$لە تەلئەبیبەوە بۆ جدە$
#هۆشیار عەبدولڕەحمان سیوەیلی#
#13-07-2022#
سەردانەکەی سەرۆک بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمڕۆ دەست پێدەکات و دوو ڕۆژ دەخایێنێت. دەچێتە ئیسرائیل و سەردانی فەلەستین دەکات و، یەکەم سەرۆکی ئەمەریکیش دەبێت لە تەلئەبیبەوە ڕاستەوخۆ بچێتە سعودیە و لە جدە دەنیشێتەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سعودیە و بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو (GCC+3) ، کە جگە لە سعودیە، ئیمارات، کوێت، بەحرێن، قەتەر و عومان، هەروەها میسر، ئوردن و ئێراقیش تێیدا بەشدار دەبن.
ئەم سەردانەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ناوچەکە لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوە و تەنانەت سەردانی بۆ سعودیە پرسیاری زۆری درووستکردووە، چونکە بایدن وادەرکەوت کە لەسەر جەنگی یەمەن و کوشتنی جەمال خاشوقچی ناکۆکی گەورەی لەگەڵ کاربەدەستانی سعودیە بەگشتی و میر محەمەد بن سەلمان هەبێت. ئەمەش سەرۆک بایدنی ناچارکرد لە ڕێگەی نووسینی وتارێک لە (واشینتۆن پۆست) دا بەرگری لە گەشتەکەی بۆ سعودیە بکات. ئەوەی کە دەکرێ لە دووتوێی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل، فەلەستین و سعودیە بخوێنرێتەوە ئەوەیە کە بەرژەوەندی ئەمەریکا وادەخوازێت ئەو سەردانە ئەنجامبدرێت، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە نرخی وزە لە جیهاندا بەهۆی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایناوە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئەمەش نرخی بەنزین و گازوایل و غازی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕادەیەکی زۆر بەرزکردووەتەوە و هەڵاوسانیش زیادیکردووە، لەکاتێکدا ئەمەریکا بەرەو هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەنات و پارێزگاری بەشێک لە ویلایەتەکان دەچێت کە لە 8ی تشرینی دووەم دا ئەنجامدەدرێن.
هەرچەندە ئێراق ڕاستەوخۆ بەشێک نییە لە ئەجێندای سەردانەکە و، دۆخی ئێستای ئێراق و نەبوونی حکومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی لەبار و شیاوی نین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی جدی، بەڵام ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئێراقیش دەبێت، بە تایبەتی زیادکردنی بڕی هەناردەکردنی نەوتی سعودیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی سعودیەو ئیسرائیل و، بەهێزکردنی بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.
بەشێک لە ئەجێندای سەردانی سەرۆک بایدن بۆ ناوچەکە و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل، فەلەستین و سعودیە لە خاڵانەدا کوورت دەکەینەوە:
• جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا نرخی وزەی بەرزکردووەتەوە، چونکە بڕێکی کەمتر وزە لە ڕووسیاوە دەگاتە بازاڕەکانی جیهان. سەرۆک بایدن لەم سەردانەیدا هەوڵدەدات سەرکردەکانی سعودیە ڕازی بکات تاوەکوو بڕێکی زیاتر نەوت بخەنە بازاڕەوە.
• بەپێی وتارێکی (زە تایمز ئۆف ئیسرائیل) لەو سەردانەدا سەرۆک بایدن هەوڵدەدات زەمینەسازی بۆ نزیکبوونەوەی سعودیە و ئیسرائیل بکات لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیم (ئەبرەهام) ی نێوان ئیسرائیل و عەرەبەکان. ڕەنگە هەر لەم سەردانەدا گواستنەوەی خاوەندارێتی دوو دوورگەی ناو دەریای سوور لە میسرەوە بۆ سعودیە وەک ڕێخۆشکردن بۆ دامەزراندنی پەیوەندی نێوان سعودیە و ئیسرائیل ڕابگەیێنرێت و سعودیە ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر بەکارهێنانی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن فڕۆکەوانی ئیسرائیل و گەشتی ڕاستەوخۆی ئاسمانی بکرێتەوە لە ئیسرائیلەوە بۆ سعودیە بۆ گواستنەوەی موسڵمانانی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی حەج.
• بێگومان مەسەلەی ئێران و بەهێزکردنی بەرەی دژی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دوای ئەوەی کە ئیدارەی بایدن لەهەوڵەکانیدا سەرنەکەوت بۆ گێڕانەوەی ئێران بۆ ڕێککەوتنامەی ئەتۆمی. پێکهێنانی ناتۆی عەرەبی و کەڵک وەرگرتن لە توانا سەبازییەکانی ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ئێران تەنانەت لەلایەن خودی ئێرانیشەوە ئاماژەی پێدراوە.
• یەمەن و کۆتاییهێنان بە جەنگی یەمەن یەکێک بووە لە کارە لەپێشینەکانی سیاسەتی ئیدارەی بایدن لە ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست و توانییان ئاگربەست بچەسپێنن و ئێستاش هەوڵدەدەن چارەسەرێکی کۆتایی بۆ ئەو جەنگە بدۆزنەوە.
• لە هەمانکاتدا سەرۆکی ئەمەریکی گێڕانەوەی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ دەسەڵاتی فەلەستین ڕادەگەیێنێت و جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ فەلەستین دەکاتەوە. ئەمەش پیگەی سەرۆک مەحموود عەباس و دەسەڵاتی فەلەستینی بەهێزتر دەکات بەرانبەر ئێران و حەماس.
• هەڵبەتە بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و ڕەنگە فرۆشتنی چەکی زیاتر بە سعودیە و پشتگیری ئەمریکا بۆ دیدی 2030 ی میر محەمەد بن سەلمان بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی سعودیە، بابەتی دیکەی گفتوگۆکان بن بەتایبەتی سەرۆک بایدن ئامادەی کۆڕبەندێکی ئابووری دەبێت لە ئیسرائیل کە ئیمارات و هەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی و ئیسرائیل ئامادەی دەبن.
وەک ئاماژەمان پێدا چاوەڕێدەکرێت کە سەرۆک وەزیرانی ئێراق لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کەنداو کە ڕۆژی هەینییە بەشداربێت، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا خۆپیشاندانی ملیۆنی لەلایەن لایەنگرانی سەدرەوە لە بەغدا ئەنجامدەدرێت و ئەگەری درووستبوونی ئاژاوە و گرژی هەیە. ڕوون نییە تاوەکوو چ ڕادەیەک ئەم دۆخە کاریگەریی بۆ سەر بەشداری سەرۆک وەزیرانی ئێراق دەبێت. [1]