ناونیشانی بابەت: مۆزەخانەی شاری بیگدۆشچ لە پۆڵەندا سوپاسی هونەرمەندانی کوردستان دەکات
ئامادەکردنی: ئاریان تەحسین
بۆماوەی نزیکەی چوار مانگ پێشانگەی (کوردستان - ڕووخسارەکانی ڕزگاربوون) لە مۆزەخانەی شاری بیگدۆشچ پۆڵەندا کرایەوە کە پێشانگەکە پێکهاتبووە لە دەیان کاری هونەرمەندانی کورد لە هەموو پارچەکانی #کوردستان#ەوە، کە بریتین لە تابلۆ، گرافیک، وێنەکێشان، ڤیدیۆو ئارت و ئینستەلێشن و وێنە.
ئەم پێشانگەیە بە گەورەترین نمایشکردنی بەرهەمی دەستەیەک لە هونەرمەندانی کوردستان دەناسرێت کە تا ئێستا لە ئەورووپا ڕێکخرابێت کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا، هاوکار و یاریدەدەری ئامادەکردن و کردنەوەی پێشانگەکە بوو.
دوای تەواوبوونی پێشانگەکە چەند ڕۆژ لەمەوبەر لەلایەن بەڕێوەبەران و جێبەجێ کارانی پێشانگەی (کوردستان - ڕووخساڕە ڕزگار کراوەکان) کە لە مۆزەخانەی شاری بیدگۆشچی پۆلەندا بەرپا کرابوو، نووسراوێک ئاڕاستەی هونەرمەندی فۆتۆگرافەری کورد یونس محەمەد و سەرجەم هونەرمەندە کوردە بەشداربووانی پێشانگایەکە کرا کە وێرای سوپاسیان، لە کۆتایی پێ هاتنی پێشانگاکە کە زیاتر لە چوار مانگی خایاندبوو، ئاگادار کراین، نووسینەکەیان ئەوەندە بەهێز و بەڕێزەوەیە کە مرۆڤ هەست دەکات کاتی بەفێرۆ نەدابوو و ئەرکی بە جێگەیاندووە.
کیورەیتۆری ئەم چالاکییە هونەرییە لە نووسراوەکەیدا دەڵێ: بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە کارکردن لەگەڵ ئێوە ئەزموونێکی نایاب بوو، ئەو پێشانگایە هێزی کولتوور و هونەری کوردی و توانای ڕادەبەدەری هونەرمەندی کورد لە بنیاتنانی فەزای هونەری جیهانیدا، بە بینەرانی پۆڵەندی و بیانی نیشاندا، لەو ڕێگەیەوە دەرفەتی ئەوەمان بۆ ڕەخسا کە لە ئیرادەی بەردەوامی گەلی کورد و خەباتی بۆ بەدەوڵەتبوونی خۆی و ئەو دراما ئینسانی و کۆمەڵایەتیانەی پەیوەستن بە ئیرادەی بوونی وەک پێکهاتەیەکی سەربەخۆوە بزانین.[1]