ناونیشانی بابەت: پەروەردە و گرنگیدان بە مافەکانی منداڵان
ئامادەکردن: #ڕەئوف ئالانی#
دانانی بەردی بناغەی هەموو کایەکانی ژیان پەروەردەیە، هەرکات ئەو بناغە و بنچینەیە بەباشی دانرا، بێگومان ئەگەر دیوارەکەشی چەند بەردێکی ناڕێک بوون ئەوەندە کەریگەری نەرێنی نابێت، دەتوانرێت بەئاسانی چاکبکرێت و ڕێکبکرێتەوە، پەروەردەش بۆ ژیانی کۆمەڵگە بەوجۆرەیە، وەک بناغەکە وەهایە، جا ئەگەر بناغەکە باش چەسپاوبوو، وەستای کارامەش دیوارەکەی دانا بوو، ئەوە هیچ مەترسیەکی نابێ و لە هەموو ڕوویەکەوە، جێی دڵنیایی دەبێت، لەم نموونەیەدا مەبەستمە دیوارەکە بە فەلسەفە و پڕۆسەی پەروەردە بچوێنم وەستاکەش مامۆستایە، دەکرێ بەرد و چیمەنتۆ و ئەوانی تر بەهۆکارەکانی ناو پڕۆسەی پەروەردە دیاری بکەین، وەک پەڕتووک و پێنووس و تیانووس و ئەوانی تر.
هەر یەکێک لە هۆکارەکانی درووستکردنی خانوویان بینا بایەخی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام وەستای باش ئەوە دیاریدەکات کە کام کەرەستەیە باش و گونجاوە بۆ کارەکەی ئەو، وشەی مامۆستاش هەر لە هەمان ڕۆڵ و پێگەکەیەوە، ئەو ناوەی بەباڵا بڕاوە، هەم مام بێت بۆ منداڵان و هەم ئەو وەستایەش بێت کە باسمکرد.
کەواتە ئەو مرۆڤە مەزنەی دەبێتە نەخشەکێش و درووستکاری ئاییندەی نەوەکانی داهاتوو، مامۆستای باشە.
ماف بۆ مرۆڤ بەگشتی دابینکردن و دەستەبەرکردنی پیویستەکانی ماددی و مەعنەوییە، بەشێوەیەکی گشتی.
دابینکردنی ماف بۆ منداڵان هەر بەشێوەیەکی سەرزارەکی نابێت، پێویستە زۆر بەوردی هەنگاوی بۆ بنرێت و کاری لەسەر بکرێت، چونکە گەورە خۆی هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانی دەدات، تا ئەوکاتەی دەتوانێت، بەڵام منداڵ دەبێ ئەو مافانەی بۆ بەدیبێت وڕابهێنرێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خۆی ودەوروبەر، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ پڕۆسەی پەروەردە، چونکە منداڵان بەپێی تەمەنیان خواستەکانیان جیاوازە، منداڵی بچووک و ساوا، هەرچی بەرچاوی بکەوێت داوای دەکات و بەهی خۆی دەزانێت، زۆرجار وڕک دەگرێت لەناو مارکێت و بازاڕ داوای زۆر لەو کەلوپەلانە دەکات کە بەرچاوی دەکەون.
لەناو پڕۆسەی پەروەردەدا پێویستە ماف بۆ منداڵان دیاری بکرێت، جگە لەمانە پێویستە مامۆستا ماماڵەی مرۆڤدۆستانە بەهەست و سۆز و خۆشەویستییەوە لەگەڵیان بکات، منداڵان کاتێ لەناو قوتابخانە و خوێندنگەن، هەست بەئارامی بکەن، جگە لەو پلانەی کەناوی فێربوونە بەشێوازی هاوچەرخ و سەردەمیانە بۆیان دابنرێت.
ئەو مافانەش بریتین لە دابینکردنی هەموو پێویستییەکانی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگە و مامۆستا و پڕۆگرام.
بەڕوونی لەسەر مافی منداڵان ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەمافەکانی منداڵان داوە و دەڵێت: (منداڵان تەمەنیان هەرچەندێک بێت، هەموویان وەک مرۆڤی گەورە و ئاسایی مافیان هەیە، ئەوەش مافی دەربڕینی بیروڕاو بۆچوون و مافی یەکسانی و مافی تەندرووستی و پەروەردە، دەگرێتەوە) .
کاتێ ماف بۆ منداڵان دیاری دەکرێت واتە بینینی ئاییندە و ژیانێکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوو بنیاتبنرێت.
(نیکۆلاس سپارکس) دەڵێت: (هیچ شتێک ناتوانێت شێوازی ژیان بگۆڕێت تەنیا لە بوونی گۆڕانکاری لەمنداڵدا نەبێت) .
لای زۆربەی گەلانی پێشکەوتووی جیهان لەرێگەی پێدانی ماف بەمنداڵان، ژیانی کۆمەڵگەکەیان گۆڕیوە بەرەو ئاقاری خۆشبەختی و کامەرانی و دادوەری، فەیلەسوفی ناودار، فرێدریک نیتچە (1844-1900) لەم بارەوە وتوێتی (بۆ ژن، پیاو ئامرازە، بەڵام کۆتایی ئامانج هەمیشە منداڵە) .
ڕۆژی جیهانی منداڵان لە ساڵی 1954 وەک بۆنەیەکی جیهانی ڕاگەیەنرا کە هەموو ساڵێک لە 20ی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت بۆ بەرەو پێشبردنی وابەستەیی نێودەوڵەتی و هۆشیارکردنەوە لەسەر ئەو بڕیار و ڕاسپاردانەی تایبەت بەمافەکانی منداڵان پەسەندکراون.
هەروەها پاش ئەوە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافی منداڵان لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی1989 لەلایەن 192 وڵاتەوە، بە ڕۆژی جیهانی منداڵان ناسرا.
لەدوای ئەو واژۆکردنە ساڵانە ئەوڕۆژە بەرزڕادەگیرێت و ئاهەنگ و بۆنەی بۆ ڕێکدەخەن.
لەوانەیە تۆی خوێنەری ئەم وتارە لەدڵی خۆتدا بڵێی تۆی نووسەر لەگوێی گادا نووستووی بۆ لێرە گەورەکان مافیان هەیە تا بۆ منداڵان ماف دابین بکرێت؟
بەڵێ دەزانم گەورەکان مافەکانیان پێشێلکراوە و خراوەتە قوڕگی شێر و نەهەنگەوە، بەڵام ناکرێ منداڵانیش وەک ئێستای ئێمە بژین و دواڕۆژیان بە تونێلێکی تاریک و نادیاری وەک توونی بابا بسپێرین.
مرۆڤ خەون و خەیاڵ و خولیای بۆ دەرباز بوون و گەیشتنە بەئارامی و ژیانی شایستە، ئەگەر بۆ ئەو ئامانجە خەبات بکەین و بناغەکە دابنێین بێگومان پێی دەگەین، ئەویش بەو وەستا کاراماییەی پێشتر ئاماژەمان بۆکرد دێتەدی کە مامۆستایانی دڵسۆز و خەمخۆر و خاوەن پلانی جوانی ژیانی دواڕۆژن.
کاتێ منداڵان مافیان پێدرا و ڕاهێنران لەسەر داکۆکیکردن و بەرگریکردن لەمافەکانیان، لەداهاتووشدا مرۆڤی خاوەن ڕێز و شکۆمەند دەردەچن بۆ مافی ئەوانی تر، ئەوکات مافەکان پۆلێن دەکەن بۆ مافی کۆمەڵایەتی و مافی ئابووری و ڕۆشنبیری، بەدڵنیایی کاتێک تاک ئەو وشیاریەی هەبوو لەسەر مافەکان، ڕەنگدانەوەی لەسەر خود و کۆمەڵ دەبێت.
دەکرێ مافەکان پۆڵێن بکەین بۆ مافە سەرەکییەکان، مافی پاراستنی کەسی و ئازادییەکان و مافە کۆمەڵایەتی و مافە ئابووریەکان.
ئەوەی ماوە و جێی بایەخ پێدانە و زۆر گرنگە لە ئاکام و ئامانجدا دەبێتە ئاسۆی بینینی هەموومان، ئەویش مافی ژیانی شایستەیە، کە ئەمانە دەگرێتەوە:
(مافی ئازادی، مافی یەکسانی، مافی دادپەروەری، مافی تاک بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە، مافی پاراستن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، مافی پاراستن لە ئەشکەنجەدان، مافی تاک بۆ پاراستنی پێگەو ناوبانگ) .
بەهیوام وەزارەتی پەروەردە گرنگی بەمافەکانی منداڵان بدات و بیکاتە خاڵی وەرچەرخان لە ناوپڕۆسەی فێربووندا. [1]