قەرەباڵەغی پرسە مەکەنە پێوەر بۆ ڕێزی مرۆڤەکان، وە مەرجیش نییە ھەرکەس لە درامایەکدا دەرکەوت ھونەرمەند بێت ، بەڵکوو ڕاستتر ئەوەیە کە پێی بوترێت کەسێک بووە بەشداری کارێکی ھونەری کردووە ، زۆرمان ھەیە کە لە سەد فیلمیشدا بەشداری پێ بکرێت نابێتە ھونەرمەند چونکە شتێکی جیاواز پێشکەش ناکات کە کەسی تر توانای نەبێت ھەمان شتی ئەو پێشکەش بکات.
بەنیسبەت پرسەی قەرەباڵەغیش ئەمە کلتورێکی سەپێنراوە و زیاتر بەرھەمی عەقڵێکی خێڵەکییە نەک ھونەریی، ئەرکێکی ناچارییە نەک ھاوخەمی ڕاستەقینە، زۆر جار کەسانێک بەشداری ئەو پرسانە دەکەن کە ڕەنگە تا مردووەکە لە ژیاندا بووە، ئازاری ڕۆحیان دابێت، دواتر وەک ئەرکێکی ناچاریی بەشداری پرسەکەیان کردبێت نەک ڕێز و ھاوخەمی، بەشێکی تریش لە بەشداربوانی پرسە ھەر نازانن بۆچی ھاتوون خەریکی باسکردنی بابەتی جیاوازن و نازانن کەسەکە کێیە کە مردووە، گرووپێکیش لە پرسەدا ھەیە ھەر خەریکی نوکتە درووستکردنن لەسەر چۆنێتی سلوکی کەسەکانی ناو پرسەکە.
ھەر بۆیە پەرۆشی پرسەی قەرەباڵەغ مەبن، تا لە ژیاندان ڕێزی یەکتر بگرن، جیاوازی یەکتر قبووڵ بکەن، فێڵ لەیەکتر مەکەن، سووکایەتی و جنێودان ڕاگرن بە بیروبۆچونی یەکتر ، ئەو چەپکە گوڵەی کە بەنیازیت دوای مردن بیبەی بۆسەر گۆڕی کەسەکانت، پێش مردن پێشکەشی بکەن، ئەو پارەی بۆ چێشت لێنانی پرسەکەی سەرفی دەکەن، پێش مردنی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سەرفی بکەن.
ڕاستەقینەترین پرسە، ئەو پرسەیە کە تەنیا ئەو کەسانە بەشداربن لە ماڵئاوایکردنت کە تا لەژیاندا بوویت لێت تێبگەن و دڵسۆز و ھاوکارت بن، ئیدی ھەر کەسێکی تر جگە لەمانە بەشداربێت نە ڕێزە و نە ھاوخەمی بەڵکوو لاسایکردنەوەیەکی بێ بەھایە. [1]
#ناسک واحید#