$نامەی #بەرهەم ساڵح# بۆ بارزانی$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#22-01-2019#
ساڵی 2011 بوو گەرمەی خوپێشاندانەکانی 17ی شوبات بوو لە #سلێمانی#، تەقەبوو لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح و یادی دامەزراندنی حیزبی سوسیالیست بوو لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە #هەولێر#، سەرۆک بارزانیش لەو یادەدا ئامادەبوو، #بزووتنەوەی گۆڕان# لە لووتکەی ئۆپۆزیسیۆنیی خۆیدابوو. محەمەد توفیق ڕەحیم، لە بزووتنەوەی گۆڕان لەو یادەدا لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبوو، باش لەبیرمە، سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکێشکرد، ئەوەندە بەرگیری لە بەرهەم ساڵح کرد وەک سەرۆکوەزیران، بە قسەی خودی د.بەرهەم ساڵح حیزبەکەی (یەکێتی) قەت هیندەی بارزانی بەرگری لێنەکردبوو.
ئەو یادە دوای هەفتەیەک بوو لە نامە نهێنییەکەی د.بەرهەم ساڵح بوو بۆ #مام جەلال#، کە ئەوکات سەرۆککۆماری ئێراق بوو . بەرهەم ساڵح لەو نامەیەدا داوا لە مام جەلال دەکات دەستیبگرێت ، چونکە بەشێکی هەرەزۆری مەکتەبی سیاسی یەکێتی دژایەتی دەکەن. هەر لەو نامەیەدا بەرهەم ساڵح دەڵێ خوا هەڵناگرێ پارتی زیاتر لە یەکێتی پاڵپشتی من دەکات .
یادەکەی حیزبی سوسیالیست تەواوبوو، من لەگەڵ بەرهەم ساڵحدا سواربووم، فەڕەیەکی شەست مەتری هەولێرمان لێدا و زۆر قسەمانکرد، دواتر ڕۆیشتین بو ئەنجوومەنی وەزیران و قاوەیەکی خوشمان خواردەوە. بەرهەم ساڵح بانگی توانا ئەحمەدی کرد کە سکرتێری ڕۆژنامەوانی ئەو بوو، وتی کاکە توانا بەڕاستی ئەمڕۆ کاک مەسعود لە پێشکێشکردنی وتارەکەیدا زۆر پاڵپشتی منی کرد و برادەرانی گۆڕانیش لەوێ دانیشتبوون.
سەرۆک بارزانی بەردەوام پاڵپشتی ئەم پیاوەی کردووە کە ئێستا سەرۆککۆماری ئێراقە و ناوی بەرهەم ساڵحە. کاک بەرهەم ڕۆژێک لە ماڵی خوی لەسەر نانخواردنی ئێوارە بەمنی گوت بە کاک مەسعودم گوتووە، هەرکاتێک دەوڵەت ڕابگەیێنی، من یەکەم کەس دەبم لە پشت سەری تۆوە بوەستم، کە گشتپرسی لە باشووری کوردستان کرا، ڕۆژێکیش نەمانبینی د. بەرهەم ساڵح قسەیەکی خێر بو ئەنجامدانی گشتپرسییەکە بکات جگە لەو ڕۆژەی لەگەڵ خەڵکدا چوو بۆ دەنگدان!
لەدوای 2003ەوە کە ئێراقی دوای سەددام درووستبوو، بەرهەم ساڵح خەونی بە پۆستی سەرۆککۆماری ئێراقەوە دەبینی و پێیگەیشت! بەڵام چۆن؟ هێشتا د.بەرهەم ساڵح لەنێو حیزبی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) بوو، لەلایەن پارتییەوە بانگکرا و سەرۆک بارزانی پێیگوت، کاکە ئەگەر دەتەوێ ببیە سەرۆککۆماری ئێراق، بەهەموو شێوەیەک پاڵپشتی تۆ دەکەین. بەڕێز بەرهەم ساڵح، وای نیشاندا کە قەت ئارەزووی ئەو پۆستەی نییە، تەنانەت سەرۆک بارزانی ئەم بابەتە لەگەڵ یەکێتیش باسکرد و پێیگوتن ئەگەر ئێوە ڕازیبن با د.بەرهەم بکەینە سەرۆککۆمار ، پێش ئەوەی د.بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە نێو یەکێتی، بەڵام یەکێتی وتی قەت ئەوە قبووڵ ناکەین و چۆن بەرهەم سالح دەکەینە سەرۆککۆمار و ئەوە ڕەفتارێکی دۆستانە نییە ئێوە لەگەڵ یەکێتی دەیکەن ئەگەر وابکەن!
ئێستا بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئێراقە و بەناوی (یەکێتی) یەوە ئەو پۆستەی وەرگرتووە نەک هەموو کورد، چونکە خۆی پێش هەمووان ئەو یەکێتییەی کورد و تەنانەت یەکێتی ناو یەکێتیشی تێکدایەوە . هەولێر تا ئێستا ئامادەنییە پێشوازی لەو سەرۆککۆمارە بکات، نەک لەبەرئەوەی بەربژێرەکەی پارتی بەرانبەر ئەو لەنێو پەڕڵەمانی ئێراق و بەدەنگی شیعە و سوننەکانی دژە کورد دەرچوو، بەڵکوو پارتی و بارزانی بەراشکاوانە پێیانگوتبوو ئەگەر دەتەوێ ئەو پۆستە وەربگری پێش هەموو لایەک ئێمە پاڵپشتی تۆ دەکەین، بەرهەم ساڵح حاشای کرد، کەچی لە پشتەوە یارییەکەی گۆڕی وەک کودەتایەک بەسەر یەک شاندی پارتی و یەکێتیدا ، کێ پێیگوت ئەوە بکات ، وەڵامەکە دەبێ لەلای خۆی بێت .
دوای ئەوەی بەلاوازی بووە سەرۆککۆمار ، لەوکاتەوە د.بەرهەم ساڵح، دەرگا نەماوە لێینەدات کە چۆن کارێک بکرێت هەولێر دەرگای خۆی بەڕوویدا بکاتەوە؟ بۆ ئەو مەبەستە قسە لەگەڵ هەموو جۆرە خەڵکێک دەکات . ئێستا چۆن نێوانی د.بەرهەم ساڵح لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پارتی چاکدەبێتەوە؟
لە 2012دا کەمال ڕەئوف، سەرنووسەری ڕۆژنامەی هاووڵاتی بوو، سەردانێکی کاک #نێچیرڤان بارزانی# کرد، کاک نێچیرڤان پێیگوت مام جەلال کە سەرۆککۆماری ئێراقە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەستی جەنابی سەرۆک بارزانی کردووە ئەمە لە ڕۆژنامەی هاووڵاتی ببووە مانشێت.
تەبایی نێوان جەنابی سەرۆک بارزانی و مام جەلال بەڕەحمەتبێ زۆربوو، ئەو نامەیەی مام جەلال بۆ ئەوەبوو ئێراقییەکان و شیعە و سوننە لە بەغدا بزانن، کورد پێکەوەیە و بڕیاری کوردستان لە هەولێر و مەرجەعیەتی کوردستان (هەولێرە) ، بەوشێوەیەش هەم پێگەی مام جەلال لە بەغدا بەهێزتربوو، هەمیش کورد قسەی لەبەغدا زۆر بەهێز بوو. مەبەستی ئەو دوو سەرکردەیەی کورد ئەوەبوو، بایەخی هەردووکیان و کوردستان لەنێو کوردە، نەک لەبەغدا و لەدەست شیعە و سوننەکان .
پێشنیاز دەکەم د.بەرهەم ساڵح ئەو نموونەیەی مام جەلال دووبارە بکاتەوەو نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ڕادەستی سەرۆک بارزانی بکات، بۆ گەڕانەوەی سەنگ و هێزی کورد کە خۆی بەشێکی زۆری شکاندنی ئەو سەنگ و هێزەی بەردەکەوێت. هەر کاتێک کورد پێکەوە مەبەستی بێت و لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بڕیارێک بدەن و داوا لە د.بەرهەم ساڵح بکات بگەڕێتەوە، ئامادەبێت. چونکە سەنگی د.بەرهەم ساڵح لەنێو هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دهۆکە نەک لە بەغدا و لەو پایتەختانەی لە ڕێگەی وەزیرێکەوە پێشوازی لێدەکەن!
د.بەرهەم ساڵح، بڕوابکە چۆن سەرۆک بارزانی لەوکاتەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بووی تاوەکوو سەر پاڵپشتی جەنابت بوو، ئێستاش هەروادەبێ. چونکە جەنابیشت باش دەزانی بەبێ خەڵکی کوردستان و پایتەختە سیاسییەکەی (هەولێر) ناونیشانی پۆستی سەرۆککۆماری ئێراق بۆ ئێوە کامڵ نییە.
فەرموو نامەکەت بنووسەو بگەڕێوە هەولێر، کە بڕیارتدا ئەو نامەیە بنووسی، ڕاوێژ لەگەڵ کەسانی دڵسۆز بکە، کە قسەی خێرت بۆ بکەن، نەک قسەی شەڕ. بڕیارەکەش لای خۆتە. بەوشێوەیە بەشێوەیەکی واتادار ئەوە دووپاتدەکەیەوە کە بڕیاری کورد یەکە و نابێ لەبەغدا لەتببێ. [1]