پەڕتووکی مرۆڤ و کەرامەت
پەڕتووکی ”مرۆڤ و کەرامەت” لە نووسینی مەریوان وریا قانع، باسێکی درێژە سەبارەت بە سێ چەمک لە چەمکە سەرەکییەکانی ناو دونیای مۆدێرن، کە بریتین لە چەمکەکانی ”ماف“ و ”کەرامەت“ و ”پلورالیزم“. ئەم سێ چەمکە ھەم وەک دەرەنجامی درووستبوونی دونیای مۆدێرن و ھەم وەک ھێزی درووستکردنی ئەو دونیایە وێناکراوە و باس کراوە.
لەبەشی یەکەمدا، کە تەرخانە بۆ باسکردنی لەدایکبوونی ”مرۆڤی خاوەن ماف“، بەدرێژیی لەسەر مەسەلەی وێناکردنی مرۆڤ لە فیکری ئەرستۆ و فیکری سەدەکانی ناوەڕاست و فیکری ئیسلامی کلاسیکیی و ئینجا فیکری ڕۆشنگەریی و مۆدێرندا وەستاوە. لە ڕوانینی ئەرستۆوە بۆ دیاردەی کۆیلایەتیی، بۆ ڕوانین بۆ مرۆڤی ھۆمۆساکەرلە سەردەمی ڕۆمانییەکاندا، لە مافی خوداییەوە بۆ مافیی سرووشتیی و لە بیعەی ئیسلامییەوە بۆ پەیمانی کۆمەڵایەتیی، پەڕتووکێکە سەفەرێکی درێژە بەناو چەندان ڕوانینی جیاوازدا سەبارەت بە شوێن و پێگەی مرۆڤ لە ژیانی کۆمەڵایەتیی سیاسیی و فەرھەنگیدا و لەدایکبوونی زەحمەتی وێناکردنی مرۆڤ وەک خاوەن بوونەوەرێکی خاوەن ماف. بەشێکی تری ئەم بەشە تەرخانە بۆ نیشاندانی مێژو و سیاقی لەدایکبوونی بەیاننامەی مافەکانی مرۆڤ و ڕەخنەکانی مارکس و ھانا ئارێنت لەو مافانە.
بەشی دووھەمی پەڕتووکەکە تەرخانە بۆ باسکردنی پرسی کەرامەت. ئەم بەشە بە باسکردنی شوێن و جێی کەرامەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەستپێدەکات و ھەوڵئەدات مێژووی سەدەی بیستەمی کۆمەڵگەی ئێمە لەڕێگای چەمکی کەرامەتەوە بخوێنێتەوە. دوای ئەوە بەدرێژیی لەسەر مانا فیکریی و فەلسەفیی و سیاسییەکانی چەمکی کەرامەت دەوەستێت و باس لە چۆنییەتی لەدایکبوونی بیرۆکەی مرۆڤ دەکات وەک بوونەوەرێکی خاوەن کەرامەت. لەمەشدا پەڕتووککە باس لە بۆچوونەکانی ھیگڵ و بۆچوونەکانی فەیلەسوفی کەنەدیی چارلس تایلەر و ئالێکس ھۆنێسی ئەڵمانی دەکات، کە سەر بە نەوەی سێھەمی فەیلەسوفانی قوتابخانەی فرانکفۆرتە ومەسەلەی کەرامەت یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ناو فیکری ئەو. کۆتایی ئەم بەشەش تەرخانە بۆ نیشاندانی شوێنی کەرامەت لەنێو زمان و چەمک و ڕوانینەکانی ”بەھاری عەرەبیی“دا.
بەشی سێھەم و کۆتایی پەڕتووکە تەرخانە بۆ شیکردنەوەی دیاردەی پلورالیزم و چۆنییەتی بوونی ئەم دیاردەیە بە بەشێک لە ڕوانین بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگە ھاوچەرخەکان. لەم بەشەدا ڕوانینەکانی سێ فەیلەسوفی گەورە بۆ پلورالیزم بەدرێژیی باس کراون ، کە بریتین لە ھانا ئارێنت و جیانی ڤاتیمۆ و ئەلفارابی.
بەسەریەکەوە پەڕتووکێکە بەرگرییکردنێکی ھەمەلایەنە لە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ماف و خاوەن کەرامەت و جیاواز و پلورال. بەھیوای خوێندنەوە و ڕەخنەکردن و دەوڵەمەندکرنی بابەتەکانی پەڕتووکەکە. [1]