$خێر و شەڕی ئەمریکا$
#هاوار بازیان#
#13-08-2021#
بۆ ئەوەى بتوانین وەڵامە نەریتییەکەى ئەم پرسیارە دەرباز بکەین کە سیاسەت شەڕ و خێر نییە، بگرە بەرژەوەندییە، پێویستە دەروازەیەکی تازە بۆ ئەم پرسە بکەینەوە ئایا کام بەرژەوەندی هەیە ئەمریکا لە گەلانی بێ دەرەتانی وەکوو ئەفغان و بێ وڵاتی وەکوو کورد نزیک دەکاتەوە، ئایا هەر لە بنەڕەتدا ئەمریکا فریادڕەس و بوونیاتنەرە یان هەلپەرست و وێرانکەر؟ ئایا دەکرێت هێرش و تێکدان و پاشان کشانەوە بە بەرژەوەندیی بزانین بەتایبەت کە بیانووی هەمیشەیی زلهێزان بۆ دەستوەردان لە وڵاتاندا ڕزگاری، ئازادى و ئاوەدانی بووە، بەڵام بۆچی پێچەوانەکەى دەبینین و مێژوو خۆی لەسەر گەلانى لاواز لەڕووی سیاسییەوە دووپات دەکاتەوە؟ گەلۆ دەبێت کێشەکە ئەوە نەبێ گەل و وڵاتان سەرکەوتوو نەبوون، بەرژەوەندییەکانی خۆیان هاوئاڕاستەى بەرژەوەندیی زلهێزان و بە دیاریکراوی ئەمریکا بکەن؟ بۆچوونێکی تریش هەیە کە بەرژەوەندیی ئەمریکا لە هەر شوێنێک کۆتایی هاتبێت، قەیرانی ڕاستەقینە دەستی پێ کردووە. بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی دیرۆکی، لە سێ ڕەهەندی مێژوویی، مرۆیی و سیاسییەوە گەنگەشەى ئەم پرسە دەکەین.
1. لە مێژوودا و بەپێی ئەزموونی گەل و وڵاتانی دیکە، ئەمریکا دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و یەکلاکەرەوەی ئاشکراى هەبووە لە کاروباری ناوخۆی زیاتر لە 20 وڵاتی جیاوازدا، بەڵام لە گەیشتن بە و ئامانجەى کارەکەی لەسەر هەڵچنیبوو، بەپێی هەڵسەنگاندی خودی ئەمریکییەکان لە هیچ کامیاندا سەرکەوتوو نەبووە و تەنانەت لە لووتکەى کێشە و قەیرانەکاندا وڵات و گەلانی بە تەنیا جێهێشتووە. زیندووترین نموونەی ئەو وڵاتانە لە مێژووی هاوچەرخدا، داگیرکردنی هایتى (1915 - 1934) ، و شەڕی ڤێتنام (1954 -1975) و شەڕی ئەفغانستان (2001 -2021) و ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن (2003 - 2021) ڕەنگە دیارترین نموونەی باسەکە بن، کە تێیدا ویلاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرۆکایەتیی کردوون. بەپێی هەڵسەنگاندنە فەرمییەکانی خودی واشنتۆن، ئەمریکا لە هیچ یەک لەو شەڕانەدا، بەتایبەت لە هایتی و ڤێتنامدا سەرکەوتوو نەبوو لەوەى مەبەستی سەرەکیی خۆی بپێکێت و بەرژەوەندییەکانی خۆی و وڵاتان بپارێزێت.
2. لە بواری مرۆیی، ئەمریکا لە سەرجەم شەڕەکاندا زیانێکی گەورەى بە گەل و وڵاتان و تەنانەت خۆیشی گەیاندووە، قوربانییەک کە زۆر گەورەتر بووە لەو سوودەى پێی بەخشیون یان بەڵێنی پێداون. لە شەڕی هایتی-دا زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتیی سڤیلى بێ تاوان کوژران، لە گێژاوی ڤێتنامدا سێ ملیۆن کەس کە زیاتر لە 58 هەزاریان ئەمریکی بوون، بوونە قوربانی. شەڕی ئەفغانستان، 240 هەزار کوژراوی لێکەوتەوە کە نێزیکەى چوار هەزاریان سەربازی ئەمریکی بوون. لە شەڕی ئێراقدا ژمارەى کوژراوانی سەربازی ئەمریکی بۆ نزیکەى 5000 سەرباز بەرز دەبێتەوە جگە لەوەی بەپێی ئاماری میریی پێنتاگۆن، دەیان هەزار هاووڵاتیی ئێراقی بەهۆی ئەم شەڕەوە کوژراون.
3. دەستکەوتی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم چوار شەڕە نموونەییەدا کە مێژوویین، بەپێی سەرچاوە فەرمییەکانی ئەمریکا شایانی ئەو بەهایە نەبووە لەپێناویدا شەڕیان هەڵگیرساندووە. لە هایتى و ڤێتنام، ئەمریکا سەرنەکەوت و وڵاتێکی وێرانی بۆ ناوچەکە بەجێهێشت و دواجار بە ناچاری وڵاتی ڕادەستی خەڵک و دراوسێکانی کرد؛ تەنانەت لە ڤێتنام تووشی شکستێکی مێژوویی گەورە بوو کە لە کۆتاییدا چین سەرکەوتووتر دەرکەوت.
ئەمریکا لە ئەفغانستان کە بۆ شەڕی تیرۆر چووبوو، قاعیدەى بن لادنی شکست دا، بەڵام ڕادەستی مەلا هەیبەتوڵڵای تاڵیبانی کرد! سیناریۆی ئاشتیی لەگەڵ بزووتنەوەى تاڵیبان کردە بیانوو تاوەکوو لەو وڵاتە ڕزگارى ببێت و تەنانەت بەر لە ڕۆیشتنی، ڕەوایەتیی سیاسی بە تاڵیبان بەخشی و هێزێکی گەورەی دەروونی و جەماوەریى پێشکێشی ئەم بزووتنەوەیە کرد تاوەکوو ڕێگە بە خۆی بدات بەر لە وادەى دەرچوونی فەرمیی ئەمریکا لەو وڵاتە کە #11-09-2021# دانراوە، ئەفغانستان داگیر بکات و دەستکەوتی سیاسیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی پاش 20 ساڵ شەڕ لە سفر نزیک بکاتەوە.
لە ئێراق کە ململانێی دەرچوونی یەکجارەکیی ئەمریکا لەو وڵاتە هەیە و بەشێکی زۆری بە ویستی ئێرانە، هاوکات خواستی ڕێژەیی ئەمریکاشی لەسەرە. دەرچوونی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ئێراق، ڕاستەوخۆ ناکۆکیی زیاتر دەخاتە نێوان هێز و گرووپەکانی شیعەى سەر بە ئێران، سوونەى سەر بە سعودیە، ئێراقییەکان خۆیان و تورکمانەکان کە بەنیازن تورکیاش پەلکێش بکەن و ئەوەیان بەڵگەیەکی ڕوون و ئاشکرایە پاش دەرچوونی ئەمریکا لەو وڵاتە، ئێراق دەبێتە مەیدانی بەریەککەوتنی بەرژەوەندیی زیاتر لە پێنج ئاڕاستەى ئایینی و نەتەوەیی جیاواز کە یەکێک لەوانە کوردە.
بەشێک لە سیاسەتمەدارانی کورد پێیانوایە ئێراقێکی ئاڵۆز بە سوودی کورد دەبێت کە ڕەنگە ئەم بۆچوونە پاش گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی لە ساڵی 2017 و ڕووداوەکانی دواتری کاڵ بووبێتەوە، تێیدا کورد بەهۆی گەمارۆ ئابووری و سیاسییەکان هەموو کارێکی کرد نیازپاکیی خۆی بۆ بەغدا و دراوسێکان و دنیا بسەلمێنێت، کە هەوڵی وڵاتی سەربەخۆ نادەن و ئەوی کراوە تەنیا گشتپرسییەک بووە لە چوارچێوەی ئازادیی ڕادەربڕین کە بێگومان سەربەخۆیی مافی دیرۆکیی کوردە و حاشاهەڵناگرێ. ئەگەر لە چوارچێوەى باسەکەدا بمێنینەوە، ئەمریکا و هەڵوێستەکانی بەرانبەر کورد لە پرسی گشتپرسیدا، هۆیەکی سەرەکی بوون لەو دۆخە خراپەى بەسەر کورددا هات بە لانی کەمەوە پاش ئەوەى ناکۆکییەکی بێ مانای بەڕێوەچوونی گشتپرسیی کرد و دواتریش بێدەنگییەکی ماناداری بەرانبەر هێرشەکانی سەر کورد هەڵبژارد.
جگە لەوانە، باری ئابووریی وڵاتان پاش دەرچوونی ئەمریکا وێرانەیەکی گەورە بووە لە قەرز و هەژاری و بێکاری و داڕمانی ناخی هاووڵاتی کە هۆکاری سەرەکیی هەمان فەزای شەڕە کە تێیدا هیچ بازاڕێک گەرم نییە جگە لە چەک بە دەست هاووڵاتییەکی تووڕەوە! هەروەها لایەنی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەى مەدەنی، کە تێیدا بۆ نموونە ژنان بە دەرفەتی دەزانن کەڵک لە کولتووری وڵاتێکی ڕۆژاوایی وەربگرن کە ئەمریکا بەناوی دیموکراسی و لە پەنای پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکاندا، بواری بەشداریی ژنان لە پڕۆسەى سیاسیدا دەڕەخسێنێت، بەڵام پاش کشانەوەى ئەو هێزانە لە وڵاتەکە ئەم فەرهەنگە و دەنگی ڕێکخراوەکان و سەنگى کۆمەڵگەى مەدەنی (ئەگەریش تەواو لەناو نەچێت) بەرەو کاڵبوونەوە دەڕوات، بەتایبەت کە ئەم دیاردانە لەلای زۆرینەی کۆمەڵگەوە بە دیارییەک لە دوژمنى داگیرکارەوە دادەنرێت.
$دەرئەنجام$
هیچ هێزێک ناتوانێت بە زەبری چەک ئاشتی و ئارامی بۆ گەلانی ژێردەستەی ڕژێمەکان دەستەبەر بکات؛ میللەت و نەتەوەکان ڕەنگە لە بڕگەیەکی مێژووییدا داگیرکرابن یان پێویستیان بە هێزێکی دەرەکی بووبێت تاوەک ودەربازیان بکات، بەڵام دواجار تەنیا ئەو نەتەوانە ڕزگاریان بووە کە خێرا خەمی خۆیان خواردووە و ڕاستەوخۆ دەستیان بە ئازادکردن و بنیاتنانى وڵات کردووە و بەرژەوەندیی خۆیان لە بەرژەوەندیی وڵاتانی زلهێز گرێداوە، بەشێوەیەک کە هاوبەشی بەردەوام بن نەک ئامرازێکی کاتی. نموونەی هەرە دیار هیندستانی ژێردەستی بەریتانیا و جەزائیرى ژێردەستی فەرەنسا و هەروەها لیبیای داگیرکراوی بەریتانیا و فەرەنسا کە تەنانەت کێشەکانی ئێستەی ئەو وڵاتانە پێوەندیی بە بەرژەوەندییە یەکلایەنە و سیاسەتە تایبەتییەکانی ئەمریکاوە هەیە. سەرکەوتوو ئەو میللەتانەن ڕێگەیان نەدا ساڵان و دەیان ساڵ بەسەر مانەوەى هێزی بێگانەدا تێپەڕێت و بگاتە دۆخێک کە دەرکردن یان مانەوەیان جیاوازییەکی نەبێت؛ بە شێوەیەک کشانەوەیان شەڕ درووست بکات و مانەوەیان ئاڵۆزی. [1]