$یار و نەیار لەدەست بارزانییەکان$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#12-06-2019#
#10-06-2019# لە هەموو ڕووێکەوە بۆ هەرێمی کوردستان جیاواز بوو. هەم سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێردرا، هەمیش سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بوو بۆ کۆکردنەوەی یار و نەیارەکان لە #هەولێر#. بو نموونە (شیعە و سوننە) ، (ئێران و سعودییە) (ئەمریکا و ئێران) ، (لایەنی جوداخوازی کوردستان و لایەنی عەرەبی دژە کورد) ، (هەموو حیزبە کوردستانییەکان ئەوانەی ڕکابەری یەکدین) ، تورکیا. هەر هەموو لەنێو هۆڵێک کۆبوونەوە بۆ ئەوەی شایەدی بۆ قوناخێکی نوێی کوردستان بدەن، کەتێیدا کەسێکبووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان . میراتی بارزانییەکان و خەباتی کوردستان هەموو ڕادەستی ئەو کرا، ئەویش نێچیرڤان ئیدریس مەلا مستەفا بارزانییە.
لە جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا لە #زاخۆ# بووم. هەر کاتێک دەچمەوە لەگەڵ باوکم قسە لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەکەین. ئەم جارە قسەکە هەمووی لەسەر مەراسیمی سوێندخواردنی کاک نێچیرڤان بوو، وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان. باوکم لەبەرئەوەی 1974 لەگەڵ هەزاران کورد ئاوارەی ئێران بوو، جاری وا هەیە کە بە قسەیەک باسی ئێستا بکەین، بناخەکەی باس دەکات و، وتی کاک نێچیرڤان نوێنەرایەتی جیلی کۆن و نوێی کوردستان دەکات، واتە ئەوانەی خەباتگێڕ و ژیانی خۆیان بو شۆڕش و کوردستان دانا تاوەکوو ئەم ئەزموونەیان هێنایە دی! ئەو جیلەی دوای ئەوانیش هەموویان ئەم سەرۆکەیان قبووڵە.
گوتم دەزانی بە قسە باسی ئامادەبوونی 1200 کەسی دیپلۆمات و کەسایەتی سیاسی دەکرا لەو ڕێوڕەسمەدا ئامادەبن ، بەڵام کە ڕێوڕەسمەکە بوو 1900 کەس لە هۆڵەکەدا بەشداربوون. لەیەک کاژێردا 7 فڕۆکەی پڕ میوان گەیشتنە هەولێر .
ڕێکخستنی ئەو هەموو کەسایەتییانە لە ئاستی هەرە باڵا کارێکە دەتوانین بڵێین تەنیا کاک نیچیرڤان بارزانی دەتوانێت ئەوانە کۆبکاتەوە.
ئەمە کارکردنە بۆ قۆناخێکی نوێ . دەبێ نییەت و کاری خۆت پێشانبدەی کە پیاوی ئەو قۆناخە دەبی . خەڵکی ئێمە ئومێدێکی یەکجار زۆری بە کاک #نێچیرڤان بارزانی# هەیە و، بەوە ناسراوە ئەو گرێیانەی بەدەمیش لای خەڵک ناکرێنەوە، ئەو زۆر بە ئاسانی بەدەست دەیانکاتەوە. خەڵکی ئێمە هەموو جار دەڵێن ئەگەر لە ژیانی خۆماندا تەنیا یەک جار کاک نێچیرڤان ببینین، ئەوە تا هەتایە بێ مراد نابین .
ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئامانجی ئەم سەرۆکە نوێیە خۆشگۆزەرانکردنی خەڵکە. بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە چیرۆکی کوردستانەوە هەیە و چارەنووسی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە دەست کەسێکی ئەمین ، ئەویش نێچیرڤان بارزانییە.
ئەرکی سەرۆکی نوێی هەرێمی کوردستان زۆر قوورس دەبێ، هەموو سیاسەت و پەیوەندییەکان دەکەونە دەست ئەوەوە. سەرۆک بارزانی کە زیاتر لە 50 ساڵ نەیهێشت کەرامەتی کوردستان بشکێت، کاک نێچیرڤان تەواوکەری ئەو ڕێبازە دەبێت. سەرۆک بارزانی و هەموو پارتی و ئەو لایەنانەی لەنێو پەڕڵەمان دەنگیان بە بەڕێزیان داو ئەوانەی دەنگیانیش پێنەداوە بە ئێمەیان گوت، باوەڕێکی تەواو تەواویان بە کاک نێچیرڤان هەیە.
$سێ تەحەددای گەورە لەپێش کاری سەرۆکی هەرێمی کوردستاندان.$
$یەکەم:$ ئاشتەوایی نێو ماڵی کوردستان ، کە ڕەنگە ئاسان نەبێت، چونکە هێشتا هیچ حیزبێک ئەوانەی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و ئەنجامی هەڵبژاردن وەک خۆی قبووڵ ناکەن، بەڵام پێشبینیدەکرێ ئەمە لای کاک نێچیرڤان بارزانی زەحمەت نەبێ. بەمەش سەقامگیری سیاسی نێوخۆیی درووستدەبێ، خەڵک متمانەی دەبێ پارەکانیان لە وەبەرهێناندا خەرج بکەن.
$دووەم:$ بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەناوی خەڵکی کوردستان قسە دەکات و بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی کوردستان دەکات لەنێو دەستووری ئێراقدا، واتە چاککردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا. ئەمەش پێویستی بە نەرمییە لەگەڵ بەغدا، چونکە تاوەکوو لەگەڵ بەغدا تووند بکەین، ئەوان بەرانبەر هەرێمی کوردستان یەکگرتوو دەبن، بەڵام تاوەکوو بە زمانی دیالۆگ وەک ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر بەکارهێنرا قسە بکەین، ئەوان خەریکی یەکدی دەبن و مافە دەستوورییەکانی خۆمان تاڕادەیەک بەدەستدێنین. پێشڤەچوونی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا واتە بوونی داهاتی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، دیسانەوە هەر خەڵکی کوردستان سوودمەند دەبێ.
$سێیەم:$ پەیوەندی لەگەڵ دەوروبەر ، کە تەنیا کاک نێچیرڤان بارزانی دەزانێ چۆن ئیدارە دەکرێت، بەمەش پێگەی کوردستان لە بەغدا بەهێز دەبێت.
کاتێک ناوی کاک نێچیرڤان بارزانی دێت بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کاک مەسروور بارزانی دێت بۆ سەرۆکی حکومەت، وێنەکە کامڵتر دەردەکەوێت و ئومێد بۆ خەڵک درووستدەبێ، کە ئەمە تەواو نەوەیەکی نوێیە لە کوردستان و جڵەوی دەسەڵات دەگرنە دەست.
بەڕێز مەسروور بارزانی حکومەتێک دەگرێتە دەست پاشماوەکە بە ئاوەدانی ناسراوە. ڕاستە لە 2014ەوە هەندێ بەربەست لەبەر بڕینی بودجە هاتنە پێشەوە، بەڵام پڕۆژە ئەگەر بە کەمیش بێ نەوەستان. چاوەڕوانییەکی زۆر لە کاک مەسروور بارزانی هەیە بەهێز وەک ئەوەی لەڕووی ئەمنییەوە بۆ کوردستان بەدەستیهێناوە لە حکومەتیش ئەو هەنگاوە بهاوێژرێت.
کاک مەسروور بارزانی کە بە پیاوێکی بەهێز دادەنرێت، ناڵێین داری سیحری لەدەستدایە، بەڵام چاوەڕوانی زۆرە کە قۆناخی چاکسازی دەستپێبکرێت کە ئەمە لە هەموو لایەنێک زیاتر ئێستا خواستی پارتییەکانە.
بە گرتنەوەی دەسەڵاتی کوردستان لەلایەن هەردوو بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز مەسروور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت ناڵێین بەهار دێننە چۆکان! بەڵام بەهێزی و ئارامی بو کوردستان کە کارێکی قوورسی دەوێت بەو دوو کەسە بەدینەیێت. ئەستەمە بە کەسانی دیکە بەدیبێت. [1]