$پارتی شەراکەت لەگەڵ کێ دەکات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#13-11-2018#
باری پارتی لە چوار ساڵی داهاتوودا ئێجگار قوورسە، لەبەر ئەوە نییە کە 45 کورسی لە هەڵبژاردنەکانی 30ی ئەیلولی ئەمساڵدا بەدەستهێناوە، پارتی حوکمڕانی هەرێمی کوردستانە و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا بەڕێوەدەبات، وەک بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# وتی: عەقڵی بەغدا لە #هەولێر# دەبێ. بۆ ئەوەی لەم دوو هەنگاوەدا سەرکەوتوو بێ، دەبێ سەقامگیری سیاسی هەبێت. لە کوردستانیش بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی بەرقەراربێ، دەبێ ئەرکی براگەورەیی بنوێنێ نە بە کورسیی زۆر، بەڵکوو بە پێکەوەکارکردن و ڕوحی یەک تیمی لە حکومەتدا.
$پارتی و یەکێتی$
سەقامگیریی سیاسی بەدی نایەت، ئەگەر لەگەڵ دەوروبەرەکەت کێشەت هەبێ. پێویستە پارتی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کێشەکانی سفر بکاتەوە، چونکە بوونی کێشە لەگەڵ لایەنی نێوخۆیی و دەرەکی وا دەکات لە بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستاندا ئاستەنگی مەزن درووست ببێ. بگرە پارتی دەتوانێ ئەو هێزەبێ کە بۆ یارمەتیدانی دەوڵەتانی دەوروبەریش ڕۆڵی کاریگەریی هەبێ لە چارەسەرکردنی کێشەکانیان نەک تەنیا لەسەر ئاستی نێوخۆ و ئێراق.
ئەوەی گرنگە، پارتی بەدوای شەریکی ڕاستەقینەدا دەگەڕێ کە لە چوار ساڵی داهاتوودا حکومەت بەجێنەهێڵێ. یەکێک لەو شەریکانە ڕەنگە یەکێتی بێت. یەکێتی ئێستا دوو باڵە، هەندێجار پارتی لەگەڵ باڵی ماڵباتی تاڵەبانی ڕێکدەکەوێ و پەشیمان دەبێتەوە و هەندێجار لەگەڵ باڵی کۆسرەت ڕەسوڵ ڕێکدەکەوێ و لەویش پەشیمان دەبێتەوە، چونکە هەردوو باڵ بۆ دەستکەوتی کوورتخایەن پاڵپشتی پارتی دەکەن.
ئێستا هەم دوای 16ی ئۆکتۆبەر (ماڵباتی تاڵەبانی) و هەم دوای 2ی ئۆکتۆبەر (باڵی کاک کۆسرەت) کە لە مەسەلەی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری ئێراق ڕۆڵی هەبوو، پارتی لەسەر پشکی یەکێتی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمان و حکومەت چۆن باڵانسی نێو یەکێتی ڕادەگرێ؟ لەگەڵ کام باڵی یەکێتی ڕێکدەکەوێت؟ پارتی لێرەدا دیراسەی ورد دەکات کە کام باڵی نێو یەکێتی ئەساسی بەهێزی بڕیاردانی هەیە و کام باڵ ئامادەیە بۆ چوار ساڵ شەریکی ڕاستەقینەی پارتی بێت لە حوکمڕانیی کوردستاندا؟ ئەوەی ئاشکرایە، ئێستا پارتی سەرەڕای ئەوەی نیگەرانە لە باڵی کاک کۆسرەت، هیچ گەرەنتییەکیش نییە کە بۆ چوار ساڵی دیکە لە حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەڕڵەمان ئەو تیمەی دەینێرن تیمێکی تۆکمە و بەهێز بێت، بەڵام باڵی ماڵباتی تاڵەبانی ئامادەن گەرەنتی بدەن کە لە دەستەی سەرۆکایەتی و لە حکومەتیش پشت لە پارتی نەکەن!
پاڤڵ تاڵەبانی ئێستا کە بڕیاری کۆتایی یەکێتی دەدات، داواکاری سەرەکیی لە پارتی کە زۆر پێداگیری لەسەر دەکات، ئەوەیە براکەی (واتە #قوباد تاڵەبانی#) وەک جێگری سەرۆکی حکومەت بمێنێتەوە، هەروەها وەزارەتێکی سیادیش وەربگرن کە زۆرتر چاویان لە #وەزارەتی ناوخۆ#یە. بێگومان ئەگەر پارتی ڕازی بێ پۆستی سەرۆکی پەڕڵەمانیش بدات بە یەکێتی، ماڵی #مام جەلال# دەست بەسەر ئەو پۆستەشدا دەگرن و ئەمە بە ئاشکرا گوتوویانە و نەیانشاردووەتەوە.
تەنانەت کاک باڤڵ بە پارتی دەڵێت: لە ناوچەی خەزرای بەغدا لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار من لەگەڵ پارتی ڕێککەوتم، بەڵام ئەوە کاک کۆسرەت بوو ئەو ڕێککەوتنەی تێکدا و لە بەرژەوەندیی #بەرهەم ساڵح#ی شکاندەوە کە هیچی لێ قازانج نەکرد. ئەوکات باڤڵ تاڵەبانی حیسابی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردبوو، بەڵام کاک کۆسرەت تەنیا بیری لە پۆستەکەی بەرهەم ساڵح کردەوە کە نە بۆ خۆی و نە بۆ یەکێتی و بگرە نە بۆ کوردیش هیچ سوودی نییە، جگە لە بەرهەم ساڵح کەسێکی دیکە کەڵک لەو پۆستە وەرناگرێ.
کۆماری ئیسلامی ئێرانیش حەز دەکات ماڵباتی تاڵەبانی پێگەی بەهێزیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەبێت بۆ ئەوەی تا قوناغێک لە هەرێمی کوردستان سەقامگیری درووست ببێت، چونکە دوای گەمارۆکانی ئەمریکا، ئێران پێویستی بە بازاڕی سەقامگیر و بەهێزی دراوسێکانییەتی.
$پارتی و گۆڕان$
یەکێتی پێداگری دەکات کە #بزووتنەوەی گۆڕان# بەشێک نەبێت لە کابینەی نوێ، بەڵام گۆڕان وەکوو هێزی سێیەمی براوەی هەڵبژاردن مافی ئەوەی هەیە بەشدار بێ لە حکومەت.
ڕاستییەکەش ئەوەیە کە دڵی گۆڕان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ پارتی بۆ ئەوەی بەشێک بێ لە کابینەی نوێ لێدەدات، بەڵام حاڵی گۆڕان هیچ باشتر نییە لە حاڵی یەکێتی. نێو ماڵی گۆڕان کە باش نەبێ، پێناچێت بتوانن تیمێکی باش و سەقامگیرییان هەبێ لەنێو حکومەتدا، چونکە دۆخی نێوخۆی گۆڕان ڕەنگدانەوەی لەسەر ئەدای تیمەکەی دەبێ لە حکومەت و پەڕڵەماندا. کێشەی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕان جەماوەرەکەیەتی کە لەسەر فیکری لە ئۆپۆزیسیۆن ئۆپۆزیسیۆنتر پەروەردە کراون. ناتوانن دابنیشن. یەکێتیش ئاوا دانانیشێت پارتی لەسەر حیسابیان (دیسانەوە) لە گۆڕان نزیک ببێتەوە. تەنانەت هەندێجار دەگوترێ ماڵباتی تاڵەبانی، بەتایبەت لاهور تاڵەبانی ئەوەندە کاریگەریی لەسەر گۆڕان هەیە، هەر کاتێک مەرحەبایەکی گۆڕان بکات، دەتوانێ ئەو پەیوەندییەی بڕیارە سەرلەنوێ لەنێوان پارتی و گۆڕان درووستبکرێ، وەکوو 23ی حوزەیران تێکی بدات.
باری پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش پێدەچێ قوورستربێ لەوەی یەکێتی. گۆڕان داوای سێ وەزارەت و چەند دەستەیەک دەکات کە یەکێک لە وەزارەتەکانیان سیادی بێت. هێشتا پارتی لەسەر ئەم داوایەی گۆڕان قسەی کۆتایی نەکردووە.
ڕۆڵی پارتی لێرەدا ئەوەیە بە نزیکبووونەوەی لە گۆڕان، یەکێتی ئیستیفزاز نەکات و هەڕەشەی لێنەکات بۆ هەندێ حاڵەتی نێو پەڕڵەمان بۆ تێپەڕاندنی یاسایەک کە پێویستی بە کۆدەنگی نیشتمانی دەبێت، بۆ ئەوەی سەقامگیری سیاسی بپارێزرێت. بەڵکوو دەبێ یەکێتی وەک ئەوەی هەیە تەماشا بکات.
ئامانجی سەرەکی پارتی ئەوەیە کار بکات بۆ ئەوەی ژمارەی کورسییەکانی لە هەڵبژاردنی داهاتوو کەم نەکات. یەکێتی دەیەوێ لە حکومەتێکی بەهێزدابێت و کار لەسەر لاوازکردنی بزووتنەوەی گۆڕان بکات، بۆ ئەوەی ئەو جیاوازیە زۆرەی لەنێوان ژمارە کورسییەکانی پارتی و یەکێتیدا هەن کەم بکاتەوە. هەرچی گۆڕانە دەیەوێ بەشداربێت لەم حکومەتە بۆ ئەوەی هەر نەبێ، دەست بەوەی هەیە بگرن و پۆستی حکومی بەدەست بهێنن و ئومێدێک بۆ خەڵکی خۆیان درووست بکەن.
$کۆمەڵی ئیسلامی ئاوت کراوە$
ئەوەندەی کە پارتی لە دڵەوە بە ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی دەگوت (مامۆستا) ، برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی بەو شێوەیە بانگی ئەمیری خۆیان نەدەکرد! بەڵام لەهەندێ مەوقیفدا کۆمەڵی ئیسلامی بەشێوەیەک ڕەفتاریان کرد کە متمانەی پارتییان دۆڕاند. پارتی بەشێوەیەک لە کۆمەڵ ناڕەحەتە کە پێناچێ وا بەئاسانی وەکوو ڕابردوو متمانە بەوان بکاتەوە. هەم لە 23ی حوزەیران و هەم لە بەشدارینەکردنیان لە ڕیفراندۆم و هەم ئەو کاتەی لە حکومەتدابوون لە ئۆپۆزیسیۆن ئۆپۆزیسیۆنتر بوون، لە پەڕڵەمانیش هەر مەڵێ. بۆیە ئەستەمە پارتی بتوانێ شوێنێک بۆ کۆمەڵی ئیسلامی لەنێو حکومەتدا ببینێتەوە.
$نەوەی نوێ و یەکگرتوو$
یەکگرتووی ئیسلامی ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆی ڕاگەیاندووە، زیاتریش ئەم بڕیارەی یەکگرتوو بۆ بنکەی جەماوەریی خۆی بووە، چونکە گفتوگۆی زۆر لەنێو یەکگرتوودا هەبوو کە نابێ ببنە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی دەنگەکان و کورسییەکانی ئەو حیزبە بێدەنگ بکرێ، سەرکردایەتی یەکگرتوو بڕیاری ئوپۆزیسیۆنبوونی دا. پارتیش ڕێز لەو بڕیارەی یەکگرتوو دەگرێ.
نەوەی نوێ، هێزێک نییە پشتی پێ ببەستی چ ئۆپۆزیسیۆن بێت یان لەنێو حکومەتدا بێت. هەرچەندە باش دەیزانی بەشدارییان پێناکرێ بۆ ئەوەی ببنە شەریکی حکومەت، هەرزوو ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان ڕاگەیاند. ئەم هێزە لەنێو کێشمەکێشی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا تاسەر بە تۆکمەیی نامێنێتەوە، چونکە لای من ئەوان نەوەی نوێ نین! بەڵکوو نەوەی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامییەکانن.
[1]