$خۆپیشاندانەکانی ئێراق بە دەست و دڵی کێن؟$
#هیوا جەمال#
#14-11-2019#
لەنێو خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا لەگەڵ دەیان خۆپیشاندەر قسەم کردووە، وێنەی سەدان پۆستەر و دروشمی خۆپیشاندەرانم گرتوون، لەگەڵ ژمارەیەک سیاسی و خاوەن بۆچوون گفتوگۆم کردووە، کۆمەڵێک سەرنجم لەلا درووستبوون، هەندێکیان وردبوونەوەی زۆریان دەوێت، هەندێکی دیکە دەبێ لەنێو دێڕەکاندا بۆیان بگەڕێیت.
$بەدڵی ئەمریکا و عەبدولمەهدی$
لەنێو خۆپیشاندەراندا کەمترین ناڕەزایی بەرانبەر ئەمریکا هەیە، ئەوەندەی لەوێ بووم، زۆر بە کەمی دروشمی دژ بە ئەمریکام بینی، کەمترین خەڵک لە دژی ئەمریکا قسەیان دەکرد، هەندێ دەنگ دەیانگوت ئەمریکا ئەم خۆپیشاندانەی بەدڵە، هەندێکی دیکە بۆچوونیان وابوو، ئەمریکا ناڕاستەوخۆ، جوڵێنەر یان پاڵپشتیکاری خۆپیشاندانەکانە.
ئەوانەی بڕوایان وایە ئەمریکا خۆپیشاندانەکانی بەدڵە، هۆکارەکەی هەر بۆ کەمکردنەوەی باڵادەستیی ئێران لە ئێراق دەگەڕێننەوە.
لەهەمان گۆڕەپان، بە ئاشکرا دژایەتی ئێران و باڵادەستیی ئەو وڵاتە دەبینرێت، خانمێکی بەتەمەن کە سێ ساڵ لە ئێران ژیابوو، پێیگوتم با بە زمانی خۆیان بە فارسی پێیان بڵێم: دەست لە ئێراق هەڵگرن و دەست لە کاروباری ئێمە وەرمەدەن. لە هەموو شارەکان باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی ئێران لەژێر هەڕەشەدان، هەروەک لە کەربەلا و لە بەسرە پەلامار دران.
وای بۆ دەچم، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق، خۆپیشاندانەکانی بەدڵ بن، ئێستا سەرۆکوەزیران لەژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا ناچارە کۆمەڵێک بڕیار و چاکسازی ڕابگەیێنێت، هەندێ لە بەرپرسانی حکومی لابدات، لە وەزیرەوە تاوەکوو بەڕێوەبەرە گشتییەکان، مووچە کەمبکاتەوە و زەوی دابەش بکات، هەروەها هەندێ خەڵک دابمەزرێنێت، بۆ نموونە لە ماوەی پێنج ڕۆژدا هەزار کەسی دامەزراند وەک کارمەندی مەدەنی لە وەزارەتی بەرگری، گونجاوە عادل عەبدولمەهدی بڵێت، هەموو ئەمانە بەهۆی گوشاری خۆپیشاندەرانەوەیە.
لەبەرئەوە بەدڵییەتی، چونکە ئەگەر ئەو گوشارەی خۆپیشاندەران نەبێت، عەبدولمەهدییەکی بێ پشت و پەنا، لەنێو پەڕڵەمان و لەنێو ئەو هەموو حیزبە نەیدەتوانی بە ئاسانی ئەو بڕیارانە بدات. دەستبردنی بۆ هەر بڕیارێک پەیوەندی بەوانەی سەرەوە هەبێت، کاردانەوەی زۆری حیزب و پەڕڵەمانتارەکانی لێدەکەوتەوە، وەک پڕۆژە چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستانی لێدەهات، دەبوو هەر لەنێوایاندا بێت و بچێت.
$بەدەستی هەندێ سیاسی و هۆزەکان$
ڕێکخراوی و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندانەکان، پرسیاری زۆری لەلا درووستکردبووم، بە جۆرێک کە دەچیتە سنووری جوگرافیای خۆپیشاندانەکەوە، لانی کەم شەش کیلۆمەتر چوارگۆشە ڕووبەرەکەیەتی، وەک دەوڵەتێکی تەواو سۆشیال وایە، هەموو خزمەتگوزارییەک بێبەرانبەرە، گواستنەوە، خواردن و خواردنەوە، چارەسەری پزیشکی، خاوێنکردنەوە و خەوتن، جگە لە دابەشبوونی تیمەکان و سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنیان، هەروەها لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەمیی ئەوانەی کاردەکەن، لەهەمانکاتدا، یەکپۆشیی تیمەکان.
پرسیارەکە ئەوەیە کێ پشتیووانی ئەو هەموو ڕێکخراوە دەکات، لەکاتێکدا هیچ کەس و دەستەیەک بەناوی خۆپیشاندەرانەوە قسە ناکات؟ هیچ کەس ڕێگە نادات کەسی دیکە بەناوی ئەوەوە وەک نوێنەری خۆپیشاندەران قسە بکات، هەمووان خۆیان بە خاوەن و نوێنەر دەزانن، لە خۆپیشاندەرێکم پرسی بۆچی کەسێک نییە بەناوی ئێوە قسە بکات؟ وتی: کەس نوێنەرایەتی ئێمە ناکات، خۆمان نوێنەری خۆمانین، ڕێگە بە کەسیش نادەین ماندووبوون و خوێنی ڕژاوی براکانمان بۆخۆی ببات.
هەرچەندە هەندێ زانیاریم هەبوو کە لەدەرەوەی وڵاتەوە پشتیووانی دارایی دێت. وەک پشتیووانی لەنێوخۆ، ئافرەتێک یان بنەماڵەیەک خواردنی سەت بۆ دوو سەت کەس درووستدەکەن بۆ ژەمێک، جگە لەوەش لەگەڵ پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ قسەم کرد وتی: زەوییەکم فرۆشتووە بە چوار ملیۆن دینار و هێناومە بۆ خزمەتی خەڵک خەرجی بکەم. بەڵام هیشتا ئەوە ناکاتە ئەوەی ئەوەندە ڕێکخراوبێت، وەڵامەکەم بە نزیکەیی وەرگرت لەوەی دوو لایەنی سەرەکی پشتیووانی دەکەن، لایەنێکیشیان ڕێکیاندەخەن، هۆزەکان پشتیووانی مادییان دەکەن و سەرۆک هۆزەکان فەرمانیان کردووە، ئەندامانی هۆز خۆبەخش کار بکەن، هەروەها هەندێ لە سیاسییەکان، بەتایبەت ئەوانەی هەست بەپەراوێزخستن دەکەن.
لەگەڵ پیاوێکی سیاسی گفتوگۆم کرد، لەنێو وەڵامەکاندا بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا کە خۆی و هەندێ لە سیاسییەکان پشتیووانی مادییان دەکەن و ڕێکیاندەخەن، بەڵام نایانەوێت ڕاستەوخۆ بچنە خۆپیشاندانەکانەوە.
$سوننە و کورد چی بکەن؟$
هەردوولایان هەم وەک خەڵک و هەم وەک بەرپرسانیان دوورەپەرێزن، هەرچەندە شیعە پێیان خۆشە هەردوولا دوورەپەرێز بن، بۆ ئەوەش لەڕووی سۆزەوە دەڵێن با براکانمان لە سوننە و کورد تۆمەتبار نەکرێن بە تیرۆر و جیاخوازی، وەک کەریم نووری گوتەبێژی پێشووی #حەشدی شەعبی# لەبەرنامەکەمدا باسیکرد، بەڵام خۆشیان نایانەوێت بچنە نێو خۆپیشاندانەکان، چونکە هەردوولایان لەوبڕوایەدان ئەوە شەڕی نێوماڵی شیعەیە.
سوننە و کورد دەتوانن کەڵک لە خۆپیشاندانەکان وەربگرن، ئەگەر شەڕی نێوماڵی شیعە بێت، ناکۆکییەکانیان بکەنە دەرفەت و ئەگەر هەر بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و چاکسازیش بێت بۆچی خراپە لەگەڵی بن؟
بابەتێک کە جێی نیگەرانی و هەستیارییە هەمواری دەستوورە، هەرچەندە داوای سەرەکی خۆپیشاندەران نییە، بەڵام مەبەستی سەرەکی دەسەڵاتدار و سیاسییەکانی شیعەیە، بۆچی سەرکردەکانی کورد ئەوەندە کەوتوونەتە ژێر گوشارەوە لەو بابەتەدا؟
گۆڕەپانی تەحریر گوشاری خستووەتە سەر حکومەتی ئێراق، کەچی کاری لە سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لەجیاتی ئەوەی پشتیووانی داوای خۆپیشاندەران بکەن و ئەمانیش ببنە بەشێک لە گوشار بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی کورد، کەچی کەوتوونەتە دۆخی بەرگرییەوە.
کات لە بەردەمە و هەمووان پێکەوە یەکدەبینن، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیش زۆربەیانی کۆکردەوە، پێویستە کورد نەخشەڕێی خۆی هەبێت و لە هەموو لایەنێکەوە هەموار و دەستکاری بۆ کۆی جومگەکانی حوکمڕانی لە ئێراق پێبێت، هێز و گوشاری خۆپیشاندەران لەلایەک و کارتی گوشاری دیکە بەکاربێنن بۆ بەدەستهێنانی هەندێ مافی زیاتر.
جێی تێڕامانە، لەکاتێکدا دەستووری ئێراق نووسراوەتەوە کە نە گشتپرسی کرابوو، نە بۆڕی نەوتی کوردستان بەسترابوو بە بازاڕەکانی جیهان و نە ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی گاز لەگەڵ ڕووسیا کرابوو، نە خۆپیشاندانیش هەبوو، ئەوکات توانرا ئەو مافانە بەدەستبێنن، کەچی ئێستا لە کەمکردنەوەیان دەترسن. [1]