لادانی ڤیزا لەبەرژەوەندیی ئێراقە یان ئێران؟
یاسین مەحمود
13-09-2021
مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی ئێراق سەردانی تارانی کرد. ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆککۆماری ئیسلامی ئیران لە کۆنفرانسێکی هاوبەشی ڕۆژنامەڤانیدا لەگەڵ کازمی ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێراق لە بەرزترین ئاستدایە. گوتیشی مستەفا کازمی هەواڵێکی خۆشی پێداین بە نەمانی ڤیزای نێوان هەردوو وڵات.
ئەمە چەقی هەواڵە گەرمەکە بوو، دەمودەست بووە جێی بایەخ و لە میدیاکان دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. ئەوەی من دەمەوێت هەڵوەستەیەکی لەسەر بکەم ئەمەیە، کە ماوەی 10 ساڵە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای هەڵگرتنی ڤیزای نێوان ئێراق و ئێران دەکات، هەرچەندە لە ڕابردوودا و لەسەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراق، ئێران بە فەرمی داوای هەڵگرتنی ڤیزای هەردوولای کرد، بەڵام ئەو بڕیارە نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و هیچ کام لە کابینەکانی بەر لە کازمی نەچوونە ژێر باری ئەو داوایە و چاویان لەوە بوو کە ڕەنگە لێکەوتەکانی ئەم داوایە باش نەشکێتەوە لەسەریان و ببنە جێی لۆمەی نەیارانیان.
دواجار لە سەردەمی مستەفا کازمی و پاش دەستبەکاربوونی ڕەئیسی، لە دوایین دیداردا بڕیاردرا ڤیزای هاتوچۆی نێوانیان هەڵگرن و کازمی خۆی خستە ژێر باری داوای لەمێژینەی کۆماری ئیسلامی و ئەو خەونەی هێنایەدی کە ئێرانییەکان ڕاستەوخۆ بێنە خاکی ئێراق و بێنە و بەردەی ڤیزا و تێچووی زۆری وەرگرتنی ڤیزایان لەکۆڵ ببێتەوە، جیا لەم لایەنە لەخوارەوە بە چەند خاڵێک خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەم هەنگاوە شەن و کەو دەکەم.
1- لە ڕووی ئابوورییەوە لەبەر ئەوەی ئێراق خاوەنی ژێرخانی ئابووری نییە هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری ئێراق لە بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، بەپێی ئەو داتایانەی هەردوو وڵات بڵاوی دەکەنەوە بەپێی هاتنی گەشتیار، هەروەها ئەو نرخەی کە دانراوە بۆ ڤیزا کە لە هەردوو وڵات وەردەگیرێت، ئێراق نزیکەی 180 ملیۆن دۆلار داهاتی ساڵانەی لەدەست دەدات، چونکە ژمارەی هاتنی گەشتیارانی ئێرانی بەراورد بە گەشتیاری ئێراقی دوو هێندە و سێ هێندە و بگرە زیاتریشە.
2- بەهۆی لاوازیی بەهای دراوی ئێرانی، ئەم بڕیارە و تا ڕادەیەکیش هەڵکشان لە هاتوچۆی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان ئەو کاریگەرییە ئەرێنییەی نابێت کە مایەی دەسکەوت بێت بۆ سەر داهاتی ساڵانەی ئێراق، گەشتیارانی ئێرانی کەمترین بڕە پارە خەرج دەکەن، چونکە زۆربەی گەشتیارانی ئێرانی بۆ زیارەتی شوێنە پیرۆزەکان دێن لە ئێراق وەک نجف و کەربەلا.
3- بەپێچەوانەوە بەرزیی بەهای دراوی ئێراقی هۆکارە بۆ ئەوەی کە سەردانیکاران لەو وڵاتە پارەیەکی زیاتر لە بوارە جۆربەجۆرەکاندا خەرج بکەن کە گرنگترینیان خۆی لە سەردانی تەندرووستی و گەشتیاریدا دەبینێتەوە، هەمیشەش داتاکان وامان پیدەڵێن لە کاتی هاتنی گەشتیاری ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان و ئێراق کەمترین داهاتیان بۆ وڵاتەکە هەیە و کەمترین خەرجییان هەیە، و بە پێچەوانەشەوە گەشتیاری ئێراقی زۆرترین پارە خەرج دەکەن لەو وڵاتەدا.
4- ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئەم دوو وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە ساڵانە لەنێوان 8-13 ملیار دۆلارە، کە لە 80%ی ئەم ئاڵوگۆڕە لەبەرژەوەندیی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی ئێراق هاوردەکاری کاڵا و شمەکی ئێرانییە لەکاتێکدا ئێراق لە 20%ی ئەم ئاڵوگۆڕەی پێ دەبڕێت کە ئەویش زۆربەی خۆی لە بواری وزەدا دەبینێتەوە.
5- لەدوای بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا لەنێوان ئەم دوو وڵاتە، جارێکی دیکە ئێران کۆنترۆڵی بازاڕی ئێراق دەکات و بە پێی پێشبینییەکانم ئەم هەنگاوە تورکیا نیگەران دەکات و بە ئاگا دەهێنێتەوە و هانی دەدات کە فریای خۆی بکەوێت تا پشکی خۆی لە بازاڕی گەورەی ئێراق بۆ هاوردەکردنی کاڵاکانی کەم نەکات ئەویش ڤیزای نێوان وڵاتەکەی و ئێراق هەڵبگرێت.
6- بەو پێیەی ئێراق وڵاتێکی بەکارهێنەرە و هەمیشە چاوەڕوانی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانییەتی لە کاڵا و شتومەکی ئێرانی، ئەمەش هەر لە بەرژەوەندی ئێران تەواو دەبێت لەبەر ئەوەی لەمەولا کەسانێکی بەرچاو نەک لەسەر ئاستی بازرگانی گەورە و مامناوەند، بەڵکوو ئەوانەشی کە خاوەن فرۆشگا و پێشانگەی بچووکن دەتوانن بچن لە کۆماری ئیسلامی ئێران پێداویستییەکانیان بهێنن، ئەمەش دەبێتە فاکتەرێکی گرنگ بۆ ئەوەی کاڵا و شتومەکی ئێرانی زیاتر هاوردە بکرێت بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان.
7- ئێران ئێستا ئابڵوقەیەکی ئابووریی بەهێزی لەسەرە دیسانەوە زیادبوونی گەشتیار و بازرگان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران لەبەرژەوەندیی بانکی ناوەندی ئێرانی تەواو دەبێت، لەلایەکی دیکەوە بەو پێیەی دراوی ئێراقی بەهێزە و لەهەمانکاتیشدا گەشتیاران دراوی دۆلار یان ئەوەی پێی دەوترێت (عملە صعبە) دەبەن لەگەڵ خۆیان، ئەمەش هەر لەبەرژەوەندیی ئێرانە. هۆکارێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی دراوی ئێرانی بەهای خۆی لەدەست نەدات.
8- ئەوەی لەم سۆنگەیەوە لەبەرژەوەندیی ئێراقە و وەک لە دیداریشیاندا کازمی بە ڕەئیسی ڕاگەیاندووە، تەنیا خۆ بینینەوەیە لە زیادبوونی ژمارەی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ مەزارە پیرۆزەکان کە بڕیارە ژمارەیان بکرێتە دوو هێندە.
شایەنی باسە پێویستە ئاماژەش بەوە بکەین ئێراق بەهۆی ئەو گرێبەستانەی کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردوویەتی بۆ کڕینی ( گازی سرووشتی) و (کارەبا) ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری ئێراق دەچێتە خەزێنەی کۆماری ئیسلامی ئێران. [1]