایەدارانی باشووری کوردستان بە پۆشتەکردنەوەی لێقەوماوانی کارەساتەکان و نەخۆش و هەژار و دەستکوورتانەوە تاڕاددەیەکی باش دیارە و دەبێت سوپاسگوزار بین، بەڵام ئەوەی هەژارێک بە هەژارێکی دیکەی دەبەخشێت ویژدانی مرۆڤ بە خەبەر دێننەوە. ئەو وانانەن کە پێویستە کۆڕی ژیانمانی پێ گەرم بکەین، چونکە ئەوان لە پارووی سەر سینییەکانی بەردەمیان دەیبەخشن.
بەهۆی سیاسەت و لێکەوتە نەرێنییەکانییەوە، لە ساڵانی ڕابردوو لێکترازانێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان شارەکانی باشووری کوردستان پەرەیسەند. خەڵک بەهۆی سیاسەتەوە دابەشدەبوون و لە سۆشیال میدیا بە ئاسانی هەست بەو دابەشبوونە دەکرێ، بەڵام هەمیشە کەمپەینی دوای ڕووداوە سرووشتییەکان، سەرباری قەرەبووکردنەوەی ماددی زیانلێکەوتووان بە کۆمەک و هاوکارییەکانی، ئەو درزە کۆمەڵایەتییانەش پڕدەکاتەوە کە بەهۆی سیاسەتەوە درووستبوون.
مەڕدارەکانی کەرکووک و دەوروبەری هەولێر، بەو شێوەیە دڵی مەڕدارێکی تازیەبار و زیانلێکەوتوو دەدەنەوە و پێیدەڵێن هێشتا بەشی ئەوە سۆز و میهرەبانی و بەخشندەیی ماوە، شەڕی ئەو شەپۆلە ناشیرینانەی پێبکەین، کە دەیانەوێ ڕامانبهێنن لەسەر ئەوەی هەر یەکێک تەنیا بە ژیان و ئازارەکانی خۆیەوە خەریک بێت. وانەی مەڕدارەکان سادەیە، ئەوان پێمان دەڵێن ئەگەر ئێمە هاوڕێی ئازارەکانی یەک بین، دەتوانین سەردەمێک درووستبکەین کە ئازار نەتوانێ زۆر تێیدا بمێنێتەوە. [1]