$نوقتەی زوعفی پارتی بەرانبەر یەکێتی$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#18-03-2019#
پارتی دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی شەریکی نەبڕی، ئێستا هەر نایکات، چ جای ئەوەی حکومەتی داهاتوو بەبێ بەشداریی (یەکێتی) پێکبهێنرێت!
بەرپرسێکی زۆر باڵای یەکێتی، ماوەیەک لەمەوبەر پێیگوتم پارتی زۆر زیرەکانە مەسەلەی 50 بە 50ی دابەشکردنی دەسەڵات بەکاردەهێنێ و دەڵێ ئەو سەردەمە بەسەرچوو، بەڵام ئێمە لەو سەرەوە بۆی دێین و دەڵێین کاکە دەبێ شەریکی نیوەی بڕیاری دەسەڵات، نیوەی پۆست، پارە، نەوت، مەسەلەی ئەمنی و سیاسەتی دەرەوە بین.
یەکێتی وادەزانێ ئەوان 45 کورسییان هێناوە، مەرج بەسەر پارتی دەسەپێنن، بەڵام یەکێتی خاڵی لاوازی پارتی دەزانێ و لەو خاڵەوە هێزی خۆی دەردەخات، ئەویش پاراستنی ئەزموونی کوردستانە کە پارتی هەرگیز ڕێگەنادات جارێکی دیکە تێکبچێت.
ماوەیەک لەمەوبەر هەندێ لە سەرکردەکانی یەکێتی بە ئاشکرا لە میدیاکانەوە داوایانکرد هەرێمی کوردستان بکرێتە دوو ئیدارە، ڕاستیتان بوێ ئەوە بۆچوونی زۆربەی سەرکردایەتی یەکێتی بووە، بەڵام تاران و بەغدا گلۆپی سەوزیان بۆ یەکێتی هەڵنەکرد ئەو دوو ئیدارەییە درووستبکەن.
سەرئەنجام دیسان گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ پارتی، ئەوەش هەنگاوە درووستەکە بوو.
بژارەی پارتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئەوەبوو لەگەڵ یەکێتی و دواتر لەگەڵ #بزووتنەوەی گۆڕان# ڕێککبکەوێت، بەڵام کە یەکێتی نەهاتە پێش، پارتی لە 18ی شووبات بە دوو پاکێج ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان ئیمزاکرد (پاکێجی سیاسەتی داهاتووی حکومەت و پاکێجی پشکی گۆڕان لە حکومەتدا) . گۆڕانیش دەزانێ ئەوەی وەریگرتووە هەندێک لە قەبارەی خۆی وەکوو کورسی پەڕڵەمانی زیاترە، بەڵام پیرۆزیان بێ. لە هەموو عورفێکیش ئەوەی یەکەمجار دێتە پێشەوە دەستکەوتی زیاترە لەوانەی دوایی دێن .
گرێی بەردەم ڕێکنەکەوتنی یەکێتی لەگەڵ پارتی لەسەر پاراستنی کوردستان نییە، بەهیچ شێوەیەک. لەسەر خۆشگزەرانی ژیانی خەڵکیش نییە. درووست لەسەر پۆستەکانی نێو حکومەتە. هێشتا لای یەکێتی هەزم نەبووە کە نەک نیوەی پارتی کورسی نەهێناوە، بگرە 4 کورسی لەنیوەی پارتیش کەمترە. کەچی داوادەکات پۆستەکانی یەکێتی ئەگەر لە پارتی زیاتر نەبن، هێندەی پارتی بن. بەوشێوەیەش پارتی دەبێتە کەمینە لە حکومەتدا!
لە کۆبوونەوەی #11-03-2019# دا لەنێوان مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی، پارتی زۆر ڕاشکاوانە بوو لەگەڵ ڕەفیق الدرب کە یەکێتییە، چونکە زۆر نازیان هەڵگرتوون. کاک مەسروور کە سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتوو دەکات، بە ڕاشکاوانە بە یەکێتی گوت:کاکە تاوەکوو سەر دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ یەکێتی کراوە نابێ، دەبێ خۆتان یەکلایی بکەنەوە.
کاک #نێچیرڤان بارزانی# لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ (ئەلمۆنیتەر) خاڵێکی گرنگی ڕاستی باسکردووە کە یەکێتی چەند گرووپێکن و دەبێ لەگەڵ هەموویان ڕێککبکەون. شاندی پارتی لە ماڵی بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ لە #سلێمانی# دانیشتبوو، لەوسەر بەڕێز عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە جەنابی کاک فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دەڵێت بێ زەحمەت کەی یەکێتی داوای سەرۆکی پەڕڵەمانی کردووە تاوەکوو ئێوە بڵێن سەرۆکی پەڕڵەمان بۆ یەکێتییە!. ئەمە لەکاتێکدایە لە چەندین کۆبوونەوەی پێشتردا ئەمە لەنێو یەکێتیدا بڕاوەتەوە کە ئەو پۆستە بۆ یەکێتییە و شەڕیشی لەسەر دەکەن. وایلێهاتووە دەبێ پارتی لە دەرگای یەک بە یەکی ئەندامانی سەرکردایەتی و دەسەڵاتدارانی یەکێتی بدات و باسی پشکی یەکێتی بکات تاوەکوو کەس نەڵێ ئاگادار نیم.
ئێستا یەکێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە (پارتی) دەکات. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی کە چەند ڕۆژێکی کەم ماوە وەکوو سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان متمانەی پەڕڵەمانی کوردستان بەدەستبێنێ، بە یەکێتی گوتووە، پارتی ڕازییە قسە لەسەر ئەو پۆستە لەگەڵ یەکێتی بکات، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان حەقی خۆیەتی، ڕەتیکردووتەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوو جێگری هەبێ. چونکە یەکێتیش ڕازی نەبوو سەرۆکی حکومەت دوو جێگری هەبێ، یەکێک یەکێتی بێ و یەکێکیش گۆڕان بێت. بزووتنەوەی گۆڕان داوایکردووە و دەکرێ وەک ئەوەی سەرۆکی حکومەت یەک جێگری هەیە و یاریدەدەرێکی هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بەهەمانشێوە جێگرێکی هەبێ کە گۆڕانە و بڕاوەتەوەو یاریدەدەرێکی هەبێ یەکێتی بێت.
لەسەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش، یەکێتی دەڵێ ئەگەر لەگەڵ پارتی نەگەینە ڕێککەوتن بەشدار نابین لە هەموارکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان، کە بەڕێز نێچیرڤان بارزانییە. ئەگەر یەکێتی نەیەتە پێش لە مەسەلەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوا بەبێ یەکێتیش ئەو هەنگاوە دەهاوێژرێت و پێمان ناخۆشە یەکێتی غایب بن. بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، چەتری ئەم هەرێمە دەبێ و ڕێگەپێدەری هەرێمی کوردستان دەبێ لەگەڵ بەغدا و دەرەوە. بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات لە دەستووری ئێراقدا، ئەوکات یەکێتی ناتوانێ بڵێ منیش شەریکی ئەو دەستکەوتانە دەبم کە لەسەر دەستی کاک نێچیرڤان بارزانییەوە بەدەستدێن .
پۆستێکی دیکە کە یەکێتی پێیوایە بەشێک لە کێشەکانی پێ چارەسەر دەبێت، #وەزارەتی ناوخۆ#یە کە دەیەوێت پارتی بیداتە یەکێتی، تاوەکوو کێشەی نێوان بەڕێز #قوباد تاڵەبانی# و بەڕێز دەرباز کۆسرەت وەک دوو کەسی دیاری دوو باڵی سەرەکی نێو یەکێتی چارەسەر ببێ، هەر یەکە و پۆستێکی سیادی هەبێ. پارتی تا ئێستا ئامادە نییە قسە لەسەر پۆستی وەزارەتی ناوخۆ بکات، بەڵام یەکێتی بە پێشنیازێکی نوێ هاتوونەتە پێش ئەویش دوو ساڵ بە دوو ساڵ بێ. واتە دوو ساڵ لای پارتی و دوو ساڵ لای یەکێتی بێ و لەگەڵ #وەزارەتی پێشمەرگە# کە یەکێتی بە گرنگی و سیادی نازانێ ئالۆگۆڕ بکرێت وەک دەرچەیەک بۆ ئەم کێشەیە.
ئەوەی ڕاستی بێ، قسەیەک هەیە کە هیوادارین ڕاست نەبێ. ئەم هەموو بگرە و بەردەیەی یەکێتی ئەوەیە ئەو ئیمزایەی بەڕێز کۆسرەت ڕەسوڵ وەک جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لە #04-03-2019# لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە #هەولێر# لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ئیمزای کردووە بۆ پێکەوە کارکردنی ئەو دوو حیزبە لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا . هەندێ باڵی نێو یەکێتی دەیانەوێت ئەو ئیمزایە لەلایەن یەکێتی بشکێنرێ و لەگەڵ پارتی تێکیبدەن کە هیوادارین ئەمە ڕاست نەبێ؟
یەکێتی و پارتی ئەزموونی زۆری خۆش و ناخۆشییان پێکەوە هەیە، هەردووکیان دەزانن ئەزموونە ناخۆشەکان بۆ هەردوو لایەن و بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، بگرە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەنجامی خراپی هەبووە، بەڵام ئەزموونە باشەکان هەموو لایەنێک سوودی لێوەرگرتووە. هیوادارین بەڕێز لەتیف شێخ عومەر کە بەناوی یەکێتییەوە قسە دەکات، پێش ئەوەی ناوی کاک نێچیرڤان بارزانی هێنابووایە، لەو یەکێتییانەی پرسیبووایە لە ئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و بنەماڵەی تاڵەبانی، کە کاری لەگەڵ کردوون، باسی ئەوەیان بۆ کردبووایە کە کێ و چۆن و چەندینجار دەستی یەکێتی گرتووە. ئینجا جەنابت بۆ میدیا قسەت بکردایە، چونکە کاک نێچیرڤان بارزانی بەوە ناسراوە هەمیشە لەنێو پارتیدا دەڵێن مەیلداری خواستی یەکێتییە و ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی مەبەستبووە. [1]