$مەترسییە ڕاستەقینەکان$
#هێڤیدار ئەحمەد#
#16-12-2020#
کوردستان 100 ساڵە بەدڵداری و خۆشەویستی بۆ ئێراقمان بگرە (برایەتی نێوان کورد و عەرەب) مامەڵە دەکات، بەڵام بەرانبەر ئەمە، برایەکی عەرەبمان نەبینیوە لەسەر بنەمای برایەتی نێوان کورد و عەرەب مامەڵە لەگەڵ کورد بکات، ئەوەی عەرەبی ئێراق دەیکات تەنیا لە چوارچێوەی بەرژەوەندی خۆیدایە. هەر ئەمەش درووستە، چونکە ئێمە سیاسەت دەکەین و لە سیاسەتدا نە دوژمنایەتی بەردەوام هەیە نە هاوبەشیی بەردەوام، بەڵکوو بەرژەوەندی بەردەوام هەیە.
لەم ئێراقە نوێیەدا (ئێراقی دوای 2003) تەنیاوتەنیا کورد دەڵێ ئێراقی فیدڕال نە سیاسییەکان، نە گەلی ئێراق باسی دەوڵەتی ئێراقی فیدڕاڵ ناکەن کە لە دەستووری ئەم وڵاتە لە 2005دا هاتووە.
هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حکومەتانەی دوای 2003 لە ئێراق درووستبوونە، کاردەکات بۆ درووستکردنی حکومەتێکی بەهێز لە بەغدا و بەغداش بەتایبەت لە دوای 2014 هەموو هێزی خۆی بەکار دەهێنێت بۆ لاوازکردنی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و برسیکردنی خەڵکەکەی.
ئەوەی ئێراق بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان دەیکات، ڕوون و ئاشکرا وەک یەکێک لە دوژمنەکانی کوردستان لە ناوچەکە دەریدەخات، بەڵام ئەوەی مەترسیدارترە، دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە، چونکە گەیشتوومەتە ئەو بڕوایەی کە هیچ جارێک هیندەی ئێستا دۆخی ناوخۆی کوردستان هەڕەشەی لەسەر نییە، بەم خاڵانەی خوارەوە باسی ئەو مەترسییانە دەکەم کە زیاتر ناوخۆیین:
$یەکەم:$ لەرووی کۆمەڵایەتییەوە تیرۆرێکی فیکری لەنێو خەڵکی کوردستان بەرانبەر یەکدی درووستبووە، کە زۆر مەترسیدارە بەشێوەیەک، نەک تەنیا لەڕووی سیاسییەوە، کۆمەڵگە دابەشبووە، بگرە لەسەر ئاستی تاک و لەسەر بنەمای ڕق دابەشبووە.
دابەشبوونی کۆمەڵگە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای تیرۆری فیکری درووستدەبێ و، گەیشتووەتە ئەوەی کە ڕق لەیەکدی بوونەوە و نەبوونی متمانە بە یەکدی، تەنانەت ئەگەر کار و کردەوەکان ڕاستگۆیانەش بن، دەخرێنە خانەی گومان و بەرژەوەندییەوە، ئەوەش زۆر مەترسیدارە. ئەمە لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی ڕووداوەکان بەرهەم هاتووە.
$دووەم:$ من باسی ڕووکەش ناکەم، بەڵکۆ باسی واقیع دەکەم کە لەسەر ئەرزە، هەموو ڕۆژیَک بەچاوی خۆمان دەبینین، دابەشبوونی جوگرافیای کوردستانە و دەبێ ئەو ڕاستییە باسبکرێت. تاوەکوو ئێستا داهاتی کوردستان لەنێوان ئیدارەی پارتی و ئیدارەی یەکێتیدا دابەشدەکرێت، ئەمە قسەی بەڕێز ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی بوو کە لە بەردەم هەموو پەڕڵەمانتاران لە پەڕڵەمانی کوردستان کردی. هێزی پێشمەرگە و ئاساییش و . لەنێوان پارتی و یەکێتی دابەشبووە، ئەمەش قسەی بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بوو لە بەردەم پەڕڵەمانی کوردستان، بگرە زۆر لەوە قووڵتر باسیکرد، کاتێک گوتی هێزەکان ئێستا لەسەر ئاستی شەخسی و کەسەکان دابەش بوونە!.
$سێیەم:$ دۆخی دەروازە سنوورییەکان باش نییە. دوای سەردانی مەیدانیم بۆ شەش دەروازەی سنووریی هەرێمی کوردستان، گەیشتوومەتە ئەو بڕوایە، کە داهاتی دەروازەکان هەمووی ناگەڕێتەوە خەزینەی حکومەت، ئەمە جگە لەو قاچاخچیَتییەتەی دەکرێت، کە لە یەکێک لە دەروازە سنوورییەکانی ئیدارەی #سلێمانی# بە چاوی خۆم بینیم و بە ڤیدیۆ تۆمارم کرد. تەنانەت لە ڕێگەی ئەم دەروازانەوە کاڵای زۆر مەترسیدار لەلایەن کوردەوە لەسەر کورد ساخ دەکرێتەوە و، ئەوە ئێستاش بەردەوامە. بەرپرسێکی باڵای سنووری یەکێتی بە ڕوون و ئاشکرا بە منی وت ئێمە هەموو داهاتی خۆمان نادەینە حکومەتێک کە لەدەست پارتیدایە و خەڵک بڵێ وەڵڵا ئەم حکومەتە سەرکەوتوو بووە، بەڕاستی متمانە نەماوە. حکومەت دەسەڵاتی بەسەر هەموو سەروەت و داهاتی ئەم وڵاتەدا نییە.
لەڕووی داراییەوە 70%ی داهاتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی کۆدەبێتەوە و نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە کۆی 480 هەزار بەرمیل کە هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوەی دەکات، 430 هەزار بەرمیلی لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی پارتی بەرهەمدێت و 60 هەزار بەرمیلیش لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی.
$چوارەم:$ گەورەترین کێشە لە بەردەم هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییە. پڕۆسەکە سستە، گەندەڵی هەر هەیە، دەبێ خەڵک بزانێ و بە خەڵکی خۆمان بگوترێت، بو باسی دوو ئیدارەیی دەکرێت؟ ئەوەیە کە دەست بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەبردرێت. گەندەڵەکان و بەرژەوەندی حیزبەکان دەکەونە مەترسییەوە، بۆی دژی دەوەستن و کێشەی گەورە دەخۆلقێنن، چونکە لەهەبوونی کێشەی گەورە بەرژەوەندی گەندەڵەکان پارێزراو دەبن. دەزانن، لە هەرێمی کوردستان فەرمانگەیەک هەیە سێ هەزار و 100 فەرمانبەری هەیە، ئەوەی کاردەکەن هەزار و 300 فەرمانبەرن، یەکێکیان بەڕێوەبەری ئەو هەزار و 300 کەسەیە، هەزار و 800 کەسیشیان بەڕێوەبەرن! ئەمە لە کوێی دنیا هەیە بەڕێوەبەر لە فەرمانبەر زیاتر بێت؟ کە ویستیان دەستی بۆ ببەن، کێشەیەکی گەورە درووستبوو. واتە ئیرادەی چاکسازی هەیە، بەڵام کردار وەک پێویست نییە.
$پێنجەم:$ لەپاڵ ئەم چوار خاڵە سەرەکییەی سەرەوە کە واقیعی هەرێمی کوردستانە، هەبوونی ڕێژەی ژێر هێڵی هەژارییە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی لە 2020 کە لەسەر ئێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان 11.9%یە، بەگوێرەی ڕووپێوەکانی بانکی نێودەوڵەتی و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە 2018دا، هەر کەسێک لە ماوەی یەک مانگدا توانای خەرجکردنی 110 هەزار دیناری ئێراقی نەبێت، ئەوا بە کەسێک دادەنرێت کە لەژێر هێڵی هەژاریدایە.
ئەگەر بەراوردێک بکەین لەنێوان ئەو کەسانەی لەژێر هێڵی هەژاریدان لە هەرێمی کوردستان، لەنێوان 2012 بۆ 2020 ئەوا بەڕێژەی 21.9%ی زیادبووە. لە 2012 لە هەرێمی کوردستان 3.5%ی خەڵک لەژێر هێڵی هەژاریدا بوونە. کە ئەوکات ژماری دانیشتووان 5 ملیۆن کەس بووە. بەگشتی ئێستا (175 هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستاندا هەن لەژێر هێڵی هەژاریدان، بەڵام لە ساڵی 2012 ئەم ڕێژەیە زۆر کەمتر بوو، ئەویش 29 هەزار خێزان بووە) .
ئەم ژمارانە پێمان دەڵێن، قوناخەکە لە (ترس گۆڕاوە بۆ برس) و مەترسی لەسەر ئینتیمایی نەتەوەیی و نیشتمانی درووست دەکات.
ئێستا هیچ مەعقول نییە حکومەت هەژاربێ و نەتوانێت دەستی هەژارەکانی خۆی بگرێ و کۆمپانیا و خەڵکی دیکە لەسایەی ئەم حکومەتە دەوڵەمەند بێت، بەرپرسێکی دەستەی ئاماری سلێمانی بەمنی وت تەنیا لە سلێمانی سەرووی پێنج هەزار کەسی ملیۆنێر هەن کە سەروەتەکەیان سەرووی یەک ملیۆن دۆلار تاوەکوو نیو ملیار دۆلارە . ئەمە ڕەنگە بۆ پارێزگای #هەولێر# و #دهۆک#یش بە ڕێژەی جیاواز درووست بێت. پێویستە حکومەت لەم قۆناخە هەستیار و مەترسیدارەدا پێیان بڵێت لانی کەم هەر ملیۆنێرێک نیو ملیۆن دۆلار بداتە حکومەت، هەر بەم هەنگاوە دەتوانێت 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و بەسەر مووچەخۆر و هەژارەکانی ئەم هەرێمەدا دابەشی بکەن. هەرچەندە ئەمە زۆر ئەستەمە، چونکە بینیمان لە چەند مانگی ڕابردوودا بۆ پێدانی مووچە سەرمایەدارانی کوردستان بە یەڵڵا و یەڵڵا 150 ملیۆن دۆلاریان بە حکومەتدا، ئەویش تەنیا بۆ یەک مانگ و دواتر وەریانگرتەوە.
$چارەسەر چییە؟$
ئایا کێشەکان هەر وادەبن و بێ ئومێد دەبین و لەپێش چاوی خۆمان هەموو ڕۆژێ لاوازبوونی ئەم هەرێمەی خۆمان ببینین، کە ئێراقییەکان لەنێوەراست و باشووری ئێراق خەون بەوە دەبینن تەنیا یەک سەفەری ناوچە گەشتیارەکانی ئێمە بکەن. ئەگەر ڕێگەی ڕاست و درووست نەگرینە بەر، بەڵێ ڕەنگە ئەمە ڕووبدات، بەڵام چارەسەری ئەو کێشانە هەیە:
بۆ ئەوەی ئەو تیرۆرە فیکرییە نەمینێت، پارتی و یەکێتی دەبێ سوڵحێکی ڕاستەقینە بکەن، چونکە بەرپرسیاری سەرەکی کردەوە گەورە و بچووکەکانی ئەم هەرێمەن، دەبێ ئەم هەرێمە ڕزگار بکەن لەدەست ئەو هەڕەشە جدییانەی بەغدا دەیانخاتە سەر هەرێمی کوردستان یان بەردەوام درووستیان دەکات. پێویستە یەکدی بخوێننەوە، پێکەوە بەشداربن لە هەڵبژاردنی ئێراق و یەک لیستییان هەبێت. لە هەڵمەتی هەڵبژاردن هەندێ شت بگۆڕن و هەندێ شێوازی هەڵمەت لەسەر یەکدی حەرام بکەن. ئەم دوو حیزبە سەرەکییەی هەرێمی کوردستان بە خەڵک گەورەن و دوورکەوتنەوەی خەڵک لێیان، هەر خۆیان و خەڵکی کوردستان زەرەرمەندی یەکەم دەبن. قسەی بەرپرسێکی باڵا باس دەکەم، لە جڤاتێکی فەرمی داخراودا گوتی بۆ ئەوی ئەم دۆخە چاکبکرێت و دوورکەوینەوە لە مۆزایەدە، دەبێ پارتی و یەکێتی و گۆڕان لێکتێگەیشتنێک ئیمزا بکەن، لانی کەم بۆ سێ خوڵ 12 ساڵ هەڵبژاردن نەکرێت. واتە ملشکاندنی یەکدی بەس بێت.
داهاتی ئەم هەرێمە بە شەفافانە بە خەڵک بگوترێت چەندە و چۆن دابەشدەکرێت. ئەو قسەیە لای من ڕاست نییە کە دەگوترێت ئەمریکا و فەرەنسا و هاوپەیمانان، هەرێمی کوردستان دەپارێزن، چونکە بەرژەوەندی خۆیان هەیە و هەرێمی کوردستان نەوتی هەیە، بەڵام بەرانبەر ئەوە، دەستتێوەردانی دەرەکی بو نێو هەرێمی کوردستان زۆرە کە ئەم قەوارەیە لاواز و لاوازتر بکەن. لای من ئەوەی گەرەنتی پاراستنی ئەم هەرێمە دەکات، خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆیەتی، دەبێ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان کارێک بکەن متمانەی خەڵک بەتەواوی بگەڕێنەوە، نەک ڕۆژبەڕۆژ لاوازببێت. [1]