$چ ڕوودەدات؟$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#29-05-2019#
حەوت مانگ ئەو ماوەیە بوو، پارتی لەگەڵ یەکێتی دانووستاندنی وردی کرد، دوو جار لەنێو ماڵی یەکێتی ڕێککەوتنی ئیمزاکرد. بەڵام لە خولەکی کۆتایی دوای حەوت مانگەکە، برادەرانی یەکێتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. بەڵام هێشتاش دەرگای نوێ دەکرێنەوە.
دەنگنەدانی یەکێتی بە بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی# بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان ، پێشبینیکراوبوو، چونکە لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا یەکێتی چەندین جار لەگەڵ پارتی ڕێککەوتووە و پەشیمان بووەتەوە. پارتی بەم هەنگاوەی یەکێتی ناڕەحەت بووە، بەڵام ئەوە نییە دەستبەرداری یەکێتی ببێت. تاوەکوو دەکرێ تووند جارێکی دیکە دەستی یەکێتی دەگرینەوە. قۆناخی خۆش و ناخۆشمان پێکەوە دەربازکردوون .
ڕەنگە ئەم کێشەیە ئاسانتر لە هەموو کێشەکانی دیکە چارەسەر ببێ، ئەویش لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەکی پارتی ئاشتەوایی و سەقامگیری کوردستانە، ئەگەر نرخەکەی چەندە گەورەبێ، ئامادەین بیدەین بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە بەهێز بمێنێتەوە.
وەک سەرکردەیەکی ئەو حیزبە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەمنی گوت یەکێتییەکان دوو ڕێگەیان لە بەردەمە، یان دابڕان لە پارتی، یانیش ڕێککەوتن. وتی دابڕان پێش هەمووان لەبەرژەوەندی خودی یەکێتی نییە. هەرچەندە دەنگی ئەوەش لەنێو یەکێتی هەیە کە کۆتایی بەهەموو شتێک بێنین لەگەڵ پارتی. بە بۆچوونی من، ئەوە بۆچوونێکی #مام جەلال#انە نییە و ناشبێ ئەو بۆچوونە لەنێو حیزبێکدا هەبێ کە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
شایەتی ئەوە بۆ فراکسیۆنی یەکێتی لە پەڕڵەمانی کوردستان دەدەم، کە لەگەڵ ئەو بڕیارەی حیزبی خۆیان نەبوون، ئەوان زیاتر لەگەڵ تەبایی و پێکەوە کارکردنن ، چونکە پێکەوە لە پەڕڵەمانی کوردستان کاردەکەین . بەڵام سەرئەنجام بەناچاری ملکەچی بڕیاری حیزبەکەیان بوون .
لە هەڵبژاردنی #30-09-2018#ی پەڕڵەمانی کوردستان دەنگی ملیۆنێک و 567 هەزار و 547 دەنگدەر هەژمارکران. لە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەنێو پەڕڵەمان (یەکێتی، کۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ، یەکگرتوو، شیوعی) دەنگی هەموویان دەکردە 644 هەزار و 18 دەنگ ، کە دەکاتە 42 کورسی نێو پەڕڵەمان. بەڵام دەنگی پارتی بەتەنیا لە دەنگی ئەو پێنج لایەنە زیاترە، ئەویش 686 هەزار دەنگبوو ، دەنگی (پارتی، گۆڕان، نەتەوەکانی دیکە و سەردەم) نزیکەی 902 هەزار دەنگ بووە کە دەکاتە 69 کورسی نێو پەڕڵەمان .
کاک نێچیرڤان بە دەنگی 68 ئەندامی پەڕڵەمان بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی 902 هەزار دەنگدەر دەکەن.
نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە سەرۆکی ئەوەی دەنگی پێداوە و ئەوەی دژیشی بووە، سەرۆکی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەناوی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە قسە دەکات و بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان دەکات. بەوەش ناسراوە کە ئەو گرێیانەی بە دەست و ددان نەکرێنەوە، لای ئەو بە ئاسانی دەکرێنەوە .
یەکێتی و پارتی جگە لە دیالۆگ هیچ ڕێگەیەکی دیکەیان لە بەردەمدا نییە، کاک نێچیرڤان چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێت .
جەنابی سەرۆک بارزانیش لە هەموو کەس زیاتر قیمەتی ئاشتەوایی و تەبایی دەزانێت. واتە لەنێو پارتیدا ئاڕاستەی چارەسەرکردن لەگەڵ یەکێتی لە هەموو ئاڕاستەکانی دیکە زاڵترە. چاوەڕێی ئەو ئاڕاستەیە لەنێو یەکێتیش دەکەین.
ئەوەی لە پەڕڵەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕوویدا، کە یەکێتی نەهات و دەنگینەدا، کێشە گەورەکەی بەردەم هەرێمی کوردستان - ئێراق نییە، نا ئەوە کێشەکە نییە. کێشەی کوردستان لەگەڵ ئێراق و دەورووبەرە، کێشەی کەرکووک و سووتاندن و بەعەرەبکردنی ناوچە کوردستانییەکانە، کێشەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری ئێراقە.
دەبێ بیر لەوە بکەینەوە چۆن کێشە یاخود قەیرانەکانی نێو خۆمان چارەسەر بکەین، بۆ ئەوەی دەرەقەتی قەیرانی دەرەکی بێین کە بەسەر کوردستان و ناوچەکەدا دێن .
ڕاستە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیون، بەڵام ئەوەی ماوە زیاترە، پێکەوەکارکردنە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، لە هەموویان گرنگتر، چارەسەرکردنی دۆخی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانە .
ئەگەر بەحەز بوایە، حەزمان دەکرد یەکێتی نەبووایە، بەڵام یەکێتی هەیە، لەنێو یەکێتیش ئەو حەزە هەیە کە دەبووایە پارتی ئێستا نەمابووایە، بەڵام پارتی هەیە و دەمێنێتەوە و بەهێزتریش دەبێت . ئیدی سەرباری جیاوازی لە تێڕوانینی پارتی و یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵام چونکە هەردوو حیزب هەن، جێگرەوەی ڕێککەوتن لەنێوان پارتی و یەکێتی تەنیا ڕێککەوتنە. [1]