$بیرەوەرییەک لە سەرکردەی دڵسۆز، پێشەوا قازی محەمەد$
ڕۆژێک پێشنیارێکم دایە مەلا مستەفا کە ئەو 700 بۆ 800 بارزانییەی هاتوونەتە مەهاباد بێ ئیش و کار هەروا کات بەسەر نەبەرن و ئەو بارزانییانەی کە چەکدارن مەشقی سەربازییان پێبکرێت، مەلا مستەفا بە دەم پێشنیارەکەمەوە هات و فەرمانیدا 200 لەو بارزانییانە بۆ مەشق ئامادەبن، ئیدی لەو ڕۆژەوە پاش نیوەڕۆیان دەچووینە سەربازخانە چۆڵەکەی دەرەوەی مەهاباد و پۆڵ پۆڵ ڕێکخم دەخستن و ئەوانەی لە سوپای ئێراقیدا سەربازیان کردبوو کردمن بە سەرقۆڵ (آمر حضیرة). بێگومان هەموو ئامادە کردن و مەشق پێکردنێکیان لەسەر شێوەی مەشقی ئێراقی بوو، بەڵام بە کوردی فێردەکران، تفەنگ لەسەر شان بنێ، بۆ لای ڕاست وەرگەڕێ، تا ئەوێ.
بە بۆنەی کردنی بەڕێز پێشەوا قازی محەمەد بە سەرۆک کۆمار، 150 کەسم لەو بارزانییانەی بەتەواوی و بەباشی فێری مەشقکردن ببوون هەڵمبژاردن و کردمن بە پاسەوانانی شەرەف (حرس شرف)، ڕۆژێ دوای دامەزراندنی کۆمار چوومە لای مەلا مستەفا بۆ شنۆ لەو ڕۆژە پیرۆزەدا بڕیار درا لە شەقام و گۆڕەپانی چوارچرا دا گشت ئامادە بین. بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پێشەوامان دەکرد. کە تەشەریفی گەیشت لەگەڵیدا بەڕێز مەلا مستەفا، حەمە حسێن خان، قاسم ئاغای ئێلخانی، جەعفەر ئاغای کەریمی و گەلێک لە سەرەک هۆز و دانیشتووانی مەهابادی لەگەڵدا بوو.
سەرشەقام و خانووەکان پڕ بوون لە ژن و منداڵ و هەر کە پێشەوایان بە بەرگی ڕەسمییەوە بینی لە خۆشیدا بە خوڕ فرمێسکی شادمانی لە چاویان دەباری. هەر لەوێدا فەرمانم بە پاسەوانانی شەرەفدا سڵاوی کۆماریان پێشکەش بە بەڕێز پێشەوا کرد. پێشەوا وەستا و سڵاوی بە جەماوەری ئەوێ کرد، چەپڵە ڕێزان و هەلھەلە دروشم بەسەر ژیانی پێشەوا و کورد و کوردستاندا، لە هەموو ئەو ناوە بەرز بوبووەوە. خەڵکیی مەهاباد ئەو ڕۆژەیان بە ئاهەنگ و شایی بردە سەر.
=KTML_Bold=لە پەڕتووکی گەشتێک بە کۆماری مەهاباددا، نووسینیی عەقید بەکر عەبدولکەریم حەوێزی=KTML_End=
[1]